په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠٢١

ئەوان کردیان، ئێستا نۆرەی نەوە تازەکانە باشتری بکەن!

دارا خونچە       


ئەوان کردیان، ئەوان لە سەردەمەکدا کردیان کە زۆربەی هەرە زۆری میللەتەکەمان (سەربازی رژێم بوون، چەکداری خۆفرۆشی رژێم بوون و رۆڵەکانی خۆیان دەکوشت و کیمیاباران و ئەنفالیان دەکردن، بەعسی و سەر بە دەزگە سیخوڕییەکانی دەسەڵات بوون، بەشەکی زۆریشیان دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتبوو با نەیبا و خەڵکیان لە بەرهەڵستکاریی سارددەکردەوە)، ئەوان لە بەرانبەر رژێمەک کردیان کە سوپایەکەی یەکەک بوو لە هێزە هەرە بە توانا و دڕندەکانی جیهان و لەسەر سادەترین مافی وەک کوردبوون و بەرگرییکردن لە زمان و گێگرتن لە سروود و پۆشینی جلوبەرگ و... تد خەڵکیان لەسێدارە دەدا.

ئەو پێشمەرگانەی* لە خوارێ لە وێنەکان دەیانبینن نموونەی سەدان و هەزاران تێکۆشەری پێش راپەڕینن کە کردیان و زۆریشان گیانیان بەخشی.. ئەوانەشیان کە هێشتا لە ژیاندان زۆربەیان بە دەست برینەکانی جەستەیان دەتلێنەوە یان خاوخێزان و ماڵ و ژیانی ئاسایی خۆیان لە دەست دا.. ئێستاش هەژارترین خەڵکی کوردستانن و هەر بە پاکیی درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. ئەوانە زۆربەی هەرە زۆریان نە دز و جەردە و ژنهەڵگر و سیخوڕ بوون.. نە بەشداریی پاسدارانی کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێرانان کرد لە کاولکردنی هەڵەبجە.. نە شەڕی نێوخۆیان کرد.. نە لە گەندەڵکارییەکانی پاش (راپەڕین**)یش بەشدارن.

جا تکایە ئەتوو کە ئێستا لە نێو ئەو تۆزە ئازادییەدا دەژی کە ئەوان بەرهەمیانهینا بێ مێشک و بێ ویژدان و بێ ئەمەک مەبە، بەڵکە ئەوان شایستەی ئەوەن وەک گیانبەختکرییە زیندییەکان رێزیان لێبگیردرێ، ئێستا نۆرەی تووە وەک ئەوان کارەکی کردەییت لێببینین، پێویستە لە سەرەتادا لە جیاتی ئەوەی هێرش بکەیە سەر ئەوان بچی پۆستەکانی سەر فەیسبووکەکەت کە وەک رشانەوەی کەسەکی نەخۆشن لابدەی و لە ئاودەستیان بکەی.. ئەوجا پاشان بچی ئەو دەسەڵاتدارانە لە دەسەڵات لاببەی یان بە لایەنی کەم بەرزەفتیان بکەی کە بەرهەمی ئەوانیان تووشی گەندەڵیی کرد و سی ساڵیشە ئەتوو بە گەمژەیی خۆت دەنگیان پێدەدەی!

ئەگەر ئێستا ئەتوو لە سەتا یەکی ئەو ئازایەتی و خۆنەویستیی و هۆشمەندییەی ئەوانەت تێدا بووایە کە پێشمەرگە بوون و ماوەکی زۆر پێش راپەڕین بە دەستەی گچکە گچکە خۆیان گەیاندە نێو شارەکان*** و شانەی چەکدارییان لە رێکخستنەکانی نێو شارەکان دروستکرد و راپەڕینیان هەڵگیرساند.. ئەوە هەرگیز دەسەڵاتدارانی ئێستا (کە خەڵکەکی زۆر زۆر کەمن لە پێشمەرگە دێرینەکان و لەگەڵ خۆفرۆشەکانی سەردەمی رژێم و بازرگانە مافیایەکانی ئێستا خۆیان بەسەر میللەت داسەپاندیە) نەیاندەتانی بەو شێوە دەوت دابخەن و ئازادییەکانت سەرکوت بکەن.. نەیاندەتانی دەست لە مووچەکەت بدەن و گاڵتە بە بژێوی ژیانت بکەن.. نەیاندەتانی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانت لەسەر ببڕن! بەڵکە ئێستا کوردستانیش سەربەخۆ دەبوو و ژیان و گوزەرانیشت بە لایەنی کەم لە ئاستی ژیان و گوزەرانی گەلان و بە پێی پێداویستییەکانی سەردەم دەبوو.. ئیدی پانتایی رێڕەوی خەبات لە پێناو وەدەستهینانی مافەکانی چین و توێژە چەوساوە و بەشمەینەتەکان و یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان و سەرجەم ماف و ئازادییەکانی دیکە بەرفراوان و بەرفراوانتر دەبۆوە.

