په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەوانەى گۆڕانیان پێ دەکرێت.

    

ئیسماعیل عبدولڕەحمان


ئامرازەکانى گۆڕان لەهەر کۆمەڵگایەکدا دوو جۆرن ، جۆرى یەکەم سەرکردەیە ، گەر سەرکردە بەتوانا و خۆبەخش بێت بۆ گەل و نیشتیمانەکەى دەتوانێ گۆڕانکارى لەدواکەوتوترین یان لاسارترین کۆمەڵگاکەى بکات ، هەروەک ئەو گۆڕانەى لینین لەڕوسیا کردى کەشەپۆلى گۆڕان بەرەو دەرەوەى ڕوسیا لەپێشڕەوى دابو یان ئەو گۆڕانەى ئیمام خومەینى لە کۆمەڵگاى ئێران کردى کەنەک تەنها لەناو خودى ئێران گۆڕانى کرد بەڵکو کاریگەرى ئەم گۆڕانە زۆربەى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕستى گرتەوە ، یان ئەوگۆڕانەى لەکۆمەڵگاى ئەوروپیەکان هاتەکایەوە پاش جەنگى جیهانى دوەم لەشەڕانگێزى و یەکتر قبوڵنەکردنەوە بونە ئەوکۆمەڵگایەى کەئێستا دراویان یەکەو لەبەر تەبایى نێوانیان یەکێتى ئەوروپایان دامەزراندوە ، ئەوگۆڕانە بەهەوڵ وکۆششى بێوچانى سەرکردەکانى وڵاتانى ئەوروپا هاتەکایەوە.

 

جا زیرەکى و دڵسۆزى سەرکردە لەوەدایە کەبەڕاستى هەوڵبدا بۆئەوەى ئارستەى بیرکردنەوەو ڕفتارى میللەت لەناوخۆى وڵات بەرەو یەکترقبوڵکردن بەرێت ، ئینجا هەنگاوەکانى تر بەئاسانى دەبڕێت بەرەو کۆمەڵگایەک کەیاساو دادپەروەرى لەناویدا باڵادەست بێت ، بەڵام گەر سەرکردە بەخۆى خەسڵەتى قبوڵکردنى بەرانبەرەکەى نەبو چۆن دەتوانى میللەت بەئاراستەى تەبایى و یەکتر قبوڵکردن بەرێت ؟ ئاخر کارەساتى گەورە ئەوەیە سەرکردە خۆى بچێت بەهەمو شێوەیەک میللەت بەئاراستەى ناتەبایى و یەکترقبوڵنەکردن بەرێت و تۆى ڕق و کینە لەناو کۆمەڵگادا بچێنێ و هەندێک لەمیللەت بەموڵکى خۆى بزانێ و هەندێکیش بەنەیارو ناحەزو هەندێکیش بەدوژمن خۆى بزانێت ، ئایا ئەو میللەتەى لەژێر دەسەڵاتى ئەو جۆرە سەرکردانە بێ لەسەرچ بنچینەیەک دەتوانێت گۆڕان لەخراپیەوە بۆ چاکە لەخۆیدا بکات ، لەکاتێک سەرکردەى گەل و وڵات پیلانى دژ بەچاکە خوازى و بەرژەوەندى گشتى داڕشتبێ ، کەواتە کۆمەڵگا دەبێت دەست بەردارى ئامرازى یەکەم بێت و بەتەماى سەرکردە دەسەڵاتدارەکان نەبێت وڵاتیان بۆ بکاتە شامى شەریف و دادپەروەرى و گیانى یەکترقبوڵکردنیان بۆ بێنەکایەوە.

 

جا لێرەدا میللەت پێویستى بەئامرازى دوەمە کەئیرادەى خۆیەتى ، وەلەبەر ئەوەى میللەتیش بۆتە چەندین دەستەو تاقم تاکو ئێستا تەنیا بەڕواڵەت دەبینین زۆرینەى خەڵک ناڕازیەو حەز بەگۆڕان دەکات ، بەڵام لەخوێندنەوەى ناخى زۆرینەى خەڵکیشدا بەم شێوەیە نییە کەتێیگەیشتوین ، بەڵکو کەمینەى خەڵک ویستى گۆڕانیان هەیە ، ئەم خەڵکانەى ویستى گۆڕانیان هەیە هەر ئەو خەڵکە بەهەڵوێست وخۆنەویستانەن کەلەبەر دڵسۆزیان بۆ ئایندەى گەل و وڵات حەزدەکەن دەسەڵاتێکى دادپەروەر لەوڵاتەکەیاندا هەبێت بۆ ئەوەى جیاوازى نەکات لەناو ڕیزەکانى میللەت ، چونکە دەسەڵاتى ئێستاى کورد جیاوازیەکى واى کردوە هەندێک لەخەڵکى پڕکردوەو هەندێکیشى قڕکردوە ، گەر خەڵکە گیرفان پڕەکانیش بەئاگابێنەوەو هەست بەتاوانى خۆیان بکەن کەبونەتە هۆکارى ناعەدالەتى و قڕکردنى چینە خەڵکێکى وڵاتەکەى خۆیان بێگومان دەتوانرێ گەورەترین گورز لەناعەدالەتى و گەندەڵى بدرێت و دەسەڵات بەئاراستەى بەرەو گۆڕان بەڕێ بکرێت.

