٣١\١٢\٢٠٢٤
ئەو ''باڵاد''ەی
ئێمەشی شاد کرد.*

عەبدوڵا ساڵح
هاوڕێی
ئازیزم (چاوە - فاتیح شێخ) بەرهەمێکی ئەدەبی قەشەنگی ڕاناوە لە (١٧٥)
لاپەڕەدا بە ناوی (باڵادی شادی). شێوازی چاپکردنەکە دەستکورتی نووسەری
پێوە دیارە، قەوارەیەکی مام ناوەندی، دوور لە هەموو زریق و باقێک کە
هەندێک کتێبی بێناوەرۆکی ئەم سەردەمەی پێدەڕازێندرێنەوە، بەڵام کە
دەچیە ناو ئەم باڵادە، شاکارێکی (توحفە) ئەدەبی بەدی دەکەی کە تاکو
ئێستا لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا یا نەبووە یا من نەمدیوە. لە هەموو
شتێکا جیاواز لەوانی تر تەنانەت، لەبری پێشەکی - پاشەکی - لە دوا
لاپەڕەدا نووسیوە بە ناوی (لەباتی پێشەکی، پاشکۆ و سوپاس).
سەرەتا دەبێ بڵێم، من نە شاعیرم و نە ئەدیب و نە ڕەخنەگر، بەڵکو خۆم بە
ئەدەبدۆست دەزانم، بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەم کەموکورتی تێدا بوو
دەمبوورن چونکە ئەو شاکارە ئەدەبیە خستمیە نێو گێژاوێکەوە خەریک بوو
سەری خۆمی لێدەرنەکەم، بەڵام دواتر دڵخۆش و شادی کردم! هیوادارم
خوێنەرانی لەمەودوای ئەم باڵادە ئاوا پێی شاد بن.
دوای خوێندنەوەی لەخۆمم پرسی، ئەرێ ئەوەی خوێندمەوە چی بوو؟ ڕۆمان بوو؟
نەخێر! ئەی شیعر بوو؟ نەخێر! ئەی پەخشانە شیعر بوو؟ نەخێر! ئەی چیرۆک
بوو؟ نەخێر! ئەی.. چی بوو؟ نەخێر سەبکی داڕشتنەکەی ئەم کتێبە هیچیان
نەبوو، بەڵام هەمووشیان بوو!!
ئەدی ناوەرۆکەکەی چیبوو؟ مێژوو بوو؟ نەخێر! سەرگوزەشتەبوو؟ نەخێر!
گۆرانی بوو؟ نەخێر! ئاواز و مۆسیقا بوو؟ نەخێر! تابلۆی ڕەنگین و جوان
بوو؟ نەخێر! فۆلکلۆر بوو؟ نەخێر! عیشق بوو؟ نەخێر! فەلسەفە بوو؟ نەخێر!
گێڕانەوەی مێژوو بوو؟ نەخێر! سەرگوزەشتەی کەسەکان بوو؟ نەخێر! نەخێر
ناوەرۆکی ئەم بەرهەمە هیچیان نەبوو، بەڵام هەمووشیان بوو!!
ئەدی پالەوانەکەی کێبوو ؟ (شاد، شادی، گەشە، شاهۆ، دایە حەبیبە،
کەسنەزان و ئەوانی تر)، نەخێر هیچیان نەبوون و هەموشیان بوون.
ئەدی زمانە کوردیەکەی؟ دیالیکتی هەورامی؟ سنەیی؟ و دواتر سلێمانی؟ بەڵێ
هەموو ئەو دیالیکتانە بوو بە شێوازێک کە لەوپەڕی جوانیدا پێکەوە
نەخشاندبوونی، ئەمجا جگە لە زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی و تەنانەت
عەرەبیشی تێکەڵ کردبوو.
(چاوە) سەرەتا، تابلۆیەکمان دەخاتە بەردەم کە یەکترناسینی کیژ و کوڕێکی
لاوی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە دیسکۆیەکی شاری لەندەندا -
بەریتانیا - دوای سەما و کەیف، لە قەتاردا دەکەونە لای یەک و پێکتر
ئاشنا دەبن، ئەم یەکترناسینە دەبێتە هۆی تێکەڵاوی دوو بنەماڵە و ئیتر
دەستپێک لێرەوەیە، کۆمەڵەک بەسەرهاتی هەریەک لە و پاڵەوانانە خۆی
دەنوێنێ و سەرمان دەکا بە داڵان و کون و کەلەبەری مێژووی دوور ونزیک و
دەمناخاتە گریان و دواتر شادمان دەکا.
ڕوداوەکە چیبوو؟ یەک ڕوداو بوو؟ نەخێر هەر ڕوداوێک نەبوو، بگرە کۆمەڵەک
سەرگوزەشتە و ڕابردوی کۆمەڵە مرۆڤێکی ئەم سەردەمە کە بەدەست زوڵم و
زۆرەوە ناچارن زێدی خۆیان جێبهێڵن و سەری خۆیان هەڵگرن، بەڵام بۆ
وڵاتێک نا کە پێی بگوترێ (وڵاتی غەریبی) بەڵکو بۆ وڵاتێک کە تێدا
توابنەوە و لە هەمان کاتیشدا نەتوابنەوە، بە جۆرێکی وا (تێکەڵاو)ی
بووبن کە ڕەنگە دانیشتوانە ئەسڵیەکە ئاوا وڵاتی خۆیان نەناسن، لە باری
مێژوو، ئەدەبیات و زۆر شتی تر.
ئەوان، واتە بەشێک لە پاڵەوانەکان، هیچ
غەریب نین، نە لە رووی زمانەوە نە لە باری مێژووی وڵاتەکە و نەلەباری
داب و نەریتەوە، بە جۆرێک تێکەڵاو بوون مەگەر خۆیان خۆیان بناسنەوە
دەنا بە موو لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە جیاناکرێنەوە. ئەم حاڵەتەش
بێئەوەی ژیان و مێژوو و خۆشی ناخۆشی وڵاتی یەکەمیان بیرچووبێ.
لەم شاکارە ئەدەبیەدا (چاوە) ستایڵێکی ئەدەبی نوێمان دەخاتە بەردەم کە
پێم وایە کەم وێنەیە، باس لەو عیشقە دەکا کە نازانێ تەمەن چیە و هیچ
حیسابی بۆ ناکا، باس لە چێژ و لەززەتی ماچی عاشقانە دەکا، باس لە عیشق
دەکا لە ئاستی هەرە ڕومانسیە جوانەکەیدا، لێرەدا هێمنی شاعیرم
بیردەخاتەوە کە دەڵێ:
ئەوین نەبوایە پێی ناوێ بخۆی سوێند
جیهان چۆڵبوو پەپوش تێیدا نەدەخوێند
لەوێوە بەرەو دنیای ڕازاوەی فۆلکلۆر و دەمانباتە بەردەرگای هونەرمەندی
بەتوانا، دۆستی زۆر ئازیزم (کاک محەممەدی ماملێ) و هەموو ئەو
یاداگاریانەی پێکەوە هەمانبووە وەک تابلۆیەک دێنێتە بەرچاوم لەگەڵ
بلوێری شوانەکەی هێمن:
نیوە شەوە، دنیا خامۆش
دێتەگوێم ئاهەنگێکی خۆش
ئاهەنگێکی گیان پەروەرە
شادی هێنە خەفەت بەرە
ئاهەنگێکی دڵنەوازە
تارە؟ وێڵۆنە؟ یا سازە؟
نا.. نا.. ئاهەنگی بلوێرە
جاوەرە گوێی بۆ ڕادێرە
چاوە، تێکهەڵکێشێکمان نیشاندەدا لە ناحەز و جوان، لە شادی و خەم،
چەندین تراژیدیامان دەخاتە بەرچاو کە هەر کام لە پاڵەوانانی ئەم شاکارە
بەسەریان هاتوە.
ئەمجا دەستمان دەگرێ و دەمانبا بۆ گردی سەیوانی سلێمانی و لەوێش بۆ
مەزاری ژنە کوژراوە بێ ناونیشانەکان و دەنگە سیحراویەکەی (فەیروزمان)
بۆ دەچڕێ:
زوروني كل سنة مرة
حرام
تنسوني بالمرة
حرام
ئەمجا خۆی پەخشانە شیعرێک دەکاتە دیاری بۆ سەر ئەو مەزارە و لە
کۆپڵەیەکیدا دەڵێ:
گشت ساڵێک لەدەمە و بەهارا
لە بەینی ڕۆژانی (ڤالانتاین) - هەشتی مارس - ئادارا
با گشتمان گوڵبەدەس بچینە سەردانیان
هەر کەس وا ئاشقە، هەر کەس وا شەیدای ژیانە
هەر کەس وا خەمخۆری بێنازی ژنانە
هەر کەس وا بە سکڵی تیرۆری هەر ژنێ هەناوی قرچاوە
پۆل پۆل و تاک تاکی ژن و پیاو، کچ و کوڕ
ئەوانەی ئەڤینی ئازیزێک لە دڵیان ئاڵاوە
با بچینە سەردانی مەزاری خەمباریان
مەزاریان بکەینە جێ ژوانی ئاشقان
جێ ڕوانی ئاشقێنی دڵداران
ئەمجا دەمانبا بۆ نێو ڕەنج و دەردی کۆڵبەرانی کوردستانی ئێران و مەرگ و
ژیانی کولەمەرگی و سەختی ئەوان و لەوێوە دەستمان دەگرێ بەرەو
ڕاپەڕینەکەی (ژینا) گیان کە لە جیهانا بۆتە ڕەمزی تێکۆشان.
من پێم وایە (چاوە) دەرگایەکی لە نێو ماڵی ئەدەبیاتی کوردیدا کردۆتەوە
و ڕێچکەیەکی شکاندوە کە تا ئێستا دەستی بۆ نەبراوە یا من نەمدیوە.
دەبا لەکۆ تاییشدا من ئەم وڕێنە بکەم:
ئای! چاوە گیان
دەستت خۆش بێ و خامەت ڕەنگین
بۆ ئەو شاکارە ئەدەبیەی
خستمیە گریان
دواتر زەردەخەنەی
هێنایە سەر لێوم
ئومێدی بەخشیە دڵ، دەروون
بەخشیە گیان
ئەوەی کەوا تۆ نەخشاندت
عیشقە، جوانی
ماچی ئەویندارانە
لەجێ ژوان
نازانم ئەم شاکارەی تۆ چۆن بناسێنم
بڵێم شیعر
پەخشانە شیعر
سەرگوزەشتە، چیرۆک
یاخود ڕۆمان
یاخود هیچیان
یا هەمویان؟
ئای چاوە گیان
شاکارەکەت
هاوار و ئازاری دڵە
دلە سافەکەی (کەسنەزان)
ئەوەی (شاد و شادی) گیان
یا خود ئەوەی (شاهۆ و گەشی)
یا (حەبیبە)
یاخود (فەرهاد و جەین) گیان
جگە لە هەموو ئەمانەش
دەنگی زوڵاڵی (ژینا)یە
ئەو ژینایەی لەبەردڵان
ژینایەک ناو و ناوبانگی
بوو بە مەشخەڵ بۆ خەباتی
ئازادی ژنان
لە گشت جیهان
یا خەباتێک
ئەو خەباتەی
من و تۆی خستە مەیدانێک
بۆ ئازادی
بۆ یەکسانی
بۆ رزگاری چەوساوەکان.
____________________________________________
*
بەکر ئەحمەد لە باسێکی کە لەسەر ئەم پەرتووکە نوسیویەتی و لە سایتی (هاوپشتی
کرێکاری)دا بڵاوکراوەتەوە ئاوا “بالاد” دەناسێنێ: (باڵاد) لە زمانە
ئەوروپییەکاندا مێژوویەکی درێژی هەیە و سەرەتاکانی تا سەدەی دوانزە
درێژ دەبێتەوە. بالاد بەو گۆرانییانە دەوترێت کە لەگەڵ سەمادا دەچڕدرێن
و بەشێکی زۆر لە چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆژانە لەخۆدەگرن. مێژووی بالاد
درێژ دەبێتەوە و چەندەها لق و پۆپی دیکەی لێدەبێتەوە. لە زمانی کوردیدا،
ڕەنگە حەیران نزیکترین شیوازێکی گۆرانی بێت کە لەگەل بالاددا
یەککبگرنەوە.
٣١\١٢\٢٠٢٤
a_salih11@hotmail.com
|