|
٩\١١\٢٠٢٥
ئەوانەی ئازادییان
کوشت، باسی ئازادی دەکەن!؟

موحسین کەریم
یەکێك لە سەیروسەمەرەکانی کەمپینی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژادنی
پەرلەمانی عێراق لە کوردستان، بانگەشەی یەکێتی و پارتیە سەبارەت بە
نەبوونی ئازادی لە هەریەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکتر!
بافڵ تاڵەبانی دەڵێ خەڵکی هەولێر جادەی پان و بینای بەرز چی لێبکات
لەکاتێکدا ئازاد نیەو لەسەر قسەیەك زمانی دەبڕدرێت! بەرپرسانی پارتیش
دەڵێن ئەوانەی سەرۆکی سێ حزبی ئۆپۆزیسیۆنیان زیندانیکردوە و کارەساتی
لالەزاریان خوڵقاندوە، ناتوانن باسی ئازادی بکەن! ڕاستیەکەی هەروودکیان
هەم ڕاست دەکەن و هەم درۆ! ئەوەی بەرامبەر بەیەکتر دەڵێن، ڕاستە،
ئەوەشی سەبارەت بە خۆیان دەڵێن درۆیە! خەڵکی هوشیاری کوردستان
هەردوولایان باش دەناسن. ئەوان بە ئەزمونی ژیانی رۆژانەیان، درۆکانی
سەرانی پارتی و یەکێتی و پووچی بانگەشەکەیانیان سەبارەت بە ئازادی
تاقیکردۆتەوەو هیچ خۆشباوەڕیەکیان بەو پڕوپاگەندانە نیە.
کاتێك یەکێتی باسی نەبوونی ئازادی لە هەولێر دەکات، خۆی بێشەرمانە
سەرکوتی ئازادی دەکات و رێگری لە هەرجۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێکی خەڵك
دەکات کە ئاراستەی یەکێتی بکرێ، چ لە پەیوەند بە مووچەو خراپی و
نەبوونی خزمەتگوزاریەکانەوە، یاخود پەیوەست بە هەرپرس و مەسەلەیەکی
سیاسیەوە کە بەدڵی یەکێتی نەبێ، لەوانە نارەزایەتی و خۆپیشاندان بۆ
پشتیوانی لە بزوتنەوەی ژینا ئەمینی لە سلێمانی، خۆپیشاندان دژی پیلان و
هێرشە تیرۆریستیەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو
دوو ووڵاتە لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای رێگریە بەردەوامەکانی لە
ئازادی رۆژنامەگەری و هێرشکردنە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و
دەستگیرکردنی پەیامنێران و رۆژنامەوانان. سەرباری ئەوەی کە دەسەڵاتی
دادوەری و یاسای بەکارهێناوە بۆ زیندانیکردنی نەیارانی سیاسی خۆی،
تەنانەت بەناوی یاساوە شوێنی ژیانی خەڵکی کردە گۆڕەپانی جەنگ و
تەسفیەحسابی سیاسی کەدەیان قوربانی لێکەوتەوەو سوکایەتی بە دیل و تەرمی
کوژراوەکان کرا. ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین بۆ مێژووی چەندیین ساڵەی
ڕابردووی یەکێتی لەئەنجامدانی تاوانی تیرۆرو سەرکوت و زیندانیکردنی
هەڵسوڕاوانی سیاسی و کۆمۆنیست و نەیاران و رکابەرانی سیاسی یەکێتی،
ئەوا یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی ئەهلیەتی ئەوەیان نیە باسی ئازادی و
بەرگری لەئازادی بکەن و خۆیان بە پاریزەری ئازادی خەڵکی هەولیر و
بادینان بەرامبەر بە سەرکوتگەری پارتی ناوزەد بکەن.
لەوبەریشەوە، پارتی کە فایلێکی قورسی هەیە لە سەرکوت و بێدەنگکردنی هەر
دەنگێکی ناڕازی و رفاندن و تیرۆرکردنی نەیارانی سیاسی خۆی، لە کوشتن و
سوکایەتیکردن و شەقهەڵدان لە خۆپیشاندەران و مامۆستایان و مووچەخۆران،
لە رێگریکردن لەگەر جۆرە کۆبونەوەو خۆپیشاندانیکی ناڕەزایەتی، لە
سزادان و فایل دروستکردن بۆ رۆژنامەنوسان و هەڵسوڕاوانی سیاسی نەیاری
حزبەکەی، لە سوتاندنی بارەگای ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆن، لە تیرۆری سەردەشت
عوسمان تەنها لەسەر نوسینێکی تەنزئامێز لەسەر کچەکەی سەرۆك! لە ناردنی
بەڵتەجی بۆ لێدان و لەخوێنهەڵكێشانی ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزیسیۆن،
لە پیلانگێرێ و تیرۆری هەڵسوراوانی چەپ و کۆمۆنیستی لە بادینان و
هەولێر و سەرەنجام سەپاندنی کەشێکی ترس و تۆقاندن بەسەر خەڵکی
ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیدا، ئەویش لەیەکێتی خراپتر، مافی ئەوەی نیە
باسی ئازادی بکات و خۆی بە بەرگرکار و لایەنگری ئازادی لە ناوچەکانی
ژێردەسەڵاتی یەکێتی هەڵخات و شیوەن بۆ قوربانیەکانی لالەزار و هەناسە
بۆ دەستیگرکردنی سەرۆکی حزبە ئۆپۆزیسۆنەکانی سلێمانی هەڵبكێشێت! یەکێتی
و پارتی لە پەیوەند بە پرسی ئازادیەوە نەك هەگبەکەیان بەتاڵە، بەڵکو
توێشووی تاوان و سەرکوتی نەیارانی سیاسی و خەفەکردنی هەر دەنگێکی
ناڕازی و داپڵۆسینی هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەکی خەڵک، ئەوەندە پڕە کە
وەکو دوو هێز و دوو دەسەڵایی دژە ئازادی لەمێژووی سیاسی کوردستاندا
ناویان تۆماردەکرێت!
بەڵام بۆچی یەکێتی و پارتی پەنا بۆ ئەمجۆرە پڕوپاگەندەیە دەبەن لە
کەمپینی هەڵبژاردندا!؟ ئەوان جاران لەپەیوەند بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی
عێراقەوە باسیان لە لیستی هاوبەشی حزب و هێزە کوردیەکان دەکرد تا گوایە
نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا بەهێزبێت و بتوانن پێکەوە بەرگری لە مافە
سیاسیەکانی کورد بکەن! ئەوکاتە بنەمایەکیان هەبوو بۆ رێکەوتن لەسەر
دابەشکردنی پۆستە سیاسیەکان لەنێوان خۆیاندا، بەڵام ئێستا کە ئاراستەی
دۆخی سیاسی کوردستان رووی لە بەغدا و حکومەتی ناوەندیە و زەمینەی ئەو
رێکەوتنەی پێشووی نێوان یەکێتی و پارتی لەنێوچووە، ئیتر پێشبڕکێی ئەوە
دەکەن کە ئایا کامیان دەتوانێ بەشێکی گەورەتر لە بەغدا بۆخۆی بەدەست
بهێنێ! لەمبارەشدا ئەوە ژمارەی کورسی هەرلایەکیانە کە بڕیاری ئەوە
دەدات چ پێگەو بەشیكی دەبێت لە دەسەڵاتی ناوەند دا، بەپێی ئەوەش پێگەی
لەئاستی هەرێمدا بەهێز یان لاواز دەبێت! بەڵام بەدەستەوەگرتنی پرسی
ئازادی کە بۆ هیچکامیان چەکێكی پڕوپاگەندەیی کاریگەر و سەرکەوتوو نیە،
تەنها بەتاڵبوونی باڵانسی کارنامەی ئەوان نیشان دەدات بەرامبەر بە
خواست و چاوەڕوانیەکانی خەڵکی کوردستان!
ماڵپهڕی
موحسین
کهریم
|