 

بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستاش خەڵکە گیرفان پڕەکان ئەوانەى بەهۆى دەسەڵاتى نادادپەروەرەوە گیرفانیان پڕبوەو وادەزانن تەنیا دەسەڵاتداران تاوانبارى ئەوبارودۆخەى ئەمڕۆى کوردستانن، بێگومان دەسەلاتداران تاوانبارن بەڵام لەوانتاوانبارتر ئەو خەڵکەن کەدەوریان لەدەسەڵاتداوەو بونەتە پشت و پەنا بۆ تەمەن درێژى ئەم جۆرە دەسەڵاتە لەوڵاتدا، هەروەها بونەتە ڕێگریش لەبەردەم گۆڕانکارى لەوڵاتدا ، گۆڕنکارى لەدەسەڵات و ئەداى کارى دەسەڵات لەکوردستان لەبەرژەوەندى هەمو میللەتى کوردە ئەوانەى گۆڕان بەمەترسى دەزانن بۆ سەرچارەنوسى خۆیان ئەوە گومانى تێدانییە ئەو جۆرەکەسانە کەموکورتى لەنیەتیان دایەو گەر بەویژدانەوە بەخۆیاندا بچنەوە بۆیان دەردەکەوێت کەلەگەڵ میللەتى خۆیان ساغ و ڕاستگۆ نین و بگرە بەناپاکیشن ، گەر ئینکاریش لەناپاکى و نیەت خراپیان دەکەن، ئەوە باشترین کێشانەو پێوانەمان هەیە بۆ دەرخستنى نیەت پاکى و بێگەردیان بەرانبەر گەل و نیشیمانەکەى خۆیان ، دیارە ئەو پێوانەیەش بەقبوڵکردن و قبوڵنەکردنى دەسەڵاتى نادادپەروەر دەردەکەوێت.

 

جا پێویستە لەسەر هەمو تاکێکى ئەم میللەتە بەهەژارو دەوڵەمەندەوە ئەم پێوانەیە لەخۆیدا بکات تاکو بۆى دەرکەوێت و بزانى ئایا دڵسۆزى گەل و وڵاتەکەیەتى یان دڵسۆزى خۆى و گیرفان و بەرژەوەندیە تەسکەکەی و دەسەڵاتى نادادپەروەرە ، هەرکاتێک تاکەکانى میللەت گەیشتنە ئاستێکى وا لێپرسینەوەیان لەگەڵ خودى خۆیان کرد بێگومان یەکەم هەنگاوى گۆڕان لەو لێپرسینەوە دەست پێدەکات ، چونکە هەرکەسێک گەیشتە ئەو پلە ئینسانییەى کەلەخۆى پرسیەوە ، بێگومان لەدەسەڵات و لەئەداى کارى دەسەڵاتیش دەپرسێتەوە ، وە لەهەڵەو کەموکورتى دەسەلاتیش بێدەنگ نابێ و چارەسەریشى بۆ دەدۆزێتەوە ، لەوسەردەم و بارودۆخە ناڕۆشنەى ئێستاى وڵاتمان پێویستە لەسەر هەمو تاکێکى ژیرى ئەم میللەتە بەویژدانەوە پرسیار لەخۆى بکات و بەخۆى بڵێ ئایا من لەکام سەنگەرم پاڵپشتى کام سەنگەر دەکەم سەنگەرى ناعەدالەتى و بڕۆ بیخۆ یان سەنگەرى دادپەروەرى و بپرسە ئینجا بیخۆ گەر مافى تۆنییە مەیخۆ ، ئێمەى میللەتى کورد لەو سەردەمە بەرەو ڕوى ئەم دوسەنگەرە بوینەتەوە.

 

بەداخەوە سەنگەرى عەدالەت سەنگەرى کەمینەکانە و سەنگەرى ناعەدالەتیش زۆرینەکانە ، بۆیەش گۆڕنکارى لەکۆمەڵگاى کوردەوارى قورسبوەو زۆر بەئەستەم دەجولێ ، ئەم خەڵکەى لەسەنگەرى ناعەدالەتیدان و پارێزگارى ناعەدالەتى دەکەن زۆرى تاوانى ناعەدالەتى دەکەوێتە سەرشانى ئەوان چونکە هەرئەوانن دەتوانن ببنە ڕێگر لەبەردەم گۆڕان ، وەهەرئەوانیشن دەتوانن ببنە هەوێنى گۆڕان و گۆڕانیش هەربەوان دەکرێت چونکە ئەوانە زۆرینەن زۆرینەش لەهەڵبژاردندا دەورى یەکلاکەرەوە دەبینێ کەمیللەتى کوردیش تەنیا ئامرازى هەڵبژاردنى بەدەستەوەیە تاکو بتوانێت گۆڕانکارى لەدەسەڵاتى داسەپاوى ناعەدالەتى وڵاتەکەى بکات .

 

 ary_esmail@yahoo.com