١۴\٥\٢٠١٠
عه‌تر
*
چیرۆکى بکوژێک و بکوژى چیرۆکه‌کان.

هۆشه‌نگ
شێخ محه‌مه‌د
بکوژان،
له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا زۆرن، جۆر‌و ره‌نگ و ده‌نگ بۆن و شێوه‌و شه‌مایلیشییان
زۆرن، وه‌لێ ئه‌و بکوژه‌ى رۆمانه، بکوژێکى سه‌رپه‌ڕه، له پێناو شتێک
مرۆڤ ده‌کوژێ، جیاواز له هابیل، سه‌ڵاحه‌دینى ئه‌یوبى ، ناپلیۆن ،
هیتله‌ر ، ستالین، سه‌دام حوسێن و بکوژه دیاره‌کانى دیکه‌ى مێژووى
مرۆڤایه‌تى.
پاڵنه‌رى بکوژه‌کانیش به شێوه‌یه‌کى گشتى، بۆ پایه و ده‌سه‌ڵات، ترس
و تۆقاندن،مه‌رامى سیاسى، کۆمه‌ڵایه‌تى، ئابوورى، بۆ دین، به‌هه‌شت، بۆ
سێکس و تۆڵه‌کردنه‌وه و ده‌یان جۆر پاڵنه‌رى دیکه.
لێ پاڵنه‌رى (گرینۆى) بکوژى ئه‌م رۆمانه، هیچ یه‌کێک له‌و پاڵنه‌ره
باوانه نییه، که مرۆڤ پێیان ئاشنا بووه، به‌ڵکو پاڵنه‌رێکى ده‌گمه‌نه،
بۆیه‌ش ئه‌م رۆمانه له چیرۆکى بکوژێکه‌وه ده‌بێته بکوژى چیرۆکه‌کانى
کوشتنه‌کانى دیکه، بکوژ ته‌نیا بکوژى مرۆڤ نییه، له فۆڕمى کچدا، به‌ڵکو
بکوژى ئه‌و وینانه‌شه که ئێمه له‌سه‌ر جۆره‌کانى پاڵنه‌ریى کوشتنمان
هه‌یه، (گرینۆى) که‌سێکه، نه دین، نه
سامان، نه‌پایه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى، نه ژن، نه پیاوه‌تیى، نه نیشتمان،
نه بێدادى کۆمه‌ڵایه‌تى، نه خه‌مى هه‌بوون، نه‌مه‌سه‌له‌یه‌کى گشتى
یان تایبه‌تى نییه بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕى له پێناودا بکات و مرۆڤه‌کانى بۆ
بکوژێت.
ئه‌و دواى ئه‌وه‌ى کوشتنه‌کانى ده‌کات هیچ وه‌ڵامێکى بڕوا پێکه‌رى بۆ
خه‌ڵکى پێ نییه که ئه‌و بۆچ ئه‌و مرۆڤانه‌ى کوشتووه، ته‌نیا ئه‌وه
نه‌بێت که ئه‌و پێویستى پێبوون، بۆچى که‌س نازانێت و ئه‌ویش لاى که‌س
نایدرکێنێت.
(لێره‌شدا خوێنه‌رى ئازیز،نامه‌وێت پاڵنه‌ره‌کان زۆر ئاشکرا بکه‌م، تا
به‌خۆت تامى وه‌رگرتنى زانییارییه‌کان له خوێندنه‌وه‌ى رۆمانه‌که وه‌ربگریت،
نامه‌وێت بکوژى خوێندنه‌وه بم!)
گرێنۆى، که‌سێکه، هه‌ستى بۆن کردن، ته‌واوى جه‌سته و هه‌بوون و ژیانى
گرتووه، به بۆن شته‌کان له یه‌کدى جیاده‌کاته‌وه و هه‌بوون ده‌ناسێ،
سه‌رمه‌ست و جه‌سته مه‌سته به بۆن، بۆن لاى ئه‌و کلیلى ده‌رگه‌ى
ژیانه، کردنه‌وه‌ى جه‌سته و هه‌بوون و ته‌واوى گه‌ردوون له لووتییه‌وه
درک پێ ده‌کات، لووتى ده‌بێته تاکه سه‌رچاوه‌ى بۆ ژیان کردن و بۆ
ژیان نه‌کردنیش. بۆ مردن و بۆ نه‌مریش، که ئه‌و عه‌وداڵى هیچیشییان
نییه، بوونه‌وه‌رێکى سه‌رپه‌ڕ و لاپه‌ڕ دیچته به‌رچاو، به‌لام ئه‌وه
ئێمه‌ین واى ده‌بینین، چونکه لووتى ئه‌و و هه‌ستى بۆن کردنى ئه‌ومان
نییه، لاى ئه‌و دنیا ئه‌و ره‌نگ و ده‌نگ و ته‌ماشاکردن و ده‌ست لێدان
و تامانه نین که ئێمه به‌هه‌سته‌کانمانه‌وه درکییان پێده‌که‌ین و
ئه‌و زانییارییانه‌ى به هه‌سته جۆراوجۆره‌کانمان وه‌ریده‌گرین و ده‌یخه‌ینه
مێشکمانه‌وه، لاى ئه‌و دنیا بۆنه و له رێى که‌پوویه‌وه ده‌بێته
وێنه، وێنه‌کانى ئێمه له‌سه‌ر هه‌بوون و خۆمان، له رێى ده‌نگ و ره‌نگ
و تام و ده‌ستلێدان و گرتنه‌وه دروست ده‌بن، به‌ڵام وێنه‌کانى گرینۆى
خاوه‌ن ئه‌و جه‌وهه‌ر و ماهییه‌ته نین، که له‌زه‌ینى ئێمه‌دا درووست
ده‌بن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر لاى بکوژێک، مرۆڤ بۆ نموونه (تێکده‌ر) بێت
و ئه‌مه ببێته هۆکارى کوشتنى له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێک خۆى پێ (ئاواکار)
بێت، یان ئه‌گه‌ر بکوژێک مرۆڤێکى پێ (کافر) بێت و له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێک
خۆى پێ (ئیماندار) بێت، یان ئه‌گه‌ر بکوژێکى (شۆڕشگێڕ) (خاینێک) له‌ناو
ببات، ئه‌وه گرینۆى ئه‌و جۆره دابه‌ش کردن و پۆلینکردنه مێژووییانه‌ى
نین بۆ بکوژ و کوژراوه‌کان، ئه‌و له پێناو هیچ بیرۆکه‌یه‌ک و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک
و ئایدیایه‌ک که‌سه‌کان ناکوژێت، ئه‌و (سوکرات) و (حه‌لاج) و (سوهره‌وه‌ردى)
ناکوژێت چونکه پاراستنى ده‌سه‌ڵاته‌کان واى پێ ده‌ڵێن له بیرکردنه‌وه
بترسه، ئه‌و (جوله‌که‌کان)ناکوژێت چونکه که‌سێک نییه پێى بڵێت ئه‌وانه
نه‌فره‌ت لێکراون و ده‌بێت له‌نێو بچن. (کورده‌کان) ناکوژێت، چونکه
دکتاتۆرێک نییه پێى بڵێت ئه‌وانه خۆفرۆش و نۆکه‌رن و دژى شۆڕشن. به‌ڵکو
ئه‌و که‌سانێک ده‌کوژێت چونکه لووتێکى هه‌یه، جیاواز له لووتى ئێمه،
له لووتى فڕه‌نسییه‌کانى سه‌رده‌مى خۆى، جیاواز له لووتى ناپلیۆن و
سه‌رکرده‌کانى دیکه‌ى هێزێکى کۆڵۆنیالى.
ئه‌گه‌ر بکوژه‌کانى دیکه، نه‌خۆشییه‌کییان هه‌بووبێت و کردبێتنى به
بکوژ، یان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکى ره‌هایان هه‌بێت و بیانکاته بکوژ. ئه‌وه
گرینۆى ئه‌و نه‌خۆشییه و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى نییه، ئه‌و ته‌نیا
لووتێکى نائاسایى هه‌یه که به‌دووى عه‌ترێک ده‌که‌وێت و ته‌نیا له
جه‌سته‌ى کچه‌کاندا بۆنى ده‌کات.
لووتى وێنه‌ى مرۆڤ و وێنه‌ى جیهانى بۆ نه‌خش ده‌کات، له رێى بۆنه‌وه،
ماهییه‌تى مرۆڤ ده‌ناسێ، مرۆڤ ئه‌و مرۆڤانه‌ى ئه‌و ده‌یانکوژێ کانگاى
بۆنێکى مرۆڤ وروژێنه‌ر و سه‌رخۆشکه‌ره. ئه‌گه‌ر مرۆڤ مه‌حه‌کى ژیان و
جیهان بێت، ئه‌وه گرینۆش لووتى مه‌حه‌کى هه‌بوونه، ئه‌گه‌ر من بیرده‌که‌مه‌وه
که‌واته هه‌م، گرینۆش بۆن ده‌کات که‌واته هه‌یه، ئه‌و به‌ومانایه
نییه، گرینۆى فه‌یله‌سوفه وه‌ک پرۆتۆگۆراس و دیکارت، به‌ڵکو ماناى ئه‌وه‌یه،
هه‌قیقه‌ت و هه‌بوون له لووتى ئه‌ودایه، جیهان عه‌تره و لووتیش
پشکنه‌رى ئه‌و جیهانه‌یه.
ده‌یان تیۆره، جیهانیان شیکردۆته‌وه، ده‌یان بیرۆکه و فه‌لسه‌فه‌ى
میتافیزیک و فیزیکى هه‌وڵیانداوه دنیا بناسن، گرینۆش له رێى لووتییه‌وه
هه‌وڵ ده‌دات جیهان به شێوه‌یه‌کى دیکه بناسێنێ، که سه‌رچاوه‌که‌ى
بۆنه، نه‌وه‌ک رووناکى، یان خوا، یان گه‌شه‌کردن یان ته‌قینه‌وه‌ى گه‌وره
و گچکه‌ى ئه‌م گه‌ردوونه.
ئه‌و له‌ڕێى لووتییه‌وه، جیهان وه‌سف ده‌کات، به‌وه‌ى قه‌باره‌یه‌که
له عه‌تر، عه‌تر سرووشت و زینده‌وه‌ر و مرۆڤه‌کانى پێچاوه‌ته‌وه، عه‌تر
رێنمایى مرۆڤ ده‌کات به‌ره و چێژ و ده‌سه‌ڵات و ژیان کردن. عه‌تر
خولیایه و مه‌راقى مرۆڤ. عه‌تر سه‌رچاوه‌ى ژیان و مردن، جیهان و عه‌ده‌مه.
عه‌تر ئاراسته‌ى مرۆڤه‌کان ده‌کات بۆ ناسینه‌وه‌ى رێگه‌کان و وێنه‌کان
و سرووتى دنیایى و روحى به مرۆڤ ده‌به‌خشیێت. دواتریش هه‌ر عه‌تره په‌رده
له‌سه‌ر نهێنییه‌کانى مرۆڤ لا ده‌دات و ده‌توانێت له ساتێکى بێهۆشیدا،
مرۆڤه‌کان به ده‌سته‌جه‌معى له گۆڕه‌پانێکى حیساب و کوشتندا رووت
رووت بکاته‌وه و بیانگه‌یه‌نێته ترۆپکى ئه‌و ساتانه‌ى عه‌تر کۆنتڕۆڵى
دینى و کۆمه‌ڵایه‌تى و شارستانییه‌تى مرۆڤ توڕ هه‌ڵده‌دات و هه‌موو که‌سه‌کان،
ژن و پیاو، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، ده‌سه‌ڵاتدار و بنده‌ست، ئیماندار و
بێ باوه‌ڕه‌کان وه‌ک یه‌ک و پێکه‌وه ده‌یانخاته نێو هه‌قیقه‌تێک، که
بکوژ و کوژراوه‌کان ده‌کاته‌وه به گرێیه ته‌واوکه‌ره‌کانى یه‌کدى له
سسته‌مێکى دیکه‌دا، سسته‌مێک که ده‌توانێت به‌سه‌ر ماناى مرۆڤ بۆ
کوشتن باز بدات و بکوژێک ببێته خوداوه‌ندێکى مرۆڤ مه‌ستکه‌ر و له
جیاتى ئه‌وه‌ى بیکوژن به فریشته‌ى بناسن و پیرۆزیى بکه‌ن. سسته‌مێک له
ریێ عه‌تره‌وه بۆ چه‌ند ساتێک کۆنترۆڵى ئه‌و زه‌ینه نه‌فى ده‌کاته‌وه
که مرۆڤى تاوانبار و قوربانى لێک جیاده‌کاته‌وه، سسته‌مێک که رێسایه‌کانى
مرۆڤ ده‌کاته بکوژ و فریشته، قوربانى و جه‌لاد. ئیدى روانینه‌کان بۆ
شتێیى و ئاقڵبوون ئاوه‌ژوو ده‌بنه‌وه و به شێوه‌یه‌کى دیکه بۆ چه‌ند
ساتێک ژیان رێکدێخنه‌وه، که‌تیایدا چه‌مکى قانون و سزا و پاداشت له
ره‌گه‌وه ده‌گۆڕێن و شێوازێکى دیکه به خۆوه ده‌گرن.
له‌م رۆمانه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ى چیرۆکى بکوژێک ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش
هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى سسته‌م و مرۆڤه‌کان ده‌بینینه‌وه، له رووى سرووشتى
شارستانى و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ى ژیان. هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک که هیچ دوور
نییه، ئه‌و بکوژانه‌ى له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا تا ئێستاش په‌یکه‌ر و
وێنه و ناو‌و ناوبانگییان پیرۆزکراوه، بگۆڕێته سه‌ر بکوژێکى نه‌خۆش،
له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و قوربانییانه‌ى له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا وه‌ک
خاین و ئه‌خڵاق تێکده‌ر و بێ باوه‌ڕ ناسراون بکاته فریشته‌یه‌کى له
شێوه‌ى گرینۆى، لێ پرسیارى من ئه‌وه‌یه ئایا چ عه‌ترێک هه‌یه رۆژێ له
رۆژان بێت و گشت مرۆڤه‌کان رووت بکاته‌وه و بۆ چه‌ند ساتێک هه‌قیقه‌تى
هه‌بوون و جیهان و مرۆڤمان نیشان بدات؟ چ عه‌ترێک ده‌توانێت زه‌ینمان
به‌سه‌ر هه‌قیقه‌تێکدا بکاته‌وه؟ هه‌قیقه‌تى مێژووى ئێمه‌ى مرۆڤ، له
شووشه‌ى عه‌ترى چ گرینۆیه‌کى عه‌ترساز خۆى به‌یان ده‌کات؟!
ئه‌م رۆمانه، به شیوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى درێژه و سێ به‌شه، 309 لاپه‌ڕه‌ى
قه‌باره‌ى گه‌وره‌یه، به‌ڵام چیرۆکه راسته‌قینه‌که‌ى له به‌شى سێیه‌مدا
ده‌ست پێده‌کات، ده‌کرا هه‌مان ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى ده‌ست ده‌که‌ون ته‌نیا
به‌و به‌شه‌ش وه‌گیرهاتبان ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ى ئه‌وه‌نده درێژدادڕى
نه‌کردبا. به‌هه‌رحاڵ، هیوادارم ئه‌م نووسینه ببێته هانده‌ر بۆ
خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و رۆمانه و ستاییشێکیش بێت بۆ وه‌رگێڕ (که‌ریم په‌ڕه‌نگ)
، که‌راسته‌وخۆ له ئه‌ڵمانییه‌وه وه‌ریگێڕاوه و له خوێندنه‌وه‌ى وه‌رگێڕانێکى
دیکه‌ى هه‌مان ئه‌و رۆمانه‌ى له عه‌ره‌بییه‌وه رزگارکردین.
______________________________
*
نووسینى: پاتریک سویسکیند - وه‌رگێڕانى بۆ کوردى:
که‌ریم په‌ڕه‌نگ - له بڵاوکراوه‌کانى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م - سلێمانى
2009.
ماڵپه‌ڕی هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د
|