په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٣

ئەو بریکاریانەی بۆ بارزانی کراونەتەوە.

جەلال محەمەد     


تا دەچێت پیلانەکان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو لە زیادبوونە ، تەواوی ئەو پیلانانەش لە ڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت ، لە سەرەتادا دەزگای پاراستن بەپێی ئەو ئەزموونەی کە ھەیانە ھەوڵی لە خشتەبردن و فریودانی کوردان دەدەن لە ڕێگەی داردەستەکانیانەوە و چەندین کردەوەی شاراوە و چەواشەکاری ئەنجام دەدەن ، تەواوی ئەم کردەوانەش بۆ ناشیرین کردنی شۆڕشگێڕان و بە ئەنجام گەیاندنی ئەو بریکاریانەیە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بۆ بارزانی کراوەتەوە.


تا ئەو کاتەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە نێو پارتیدا لە تێکۆشاندا بوو ، خودی بنەماڵەی بارزانی بە ھاوکاری ساواکی ئێران تۆمەتی جاشی ٦٦یان ئاڕاستە کردن تا لە ئەنجامدا (لە ساڵی ١٩٧٠) بە ھاوکاری بەعسیەکان لە ناویان بردن ، ئەمە جگە لەوەی کە ھەر خودی ئەو بنەماڵەیە پرۆسەی پاکتاوکردنی تەواوی ھێزە شۆڕشگێڕەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیان داڕشت بە ھاوکاری ساواکی ئێرانی و میتی تورکی و بە سەدان کادر و سەرکردەیان تیرۆر کردن یاخود ڕادەستی دوژمنانیان کردنەوە، کە نموونەی ھەرە بەرچاویشیان تیرۆرکردنی سولەیمانی موعینی و سەعید ئاڵچی و ھەڤاڵەکانیان بوو.


کاتێک بنەماڵە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ھیچ ھێزێکی شۆڕشگێڕ لە گۆڕەپانەکەدا بوونی نەماوە ئەو کات بۆ شکاندنی ئیرادەی کوردان لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ئاشبەتاڵیان کرد ، ھەڵبەت ئاشبەتاڵەکەشیان لە ساڵی ١٩٧٥دا ھاوشێوەی ئاشبەتاڵی ٢٠٠٣ی بەعسیەکان نەبوو ، چونکە کاتێک بەعسیەکان گۆڕیان بزر کرد ئەوا لانی کەم چارەنووسی سەدام حسێن و بنەماڵەکەی ھاوشێوەی چارەنووسی تەواوی بەعسیەکانی دیکە کەوتە مەترسیەوە و عێراقیان چۆڵ نەکرد تا ئەو کاتەی لە ناوچوون ، بەڵام بنەماڵەی بارزانی دوای ئەوەی ئارامترین ژیانیان بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان مسۆگەر کرد لە ئێران و ئەمریکا ئەوکات ئاشبەتاڵیان کرد و چارەنووسی ھەموو کوردیان سپارد بە دوژمنان تا ئەنجامەکەی بە ئەنفال و کیمیاباران و خاپورکردنی تەواوی باشووری کوردستان کۆتایی ھات.


پاش لەناوچووی ڕژێمی پادشایەتی ئێرانیش ، ھەلێکی باش بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕەخسا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ، ئەو کات بنەماڵەی بارزانیش لە ژێر ناوی "قیادە مۆقەتە"دا بە چاوتروکانێک بریکاریەکەیان لە ساواکیەوە گۆڕدرا بۆ ئیتڵاعاتی و بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو شانۆگەرییەک ساز بکەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی بریکاریەکەیان ، شانۆگەریەکەش دەرھێنانی تەرمی مەلا مستەفا بوو لە لایەن خودی بنەماڵەوە تاکو ھەم کوردان لە خشتە ببەن و ھەم بیشیکەنە بیانوویەک بۆ قەڵاچۆکردنی کوردانی ڕۆژھەڵات ، ھەڵبەت ئەم پیلانەشیان زۆر بە سەرکەوتوویی سەری گرت "ھەم ڕۆژھەڵاتیان خەڵتانی خوێن کرد و دەستکەوتەکانیان لەبار برد ھەم حیزبی دیموکراتیشیان بە جۆرێک خەساند کە بۆ ھەتا ھەتایە لە چاوەڕوانیدا بژی".


ھەڵبەت جێگەی گرفتارییە کە حیزبی دیموکراتیش لە جیاتی ئەوەی خاوەن ھەڵوێست بوویایە و حسابی لەو بنەماڵەیە بخواستایە کەچی لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا ڕۆڵی دەزگای پاراستن بۆ بنەماڵەی بارزانی دەگێڕن و چی ڕوخسارە دزێو و ناشیرینەکانی ئەو بنەماڵەیەیە بە جوانی دەرخواردی کوردی دەدەن ، ھەڵبەت ئەم وابەستەییەی حیزبی دیموکرات سەلمێنەری چەند پەندێکی قێزەونە کە دەڵێت "کوتەک لە بەھەشتەوە ھاتووە "، یاخود دەڵێت "شەرعی مار بە دار" کە ئەم پەندە قێزەونانەش تەنھا لەسەر خودی حیزبی دیموکرات سەرکەوتوو بوون.


حیزبی دیموکرات نەک ھەر خاوەنی ھیچ ھەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە نەبووە لەبەرامبەر پیلانگێڕیەکانی بنەماڵەی بارزانی‌دا بەڵکو لە پێناوی ئەو موچە و جیڕەیەی کە لە لایەن خودی بنەماڵەوە بۆیان دیاری کراوە بوونەتە کاسەی لە ئاگر گەرمتر و چی تۆمەتی ناشیرین و دوور لە ڕاستییە ئاڕاستەی شۆڕشگێڕانی پەیەدە و پەکەکە و پژاکی دەکەن.


بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ، چەندین بریکار بۆ بنەماڵەی بارزانی کرایەوە لەلایەن تورکیا و بەعسیەکانەوە بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی کورد لە باکوور و باشووردا ، ھەڵبەت زۆربەی ھەوڵەکانیان لە باکووردا نەزۆک دەرچوون بەڵام بریکاری بەعسیەکان بە سەرکەوتویی ئەنجامدرا کە خیانەتی ٣١ی ئاب و لەباربردنی تەواوی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بوو.


ھەوڵەکانیشیان لە سەر باکووری کوردستان تەنھا لەو بوارەدا بە نەزۆکی مایەوە کە نەیانتوانی پەکەکە دەستەمۆ بکەن و کۆتایی بە شۆڕشی باکوور بھێنن دەنا وەکو دی باشووری کوردستانیان کردە بازاڕی ساخکردنەوەی کاڵا بەسەر چووەکانی تورک و جێگیرکردنی ھەزاران جەندرمەی دژە کورد لە ناوچەی ئامێدی و گەشەدان بە سیستەمی بە میتکردن و بڵاوکردنەوەی دیاردەی جاشایەتی لەژێر دەمامکی "کوردایەتی"، کە خودی بارزانیش نەیتوانی نکۆڵی لەو خیانەتانە بکات و زۆر بە ڕاشکاوی گوتی "بۆ خاتری دەوڵەتی تورک ٣٥٠٠ پێشمەرگەمان بە کوشت داوە".


لە ڕۆژگاری ئیمڕۆشدا سەرھەڵدانی گەلان وڵاتی سوریا و ناوچەکەی گرتۆتەوە ، ئەوەی زۆرترین سودی لەو سەرھەڵدانە وەرگرتووە لایەنی کوردە ، ئەو سود وەرگرتنەش ئەنجامی بەرنامە داڕێژییەکی پاک و سەرکەوتوو بووە کە لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە"وە بناغەی بۆ داڕێژراوە ، پەیەدە توانی بە کەمترین زیان زۆرترین دەستکەوت بەدەست بێنێت ، وەک : پاراستنی کوردان لە گێژاوی شەڕی مەزھەبگەرایی سوریا و ئازادکردنی زۆربەی ڕۆژئاوای کوردستان و بە سیستەمکردنی کۆمەڵگا و دامەزراندنی تەواوی ھۆکارەکانی پاراستنی گەل و ئێستاش زۆر بە خێرایی ھەنگاو دەنێن بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەری ئازاد.


نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە پەیەدە زۆر ڕاستگۆیانە ھەڵسوکەوت دەکات و ئەوەی لە بەرنامەیدا جێگیری کرد بە کردەوەش پیادەی دەکات ، ھەر بۆیەش تەواوی ئیمپریالیست و داگیرکەران و ھێزە خیانەتکارەکانیش لە بەرنامەی ئەم حیزبە دەترسن ، بۆ نموونە لە دوو مانگی ڕابردوودا پەیەدە باسی لە دامەزراندنی حکومەتێکی کاتی و خۆبەڕێوەبردنێکی ئازادانە کرد ، کەچی ئەوەی بە زوترین کات ھاتە زمان و دژ بەم بەرنامەیە وەستایەوە خودی ئەمریکا و دەوڵەتی تورک و حکومەتی سوریا بوون ، ئەمە جگەلەوەی کە ھێزە دژبەرەکانی بەشار ئەسەدیش بە ئارتەشی ئازاد و ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانەوە لوولەی چەکەکانیان گۆڕی بۆ کوشتنی کوردان و زیاتر لە یەک مانگە وازیان لە دڕندایەتی بەعسیەکان ھێناوە و خوێن و ماڵ و ژنی کورد حەڵاڵ دەکەن ، لە ھەمان کاتدا بەعسیەکانیش وازیان لە مەترسی ئۆپۆزسیۆن و لایەنە ئیسلامیەکان ھێناوە و لە ئاسمان و زەمینەوە ھێرشی سەر کوردان دەکەن ، وەک ھێرشکردنە سەر گەڕەکی ئەشرەفیەی کوردنشین لە حەلەب و بۆردومانکردنی دێرک و گرزیرۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان.


لە ھیچ کەسێک شاراوە نییە کە ھەم تورکیا و ھەم ئەمریکا ھەوڵی ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد دەدەن کەچی لە بەرامبەر کورداندا ھەمان سەنگەری بەعسیەکانیان ھەڵبژارد و چرای سەوزیان بۆ ئارتەشی ئازادی سوریا و جەبھەت النەسرە ھەڵکرد بۆ قەڵاچۆکردنی کوردان.


سەرسوڕمان ئەوەیە کە بنەماڵەی بارزانیش ھەمان ڕۆڵی داگیرکەران و دوژمنان دەگێڕن دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان و ھەوڵی لە باربردنی دەستکەوتەکانیان دەدەن بە داخستنی سنوورە دەستکردەکان و ھەوڵدان بۆ کۆچبەرکردنی کوردان و حەوانەوە و مۆڵدانی تەواوی خیانەتکارە کوردەکانی وەک عبدالباست سەیدا و عبدالحکیم بەشار و مستەفا جومعە لە شاری ھەولێر.


ھەر لە سەرەتای شۆڕشی نەتەوەکەمان لە ڕۆژئاوادا پیلانەکانیش لەسەر ئەو پارچەیە ڕوویان لە زیادبوون کرد ، ھەم لەلایەن داگیرکەرانەوە و ھەم لەلایەن بریکارەکەیان کە بنەماڵەی بارزانییە . چەندین ڕێگە تاقیکرایەوە بۆ سەرخستنی پیلانگێڕیەکان ، ساتێک لە ڕێگەی ھەڕەشەکردن و ساتێک لە ڕێگەی ئاستەنگی دروستکردن ، ساتێک لە ڕێگەی ئاژاوەگێڕی بەھۆی نۆکەرەکانیان لەژێر ناوی"الپارتی و پارتی ئازادی"دا و ساتێک لە ڕێگەی ھاندانی ئارتەشی ئازادی سوریا بۆ ھێرشکردنە سەر ڕۆژئاوی کوردستان ، ساتێک بە سازکردنی دووبەرەکی و ساتێک بە ھەوڵدان بۆ زیندوکردنەوەی سیاسەتی خیانەتکارانەی "فیفتی – فیفتی" ، ساتێک لە ڕێگەی سنوورداخستن و گەمارۆدانی ڕۆژئاوا و ساتێک لە ڕێگەی ناردنی جیھادیە دور لە مرۆڤایەتیەکان بۆ قەتڵوعامکردنی کوردان ، تەوای ئەم پیلانانەش لەلایەن ئیمپریالیزم و داگیرکەرانەوە نەخشەی بۆ دادەڕێژراوە و بنەماڵەی بارزانیش جێبەجێی دەکەن ، سەرەنجام ھەموو ئەو پیلانانە پۆچەڵ کرانەوە و شۆڕشیش لە جاران بەگوڕتر بووە ، دواین سیاسەتیشیان ھەوڵدانە بۆ کۆچبەرکردنی کوردان و داماڵینی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕوخساری کوردبوون.


ھەڵبەت من دڵنیان کە ئەم سیاسەتەشیان واتە" سیاسەتی کۆچبەریکردن" پوچەڵ دەبێتەوە و تەواوی پیلانەکانی دوژمنان دەبنە بڵقی سەرئاو و گەورەترین شەرمەزاریش بۆ بریکارەکەیان دەمێنێتەوە ، لێ بەڵێ ئەرکی تەواوی ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانی نەتەوەکەمانە کە ئەم سیاسەتە گڵاوەی داگیرکەران و بریکارەکانیان شەرمەزار بکەن و چی دیکە چاوپۆشی لە خیانەتی کۆچبەریکردن نەکەن ، چونکە ئازادبوونی ڕۆژئاوای کوردستان بە واتای لە ڕیشە ھەڵکێشانی ڕەگی خیانەت و ھەنگاوێکیشە بۆ کۆتایھێنان بە دیاردەی قێزەونی پیلانگێڕی ، کۆتایھێنان بەو دوو دیاردە چەپەڵەش ئاشتی و ئازادی لە ناوچەکەدا سەقامگیر دەکات.


بۆ زانیاریی پتر کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

http://awene.com/opinion/2013/08/23/24943

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک