١٩\١١\٢٠١٤ ئەو دەقانەى سنووری زەمەن جێدێڵن.
لە مێژووى مرۆڤایەتیدا،کەمن ئەو تێکستە ئەدەبیانەى دواجار دەبنە شاکارێکى جیهانى وسنووری زەمەن وجوگرافی وقۆناغێکى دیاریکراو جێدێڵن.ئەو تێکستانە، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا،زادەو بەرهەمى قۆناغێکى دیاریکراو وهزری نووسەرێکن، وەلێ دواجار دەبنە تێکستى هەموومان وجۆرێک لە کۆنەستى میللى و هزری بە رامبەر ئەو دەقانە دروست دەبن.لە زۆر کاتدا ئەو دەقانە،ئەگەر وەک بەرهەمى نووسەرێک سەیریان بکەین، دەبینین ڕەنگدانەوەى دنیابینى نووسەروئەو زەمەنە مێژوویی و شوێنگە جوگرافیەیە، کە نووسەرەکە تیایدا ژیاوە.وەلی دواجار لەگەڵ ڕەوتى بەردەوامیەتى ژیان و پێشکەوتنەکانى مرۆڤایەتى وسەرهەڵدانى چەندین میتۆدو فۆرمى دیکەى ئەدەبی، کەچی ئەو بەرهەمانە بەهاى مەعریفى خۆیان لە دەست نەداوە.بێگومان ئەمە جۆرێکە لە داهێنان کە نەلەرابردوو هەبوە،نە ئەگەرێکیش هەیە لە ئایندەدا دووبارە بێتەوە. بەمەش ئەم تێکستەو نووسەرەکەشی،نەمر دەبن و ناویان دەچێتە دوو توێی ڵاپەرەکانى مێژووی مرۆڤایەتى. لە بەرهەمێکى نەتەوەیی دەبنە بەرهەمێکى جیهانى. هەڵبەتە هیچ نووسەرێک ناتوانێت شاکارێکى نەمر بەرهەم بهێنێت، ئەگەر سنوورە کلاسیکیەکانى دەقەکانى پێشووتر تێنە پەڕێنێت.
بەدەربرینێکى تر، هیچ دەقێکى ئەدەبی فۆرمى نەمریبوون و مانەوە وەرناگرێت، ئەگەر دواجار جیاواز نەکەوێتەوە لە گەڵ دەقەکانى تر. دەکرێ خوێنەر بەرهەمەکانى نووسەری ناوداری ئینگلیز(ولیەم شکسپیر) بە نموونە وەربگرێت. ئەم نووسەرە، ڕاستە نووسەرێکى ئینگلیزە، بەڵام دواجار نووسەرێکى جیهانیشە. بە درێژایی چەندین سەدەیە بەرهەمەکانى ئەو نووسەرە، وەک شاکاری جیهانى نەک نەتەوەیی، سەیر دەکرێن. ئایا دەتوانین بڵێین شانۆگەری(هاملێت) بەتەنها بەرهەمێکى ئەدەبیاتى ئینگلیزەکانە؟ ئەم شانۆگەریە تائێستا، لە چەندین شوێن و جێگەو سووچى ئەم دنیایە، نماییش کراوە. لە یەک کاتدا ئەم بەرهەمە بۆ خوێنەرێکى ئینگلیز و کورد و عەرەب وئەڵمان و ئەمریکى و ..تد. بایەخ وبەهاى خۆی هەیە. تا ئێستا شانۆگەری هاملێت، لەلایەن چەندین نەتەوەى جبیاوازەو کراوەتە کارێکى هونەری و بینەری هەبووە.کەواتە ئەو تێکستە سنووری لۆکاڵیانە دەبڕێت و دەبێتە تێکستێکى جیهانى. بەمەش وەک شاکارێکى ئەدەبی لێدێت.بێگومان هەموو مێژووى ئینگلیزەکان و ئەدەبی ئینگلیزى، تەنها یەک شکسپیری بەرهەم هێناوە.چەندین سەدەیە شکسپیر و بەرهەمەکانى شاکارێکى ئەدەبی دیاری ئینگلیزەکانە. تەنانەت ئەو ڕۆلەى شکسپیر لە پێشخستن وبەرەو پێشبردنى زمانى ئینگلیزى بینیویەتى،هیچ نێوەندێکى سیاسی و ڕۆشنبیری نەیبینیوە. بەرهەمەکانى ئەو نووسەرە وایکرد، زمانى ئینگلیزى ببێتە زمانێکى گەورەى جیهانى..کەواتە دەتوانین بڵێین بەرهەمەکانى ئەو نووسەرە بەرهەمى جیهانین. ڕاستە ئەو نووسەرە بەرهەمى کۆمەلگەی ئینگلیزییە.
بەڵام دواجار بە رهەمەکانى بۆ کۆی مرۆڤایەتین. بەمەش ئەو بەرهەمانە دەبنە بەرهەمى جیهانى. هەر تێکستێکیش سنووری ڵۆکاڵیانەى خوێنەرانى بڕی وبووە تێکستى هەموو خوێنەرێک، دەبێتە شاکارێکى جیهانى و شوناسی نەمریبوون وەردە گرێت. شانۆگەری هاملێتى شکسپیرکە تائێستا بۆ چەندان زمانى جیاواز وەرگێڕدراوەو کراوەتە کارێکى هونەری، لە بەرهەمى هونەری نەتەوەیەکەوە، بوە بە بەرهەمێکى جیهانى.گەرچی لە ئاستى نووسین و تێکستدا، دەقی نووسەرێکى ئینگلیزە، وەلێ لە ئاستى خوێنەوەو بینەردا، دەقی هەموو خوێنەرێکى جیهانیە. هەڵبەتە زۆرن لەو تێکستانەى دیکەى جیهانیش، کە بوونەتە شاکاری مرۆڤایەتى و بوونەتە ئەدەبێکى هیۆمانستى. بێگومان لە ئەدەبی کوردیشدا، بە تایبەتیش لە ژانری شیعر، چەندان تێکست هەن، کە بوونەتە شاکارێکى ئەدەبی دیار، کە هیچیان کەمتر نییە لە شاکارەکانى دیکەى جیهانى. وەلێ چونکە کورد وەک نەتەوەیەک هەمیش ژێر دەستەوە چەوساوە بوەو خاوەنى دەوڵەتى ناسیۆناڵیانەى خۆی نەبوە، ئیدى بواری ئەوەی بۆ نەڕەخساوە، ئەو شاکارانەى کوردیش، وەک بەرهەمى نەتەوەکانى دیکەى دونیا، وەربگێردرێنە سەر زمانە جیاوازەکان و بە جیهان بناسێنرێن. کورد وەک چۆن خاک و نەتەوەکەى ژێر دەستە بوە، بە هەمان شێوە ئەدەبەکەشی ژێر دەستە بوەو بواری ئەوەى نەبوە، کە سنووری لۆکاڵیانەى نەتەوەى کورد ببڕێت و لە سەر ئاستى دونیا بناسرێن. ئێمە کاتێ تێکستى ئەدەبی کوردى لە هەموو ژانرەکانەوە،لە ئاستى فۆڕم و ناوەڕۆکدا، بەراورد دەکەین لە گەڵ تێکستەکانى دیکەى جیهانى، دەگەینە ئەو دەرەنجامى کە تێکستى کوردیش، هاوشێوەى تێکستى ئەدیبەکانى دیکەى دونیایە.
ئایا شیعرە شۆرشگێری و نەتەوەیەکانى (محمود دەروێش) هیچیان زیاترە لە شیعرەکانى شاعیری کۆچکردووى دیاری کورد(شێرکۆ بێکەس)؟ ئەگەر ئەو شاعیرە لە نەتەوەى کورد نەبوایە و بەرهەمى نەتەوەیەکى دیکەى سەردەستى دونیا بوایە، ئایا وەک شاعیرێکى جیهانى نەدەناسرا؟ وەلێ ئێمە وەک چۆن خاک و نەتەوەکەمان پەرتەوازە بوە، بە هەمان شێوە ئەدەبەکەشمان،پەرتەوازە بوە و نەناسراوە. بەڵام ئەمە هیچ لەوە کەم ناکاتەوە، کە کوردیش خاوەنى داهێنەر و ئەدیبی دیارن و بە شێکیان توانیویانە، شاکاری گەورەى کوردى بنووسن، کە لە ئێستادا بۆتە بە شێک لە کۆنەستى نەتەوەو بیرکردنەوەی تاکى کورد. لە ئەدەبی کوردیدا، چەند دەقێکى شیعری دەبینرێن، کە سنووری دیاریکراوى خوێنەرانیان تێپەڕاندوە وبوونەتە تێکستى هەموو خوێنەران. هەر ئەمەشە دواجار شوناسی نەمریبوون و نەتەوەییبوون،دەبە خشێتە دەقێک. بە دەر بڕینێکى تر، ئەوەى شاکارێکى ئەدەبی، لە دەقێکى دیکەى ئاسایی جیا دەکاتەوە بە بۆچوونى من ئەوەیە،کە شاکارێکى نەتەوەیی سنووری ڕوانین و بیرکردنەوەى خوێنەران ناناسێت. ئەگەر هەر دەقێکى ئەدەبی، ڕێژەیەکى دیاریکراوى خوێنەری هەبێت، ئەوا بە پێچەوانەوە لە شاکارە ئەدەبیەکاندا، خوێنەری دەستە بژێر نییە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە،کە هەر دەقێک هەموو کەسێک خوێندیەوەو لە ناوەرۆکەکەى گەیشت، ئیدى ئەمە شاکارێکى نەتەوەیە. چونکى ئەگەر بەو پێوەرە بێت، هیچ سنوورێک لە نێوان تێکستى ئەدەبی و دەربڕینى کۆمەڵایەتیانەى ئاسایی نامێنێتەوە. بە پێچەوانەوە، بە ڵکو مەبەستى ئێمە ئەوەیە، کە ئەو شاکارانە، هەڵگری ئاماژە کانى نەتەوەییبوونن. واتە تێکستى هەموو تاکەکانە، بە جیاوازى تێگەیشتنی هزری و ڕوانگەو بیر کردنەوەیان.
کاتێ مرۆڤیش هەستى کرد، گوێبیستى دەقێک دەبێت، کە چێژی لێ وەردەگرێت و لە گەڵ هەست و نەستى ئەو دەگونجێت، ئیدى ماناى وایە، ئەو تێکستە تێکستى هەمووانە. هەڵبەتە هیچ دەقێکیش نابێتە شاکارێکى ئەدەبی و نەتەوەیی هەمووان، ئەگەر هەمووتاکەکان وەک یەک بێ جیاوازى نەیخوێننەوە یاخود گوێبیستى نەبن. ئەو کاتە تێکستێک دەبێتە تێکستى هەموو نەتەوە، کە ببێتە تێکستى هەموو تاکەکان. بە بێ جیاوازى ئاستى تێگەیشتن و ڕادەى لێکدانەوەیان بۆ ئەم دەقە. لە ئەدەبی کوردیدا، چەند تێکستێکى شیعری هەن، کە بوونەتە شاکاری ئەدەبی و لە کۆنەستى نەتەوەدا ماونەتەوە. ئەم تێکستانە گەرچی بە شێکیان سادەو ساکاریشن، وەڵێ دواجار بوونەتە بە شێک لە یادەوەری نەتەوەییمان و کۆنەستى میللى تاکەکان. ئەو شیعرانە، وەک مێژوو، وەک نووسین، زادەو بەرهەمى قۆناغێکى دیاریکراوى مێژوویی و کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی گەلەکەمانن.وەلێ وەک خوێنەوە، وەک یادەوەری و نەمری، ئەو شیعرانە، دەکرێ بڵێین زادەى هەموو قۆناغەکانن، بە داهاتووشمانەوە. چونکە ئەوانە بوونەتە بە شێک لە بیرکردنەوەو هزری مرۆڤى کورد، کە نەوە دواى نەوە، گوێبیستى دەبێت. تەنانەت ئەگەر زەمەنێکى درێژیش بە سەر نووسینیاندا، تێپەری بێت. ئەو شیعرانە، جیاواز لە هەر دەقێکى دیکەى ئەدەبی، سنووری خوێنەوەو خوێنەرانیان بەزاندوەو ، لە تێکستى دەستە بژێرەوە، بوونەتە تێکستى گشت خوێنەران. هەر ئەمەشە فاکتەری مانەوەو بە ردەوامى ئەو دەقانە، وێراى زەمەنێکى درێژیش بە سەر نووسینیان. ئەوەى خودى ئەو دەقانەى بە نەمری هێشتۆتەوە، شوناسی شاعیرەکانیان نییە. بەڵکو پەیوەندى خوێنەرە بەو دەقەوە. ئەوە خوێنەرانن دواجار بریار دەدەن دەقێک بخوێنەوەو، یاخود پشت گوێی بخەن.
ئەگەر نووسەرێک سەدان شیعرو چیرۆک و ڕۆمانیش بنووسێت، ئەگەر کاریگەریەتى لای خوێنەر بە جێ نەهێلێت، بێگومان ئەو دەقە ناتوانێ شوناسێک بۆ نەمری بوون، بە دەست بهێنێ. پەیوەندى دەق بە نووسەری دەقەوە، تا ئەو ئاستەیە کە ئەو دەقە نەکەوتۆتە بەردیدەى خوێنەر. هەر کاتێک بڵاوکرایەوە،خودى خوێنەر دەبێتە هاوبەش لەو دەقە. لە مێژووى ئەدەبیاتى کوردى بە گشتى و لە ژانری شیعر بە تایبەتیدا، کەم نین ئەو دەقانەى هەر تەنها زەمەنێکى کورت، دواى بڵاو بوونەوەیان بڕیان کردوەو، ئیدى بوونەتە بە شێک لە رابردوو.بەڵام دەگمەنیشن ئەو دەقانەى، رابردوو ناناسن و زەمەن بڕ دەکەن ولە یادەوەری نەوەکان دەمێننەوە. ئەو دەقانە بۆیە بە نەمری ماونەتەوە، چونکە خودی خوێنەران،لە دەرەنجامى پرۆسەى خوێنەوەى خۆیاندا، شوناسی نەمریبوونیان پێداون. ئەم ئەزموونە، ڕەنگە لە کۆی بە رهەمەکانى شاعیرێک بە گشتى، هەر تەنها دەقێک بگرێتەوە. لێرەدا دەکرێ ئاماژە بۆ سێ دەقی شیعری کوردى بکەین، کەوەک شاکارێک ماونەتەوەو شوناسی نەمریبوونیان وەرگرتووە. ئەوانیش( شیعری ئەى ڕەقیبى دڵدار) و (نەورۆزى پیرە مێر ود)و (لاوکى هەڵەبجەى رەفیق سابیر)ی شاعیرە. هەریەک لەوشیعرانە، کەهی سێ شاعیری جیاوازى کوردن. لە ڕووى مێژووییەوە، زەمەنێکى درێژ بە سەر نووسینیان تێپەڕیوەو بە رهەمى قۆناغێکى دیاریکراوى مێژوویی و کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی کۆمەڵگەى کوردین،پەیوەست بە ڕووداوەکانى ئەو کاتەوە. کەچی بوونەتە بەشێک لە یادەوەری نەتەوەیی ئێمەو بە بەردەوامى دەخوێنرێنەوەو لە رێگەى گوێبیستبوونیان وەک سروودێک، ئامادەیان هەیە لە هزرو بیرکردنەوەى مرۆڤى کورد.
ئەم سێ دەقە دیارترین سێ شیعری کوردین، کە سنووری زەمن، مێژوو،شوێن و خوێنەرانیان تێپەڕاندوەو بوونەتە بە شێک لە کۆنەستى میللی نەتەوە. ئەم دەقانە ئەگەرچی،لە ڕووى مێژوو،زەمەنى نووسینیانەوە، زادەى سەردەم و قۆناغێکى دیاریکراون.بەڵام ئەم دەقانە دواجار سنووری زەمەن و قۆناغە مێژوویەکە دەبڕن وبەردەوام لە بیر و هزری نەوەکاندا، دەمێنەوە. هەرکاتێک جەژنى نەورۆز بێت، ئێمەئەو شیعرەى (پیرە مێرد)ی شاعیرمان دێتەوە یاد.لە کاتێکدا خودى شاعیر ئەو شیعرەى بۆ نەورۆزێکى ناوەراستى ساڵانى چل نووسیوە. بەڵام ئێستاش بە هەمان تاسەى ئەو کاتەوە،بگرە مرۆڤى کورد گوێبیستى دەبێت. بەهەمان شێوە، ئێمە هەر کاتێک کارەساتى دڵتەزێنى هەڵەبجەمان دێتەوە یاد، ناراستەو خۆ جیا لە هەموو تێکستێکى دیکە، خەیاڵمان دەچێتە لای(لاوکى هەڵەبجەو بە تەنیا جێی مەهێڵن)ی(رەفیق سابیر)ی شاعیر.تێکستێک کە لە زەمەن وشوێنێکى دیکە کە (مەنفا)یە، بۆ کارە ساتێک نووسراوە. واتە زادەى هەڵومەرجێکى مێژوویی و بابەتى و دۆخێکى دەروونى تایبەتى شاعیرە، وەک ڕەنگدانەوەیەکى ئەو کارەساتە بە سەر ژیانى. بەڵام دواجار ئەو دەقە دەبێتە بە شێک،لە تێروانینى نەتەوەیانەى تاکەکان،بۆ ئەو کارەساتە. هەرکاتێک یادى هەڵەبجە بکرێتەوە، ئەو شیعرەمان دێتەوە یاد.بە هەمان شێوەش لە هەر شوێنێکى ئەم دنیایە،گوێمان لە(بەتەنیا جێی مەهێڵن) بێت، ڕاستەو خۆ هەڵەبجەمان دێتەوە یاد، ئەگەر یادى کارەساتەکەش نەبێت. ئەمە هەر تەنها،پەیوەندى بە هەڵومەرجى مێژوویی کارەساتێک و کاریگەریەکانى بە سەر مرۆڤەوە نییە.بەلکو بە شێکیشە، لە ئاوێتە بوونى تێکست ویادەوەری مرۆڤەکان لە ژیاندا.
ئەم دەقانە بۆیە،ئەو سنوورە مێژوویی وزەمەنى وبابەتیەى خۆیان دەبڕن، چونکە دواجار بە شێکن لە کۆنەستى نەتەوە و لە هزری تاکەکاندا، دەمێنەوە. هەریەک لەو سێ شاعیرە دیارەى کورد، تێکستى دیکەى شیعریشیان هەیە. بەڵام وەک ئەو سێ دەقە، لە یادەوەری و دنیابینى تاکى کورد نەماونەتەوە. چونکە لە بنەڕەتدا نەبوونەتە پرسی نەتەوە هەڵگری ئەو پەیامەى کە تاکەکان بوونى خۆیان و نەتەوەکەیانى تیادا ببنەوە. شیعری نەورۆزى پیرەمێرد بۆیە بە نەمری ماوەتەوە، چونکە نەوە لە دواى نەوە، لە ڕێگەى زمانەوە بەردەوامى بەو دەقە داوەو پاراستوویەتى و هەموو نەوڕۆزێک،پیرە مێردی شاعیر و دەقە کەشی یاد دەکەینەوە. ئەو دەقە یاخود ئەى ڕەقیب، یاخود لاوکى هەڵەبجە،چیتر هەڵگری شوناسێک نین کە بە تەنیا هێما بێت، بۆ شاعیرەکەی وگوزارشت لە زەمەن و قۆناغێکى دیاریکراو بکەن، کە دەقە کەى تیادا نووسراوە. بەلکو ئەو سێ دەقە بە نموونە، سنووری زەمەن دەبڕن و دەبنە هەڵگری شوناسی هەموو خوێنەران، بە جیاوازى ئاستى تێگەیشتنیانەوە. چونکە لە یەک کاتدا، دەبنە تێکستى هەمووان. ئەى رەقیب وەک دەق و وەک سروودێکیش، هەر تەنها دەقی دەستە بژێرێکى خوێنەری ئەدەبی نییە. بەلکە تێکستى ئەوانەشە کەوەک سروود، گوێبیستى دەبن و بەمارشی خۆیانى دەزانن، جگە لە چەند توندرۆو بیر داخراوێکى دینى نەبێت، کە ئەو دەقە لە شوناسێکى ئەدەبیەوە، گرێدەدەنەوە بە شوناسێکى ئایینى.دەنا بە شێوەیەکى گشتى تێکستى ئەى ڕەقیب،تێکستى هەمووانە، لە ئاستى نەتەوەییدا. لێرەوەش هەریەک لەو سێ دەقانە، سنووری لۆکاڵیانەى خوێنەران دەبڕن و دەبنە شاکاری نەتەوەیی. بەو پێیەى هەموو نەتەوە بە جیاوازى دید و تێڕوانین و ئاستى تێگەیشتنیان، ئەو دەقانە دەخوێنەوەو بە تێکستى خۆیانى دەزانن. بە مەش ئەو دەقانە شوناسی مانەوە لە ئاستى مێژوویی و فەرهەنگى وەردەگرن و نەوە لە دواى نەوە، لە گەڵ زەمەن بڕدەکەن...
|