ئەوان لە کاتەکدا کردیان کە تەنێ رادیۆی (ئێف ئێم)یان هەبوو تا دەنگی خۆیان بگەینن.. ئەوان لەوان کاتاندا کردیان کە زۆربەی کوردانی پارچەکانی دیکە تەنێ هێندەیان وەدەستهینابوو کە بە دزییەوە لە ماڵەکانی خۆیان بە کوردی قسە بکەن! ئەوان کردیان.. ئەتووش بیکە! نەک لە قەندیل و لەو شوێنانەی پێشمەرگە لە بندەستی بەعسییەکان رزگاریکردن بە تورکی قسە بکەی و ئەگەر گریمان خەڵکی باشوور سەربەخۆییش وەدەستبهینن و سیسەتەمەکی یەکسانییخوازییش دابمەزرێنن ئەتوو هەر رەتیبکەیەوە! نەک لە هەندەران تەنێ خەریکی ژیان و گوزەرانی تایبەتی خۆت بی! نەک بە باشترین تەکنەلۆژیا و میدیای سەردەم خەریکی فەیسبووک و پۆپجی بی! نەک لە نێو شارەکان دابنیشی و چاو لە مووچەی بندیوار و خانەنشینیی چڕبکەیەوە و هەر منگەمنگت بێ و بەسەر پێشمەرگە دێرینەکاندا بڕشێیەوە!

 

وەک دەبێژن 'ئەوەی لە شەڕدا نەبی شیری تیژە'! ئاخر ئەوان پێشمەرگە بوون و مەرگی خۆیان بەپێشخست و کردیان، دە ئەتووش ئازابە و بێ ئەوەی قسەی گەورە گەورە بکەی نەک هێندەی ئەوان بەڵکە نیوەی نیوەی ئەوان بە پێی سەردەمی ئێستا بکە! ئەتوو کە بە هۆی نەخۆشیی تاکڕەویی و تاکگەریی ئامادەی کاری هەرەوەزیی و بەکۆمەڵ و تێکۆشان نی لە پێناو کۆمەڵ و ئازادییەکانی تاک و کێشە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و کێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان.. زۆر باشترە لۆ خۆت بێدەنگ بی و کاتی خۆت و خەڵک بە ئارزووە خودپەرستییە عەنتیکەکانت نەکوژی! 

 

 

 

 

خۆم و هەندەک لە هاوڕێیانم لە قەد چیایەکانی سەر ''نێوزەنگ''.

 

گرتەیەکی ''شانۆگەریی نەورۆز''ە لە ''نێوزەنگ'' لە ٢ی نەورۆزی ١٩٩٨

چونکێ دوو کەسیان بە تەواویی ناناسمەوە ناوی ئەوانی دیکەم نەنووسی.

 

کە دەقەکەی خۆم نووسیبووم و رۆڵی ''فەرەیدوون''یشم تێیدا گێڕا.

     

 

بەشەک لە ئامادەبووانی شانۆگەرییەکە کە زۆربەی هەرە زۆریان پێشمەرگە بوون.

 

         ژۆرەک لە بارەگەی پێشمەرگە لە ''نێوزەنگ'' شوباتی ١٩٩٠.

_______________________________________________________________

* پێشمەرگە: چەکدارەکانی ئێستای پارتی و یەکێتی (لەگەڵ رێزم لۆ هەندەکیان کە نیشتیمان و میللەتی خۆیان خۆشدەوێ) زۆربەی هەرە زۆریان تەنێ پاسەوانی بەرژەوەندییە مافیایی و گەندەڵکارییەکانی پارتییەکانی دەسەڵات و بە ناو بەرهەڵستکارەکانن، بێ ویژدانییەکی زۆر گەورەیە بە ''پێشمەرگە'' ناویان ببردرێ و مێژووی پێشمەرگایەتی یان چەکدارە تێکۆشەرەکانی پێش راپەڕینیان پێ لەکەدار بکرێ!

** راپەڕین: ئەو کەسانەی دەیانەوێ بە هەر نیاز و ئامانجەک هەیە مێژوو بشێوێن و دەبێژن 'خەڵکی ئاسایی لە شارەکان راپەڕینیان کرد و پێشمەرگەیان هیناوە نێو شارەکان' لە بەرانبەر ئەوانە دەبێژم؛ هەموو ئەوانەی بەشداریی راپەڕینیان کرد مەگەر بە دەگمەن دەنا تێکڕایان پەروەردە و بەرهەمی ئەو بزووتنەوە چەکدارییەی پێشمەرگە بوون، هەروا من خۆم ئاگادار بووم بە چەندین مانگ پێش راپەڕین پێشمەرگە نەخشەی دەکێشا و ئامادەکاریی لۆ راپەڕین دەکرد لەوانە؛ ناردنی دەیان دەستە لە پێشمەرگەکانی شاخ لۆ نێو شار و شارۆچکەکان، دروستکردنی چەندین شانەی چەکداریی لە رێکخستنەکانی نێو شارەکان نەک لەوانەی کڵاوی خۆیان گرتبوو با نەیبا، ناردنی نامە لۆ زۆربەی سەرۆکەکانی هێزە چەکدارە خۆفرۆشەکان کە بەشداریی راپەڕین بکەن یان بە لایەنی کەم شەڕی پێشمەرگە و راپەڕین نەکەن ئەگەر نا ئەوە پێشمەرگە تەفروتونایان دەکا، ئێزگەی رادیۆی بەرەی کوردستانیی خرایەگەڕ، پێش راپەڕین و لە سەرەتای راپەڕین لە رانیە و لە نێو جەرگەی شاری هەولێر و چەندین شار و شارۆچکەی دیکە یەکەمین فیشەکەکان کە تەقێندران لە لایەن ئەو پێشمەرگانە بوون کە لە شاخ دابەزیبوونە نێو شارەکان و چەندین دەستەی چەکداریان لە رێکخستنەکانی نێو شارەکان سازدابوون. چونکێ پێشمەرگە راپەڕینی هەڵگیرساند توانی پارێزگاریشی لێبکا و درێژەی پێبدا بەڵام راپەڕینی خەڵکی باشوور و نێوەڕاستی ئێراق لەبەرئەوەی بزووتنەوەیەکی چەکداریی و رێکخراوەییان نەبوو زۆر بێسەروبەر بوو و لە ماوەکی کەم لە لایەن رژێمەوە سەرکوتکرا. جا شێواندنی مێژوو لە لایەن هەندەک گەنجی ئێستا تەنێ لەبەرئەوەیە کە بێ زانیارییە و خەفەت لەوە دەخوا بەختی ئەوەی نەبووە بەشداریی بکا و لەو ژیان خراپیی و گەندەڵکارییەی حیزبەکانیش زۆر تووڕەیە.. لە لایەن هەندەک لە پیرەکانیشەوە تەنێ لەبەرئەوەیە کە پێشتر ئامادەی تێکۆشان نەبوون و نەیانتانی لەوان دەمان بەشداریی لە خەباتی چەکداریی و دروستکردنی مێژووی گەلەکەیان بکەن و ئێرەیی بە پێشمەرگە دەبەن! جا دڵنیابە شێواندنی مێژوو هیچ سوودەکت پێناگەینی بەڵکە تەنێ خۆتی پێ ریسوا دەکەی و پتر خۆت دەکەیە دیلی بندەستی ئەو دەسەڵات و پارتیە مافیا و گەندەڵکارانەی ئێستا!

*** دابەزینە نێو شار: من خۆم یەکەک بووم لەوانەی کە پێش راپەڕین داببەزمە نێو هەولێر.. بەڵام بە هۆی ناتەبایی و ململانێم لەگەڵ سەرکردایەتی دەرفەتیان منیان نەدا و ئەوانی دی دابەزین.. ئیدی لە ٤ و ٥ی ئادار دابەزین و لە شەڕەکانی هەیبەت سوڵتان و شەقڵاوە و هەولێر بەشدارییمان کرد و تا کەرکووک رانەوەستام!

سوپاسنامە: زۆر سوپاسی هاوڕێ ''رزگار حەساریی'' دەکەم کە ئەو وێنانە و زۆر وێنەی دیکەی پاراستن و زۆربەشیان هەر خۆی دەیچرکاندن. (ئەویش پێش راپەڕین پێشمەرگە بوو و پاش راپەڕینیش هەر بە دڵسۆزیی و خۆنەویستیی پێشمەرگایەتی ساڵانەکی زۆر لە دەزگەی راگەیاندن کاری کرد. لە وێنەی چارەم لە نێوەندێ دانیشتیە).

 

١٦\٥\٢٠٢١

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

     

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک