په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەوانەى یه‌کگرتوو گەورەتر دەکەن.

  
ئیسماعیل عبدولڕەحمان


لەو وڵاتانەى دەسەڵاتى تاکڕەوى و خۆسەپێن هەیە ، ئەو دەسەڵاتە بەردرێژایى تەمەنى بەردەوام بەهەموشێوەیەک لەهەوڵدایە بۆ کپکردن و لەناوبردنى بیرو بۆچونە جیاوازەکان بۆئەوەى هیچ کاتێک کەسانێک لەناو وڵاتدا پەیدانەبن و بیانەوێ ڕەخنەو ناڕەزایى دەربڕن بەرانبەر بەدەسەڵات ، کەچى خەسڵەتى دەسەڵاتى دیکتاتۆرى وایە هەرچەندى بەهێزیش بێت قەد پێى ناکرێت بیرو ڕاى جیاوازقبوڵ بکات ، چونکە ترسى گەورەى دیکتاتۆرەکان لەمیللەتەکەیان تەنیا لەسەرجیاوازى بیرو بۆچونە، بۆیەش تەنیا لەسەر جیاوازى بیرو بۆچون بەملیۆنان مرۆڤ لەناوبراون لەلاین دیکتاتۆرەکانەوە ، بەڵام سەرەنجامیش هەربەرەى زوڵم لێکراوى ئازادى خوازان سەرکەوتوبونە ، بۆیەش دیکتاتۆرەکان زەندەقیان لەبیرو بۆچونە جیاوازەکان چوە.

هەرچەندە دەربڕینى بیرو بۆچون یان داواکردنى ماف یان ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات گەرلەسەرەتاوە دەسەڵات لێى نەترسێ خۆ بۆ پاشەڕۆژى نابێتە مەترسى ، چونکە گەر دەسەڵات بەرگەى بیرو ڕاى جیاوازى گرت و توانى لەگەڵ خەڵکانى بیروڕا جیاواز هەڵبکاو گوێیان لێبگرێت و ڕێزیان بۆ دانێ بێگومان ئەو پەڕى ژیرى ئەو دەسەڵاتە دەردەخات ، کەوابو دەسەڵاتى ژیر هیچ کەسێک و لایەنێک نابێتە مەترسى لەسەرى چونکە ئەو دەسەڵاتە ڕفتار بەئەقڵ دەکات هەردەسەڵاتێکیش ئیشى بەئەقڵ کرد هەرگیز لایەنێک بەو شێوەیە دروست نابێت لەئایندە پشتى بشکێنێ و لەناوى بەرێت.

بەڵام دەسەڵاتى نائاقڵ وادەزانێ هەتاهەتایە بەو دەسەڵاتە پتەوەى دەمینێتەوەو لەبەر ئەوەى بیرو ڕاى جیاواز لەناو دەبات تاکو هیچ کەسێک نەبێت بتوانێت بەرانبەر دەسەڵات بوەستێ و ئیسپاتى هەبونى بیرو بۆچونى جیاوازى خۆى بکات ، ئەگەر لەژێر دەسەڵاتى دیکتاتۆرەکان کەسانێک پەیدا بون و داواى مافى ڕەواى خۆیان کرد یان بیانەوێ بیرو بۆچونى خۆیان دەرخەن، ئەوە لەلایانى دەسەڵاتەوە هێرشى ناڕەوایان دەکرێتە سەرو لەناو دەبرێن ئەگەر دەرفەتى لەناو بردنیشى نەبو ئەوە هەرچى پڕوپاگەندەى ناڕەواو بوختان هەیە دەیداتە پاڵ ئەو کۆمەڵە کەسەى کەبیرو ڕاى جیاوازیان لەگەڵ دەسەڵات هەیە و دەسەڵاتیش ئەو کەسانە بەدوژمن و ناحەزى خۆی دەزانێ ، هەروەک لەسەرتا وتم چونکە دەسەڵاتى دیکتاتۆر ڕفتار بە ئەقڵ ناکات بۆیە ئەم دەسەڵاتە گەمژەیە لەبەرئەوەى بەحیسابى خۆى دەیەوێ بەدرۆو بوختان و ناوزڕاندن نایارەکانى سوک بکات بەڵام گەورەترین هەڵەو نەزانینى دیکتاتۆر لەڕاگەیاندنەکانى ئەوەیە بێئاگایە لەوەى کەهەرکەسێک ئەو بیەوێ سوکى بکات ئەوەلەلاى میللەت قورس دەبێت ، چونکە میللەت باى ئەوە شارەزایى هەیە کەدەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان چەندە درۆزنن و لەپێناوى پاراستنى دەسەڵاتیان و لاوازکردنى ڕۆڵى کەسانى دڵسۆز بۆ گەل و نیشتیمان و مرۆڤایەتى چەندە درۆو بوختان دەکەن ، گەر بمانەوێ نمونەیەک لەسەر ڕاگەیاندنى دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بهێنینەوە ئەوە لەڕاگەیاندنى چەواشکارانەى سەردەمى ڕژێمى بەعسمان باشتر دەست ناکەوێ ، کەزۆر نزیک و گونجاوە لەگەڵ ناوەرۆکى مەبەستەکەمان.

هیچ گومانى تیانییە ڕاگەیاندنى ڕژێمى بەعس لەوپەڕى بەتوانایى بو لەچەواشەکردن و شاردنەوەى ڕاستیەکان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەمژەیى لێبەدى دەکرا کاتێک هێرشى ڕاگەیاندنى دەکردە سەر سەرکردە کوردەکان ، ڕاگەیاندنى بەغدا بەناو هێناو بەمەترسى دانانى سەرکردە کوردەکان بەبەکرێگیراوى ئێران ، ئەوپەڕى گەورەیى سەرکردە کوردەکانى دەردەخست لەلایان خەڵکەوە هەروەک مام جەلال چەندین جار ئاماژەى بەوە کردوەو دەى وت گەر ڕژێم جوێنیشى پێمان بدایە پێمان خۆش بو تەنیا بۆئەوەى ناومان بێنى چونکە ناو هێنان بەخراپە لەلاین دەسەڵاتى داسەپاو ئەوە بەباشەو قارەمان و دڵسۆز دەکەوێتە بەردڵانى خەڵک چونکە خەڵکەکە دەزانن ئەوەى ڕاگەیاندنى دەسەڵات دەیڵێ پێچەوانەکەى ڕاستە ، کاتێک ڕژێم لەڕۆژنامەک یان گۆڤارێک یان لەڕادیۆو تەلەفزیۆن باسى (یاخى بو یان تێکدەرەکانى) دەکرد هەرچەند ڕژێم مەبەستى پێشمەرگە بو بەڵام خەڵک گوێى بەناوەرۆکى مەبەستەکەى ڕژێم نەدەدا بەڵکو زیاتر لامان گرنگ بوو کە پێشمەرگە بونى هەیەو ڕژێم دان بەبونى پێشمەرگەو هێزى سیاسى کورد دادەنێ.

وابزانم ساڵى 1986بو ماوەى چەند ڕۆژێک ڕادیۆى کوردى بەغدا بەرنامەیەکى ڕۆژانەى هەبو بەناوى نامەیەکى کراوە بۆ هەردو بەکرێ گیراوى ئێران (جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى ) هەرچەندە ناوەرۆکى نامەکە بۆ ناو زڕاندن و سوککردن و بەخائین دانانى هەردو سەرکردەبوو کە ئەوکاتى زۆر ترین خەڵک گوێى لەو بەرنامەیە دەگرت ، بەڵام خۆ خەڵک گوێیان بەناوەرۆکى نامەکە نەدەدا بەڵکو خۆشی گوێگرتنەکە لەوەبو کەڕژێم دان دەنێ بەبونى ئەو دوسەرکردەیە ، دەتوانین بڵێن ڕاگەیاندنى ڕژێم کەورەترین کاریگەرى هەبو بۆ بەگەورە دانانى بارزانى و تاڵەبانى تادواى شاڵاوى بەناو ئەنفالیش ، بۆیە کاتێک ڕۆژنامەى (محرر) جارو بار ناوى بارزانى یان تاڵەبانى بهێنایە ئەو ڕۆژنامەیە تەنیا لەبەر ناوهێنانى ئەم سەرکردانە کورد دەیکڕى هەرچەندە ناوهێنانیشى بەخراپەبو ، یان گۆڤارى (التچامن) لەژمارە 342 ڕێکەوتى 30/10/1989 بابەتێکى لەسەر کورد و مام جەلال نووسى بوو بۆیە خەڵکێکى زۆرم بینى لەو گۆڤارەى کڕى بو تەنیا لەبەر ئەوەى ناوى تاڵەبانى تیابوو ، کەچى پاش ئەوەى هەمو کەسێکى ڕۆشنبیرو شارەزا لە ڕاگەیاندن و سیاسەت دەزانێ هەر دەسەڵاتێک بەناڕەوا و بوختان قسەى نابەجێى بەلایەنێک بڵێت ئەوە وەک ئەوە وایە پەین بکاتە بن ڕوەکێک بۆ ئەوەى گەشە بکات ڕەگى ئەستوربێت و باشتر لق و چڵ و پۆو گەڵا دەرکات ، دیارە پەین پیسە بەو پیسیەى ڕەگى درەخت ئەستوردەکات و گەڵاى سەوزو درەوشاوە دەکات ، بێگومان قسەى بوختان و ناڕەواش وەک پەین پیسە بۆیە دژى هەرکەس و لایەنێک بکرێت لەڕەگ ئەستورو پتەوى بەولاوە چ زیانێکى ترى نابێت.

جا دەبوایە دەسەڵاتى کوردى کەپارتى و یەکێتین هەرگیز ڕێگەیاننەدایە بەڕاگەیاندنەکانیان پەنایان بۆ قسە هەڵبەستان و تۆمەت دروستکردن ببردایە چونکە دەبێتە پەین بۆ ڕەگ ئەستورى نەک لاوازى ڕەگ و شکاندنەوەى لق و چڵەکان ، ئەوەى ڕاگەیاندنى دەسەڵات دژى یه‌کگرتووى ئیسلامى دەیکات لەپەین کردنى یه‌کگرتوو بەولاوە چیترنییە ، دەبوایە بەپەینکردنى خۆیان و حزبەکەیان لەلایان ڕژێمى بەعسەوە هەرگیز بیریان لەپەینکردنى کەسایەتى و لایەنى تر نەکردایەوە ، دەبوایە قەد لەبیریان نەکردایە کاتێک ڕژێم تەشویشى دەخستە سەر شەپۆلى ڕادیۆکەیان بۆ ئەوەى گەلى کورد گوێ بیستى دەنگیان نەبێت ، بەڵام بائەوەبزانن بەهۆى ئەوتەشویشەوە بو خەڵک بەتامەزرۆوە لەدواى دەنگیان دەگەڕان لەسەر هەردو شەپۆلى کورتى 75م 49مەترى ، کەچى ئێستا بەهەمان شێوە ڕێگرى دەکرێت لەدانانى تەلەفزیۆنى یه‌کگرتوو لەزاخۆ کەتەنیا ئیشى پەروەردەکردنى خەڵکە ، باشە چ ئەقڵێک دان بەسودو قازانجی لەلاساى کردنەوەى بەعسدا دەنێت، مەگەر هەربەختى یه‌کگرتووبێت ئێوە بەم شێوەیە ڕفتارى لەگەڵ دەکەن ، ئاخر خۆگەر بەناوزڕاندن و تۆمەت دروستکردن بوایە ئەوەى ڕۆژنامەى ڕۆژنامەنوس دژى یه‌کگرتوو کردى دەبوایە یه‌کگرتوو بستێک باڵاى نەکردایە کەچى لەپەینکردنى یه‌کگرتوو بەولاوە چیتر نەبو بۆیەش یه‌کگرتوو لەگەشەى بەردەوامدایە گەشەکردنى یه‌کگرتوو لەڕوى چەک و جبەخانەو بوارى سەربازى نییە، بەڵکو لەڕوى جەماوەریەوەیە هەمو کەسێکى ژیرو سیاسى دەزانێت ئیرادەى جەماوەر لەهەمو ئامێرو کەرەسەیەکى تەکنەلۆژیاى سەربازى بەهێزترە.

گەر ئێوەش دەتانەوێ جەماوەر لەیه‌کگرتوو دورخنەوە ئەوە بەڕاگەیاندنى چەواشەکارانە ناکرێت بەڵکو دەبێت هەوڵدەن هەمان ڕێچکەى #1742;ت هەوڵدەن هەمان ڕێچکەى ڕاگەیاندنى یه‌کگرتوو بگرنەبەر کەڕاگەیاندنێکى پەسندو قبوڵکراوە لەلایان زۆرینەى خەڵکەوە ، و هەر ئەو ڕاگەیاندنە پاک و ئەمینەیە بۆتە هۆى بەجەماوەربوونى یه‌کگرتوو، جا دوا وتەم ئەوەیە گەر بەردەوامیش بن لەسەرپەینکردنى یه‌کگرتو دڵنیابن یه‌کگرتووى ئیسلامى ڕەگ و ڕیشاڵى جەماوەرى ئەوەندە گەورە دەبێ تائەو بڕە جەماوەرەى ئێوەش ماوە لەناویدا تێکەڵ دەبن هەروەک چۆن جەماوەرى بەعسیەکانیش لەناو جەماوەرى ئێوەدا بزربون و توانەوە.
 


ary_esmail@yahoo.com