په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١١\٢٠٢٦

  ئەو بانیژانەی بەسەر شەودا دەڕوانن.

نەژاد عەزیز سورمێ

ئه‌و بانیژانه‌ی به‌سه‌ر شه‌ودا ده‌ڕوانـن،
ئه‌و چرایانه‌ن له‌ چاوی عاشقان ده‌چن..
ئه‌و دڵانه‌ن ئینسانییان بێ مه‌رایی ئاسمان خۆش ده‌وێ..
كه‌ لێـیشیان بـپرسی ئێوه‌ كێن؟
ئه‌وان ده‌ست بۆ گوڵـێـك ڕاده‌كـێشن له‌ناو به‌رده‌ڵاندا ڕواوه‌..
ئه‌وان ده‌ڵێن: ئێمه‌ ئه‌و گوڵه‌یـن،
كه‌ له‌ ئایین و مه‌ززه‌بی )باران(ی نه‌پرسیوه‌..
به‌ (خۆر)یان نه‌وتووه‌ ناوت چییه‌؟
لێ به‌ نمایشێـكی ئیرۆتیكایـی عارفانه‌
له‌به‌رابه‌ر ڕوئیای ئه‌و جه‌ستانه‌دا بووه‌،
ئه‌مه‌ كه‌ڤاڵێـكی تێكشكاو نییه‌،
نیگه‌رانی بۆشایی و ئه‌و گه‌ڵا هه‌ڵوه‌ریوانه‌ن
پاییز ڕه‌نگ و مانای پێ داون..


ئه‌م یه‌ك دوو دێـره‌ له‌ هه‌وای تێـكستی سترانێـكی هونه‌رمه‌ند (زیاد ڕه‌حبانی)یه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ زاری لوبنانی نووسیویه‌تی و هه‌ر خۆیشی ئاوازی بۆ داناوه‌....
زیاد كوڕی فه‌یروزه‌ ، ئه‌و ناوه‌یـش پێویستی به‌ ناساندن نییه‌ ، ئه‌و ئایكۆنی وڵاتێـكه‌ ، وه‌ك خۆی له‌ سترانێكیدا ده‌ڵێ (به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ناسكه‌) به‌ پشه‌بایه‌ك ده‌شكـێـته‌وه‌..
زیاد كوڕی ئه‌و دایك و باوكه‌یه‌ له‌ بانیژه‌كاندا، له‌ پێـناوی ژیان، له‌ پێـناوی ئینسان هه‌میشه‌ ئه‌و چرایه‌ بوون به‌سه‌ر شه‌ودا ده‌ڕوانن..

گۆرانییه‌كه‌ی زیاد (من كافر نیم) هاوارێـكی قووڵه‌ له‌ ڕاست مێـژوو و ناكۆكی و نابه‌روێـكی ژیانی مرۆڤ له‌وه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ی خۆیدا ده‌یه‌وێ و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پـێـنن..
له‌ تێكستی ، یا سترانی (من كافر نیم)دا زیاد له‌ بازنه‌ی فه‌یرووزی دایكیشی هاتووه‌ته‌ ده‌رێ، ڕاسته‌وخۆتر كازیوه‌ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستـێـنێ و ئه‌و نه‌خشه‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌ ده‌خاته‌وه‌ به‌ر ڕوناهی.. ڕاسته‌وخۆتر هێللانه‌ی چۆله‌كان له‌ حه‌وشه‌ی مزگه‌وت و كه‌نیسان جێگیر ده‌كا..
مرۆڤ، هه‌ر مرۆڤێـك چۆن چۆنی به‌هۆی كوێره‌وه‌ری و موعاناته‌كانیـیه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێ، به‌ڵام به‌رهه‌مهێنه‌رانی جیهانی شێوێندراو و شڵه‌ژێـندراو ‌نه‌ په‌نجه‌یان بۆ ڕاده‌كێشرێ و نه‌ مێـش میوانییانه‌!!
ئه‌وه‌ ئه‌و ناكۆكییه‌یه‌ له‌ نێوان وتاری ئه‌خلاقی و ڕه‌فتاری كرداریدا ،كه‌ له‌ سترانه‌كه‌ی زیاد ڕه‌حبانی (من كافر نیم) دا ده‌رده‌كه‌وێ، وێنه‌یه‌كه‌ له‌ تـێـئاواره‌بوونی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌وه‌ی نیشتمان وه‌ك زیندانی لێ دێ نه‌ ده‌توانی به‌جێی بـێـڵی و نه‌ ده‌توانی لێی بـژی.

من كافر نیم.
*


من كافر نیم
برسییه‌تی كافره‌..
من كافر نیم
نه‌خۆشی كافره‌..
من كافر نیم
نه‌داری كافره‌
زه‌لیلی كافره‌..
به‌ڵام چیت لێ بكه‌م
كه‌ ئه‌و هه‌موو كافرانه‌
له‌ مندا كۆبوونه‌ته‌وه‌..

ئه‌ی ئه‌وه‌ی
(یه‌كشه‌مموو) و (هه‌‌ینی )یان
نوێژ ده‌خوێنێ و
دێ
به‌ درێژایی حه‌فته‌
ده‌مان چه‌وسێنێته‌وه‌ و
بێگارمان پێ ده‌كا
عه‌جایب!
به‌وان ده‌ڵێن به‌ دین و من كافر؟
بچنه‌وه‌ سه‌ر كتێبه‌كانی ئاسمان
كه‌لامی خوا بخوێننه‌وه‌..
*
من كافر نیم
لێ وڵات كافره‌
ئه‌من له‌ ماڵی خۆمدا
گـۆڕ كراوم
توانای ڕۆیشتنم نییه‌ مامه‌!
تـۆ پارووی ده‌می من ده‌خۆی
خواردنی خۆشت له‌ پـێشه‌
ئینجا ‌گه‌ر كفریش بكه‌م
پێم ده‌ڵـێـی كافر..
هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا و
بنكه‌كانی پۆلیسی لێ
ئاگادار و
باخه‌به‌ر ده‌كه‌یه‌وه‌ ..
*
من كافر نیم
تۆ كافری..
من كافر نیم
ماده‌م
تۆ كافری
من كافر نیم ..
وتمان
زانییان كێ كافره‌ هه‌ی كافر!
من كافر نیم
وه‌ك پێت ده‌ڵێم
كه‌ تـۆ شێخی كافرانی و
كافرایه‌تی
به‌ منه‌وه‌
ده‌نووسێـنی و
ئامین.
________________________________________
* ده‌قی گۆرانییه‌كه‌ی زیاد ڕه‌حبانی له‌ خودی تێكستی گۆرانییه‌كه‌وه‌ كراوه‌ به‌كوردی.

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک