1 ئەم ئێوارەیە دڵم بۆنی کەژاوەی مەرگی لێدێ هەناسەی غەریبی و کێوی تەنهایی ئاشنایە پێم رۆحم جەسەتەیەکی شەکەت و ماندووەو دیمەنە ناسکەکانی هەنسکی گریان بوونەتە تارماییەک و باوەش بەکەناری دەریادا دەکەن.
2 ئەم ئێوارەیە دڵم وەک چاوم لەزەمەن ئەتۆرێ و نازانێ سەفەری مەرگە یاخوود چ وەیشوومەیەکە باوەش بەکازیوەی بیرەوەریەکانمدا دەکا تۆ نازانیت کازیوەی بەیان چەندە جوانە،دەڵێی سوخمەی تەڵخی کیژۆڵەیەکی شەتڵ بەدەستەو بۆهیوایەکی نوێ دەڕوانێ .
3 ئەم ئێوارەیە عەرشی دڵم بۆنی فرمێسک و روومەتەکانیشم وەک وەرزی بەهاری بێ باران خوێن دەبەخشنە پەڕەی گوڵ.
4 من و فرمێسک دووهاوڕێی منداڵین وەکوو گوڵ و درەخت سەوز دەچینەوە هەمیشە بۆن وسێبەری جوانی باوەشی بۆکردوینەوە.
5 من و فرمێسک بەیەک ئاشناین ئاشنا بەچەپکێ نێرگزی بەهارو گەڵایەکی وەریووی وەرزی پایز.
6 من لەتەمەنی خۆمدا هەمیشە پەنجەرەم دانەخستووە چاوەکانم خۆر دەبینین وەک لەچۆڵەوانیەکدا جێم هێشتبن.
7 من لەسەر بەفری سپی کۆمەڵێک یادەوەریم نووسیوە تەنها وەنەوشەو کەناری دەزانێ من لەسەر پەڕەی گوڵ چەندەها تابلۆی رەنگینم نەخشاندووە تەنها دارئەرخەوان پێ دەزانێ.
8 من لەکەناری دڵمدا تابلۆیەکی جوان ، وەکوو هاژەی رووبار وەکوو باخچەی منداڵی وەکوو رۆحی سەرخۆشی کیژۆڵەیەک وەکوو درەوشانەوەی ئەستێرەیەک دوور دەڕوانێ و لەگەڵاکانیەوە سێبەری درەخت دەنوسێتەوە.
9 من نامەوێت باوەش بەپەپولەیەکدا بکەم تنۆک تنۆک باران بەسەر روخسارمدا ببارێنێ و نێرگز تارمایی خۆیم پێببەخشێ ئێوارەیەکی تاقانەیەو توولە رێگەیەکی ئەرخەوانی مەرگی ناوەختی، لەخەیاڵی مندا کردۆتە زەنگی توڕەو رۆحم بەرەو چرپەی گەڵا دەبات.
10 ئێستاکە من لەناو شەپۆلی دەریادا بەتەنیا دێم و دەچم، یادەوەری ئێوارانیش خەیاڵی خۆیم بۆدێنێ دەریا ئەوەندە مەستە بەبۆنم لەسەرابی دەمەو بەیانیان دەچێ.
11 ئێستاکە من لەناو دڕک و داڵی ئەم زەمەنەدا سەما دەکەم وەک دڵێکی وێرانە چاو بۆ ئەستێرەو مانگ دەگێڕم سێبەری خۆیم نیشنان بدا من نوێژی وێرانەی دەکەم کە فریشتەیەک بمخوێنێتەوە من چارۆکەی ئەم کەنارەم زەمەنم بۆ بگێڕێتەوە ئێمە عەشق دەکەینە سۆز تاکوو شەپۆلەکانی خۆیانم بداتێ ئێمە درەخت دەکەینە گەڵا تاکوو رازی دڵمان باتێ ئێمە سنەوبەری سەوزین کۆتر لەسەر باڵمان دەخوێنێ ئەودێت چی گوڵی جوانە لەناخەوە دەیوەرێنێ.
12 ئێستاکە من مرواریە هەڵوەریەوەکانی گەردنم دەبەخشمە پەنجەرەی چاوت تاکوو گەردون هەنسکی خۆی لەپیاسەیەکی ئێواراندا لەنمەنمەی باراندا
ببەخشێتە دیدەو ناوت.
|