په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٩\٢٠١٦

    ئەڤین لەوێ زیندان دەکرێ‌!١

دارا خونچە

پێشکەشە بەو ژنانەی خەریکە (پەتک‌‌‌٢)ی هاوسەریی دەیانخنکێنێ و کەسیش نییە وە فریایان بکەوی.

 

هێشتا هەر خونچەیەکی نەپشکفتیی٣ بووم..
    هێشتا هەر بوخچەیەکی نەکراوە بووم؛
        تێگەیشتم ئەڤین چوون
٤ ئاو.. ئەڤین چوون با
                           هەرگیز لە یەک جێ ناسرەوی.
        تێگەیشتم ئەڤین وە هیچ کەویی
٥ ناکرێ..
        زۆر چاو زیت و چاوباشقاڵە
                سەرجەم رەنگ و گورزە رەنگ و
                           ئاوێتەی رەنگەکانیش دەناسی.
لەو دەمەوەی
تازە سەرگەرمی تاودانی ئەسپی سۆز و حەزێنیی بووم..
تازە لە مرومۆی
٦ سازدانی یەکەم ژواندا دەخولامەوە؛
        تێگەیشتم ئەڤین هێندە سەختگیر و سەربزێوە
                    هەرگیز لەبەرپێی هیچ ''جۆت
٧''ەک
                                             کڕنووش نابا.

لەو دەمەوەی
تازە لێوانم.. وە ئاوری لێوە تورتەکان
٨ هەڵدەقرچان..
تازە دەستانم.. وە رامووسان سەرمەست دەبوون؛
        تێگەیشتم ئەڤین زۆر سرک و سەرکێشە
                   کە وڕکی گرت
                   وە هۆش.. وە هێز.. وە هیچ کەسەک
                                          هەوسار
٩ ناکرێ.

وەبیرم دێ
هێشتا بۆنی شیری خاوم لە دەو دەهات؛
     
- تێگەیشتم
        چما
١٠ سەرانی فیرعەونان
        هێندە ئارەزوو ئازاد بوون؛
           توانیان ژنان تا ئەو ئاستە سەربەست بکەن
               هاوسەرگیریی دەگەڵ برا و بابیان بکەن!
١١

      - تێگەیشتم
        چما عیسا هێندە سادە و ساویلکانە
        خۆی فجوڕی
١٢
        ئاوردانی (یەک ئەڤین و یەک ژیان
١٣) دەکا و
                           وە (گەمژەیی خۆی) تێدەچی!

      - تێگەیشتم

        چما پیرە پەیامبەرە قوڕەیشییەکە

        فرەژنیی وەسەر ئەڤین دەسەپێنی

              ئاڵووش و ئارەزووی خۆشی

                  تا هەناسەی لەبەر دەبڕێ

                  وە هیچ ژن و کیژۆکەیەک دانامرکێ!

      - تێگەیشتم
        چما قەشە ڤاڵەنتاین
        وە دزیی ئەڤینی بەند دەکرد
                  ئازادیی تازە یارانی سندم
١٤ دەکرد!
وەبیرم دێ
هێشتا نەریتی نێرەوزیی
١٥ نەیچوزاندبووم..١٦
هێشتا زنجیری هاوسەریی نەیتەزاندبووم؛
        تێگەیشتم
        ئەڤین پیاوان پەلبەستیان کرد
                لە (نێولگان)ی مێینان زیندانیان کرد!
_________________________________
فەرهەنگۆک و پەراوێز:

١- تێبینیی: لە سەروبەندی نووسینی ئەو هۆنراوەیە هەرگیز ئەوەم وەبیردا نەهات کە ئەمن پیاوەکم، پاش ئەوەی لە نووسینی بوومەوە و وەک دوا خووندنەوە وەسەریداچوومەوە.. دیتم وە شێوازەک نووسرایە کە ئەگەر ناوی خۆمی لەسەر لاببەم ئەوە کەس نازانی نووسەرەکەی ژنە یان پیاوە، هەڵبەتە فرە ئاسوودە بووم بەوەی توانیتم وەک مرۆڤەکی ئازاد و تەواو - مرۆڤەک کە جوایەزیی رەگەزیی نێوان نێر و مێی لە مەژییدا بنەبڕ بووە - هەست و نەست و سۆزی خۆم دەرببڕم.
٢- پەتک: پەت، داو، گوریس. لێرە واتای (کیر) دەگەیەنی.. وەک دەبێژن (پەتک درێژ) واتە (کیر درێژ).
٣- نەپشکفتیی: نەپشکوتوو، نەکراوە.
٤- چوون: وەک، مینا.
٥- کەویی: رامکردن و راهینان.
٦- مرومۆ: خەریکبوون وە گەڕان وەدوای تشتەک تا وەدەستیبخەی.
٧- جۆت: جوت، جفت، جووت. دوانە.
٨- تورت: تەڕوبڕ و توند و گەرم.
٩- هەوسار: ئەو پەت و قایشوقرووشانەی کە لە سەری ئەسپ و ئاژەڵانی دیکە دەکرێن تا بەرزەفت بکرێن.
١٠- چما: لۆ، بۆ، ئەڕا، لەبەرچی.
١١- (هاوسەرگیریی دەگەڵ برا و باب): ماوەیەک لە سەردەمی فیرعەونەکان هاوسەرگیریی ژنان دەگەڵ برا و باب ئاسایی بووە. وە پێی مێژوو پلە و پایەی ژنانی هیچ میللەتەک هێندەی پلە و پایەی ژنانی دۆڵی نیل بەرز نەبووە. ئێستا پاش چەندین هەزار ساڵ تازە وە تازە لە ئەمەریکای پێشڤەڕۆترین شارستانیەتی جیهان لاسایی خەڵکی دۆڵی نیل دەکەنەوە و دەیانەوێ وە یاسا ژنان ئازاد بکەن تا بتوانن هاوسەرگیریی دەگەڵ باب و برایان بکەن!
١٢- فجوڕ: خۆخستنەنێو، خۆهەڵدانەنێو.
١٣- (یەک ئەڤین و یەک ژیان): جۆرە هەڵمەتەکی دژ وە فرە ئەڤینیی و فرە هاوسەرگیریی نهێنییە
١٤- سندم: بەستنەوە، شەتەکدان یان بەستنەوەی توند.
١٥- نێرەوزیی: نێرینەیی، کە نێر هەڵسوکەوتی نێرانە پیشان دەدا.
١٦- چوزاندن: پێوەدانی زیندەوەران. چوزانەوە: سوتانەوە و ئازاری پیست وە هەر هۆکارەک.


سەرەتای ئەیلوولی ٢٠١٦ - لەندەن
ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک