١٠\١\٢٠١٣
ئێستا
درەنگە...؟

شهمال عادل سەلیم
بەر
لەوەی ماڵئاواییم لێ بکا...
بە شەرمەوە بە گوێی چرپاندم و گوتی،
ئێستا درەنگە...
درەنگە..
ناوەختە بۆ گێرانەوەی ئەفسانەی باران...
کاتی حیکایەتەکان بەسەرچوون...
ئۆف... ئۆف... ئۆف...
منیش هەروەک جاران منداڵانە لە پێشی راوەستام و گوتم:
ئەی گوڵە ژن...
من ناتوانم پاکانە لە خۆشەویستییت بکەم، و
باران ئاسا خۆم رووت کەمەوە و دان بە گوناهباریی خۆم بنێم...!!
کەی خۆشەویستی درەنگ و زووی زانیوە..؟
ئەی ئەوە نییە عەیامێکە دڵی شێتم بە ماچی لێوەکانت مەستە...
ئەی ئەوە نییە هەموو شەوێ منداڵانە لێوم بە گۆپکەی جووتێک هەناری
سینەتەوە نەنێیم خەو نامباتەوە...
نا...
نا... بۆ منداڵێکی وەک من
ئێستا وەختە...
ئەی بارانی میهرەبانتر لە یەزدان...
وەرە و
توند دەستم بگرە و لەگەڵ خۆت بمبە...
ئاوایە...
ئاوایە شێت...
کەی گوێی بە شەپۆڵی گریان و گڕکانی بێ ئامان داوەشێت؟
کەی لە تیغی چەقۆ ترساوە شێت؟
ئێ من ئەوکاتیش هەر تاقوتەنیا بووم......!!
سوێندە بەو ماچانەی هەتا ئێستاش بۆ سێبوورییم لە ژێر سەرمەوەن
بۆ مژێکی ئەفسووناویی لێوەکانت دڵ لەسەردەست و
هەر پێکوڕەکەی جارانم
وەرە بمگرەوە ئامێزت
وەرە چاوەڕوانتم...
ئەی هاوسەفەرە بەخەم مەستەکەم...
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|