په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠٢٢

    ئەوانەی یارییان وە ئاورەوە کرد.

دارا خونچە

لە نۆژەنەوە پێداچوونەوە

وە لووتکە سەرکەشەکانی پێشمەرگایەتی کێلبوونەوە ١

نە

دووند و تیش و ملە و ترۆپکە وەئاسمانداچووەکانیان ٢

          لێبوونە

          گۆنا و گەردەن و پووز و کەفەڵ و مەم و گۆی مەمان

نە

کانیی و ئاوەزێی گەلیی و قەپاڵ و نێوقەدی شاخانیان ٣

          لێبوونە

          جامی مەی و ئاوی دەم و چۆڕاوگەی گۆم و ئەستێرکان ٤

نە

بەر و بەرسێبەری دارودەوەن و گەنجینە خاوەکانیان

          لێبوونە

          دەسمایەی مفت و هەواری حەز و ئارەزووەکان...

دیسان تا گەیشتنە دوا ترۆپکەکان

          پفکەی پێیانیان پەقین و بەفر قوتیدا کەوشانیان -٦-٧)

          گیزەگیزی گوللان.. گرمەگرمی تۆپان دایانبێژین

          خوێنپژان و برینە گەرماوگەرمەکان نەیانخستن

          گوڕ و هاوڵای رەشەبا و باهۆزی ژار نەیوەستاندن ٨

هەنووکانێش لە دەڤەری ژۆرێ و رۆژێ (٩-١٠)

                 کە وە قەندیل هەڵدەبەزن.. هەمان بەزمە..

ئەوان یارییان وە ئاورەوە کرد و دەیکەن ١١

ئەوان مەرگی خۆیان خستەپێش و دەیخەن

                 تا

                 کەوشەنە داسەپایەکان بپسێنن ١٢

                 دیوار و بەربەستەکان بڕمێنن

                 تا

                 کێش و سەروا و کێشەوبێشەی

                 سەرۆ و سەردار و سەرسەرییان تێکبشکێنن

                    وە سەربەستیی هۆنراوەی ئازاد بخوێنن

                    وە تێردەستیی ژیاری خۆیان بگوزەرێنن.. ١٣    

جا ئەز کەنگێ کارم وەسەر

          ئەو دابەستە بێ دەربەستە سفت و سستانەوە هەیە ١٤

          ''نۆ لە دە''نە

          تەنێ خوازیاری ئەوەنە

          زگیان وەسەر پشتیان کەوێ.. ١٥

          باکیان وە ''خاک'' و ''ماک'' و ''زاگ''ەوە نییە (١٦-١٧)

                 بەستەزمانانە چاوەڕێی ١٨

                 تیز و تیغ و تیر و شیری خاوەنیانن. ١٩

ئەوانەی وە راستیی یارییان وە ئاورەوە کرد

     نە

     دەستیان وە ئاوری سالاریی و لاسارییەوە دەسۆژێ ٢٠

     نە

     لە ''تەقەی خۆشیی'' و ''یارییە ئاورینەکان''

                                 بەشدار بوونە و دەبن..

           ''خوێنگرەوە''ش نین.. ٢١

           تا چاوەڕێی

           یاداشت و پاداشت و پاشماوەی

                                  ئێسکوپرووسکان بن!

___________________________________________________

فەرهەنگۆک:

١- کێلبوونەوە: هەورازبوونەوە.

٢- تیش: لووتکەی تیژی شاخ یان چیا.

٣- ئاوەزێ: ئەو پارچە زەوییەی ئاوی لێ دەزێ، نەک وەک کانیی کە لە کونەک یان پنتەک ئاوی لێهەڵدەقوڵێ.

٤- ئەستێرک: ئەستێڵک، گۆل، گۆم.

٥- پفکە: پۆقڵە، هەڵئاوسان.

٦- پەقین: تەقین.

٧- کەوش: پاتە، پێڵاو، یەمەنی.

٨- باهۆز: بای وە تەوژم، گەردەلوول.

٩- هەنووکانێش؛: ئێستاکانێش.

١٠- ژۆرێ و رۆژێ: باکوور و رۆژەڵات.

١١- ئاور: ئاگر.

١٢- کەوشەن: سنوور، ناوان.

١٣- تێردەست: هەبوو، دارا، زەنگین.

١٤- دابەستە: مەڕوماڵات وەخێوکردن لە ماڵێ.

١٥- زگ وەسەر پشت کەتن: واتە وە رادەیەک قەڵەوبوون کە زگ بەرەو لای پشتی بکشێ.

١٦- ماک: رەسەن.

١٧- زاگ: منداڵبوون.

١٨- بەستەزمان: بێ زمان، نەبوونی توانای ئاخافتن.

١٩- تیز: گاڵتەپێکردن، حەنەکپێکردن، پێڕبواردن.

٢٠- دەسۆژێ: دەسوتێ.

٢١- خوێنگرەوە: وە پێی نەریتی کەونەپەرستیی.. نێزیکترین خزمی کەسەک کە دەکوژرێ یان وە رووداوەک لەنێودەچی لە بری خوێنەکەی قەربوو دەکرێتەوە!

 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک