کۆچیرۆک ئەودیو دەرکە کۆنینەکە یوسف عیزەدین پێڕست:
ساتەوەختێکى بێئاگایم.
لەپەنایەکى دوورەدەستى شوێنێکدا دانیشتبووم کە پێدەچوو پێشتر شوێن دەرکەیەکى گچکە بووبێت و دواتر پڕکرابێتەوە، مابەینى بەردەکانى هێشتاکە پڕنەکرابوونەوە. کەمێک لەسەرووى شوێنجێگەى کۆنە دەرکەکە دەلاقەیەکى تێکرابوو، دوو کۆترى سپى لەوێوە سەرەتاتکێیان لەگەڵ دەکردم. ئەو دەستنووسەى کەکەسێکى نەناسراو دابوویە دەستم، بەرگێکى رەنگ رەشى چەرمینى هەبوو، بەبۆیەکى سپى و بەخەتى فارسى لەسەر بەرگەکەى نووسرابوو:" پەڵە خەونەکان-نووسینى:س". لاپەڕەکانى بەچەشنى هەڵبەزین و دابەزینى دڵى نەخۆشێک رەشکرابوونەوە، هەندێک لاپەڕەشى راست و چەپى بەسەردا هێنرابوو، هەندێکیشى لێکرابوونەوە، دوا لاپەڕەى دەستنووسەکەش ئیمزاى-س-ى پێوە بوو. کاتێک سەرم هەڵبرى و روانیمە دەور و پشتى خۆم، هەموو ئەوەى پێشترم وەک خەونێک هاتە پێشچاو، چونکە وێنەى خۆمم لەئاوێنەى دەستەراستى ئۆتۆمبیلێکى مۆدێل کۆندا بینییەوە، بێجگە لەمن و شۆفێرەکە سێکەسى دیکەشى تێدابوو. راستەوخۆ دەیانڕوانییە وێنەیەکى هەڵواسراوى بەشى ناوەوەى سەرجامى پێشەوەى ئۆتۆمبیلەکە و شۆفێرەکەش بەبێچاوترووکاندن دەیڕوانییە هەمان وێنە، چەند لەوێنەکە وردبوومەوە هیچى ئەوتۆم نەبینى تابزانم چییە. هەموو ئەوانەى لەنێو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون، لەکەسى ئاسایى نەدەچوون، بێجووڵە و پەیکەر ئاسا لەیەک خاڵیان دەڕوانى. کاتێک وردتر روانیمە ئۆتۆمبیلەکە هەرچەندە لەشوێن خۆى نەدەجووڵا، بەڵام دیمەنەکانى دەور و پشتى هەروەک ئەوەى لەجووڵەدا بێت دەگۆڕدران. جار جارە خێرا دەگۆڕان و هەندێک جاریش هێواش دەبوونەوە. ئۆتۆمبیلەکە بەنێو شارۆچکەیەکدا تێپەڕى، لەهەموو سووچ و قوژبن و کووچە و کۆڵان و گۆڕەپانێکدا، پەیکەر و وێنەى کەسێک دووبارە دەبۆوە. هیچ بوونەوەر و زیندەوەرێکم لەو شارۆچکەیەدا نەبینى، تەنها شتێک کەوەک هێماى زیندەگى لەو شارۆچکەیەدا هەبوو، وێنەیەکى هێجگار گەورەى کاڵوکرچى درەختێک بوو کە پێدەچوو نیگارکێشێکى زۆر نەشارەزا لەرۆژگارێکدا کردبێتى و کەسانێک لەبەر هەر هۆیەک لەو شوێنە هێجگار دیارەى شارۆچکەکەدا و بەو دیوارە بەرزەدا هەڵیانواسیبێت. پاش تێپەڕکردنى شارۆچکەکە ئۆتۆمبیلەکە هاتەوە سەر شاڕێگەى سەرەکى و بەلۆفەکانى چیایەکى بەرزدا هەڵگەڕا و دواى ماوەیەک گەیشتە سەر لوتکەى چیاکەو شەومان لێداهات. ئۆتۆمبیلەکە لەبەردەم کۆشکێکدا راوەستا کە لەنهۆمە بەرزەکانیدا یەک دوو چرا دەسووتان. ئەوان پاش دابەزینى شۆفێرەکە دابەزین و لەتاریکاییەکەدا ونبوون، پاش ئەوەى قەیرێک بەسەرسامییەوە روانیمە ئەو شوێنەى کەنەمدەزانى کوێیە، منیش وەک ئەوان دابەزیم. دارستانێکى بەسام و چڕوپڕ چواردەورى کۆشکەکەى دابوو، نەمدەزانى بەرەو دارستانەکە ملبنێم یان بەرەو کۆشکەکە بچم. هەر چۆنێکبوو رێگەى نێو دارستانەکەم گرتەبەر و پاشئەوەى تاوێک هەنگاومنا، هەستمکرد بنی پێیەکانم دێشێ، بەچەشنێکى زۆ نائاسایى گێژم، بۆ ساتەوەختێک وامزانى ناتوانم لەوەزیاتر بەسەر پێوە رابوەستم، بەڵام هێندەى نەبرد هەموو شتێک ئاسایى بۆوە و کەوتمە رێ. پرسیارەکان لەمێشکمدا هێندە زۆربوون وا باشتربوو فەرامۆشیان بکەم و بەشوێن وەڵامیاندا نەگەڕێم، هەرچەندە ئاستەمیش بوو وەڵام بۆ هیچ کامێکیان بدۆزمەوە. لەنێو دارستانە چڕوپڕە تاریکەکەدا، بێجگە لەبینینى سێبەرى تارماییەکان، گوێشم لەدەنگى هانکە هانک و هەناسەبڕکێى چەند شتێکبوو. دەبوو نەترسم و هەنگاو بنێم. پاش ماوەیەکى نەزانراو لەرۆیشتن، کەوتمە نێو کۆمەڵێک دەوەنى چڕوپڕ، کەلەتەوابوونیاندا کانییەک هەبوو، کاتێک کانییەکەم بینى ئەوەم بیرکەوتەوە من هەر لەسەرەتاوە تینوومبووە و ویستوومە قومێک ئاو بخۆمەوە، لەسەر عەردەکە راکشام و دەمم لەکانییەکە وەردا. بەڵام هەروەک ئەوەى وێنەیەکى بەدەست کێشراوبێت قوومە ئاوێک چییە نەهاتە دەممەوە، بەڵام کەلێى دووردەکەوتمەوە دەبووە کانییەکى راستەقینە و کرمۆکە و زیندەوەرە ئاوییەکانى ناوى دەکەوتنە جووڵە و ئاوێکى سازگارى لەبەر دەڕۆیشت. دارودرەخت و گژوگیاى نێو دارستانەکەش کە دەستى منیان دەگەیشتآ، لەجێى خۆیان وەک وێنەیەک رادەوەستان و نەرمى و نیانیان تێدا نەدەما. لەنێو دارستانێکى پڕ وێنە و دیمەنى جۆراوجۆردا وێڵ و ئەوداڵ بووبووم. لەهەر رێچکەو رێگەیەکى دارستانەکەوە رێگەم بگرتایەتە بەر، دەچوومەوە بەردەم کۆشکەکە. پاش ئەوەى بێهوودە دەیان جار بەنێو دارستانەکەدا گوزەرمکرد و تێپەڕیم، بەپلیکانەیەکى دوورودرێژدا رێگەى کۆشکەکەم گرتەبەر. بەدرێژایى شەو پلیکانەکانم بڕى و لەبەرەبەیاندا خۆم لەبەردەم یەکێک لە دەرکەکانى کۆشکەکەدا بینییەوە، هەرچەندە وەک ئەوەى دەرکەکە داخراو بێت، زۆرم لێداو چاوەڕێمکرد. بەڵام دواتر ئەو راستییەم لائاشکرا بوو کە هەر لەسەرەتاوە بەکراوەیى جێهێڵرابوو. هێدى هێدى دەرکەکەم تەواو خستە سەرپشت و چوومە نێو هۆڵێکى گەورە، هۆڵەکەم تێپەڕکرد و بەپلیکانەیەکى تەسک و تروسکدا چوومە نهۆمى دووەم و لەوێدا خۆم بەرانبەر سآ هۆڵى گەورە بینییەوە، تەنها یەکێکیان بەرەو خۆى کێشیکردم کە لەسەرى نووسرابوو:"کتێبخانە"، چوومە ژوور و کەوتمە تاوتوێکردنى کتێبەکانى، سەرجەم کتێبەکانى مێژوویى بوون، بەڵام لەشوێنێکى کەمێک نادیارى کتێبخانەکەدا بۆ جارى دووەم دەستنووسى:"پەڵەخەونەکان" م ، بەرچاو کەوت، لەسەر کورسییەکى لەتەختە دروستکراوى نزیک مێزێکى شووشە دانیشتم و کەوتمە خوێندنەوەى دەستنووسەکە. نازانم چەند لاپەڕەى دەستنووسەکەم خوێندبۆوە، کاتێک هەستامە سەرپآ و لەپەنجەرەى بەشى دەرەوەى کتێبخانەکە نزیک بوومەوە و روانیمە دەرەوەى کۆشکەکە، لەشوێن جێگەى دارستانەکەدا پانتایى بیابانێکم کەوتە پێشچاو کە قوولەیەکى سپى لەنێوەڕاستیدا بەئاسماندا چووبوو. کەسێکى دەمامککراو بەپەیژەیەکى هەڵپەسێراو بەقوولەکەدا بەرەو سەر سەردەکەوت و بەو شێوەیە بەردەوامبوو تا گەیشتە بەرزترین ئاستى قوولەکە، ئەودەم دەستنووسێکى بەرگ رەشى چەرمینى لەهەگبەکەى دەرهێنا و لەنێو ئەو سندووقەى نا کەلەسەر قوولەکە راگیرابوو. ساتەوەختێک دیمەنەکە لەبەرچاومدا وەکخۆى مایەوە، پاشان قوولەکە و سندووقەکەى سەرى بەچەشنى وردە کاغەز دابارینەخوار و نەشمزانى کەسەکە چى لێبەسەرهات. روانیمە دەستنووسەکە کەپێشتر لەسەر مێزەکە جێمهێشتبوو، لەجێى خۆیدا نەمابوو، هەموو سووچ و قوژبنێکى کتێبخانەکە و تەنانەت نێو هەموو چەکمەجە و دۆڵابەکانیشى بەشوێندا گەڕام بەڵام نەمبینییەوە. کۆشکەکەم جێهێشت و دواى ئەوەى گەیشتمە سەر هەمان کانییەکەى پێشووى نێو دارستانەکە. بۆ تاوێک رۆچوومە نێو خەونە ساتێکى خۆڵەمێشى و رەنگە قەیرێکیش ئاگام لەدەور و بەرى خۆم نەمابێت. کاتێک بایەکى سارد بەئاگاى هێنامەوە، هێشتاکە لەنێو ئۆتۆمبیلە مۆدێل کۆنەکەدا دانیشتبووم و سەیرى گۆڕانى وێنە و دیمەنە گۆڕاوەکانى دەوروپشتى خۆمم دەکرد.
دوا نامەیەکى هاوڕێکەم.
کاتێک لەبەردەم قەڵا زۆر دێرینەکەى شارۆچکەکەدا راوەستابووم، گوێم لەتەهلیلە و زیکرى ئەو دەروێشانە بوو کەلەپێش حەشامەتەکەوە دەڕۆیشتن. هەر لەخۆمەوە وەدووى حەشامەتەکە کەوتم کە زۆر بەبێدەنگى گوێیان بۆ دەنگى دەروێشەکان هەڵخستبوو. پاشئەوەى حەوتجار بەدەورى قەڵاکەدا سووڕانەوە، رێگە بەردەڵانەکەى دەستەچەپى قەڵاکەیان گرتەبەر، دواى سەعاتێک گەیشتنە تاکە گۆڕستانێکى شارۆچکەکە کە زۆر لەشارۆچکەکە فراوانتر و گەورەتر بوو. لەنێوەڕاستى گۆڕستانەکەدا حەشامەتەکە بەشێوەیەکى بازنەیى چواردەورى تابووتێکیان تەنى و پاشان بەچوارمشقى و هەریەک لەجێگەى خۆى دانیشت. بەڵام دەروێشەکان تا نەگەیشتنە تەپۆڵکەیەکى نزیک گۆڕستانەکە هیچ رانەوەستان و لەوێشەوە ونبوون. ماوەیەک بەبێدەنگى وەک هەر کەسێکى نێو حەشامەتەکە بەچوارمشقى لەشوێن خۆمدا دانیشتم. لەناکاو هەروەک ئەوەى کەیەکێک پێیگوتبێتم، هەستامە سەرپآ و روانیمە تابووتەکە، پەتۆ رەشەکەى سەرى زۆر سەرنجى راکێشام. کاتێک کەبۆ چەند جارێک هەمان ئەو پرسیارەم دووبارەکردەوە کە لەو کاتەدا بەخەیاڵمدا هاتبوو و سەیرمکرد کەسیان وەڵام نادەنەوە تەنانەت لەشوێن خۆشیان نابزوێن، پێدەچوو هەر بەجەستە لەو شوێنەدا بن. بۆ جارێکى تریش هەستامە سەرپآ و ئەمجارەیان خۆمگەیاندە تابووتەکە، بەکاوەخۆ پەتۆ رەشەکەى سەر تابووتەکەم هەڵدایەوە تا سێبەشى تابووتەکە هیچم نەبینى، لەدوا بەشیدا سەرى کەسێکم بینى کە هێشتاکە چاوەکانى کراوەبوون. دواى ئەوەى پەتۆکەم وەک خۆى دادایەوە و شتێک لەتابووتەکە دوورکەوتمەوە، وامبەخەیاڵدا هات کەرەنگبێت پێشتر ئەو سەرەم لەکات و شوێنێکى تردا بینیبێت. گەڕامەوە شوێنى خۆم و وەک ئەوان کەوتمە تێڕوانینى لەپى دەستى راستم، تادەهات عەردەکە ساردتر و دنیا تاریکتر دەبوو. دەبوو بگەڕێمەوە بۆ نێو ئەو ئوتێلەى کە بۆ تەنها شەوێک ژوورێکم تێدا بەکرێگرتبوو. بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا شتێک پاڵى پێوە دەنام بۆ زانینى ماجەراى سەرى نێو تابووتەکە. دەیان پرسیار لەناخمدا سەرەتاتکێیان بوو، بۆ دەبێت نەینێژن، بۆ دەبێت بەبێهەست و خوست لەچواردەورى دانیشتبێتن، دەروێشەکان بۆ جێیان هێشت و بۆکوآ چوون؟ لەهەمووشى سەیرتر هیچ گۆڕو چاڵێک بۆ ناشتنى ئامادەنەکرابوو! لەپڕ دایکردە باران و تاوێکى خایاند، هەر کەبارانەکە خۆشیکردەوە، یەکەیەکە هەستانە سەرپآ و چوارکەسیان تابووتەکەیان نایە سەر شانیان و لەپێش حەشامەتەکەوە، بەرەو شارۆچکەکە کەوتنە رآ. بەکاوەخۆ وەدوویان کەوتم، تاگەیشتنە بەردەم پەرستگەیەکى لەبەرد دروستکراوى رەنگ سپى. لەوێدا تابوتەکەیان جێهێشت و جیاجیا لەسووچ و سەرى کووچە و کۆڵانەکانى چواردەورى پەرستگەکەوە ونبوون. هێدى هێدى لەتابووتەکە نزیکبوومەوە و لەوەدابوو کەپەتۆ رەشەکەى سەرى هەڵبدەمەوە، کاتێک گوێم لەددانە جیڕەو وەڕینى گەماڵێک بوو کە زۆر لەنزیکمەوە راوەستابوو، پاشە و پاش گەڕامەوە و لەپاڵ دیوارى پەرستگەکەدا راوەستام، دواى کەمێک گەماڵەکە بەبێدەنگى لەشوێن خۆیدا هەڵتووتا کە لێى وردبوومەوە زۆر بەنائاسایى هاتە پێشچاوم، چ چاوەکانى بەشێوەیەکى لاکێشەیى بەرەو لاى هەردوو گوێچکەکانى هەڵکشابوون، چ کەڵبەکانیشى زۆر لەکەڵبەى گەماڵى ئاسایى درێژتر و قەوى تربوون. دواى ئەوەى گەماڵەکە چاوەکانى لێکناو خەوت، رێگەى ئۆتێلەکەم گرتەبەر و خۆمگەیاندە نێو ئەو ژوورەى کە بۆ تەنها شەوێک بەکرێمگرتبوو. هێشتاکە دوا نامەى هاوڕێکەمم نەگەیاندبووە شوێن مەبەست، دەبوو دوا وەسیەتێکى هاوڕێکەم بهێنمە دى، پێشئەوەى کەدوا هەناسەى بدات نامەکەى نووسى و دایەدەستم، هێندەى کەقسەى پێکرا گوتى:)بچۆرە شارۆچکەى سامۆش و لەبەردەم قەڵا زۆر دێرینەکەیدا چاوەڕێى هاتنى ئەو بە). فریاى ئەوە نەکەوتم پرسیارى ناو و ناونیشانى ئەوى لێبکەم. ئەو شەوە تابەیانى نەخەوتم و هەر لەغایەڵەى سەرى نێو تابووتەکەدا بووم. چێشتەنگاو جانتاکەم پێچایەوە و لەئوتێلەکە چوومەدەر، بەپەلە پرووزآ خۆمگەیاندە لاى پەرستگەکە، هێشتاکە تابووتەکە لەهەمان شوێنى خۆیدا بوو، سەیرى چواردەورى خۆممکرد، دورونزیک نەهیچ کەسێکم کەوتە بەرچاو و نەگەماڵەکەشم بینى. بەفرسەتم زانى لەتابووتەکە نزیکبوومەوە و بۆ جارێکى دى پەتۆ رەشەکەى سەریم لادا، بەڵام سەرەکەى تێدا نەبوو. لەوکاتەدا کەسێک کەنەمزانى چۆن چۆنى گەیشتە بەردەم دەرکەى پەرستگەکە، بەتوندى کەوتە لێدانى دەرکەکە، هێندەى نەبرد پیرەپیاوێک دەرکەى پەرستگەکەى واڵاکرد و لەگەڵ کەسەکەدا کەوتە گفتوگۆ، سەیر لەوەدابوو تەنها لێویان دەبزواو هیچ دەنگ و سەدایەکیانم نەدەهاتە گوآ. بەڵام هەر لەخۆمەوە پێموابوو کەکەسەکە سۆراخى سەرى نێو تابووتەکە بکات و پیرە پیاوەکەش لەوەڵامدا پێبڵێت:( هێشتاکە سەرەکە نەگەیشتۆتە نێو شارۆچکەکە تا بخرێتە نێو ئەو تابووتەى کەبۆى ئامادەکراوە). پاش ئەوەى پیرە پیاوەکە چەند جارێک سەرى بەلاى راست و چەپى خۆیدا راوەشاند، دەرکەى پەرستگەکەى پێوەدا. کەسەکە هەروەک ئەوەى لەپڕ غەیب بووبێت چەند چاوم بۆگێڕا، دوور و نزیک لەهیچ شوێنێکدا بەدیمنەکرد. بەیەکێک لەپەرستگەکانى دەستەراستى پەرستگەکەدا رەتبووم و پاش سەیرکردنى یەکەیەکەى خانووە لەبەرد دروستکراوەکانى کۆڵانەکە، خۆم لەبەردەم قەڵا زۆر دێرینەکەدا بینییەوە، لەوەدابوو لەتاتەبەردە گەورەکانى شوورەى قەڵاکە رابمێنم، کاتێک پیرەژنێکى پێپەتى بەلامدا تێپەڕبوو، هاوارم لێکرد:( داپیرە نامەیەکم پێیە بۆ ئەو، چما ئێوە نایناسن؟!). هەروەک ئەوەى کەگوێى لێمنەبووبێت، هەڵوێستەى بۆ نەکرد و بەیەکێک لەرێگەکاندا بەرەو قەڵاکە هەڵزنا. لەوەدابوو کەوەدووى بکەوم کاتێک گوێم لەدەنگى لێدانى دەفى دەروێشەکان بوو کە لەپێش هەمان حەشامەتەکەى دوێنێوە رێیاندەکرد. ماوەیەک وەدوویان کەوتم، بەڵام پاشان هەروەک ئەوەى لەراستیدا نەبووبێتن، لەپڕ لەبەرچاومدا ونبوون. دواتر لێڵاییەک بەرچاومى تەنى و بۆ چەند ساتێک هیچم نەبینى کە بەرچاوم رووناک بۆوە، زۆر لەنزیکەوە گوێم لەدەنگى هاوڕێکەم بوو، پێموابوو ئەو دوا نامەیەم بۆ بخوێنێتەوە کەنووسیبووى:( ئازیزم لەخەونمدا تۆم لەبیابانێکدا بینییەوە، وەک لەخەونەکەمدا دەمبینى خۆشت نەتدەزانى چۆن چۆنى رێتکەوتۆتە ئەو بیابانە، هێندەتینوو بوویت کەجگە لەقوومێک ئاو بیرت لەهیچیتر نەدەکردەوە، لەکاتێکدا کەچاوت رەشکەوپێشکەى دەکرد، چووار زرتەزەلام وەک حەیوانى قوربانى لەسەر لمى بیابانەکە پاڵیان خستیت و چەقۆیەکى زۆر تیژیان خستە سەر ملت).
هەڵئاوسانى کیسە ئاوییەکان.
لەنێوەڕاستى کەنارێکدا راوەستابووم، هەروەک ئەوەى لەکۆنە فیلمێکى رەش و سپى بڕوانم، پێپەتى بەکراسێکى ئاودامانى سپییەوە دەمڕوانییە شەپۆلە رەش و سپییەکانى دەریاکە لەکاتێکدا کەشتییەکى چارۆکەدار هێدى هێدى شەپۆلەکانى دەبڕى. باڵندە ئاوییەکانى ئەو دەور و بەرە هەربەوە دەچوون مۆمیاکرابێتن، بێجووڵە لەشتێکیان دەڕوانى. ئاوڕم دایەوە و ئەو کورسییەم بینى کەلەکۆمەڵآ ئێسکى پتەو و قەوى دروستکرابوو، ئاوێنەیەکى لاکێشەیى گەورەش لەدوورى چەند مەترێکەوە لەپشت کورسییەکە دانرابوو. چەند باڵندەیەکى ئاوى وەک ئەو بەلەمە لەکاغەز دروستکراوانەى کە بەمنداڵى دروستمدەکردن سەر ئاو کەوتبوون. کەشتییە چارۆکەدارەکە لەخاڵێکى وەستاوى تەماشامدا بووە هەڵم و لەبەرچاوانم ونبوو. لەبەر خۆمەوە گوتم:( رەنگە هێشتاکە بەتەواویى بێدار نەبووبێتمەوە). بەکاوەخۆ ئاوڕێکى دواوەم دایەوە و جووتآ پۆستاڵى رەشى بێقەیتانم لەسەر کورسییەکە بینى، کەسێکى پێپەتى لەئاوێنەکەوە تێى دەڕوانیم، هەرچەندە رووکارى بەهیچ شێوەیەک لەمامۆستاى زیندەوەرزانیمان نەدەچوو، بەڵام هەر یەکسەر ئەوم وەبیر هاتەوە، بۆ یەکەمجار بەسەرهات و سووڕى گەشکردنى ئەو بوونەوەرە هێجگار ترسناکەم لەوەوە بیستبوو. لەو کاتەدا دڵنیا نەبووم بەپێوەم یان دانیشتووم، بەڵام پڕ بەدڵ حەزمدەکرد دەستم بگاتە لمى کەنارەکە و مشتآ لم بدەم بەرووى ئاوێنەکەدا تا لەبوونى راستەقینەى دڵنیابم. سەرێکم هەڵبڕى و روانیمە جووتە پۆستاڵەکەى سەر کورسییەکە، لەجێى خۆیاندا نەمابوون. نەمدەزانى کەى و چۆن لەپێمکردبوون، نیو بەنیو لەلمەکە رۆچووبوو، لینجاوێکى لەرەنگى خۆى لەبەر دەڕۆیشت. لەو دەمەدا هەروەک ئەوەى یەکێک شتێکم بەگوێدا بچرپێنێَت و پێم بڵێت:( سەر هەڵبڕە). هێشتاکە هەمان کەسەکەى پێشوو لەئاوێنەکەوە تێیدەڕوانیم و بەدەستەراستى ئاماژەى بۆ وێنەى کیسە ئاوییەکان دەکرد کەلەبەشى سەرەوەى ئاوێنەکەدا کێشرابوو. تا ئەودەمەش کورسییەکە کەسى لەسەر دانەنیشتبوو، لەوەدابوو شتێک بڵێم گوێم لەهەڕوەڵەکردنێکى کەمخایەنبوو، بەبێئەوەى بیانبینم لەبەردەممدا یەک لەدواى یەک راوەستان، یەکێکیان لەریزەکە چووە دەرەوە و بەلەقە ئاوێنەکەى پشت کورسییەکەى ورد و خاشکرد، هاڕە و دەنگى بەربوونەوەى پارچەکانى زۆر ترسناکبوو. دواى کەمێک ئەو کەسەى کەئاوێنەکەى شکاندبوو، بەشێوازێکى سەربازى چۆوە نێو ریزبەندییەکەى کەسە راوەستاوەکان و بۆ تاوێک لەبێدەنگییەکى قووڵدا جێیان هێشتم. ئیدى نازانم بۆ تاقیکردنەوەى زیندەوەرزانى ئەو ساڵە تەڕوتووشەم وەبیرهاتەوە، کەیەکێک لەپرسیارەکانى تایبەت بوو بەکیسەئاوییەکان و هەر لەو رۆژەشدا بوو کە باڵابەرزترین پیاوى شارەکیان کوشت، پاش تەوابوونى تاقیکردنەوەکەشمان زۆر پرسیارى هۆکارى کوشتنەکەیم پرسى، کەچى زۆربەى ئەوانەى پرسیارم لێکردن پێیان وابوو نەکوژراوە بەڵکو کیسەئاوییەکانى نێو هەناوى تەقیوە، تەنها چەند کەسێک دەیانگوت کوژراوە، بەڵام سەبارەت بەهۆکارى کوشتنەکەى کۆکنەبوون، شتى جیاجیان دەگوت، ئەوەى کە زۆر سەرنجى راکێشام قسەى یەکێکیان بوو کەپێیوابوو لەبەر باڵابەرزییەکەى کوژرابێت. پاش هەفتەیەک لەتاقیکردنەوەکانى زیندەوەرزانى مامۆستاى زیندەوەرزانى لەرۆژێکى ساردوسڕدا بەتووڕەییەوە خۆیکرد بەژووردا و پاش ئەوەى سەرکۆنەى هەموومانیکرد، گوتى:( لەبەر ئەوەى کەستان وەڵامى پرسیارى کیسە ئاوییەکانتان نەزانیوە لەپرسیارەکانى تریشدا سفرتان بۆ دادەنێم، ئەویش لەبەر دوو هۆ، یەکەمیان لەبەرئەوەى لەهەموو وانەکانى دیکەى زیندەوەرزانى زیاتر من باسى کیسەئاوییەکانم بۆ کردوون، دووەمیشیان لەبەرئەوەى ئەوەى کەسێک هیچ لەبارەى کیسەئاوییەکانەوە نەزانێت ناتوانێت لەم وڵاتەدا بژى، کەمۆڵگەى گەشەکردنى کیسەئاوییەکانە. لەوەزیاتر رێگەیاننەدام رۆبچمە نێو یادەوەرییەکانى ئەو زەمەنە، زۆر بەئاسانى برمیانە سەر کورسییەکە. لەو کاتەدا گوێم لەناڵەوهاڕەى ترسناکى دەریاکەبوو، بەشێوەیەک کەتا ئەودەمەش گوێم لەهاڕەى لەو چەشنە نەبووبوو. پۆستاڵەکانى پێم بۆ پێشەوەخزا، گوێم لێبوو یەکێکیان گوتى:( پۆستاڵەکانى تاکە و تاکن). چوار دەستەبەرزیانکردمەوە و نزیک دەریاکە جێیان هێشتم. هێندەى نەبرد شەپۆلە سوێرەکانى دەریاکە بەتەواوى تەڕیانکردم و دواتریش لەلووت و دەممەوە رۆچوونە نێو بۆشاییەکانى هەناوم، کەپێموابوو پڕبن لەکیسە ئاویییەکان. باڵندە ئاوییەکان لەو دەمەدا لەشتێکیان دەڕوانى. هێندە کەنەفت و بڕست لێبڕاوبووم، پێمنەدەکرا راچەنێم و لەبەشى کۆتایى ئەو خەونە هەڵبێم، چەندم حەزدەکرد پێمکرابا و بمتوانییایە بڵێم:( ئەوەى کەدەیبینم تەنها ساتەوەختێکى تاڵ و سوێرى خەونێکى بەسەرچووە). یان پڕبەدەم هاوارمبکردایە و گوتبام:( ئەوەى کەدەیبینم تەنها حیکایەتى کیسە ئاوییەکانە).
وردەئێسکەکان و گەمەى کاپتن.
من و کاپتن لەیەک رۆژدا لەدایکبووین، ئیدى ناشزانم لەیەک رۆژدا دەمرین یان نا. ئەم چیرۆکەى کەلێرەدا هەوڵى گێڕانەوەى دەدەم، چیرۆکێکی زۆر سادە و ئاساییە و زۆربەى خەڵکى شارەکەى من و کاپتن، دەیزانن و لە نێو خۆیاندا دەیگێڕنەوە. کاپتن کەسێکى زۆر ئاسایى بوو، وەک هەموو کەسێکى دیکەى ناوچەکە، پاش ئەوەى بەڕێکەوت و لەساتەوەختێکى تووڕەبوونمدا کەسێکى نەناسراوى شارم کوشت، خەڵکەکە وایانزانى ئەو کوشتوویەتیەتى و هەر ئەوەش بووە مایەى یەکەمین ناوبانگ و ناسرانى. بەحوکمى برادەرێتیمان هیچ دەنگم نەکرد و بگرە هێدى هێدى کۆمەڵێک حیکایەت و بەسەرهاتى ئازایەتى تریشم دایە پاڵ ناوى کاپتن و بەماوەیەکى کەم بووە یەکێک لەو کەسانەى کەچەقۆکێش و پیاکوژە راستەقینەکانیش لێى دەترسان و حیسابیان بۆ دەکرد. من و کاپتن هاوشێوە بووین، بەچەشنێک پاش ئەوەى کاپتن بووە سەرۆکى شار، لەزۆر بۆنەو مەراسیمدا کەخەڵکى شار حەزیان بەیادکردنەوەیان هەبوو، من لەجێى ئەو گوتارە دوور و درێژەکانم دەخوێندەوە، پاش ئەوەى دنیایەک وێنەى شیعرى و سەجع و رستەى نغرۆ لە رەوانبێژیم تێکەڵ دەکردو هەموو جارێکیش زیاد لەنیوەى ئامادەبووان لەنیوەى گوتارەکەدا دەخەوتن. خەونى هەمیشەیى کاپتن بەجەنگ و ماجەراکانى جەنگەوە واى لێکرد قەڵایەکى نزیک شار بکاتە بارەگاى خۆى کە زۆر لەمێژبوو دروستکرابوو، هێشتاکە کۆشکەکەى نێوى یەکێک بوو لەکۆشکە جوانەکانى دنیا. بەڵام جەنگى ئەندێشەکراو لاى کاپتن ئەو جەنگەى ئێستاى دنیا نەبوو، بەڵکو جەنگە دێرینەکان بوو ئەو جەنگانەى شمشێر و رم و مەتاڵ و هەموو شێوازە کۆنەکانى جەنگى تێدا بەکار دەهات. کاتێک لە کاپتن-م پرسى:( چ پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ شێوازە کۆنەکانى جەنگ). لەوەڵامدا گوتى:( بێجگە لەسیحر و چێژى تایبەتیى ئەو جۆرە جەنگانە، هەرخۆم بێزارم لەبۆنى بارووت و بینینى کەرستە نوێیەکانى جەنگ، ئەمە جگە لەوەى لەجەنگە نوێیەکاندا قارەمان ون و نادیارە، یان دەتوانم بڵێم هەر نییە. من پێویستم بەجەنگێکى روو بەرووە، جەنگێک بتوانم رووکارى دوژمنەکەم ببینم، دەبێت وەک رۆستەم بێپسانەوە لەگۆڕەپانى جەنگدا یەک لەدواى یەکى دوژمنەکانمان تێکبشکێنین). زۆر بەئاسانى کاپتن توانى سەرۆکى شارەکانى دەوروبەر بکاتە دوژمنى خۆى و بانگهێشتیان بکات بۆ نێو گۆڕەپانى جەنگ، هەرچەندە سەرەتا شێوازى کاپتنیان لەجەنگدا پێنامۆ بوو بەڵام دواتر بۆ خۆشیان گەیشتنە ئەو راستیەى کەواتاى راستەقینەى جەنگ، تەنها بەگەڕانەوە بۆ رابردوو، دەکرێت بەرجەستە بکرێت. ئەوە بوو لەکاتى جەنگدا بەشێوازى کۆن قارەمانێک لەهەر بەرەیەک دەچووە پێش و پاش ناوهێنانى خۆى و سولالەیەک لەناوى یەک لەدواى یەک، شەڕەشیر دەستی پێدەکرد و دواتر چەند کەسێکى تریش لەهەر دوو بەرەکە بەو شێوەیە خۆیان تاقیدەکردەوە، تا کار دەگەیشتە تێکچڕژانى جەنگاوەرەکانى هەردوولا. ئیدى جەنگى واهەبوو سێشەو وسێڕۆژى دەخایاند، هەشبوو هەر زوو بەتێکشکانى بەرەى دوژمن تەواو دەبوو. کاپتن لەهیچ جەنگێکدا تێکنەدەشکا، هەبوون دەیانگوت سیحرى سەرکەوتنەکانى لەوەدایە ئەو قەڵایەى کردۆتە بارەگا ، لاى ئەوانیش مانەوە لەنێو قەڵایەکى مێژوویدا بەواتاى ئەندێشەکردنى هەرچى باشترى جەنگ دێت. من فەرماندەى هەموو جەنگاوەرەکانى کاپتن بووم، لەهەموو جەنگەکاندا زۆرترین کەسم لەدوژمن دەکوشت، گەرچى حەزم بەجەنگى نێو بیابان نەبوو بەڵام بەوپێیەى قەڵاکەمان دەیڕوانییە سەر بیابان و بۆ راودوونانى دوژمنەکانى کاپتن کاتێک هەڵدەهاتن، دەبوو بەرەو بیابان وەدوویان بکەوم، تائەسپەکانمان بڕستى لێدەبڕا رانەدەوەستاین. من و کاپتن هیچ کاتێک یەکدیمان نەدەڕەنجاند، هیچ کاروبار و ئیش و کارێکى کاپتن لەمن شاراوە نەبوو، بێجگە لەنهێنى ژوورێَکى تایبەتى نێو کۆشکەکەى کەپێش لەدەستدانى هەر پێنج پەنجەکەى دەستەراستم لەجەنگدا نەمبینیبوو. نهێنییەکى دیکەى کاپتن-یش کە جگە لەمن هیچ کەسێکى تر نەیدەزانى و نەشدەبوو بیزانێت، ئەوەبوو کە کاپتن بەهۆى نەخۆشییەکەوە کە لەهەرزەکارییەوە تووشى بووبوو، نەیدەتوانى بپەڕێت. هەر بۆیە ئەو کاتانەى بەبەرچاوى پاسەوانەکانییەوە بەپرچ کچۆڵە تازە پێگەیشتووەکانى دەبردە نێو ژوورە تاریکەکەى خۆى، ئەو کاتانە من لە قووڕنەیەکى ژوورەکەیدا چاوەڕێمدەکرد، ئیدى بەبێئەوەى لەو تاریکییەدا کچۆڵەکە هەست بکات، پاش ئەوەى کاپیتن دەچووە سەرى و هێندەى لێدەدا تا دەبوورایەوە ئەوکات من کارى خۆممدەکرد و هەمیشەش پاش تەواوبوونم لەکارەکە دەستى دەخستە سەرشانم و دەیگوت:( خۆزگە منیش وەک تۆ بوومایە، ئەوەى کەهەمە چ بەهایەکى هەیە ئەگەر نەتوانم). ئیدى پاش گوتنەوەى ئەو دێڕەى کەلەو کاتانەدا دەیگوت چاوەکانى فرمێسکى تێدەزا و حوزن و ماتەمێکى سەیر دایدەگرت. جەنگ گەمەیەکى بەردەوامى نەک هەر من بەڵکو هەموو جەنگاوەرەکانى کاپتن بوو کە بەتەواوى چێژمان لێدەبینى و بەراوەشاندنى شمشێرەکانمان ئارەزوویەکى شێتانەى کوشتنمان تێدا دەبزووا، لەو کاتانەدا دەمانویست جەنگ هەرئەوەندە نەبێت کەپێى راهاتبووین، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر بێت و لەرۆژگارێکدا بتوانین دنیا داگیربکەین و ژمارەیەکى لەبننەهاتوو لە نێوگەڵى تازە تاقیبکەینەوە، دنیایەک شارى نەزانراو کاولبکەین، دەمانویست بڕِۆین و هەر نەوەستین. بەڵام دەبوو رێگەیەکى تر بدۆزینەوە چونکە لەرێى بیابانەوە تەنها ئەوەندەمان پێدەکرا کە کردبوومان، دەبوو رێگەیەک بدۆزینەوە ئەسپەکانمان ماندوو نەکات، جیاواز لەبیابان گەرم و وشکوبرنگ نەبێت. بەڵام لەدوا جەولەى جەنگێکدا هەموو ئەوەى کەبیرم لێدەکردەوە و بەتەمابووم بیکەم کۆتایى هات. ئەو جەنگەمان لەگەڵ سەرسەخترین جەنگاوەرەکانى شارێکى دوورە دەستبوو، کەبەساڵێک رۆیشتن گەیشتبوونە بەردەم قەڵاکەمان. لەدوا جەولەى ئەو جەنگەدا رووبەڕووى کەسێکى زۆر رک ئەستوور بوومەوە، کاتێک لەسەر ئەسپەکەم هەڵیدامە خوارەوە، چاوەڕێبووم بمکوژێت، کەچى گوتى:( ناتکوژم تەنها پەنجەکانى دەستى راستت دەبڕم و دەتکەمە عیبرەت، تۆ بەبێ پەنجەکانى ئەو دەستە ناتوانیت بجەنگیت و هەر دەبێت بەداخى لەدەستدانى ئەو پەنجانەوە سەر بنێیتەوە). رۆژانێکى زۆر لەجێگا کەوتم و ئاگام لەماجەراى جەنگ و بەسەرهاتى کاپتن نەما، ئەگەرچى هەر لەکۆشکەکەى ئەودا بووم و ژوورەکەم لەپاڵ ژوورە تایبەتە نهێنییەکەى ئەودا بوو. کاتێک زامەکانم ساڕێژ بۆوە و بیرم لەوەکردەوە بچمە لاى کاپتن و پێى بڵێم:( دەتوانم دەستى چەپم لەجەنگەکانى داهاتوودا بەکاربهێنم). نەک تەنها لەبەر ئەوەى دڵى خۆشبکەم، بەڵکو لەبەرئەوەى لەمابەینى وڕێنەکردن و وڕێنەنەکردندا خەیاڵێکى وام بەمێشکدا هاتبوو. شەو درەنگان لەکاتێکدا هێندەى نەمابوو دەرکەى ژوورەکەم بکەمەوە، ئاگام لێبوو دەرکەى ژوورە نهێنییە تایبەتەکەى کاپتن کرایەوە. کاتێک چوومەدەر سەیرمکرد دەرکەکەى کراوەیە، بەبێدەنگى چوومە ژوور، دیوارى ژوورى یەکەم بەوێنەى جۆراوجۆرى ساتەکانى ئەو جەنگانەى کەکردبوومان رازابۆوە، وێنەى کوژراوەکانمان بەجیا و لەهەر سآ لاى دیکەى دیوارەکە هەڵواسرابوون. لەنێو وێنەى کوژراوەکانیشدا وێنەى ساتەوەختێکى جەنگ هەڵواسرابوو کەوێنەگرەکە زۆر زیرەکانە ساتەوەختى بڕینەوەى پێنج پەنجەى دەستەراستى جەنگاوەرێکى وێنەگرتبوو. ژوورى دووەم پڕبوو لەکەرستە کۆنینەکانى جەنگ، هێشتاکە سەرى رمەکان بەخوێنێکى گەش سووربوون، پێدەچوو تازە لەجەنگ هێنرابێتنەوە. ژمارەیەک لەشمشێر و مەتاڵ و گورز و کەرستەکانى ترى جەنگیش بەدیوارەکانییەوە هەڵپەسێرابوون. ژوورى سێیەم یەکپارچە وێنەى ئەو کچۆڵانە بوو کەمن لەجێى ئەو هینمکردبوون، سەربارى ئاوێنەیەکى گەورەش کەبەرانبەر بەدەرکەى ژوورى سێیەم هەڵواسرابوو. کاتێک بەرانبەر ئاوێنەکە راوەستام، کاپتنم بینى رووکارى زەردبوو، ردێنى سپى و باڵاى نەوى، ئەو کوڕە باڵابەرزەى پێشووتر نەبوو، زۆر بەزەحمەت ناسیمییەوە، بەڵام دیاربوو چاوەڕێی دەکرد من دەست بەقسان بکەم. هەرچەندە هیچ فرمێسکێکم بەچاوییەوە نەبینى بەڵام گوتم: (- گەورەم کاپتن بۆ دەگریت). زۆر کزۆڵانە تێیڕوانیم، بەشێوەیەک کەهەیبەتى جارانیم لەچاوەکانیدا نەبینییەوە، گوتى:( دەمێکە ئەمە ژوورى گریانمە). کاتێک لەنێو لەپى دەستەراستى وردبوومەوە، ژمارەیەک وردەئێسکم بینى، گوتم:( ئەى ئەو وردە ئێسکانە چین). پاش ئەوەى کەمێک سەیرى وردەئێسکەکانى کرد، گوتى:( ئەوە وردە ئێسکى پەنجە قرتاوەکانى تۆن). گوتم:(گەورەم ئەوە نرخى نییەو گرنگ ئەوەیە تۆ سەلامەتى، ئێستاش ئەگەر رێم بدەن بەدەستى چەپ لەجاران باشتر دەجەنگێم). بەسارد و سڕییەکى بێزارکەرەوە گوتى:( جەنگى چى!؟ ئێمە لەوەتەى هەین لەم کۆشکە چۆڵ و هۆڵەى نێو ئەم بیابانە دوورەدەستەداین). گوتم:( ئەى ئەو هەموو جەنگەى کەکردمان). گوتى:( ئەوە خەونبوو یان گەمەیەک بوو، هەر لەمنداڵییەوە پێى راهاتبووین، من دەبوومە کاپتن و تۆش جەنگاوەرێکى دڵسۆز و ئیدى بەخەیاڵ هەموو ئەوەمان کرد کەکردمان، هەر لەمنداڵییەوە تۆ بەنەخۆشییەک پەنجەکانى دەستەراستت هەڵوەرین و ئیدى لەوڕۆژەوە پێکەوە لێرەدا دەژین). زۆر سەرسام بووم بەوەى کە کاپتن پێیگوتم، نەدەکرا هەموو ئەوەى کەبووبوو خەیاڵ بێت، روانیمە ئاوێنەکە، خۆمبووم لەجێى کاپتن لەئاوێنەکەوە دەمڕوانییە خۆم، لەکاپتن گەڕام لەوآ نەبوو. چوومە دەرەوە و تاوێک بەنێو کۆشکە چۆڵەکەدا گوزەرمکرد، سەیرمکرد دەمێکە شەو بەسەرچووە و واچێشتەنگاوە. بەرانبەر پانتایى بیابانەکە تاوێک رامام، بیرم لەهەموو ئەو جەنگانە کردەوە کەبەخەیاڵ لەبیابانەکەدا کردبوومان، هەروەک ئەوەى بەڕاستى روویدابێت، هێشتاکە رینگەى تیر و دەنگى لێکدانى شمشێرەکان و حیلەى ئەسپە سەرکێشەکانى نێو گەرمەى جەنگەکانم دەهاتە گوآ، لەگەرمەى ئەو خەیاڵانەدا کاتێکم زانى وردە ئێسکەکان لەنێو دەستمدان و بێئاگا گەمەیان پێدەکەم.
ئەو دیو دەرکە کۆنینەکە.
نازانم پاش گەڕانەوەم بۆ چەندەمین جار بوو بەرانبەر دەرکە کۆنینەکە رابوەستم و تێیبڕوانم. تەنها کەللەسەرى کەڵەکێوییەک زیادیکردبوو کەنەمدەزانى پاش سەفەرکردنم کآ ڕاویکردووە و بۆ بەتایبەتیش جیاواز لەشوێنى هەڵواسینى ئەو جۆرە کەللەسەرانە لەدەستەراستى بەشى سەرەوەى دەرکەکەدا هەڵواسرابوو. بێهوودە دەمڕوانییە ئەو دەرکە کۆنینەى کە رۆژگارێکى تەمەنمم لەودیوییەوە بردبووە سەر. هەر لەسەرەتاى گەڕانەوەمدا هەستمکرد نەک هەر لەبەردەم دەرکە کۆنینەکەدا بەڵکو لەکووچە و کۆڵان و شوێنەکانى تریشدا کەس تێمناڕوانێت، هەروەک ئەوەى کەنەمبینن، یان دەیانبینیم و نەیاندەویست خۆیان واپیشان بدەن کەدەمبینن. لەسەرەتادا ئەمەم لاببووە لوغز و پرسیارێکى بێوەڵام، هەتا دواتر و لەئەنجامى مانەوە و گەڕانمدا هەندآ شتى دیکەم بۆ روونبۆوە، گەرچى لەراست و دروستى ئەوانیش بەتەواوى دڵنیانەبووم و نیم. چەندین رۆژم لەچاوەڕێبوونى کەسێکدا بردەسەر کەبمبینآ، تابتوانم پرسیارى لێبکەم، هەرچەندە بەبێگوێدانە ئەوەش هەر پرسیارم لێدەکردن، بەڵام هیچ وەڵامێکم نەدەهاتە گوآ، پیادەڕەوەکان بەخێرایى بەلامدا گوزەریان دەکرد، هەندێکیشیان هەر هەڵدەهاتن، هەموو ئەمانەشیان بەشێوەیەک دەکرد کەقەناعەت بکەم، نامبینن و ئەوان کەسانێکن پەلەیانە یان بۆ خۆیان لەشتێکى نەزانراو هەڵدێن. ئەوە بوو لەبەرەبەیانێکى زوودا کاتێک لەبەردەم دەرکە کۆنینەکەدا راوەستابووم و پێنەدەچوو خەون ببینم، یان بەڕاستى لەوآ نەبم. هەر لەخۆمەوە پرسیارم لەپیرەژنێکى پیادەڕەوکرد کەبەپێچەوانەى هەموو ئەو کەسانەى بەبەردەممدا گوزەریانکردبوو، زۆر لەسەرەخۆ هەنگاوى دەنا و هەر لەسەرەتاى دەرکەوتنییەوە هەستم بەوەکرد دەمبینێ. هەر کەگەیشتە لام پرسیارە دووبارەبۆوەکەى خۆممکرد، کەهەردەم بەو پرسیارەدەستم پێدەکرد و بێوەڵامى هەموو ئەوانەى کەئەو پرسیارەم لێکردبوون واى لێدەکردم کەبەدوایدا هیچیتر نەڵێم: (- ئێرە ماڵى کێیە؟ - ماڵێکى چۆڵە! - ئەى پێشتر ماڵى کێبووە؟ - ماڵى کەس نەبووە! - چۆن ماڵى کەس نەبووە؟ - ماڵى پیرەمێرد و پیرەژنێک بوو، دەمێک ساڵە مردوون. - ئەى کوڕەکەیان چیلێهات؟ - بیست ساڵە لەم گەڕەکەدام و نەمبیستووە منداڵیان هەبووبێت. - ئەى من ناناسیتەوە؟ - من کەس ناناسمەوە). هەر لەخۆمەوە گومانم لەقسەى ئەو پیرەژنە هەبوو، بەڵام چەندم لەخۆمکرد، زاتى ئەوەمنەکرد لەدەرکەکە بدەم یان وەک جاران لەسەر دیوارەکەوە خۆم هەڵدەمە ئەودیوەو بچمە ژوورەوە. لەوکاتەدا نمەى باران تێکەڵ بەفرمێسکە ساردەکانم دەبوو کەدەمێک ساڵبوو هەستم بەبوونیان نەکردبوو. هاوکات بایەکى سارد گەمەى بەگەڵا زەردەکانى درەختەکانى نێو حەوشەى ماڵانى کۆڵانەکە دەکرد کە دەمێکبوو نەمڕوانیبووە وەرینیان. لەو رۆژەدا پێشئەوەى ئەوآ جێبهێڵم، قۆچێکى شکاوى کەللەسەرەکە جودا لەجارەکانى تر سەرنجى راکێشام. کووچە و کۆڵانەکان وەک جاران نەیاندەناسیمەوە و لەپێچ و پەناکانیدا هەستم بەنیگەرانى دەکرد، دڵنیابووم پێشتر هەموو ئەوەى کەئێستا دەمبینى شتێکى تربوون، شتێکى چێژبەخش بوون، بەڵام لەئێستادا هەموو ئەوەى کەدەمبینى بێتامبوو، تەنها شتێک کەوەکجارانى لێدەکردمەوە و بەواتایەک لەواتاکان زیندووى دەکردمەوە بینینەوەى ئەودیو دەرکە کۆنینەکە بوو. هەرچەندە هەستم نەدەکرد زۆر دەمێک بێت ئەو شوێن و جێگەیەم جێهێشتبێت. زۆر جار ئەم قسانەى سەرۆک تیمەکەمانم دەهاتەوە یاد: ( - دکتۆر دەبێت هەموو ئەو شتانەى کەدەیبینیت و ئەوانەشى کەپێى هەڵدەستیت، وەک نهێنییەک لاى خۆتان بیپارێزن. - بێگومان. - دەبێت ئاگادار بیت و ئەوەش باش بزانیت درکاندنى تووشى گێچەڵت دەکات یان رەنگە...). پێشئەوەى سەفەرەکەم دەست پێبکات، لەژوورێکى دوورەدەستى قەراغ شاردا شەوێکم بردەسەر و تارۆژ بۆوە لەتاو سەرما و دەرکەوتنى تارمایى دێڵەسەگێک هیچ نەخەوتم، هەر پێڵووەکانم لێکدەنا دەهاتە پێشچاوم و زمانى بەشێوەیەکى نائاسایى دەهێنایەدەر، گەرچى وەک پەیکەرێک تا لەبەرچاوانم وندەبوو هەر ئاوا دەمایەوە، بەڵام پەیتا پەیتا زمانى ئارەقەیەکى هێجگار بۆن ناخۆشى لێدەچۆڕا. پێشئەوەى قاتە رەشەکەم لەبەربکەم و جانتاکەم بپێچمەوە، ونبوونى گۆرەوییە سپییەکانم لابووە کێشە و تائێستاش لەنهێنى ونبوونى تێنەگەیشتم، شتێکى لۆژیکى نەبوو لەو ژوورە بچکۆلەیەى کەبەئاستەم جێگەى خۆمى تێدا دەبۆوە جووتێ گۆرەوى رەنگ سپى لەرەشایى ژوورەکەدا ونبن، تەنها لەبەر ئەوەى کەسپیبوون دەبووایە بینرابان. بەرەبەیان چەند ئوتۆمبیلێک لەبەردەرکەى ژوورەکەدا راوەستان و بەپێى پەتى پەلکێشیانکردم و بردیانمە نێو یەکێک لەئۆتۆمبیلەکان کەشۆفێرەکەى گزگلێک بوو، بەئاستەم پێشەوەى خۆى دەبینى. هیچ نەترسام و دوودڵیش نەبووم، دڵنیابووم کەئەمەش یەکێکە لەتاقیکردنەوەکانى سەرۆکى تیمەکەمان. بیرم نەماوە چەند جێگە و شوێنمانکرد و لەکوێشەوە چووینە کوآ، پێََدەچوو بەدرێژایى سەفەرەکە خەوتبێتم یان ویستبێتم وەک خەوتوویەک خۆم پیشانبدەم . هێندەم خۆشبوو تا خۆم لەگۆڕەپانێکى گەورەدا بینییەوە، حەشامەتێکى قەرەباڵغ پێشوازییان لەتیمەکەمان کرد و بێجگە لەمن، بەزەردەخەنەوە لەیەکەیەکەى ئامادەبووان وردبوونەوە. کاتێک کەهەموویان دانیشتن تەنها من بەپێوە مامەوە، ژمارەى کورسییەکان هێندەى ژمارەى ئەوان بوو. هەرچەندە بەزۆر زمان لەوێدا قسەدەکرا و هەندێکیشیان یەکەمجارم بوو بیانبیستم، بەڵام لەوە حاڵیدەبووم هەر هەموو ئەوانەى کەدەدوان باسیان لەتاوانێکى ناوازە دەکرد، هەر کاتێکیش باس دەهاتە سەر تاوانبارەکە فۆتۆگرافچییەکان وێنەیان دەگرتم و کەسانى سەر بەکەناڵە جیاجیاکانیش هاوێنەى کامێرا ڤیدیۆییەکایانیان لەروو رادەگرتم . پەیامنێرى رۆژنامە و سپیکەرى کەناڵەکانیش لەکاتى قسەکردنیاندا دەنگیان زوڵاڵتر و قەویتر دەبوو، حەماسەتێکى سەیر دەیگرتن و کەتێیان دەڕوانیم نەفرەت لەچاوەکانیان دەبارى. پرسیارەکان هێندە زۆر بوون، کەبەزەحمەت ئەو چەند کەسەى سەر بەتیمەکەمان بوون و کاریان وەڵامدانەوە بوو، فریا دەکەوتن. نازانم بۆ تاوێک وامهەستکرد لەپەراوێزى هەموو ئەوەدابم کەلەوێدا روویدەدا، بۆ تاوێک وەک ئەوەى لەمابەینى خەوتن و بێداریدابم، خۆم لەهۆڵێکى گەورەدا بینییەوە، خۆم و سەرجەم ئەندامانى تیمەکە دەمانڕوانییە جەستەى کچۆڵەیەکى تازە پێگەیشتوو، پاش ئەوەى راپۆرتێکیان لەسەر حاڵەتى ناوازەى ئەو کچۆڵەیە خوێندەوە و ئاماژەیان بەنەبوونى رێگەچارەکرد، نەشتەرگەریى ئەو حاڵەتە ناوازە و بێچارەسەرەیان بەمن سپارد. کەللەزلێک کەلەدوامەوە راوەستابوو لەناکاو شتێکى پێداکێشام و بێداریکردمەوە، سەرۆک تیمەکەمان لێم نزیک بۆوە و پەڕەیەکى نووسراوى دایەدەستم و فەرمانى پێدام کەدەبێت بیخوێنمەوە، بەهێمنى و لەسەرەخۆ کەوتمە خوێندنەوەى: (بەڕێزان ئەو کچۆڵەیەى کەپێشتر باسى لێوەکرا، تەنها جەستەیەکى ساف و لووسبوو، هیچ کونۆچکەیەکى دەردانى ئارەق و رژێنەکان لەجەستەیدا نەبوو، هەر بۆیە تەنها لەمیانەى زمانییەوە کەبەردەوام لەدەرەوە بوو، وەک دێڵەسەگێک هەناسەى دەدا، منیش پاش ئەوەى لەگەڵى نەگەیشتمە هیچ ئەنجامێک، بێئاگا و بەدەر لەویستى خۆم زمانیم گەست). پاش تەوابوونى قسەکانم، سەرۆک تیمەکەمان بەشێوەیەکى هستیریانە نەڕاندى: (کەس گوێى لەهیچ نەبووە، دەنگهەڵبڕە). چەند جارێک بەدەنگى بەرز هەمان نووسراوم خوێندەوە و بەرووکارى ئامادەبووانەوە دیاربوو کەسیان گوێیان لەهیچ نییە. لەناکاو سەرۆک تیمەکە و چوار کەسى زرتەبۆز لێم نزیکبوونەوە و لەوەدابوو پانتۆڵەکەم دابکەنن، کاتێک هاوارمکرد و گوتم:(مەکەن). سەرۆک تیمەکە بەسەر راوەشاندنەوە گوتى:(ئەوەتانآ دەنگت هیچ عەیبى نییە). ئەمجارەیان بەریتمێکى خێرا و بارێکى دەروونى شپرزەوە نووسراوەکەم خوێندەوە، لەکاتێکدا خۆم گوێم لەهیچ نەبوو، بەئاکارى حەشامەتەکەدا دیاربوو، زۆر بەباشى گوێیان لێمە و سەرسامن بەوەى کەلەزارى منەوە دەیبیستن. لەسەرەتاى سەفەرەکەمدا ئەمە روویدا و پاشان نازانم برامە کوآ و چۆن چۆنى ساڵانێکى ژیانمم بردەسەر، تێکەڵ بەدنیاى خەیاڵ و خەون هەندێک شتم بیر دەکەوتەوە، بەڵام رەنگە بەتەواوى دڵنیانەبم لەوەى کەڕاستە، چونکە هەندێکى هەر بەتەواوى لەخەون دەچێت. بەڵام ئەو ساتەم باش لەبیرە کەلەپاڵ درەختێکى بەساڵاچوودا بەئاگاهاتم و پاش گەڕان و سۆراخکردنی چۆنیەتى گەڕانەوەم بۆ ئەو شارەى کەلێوەى هاتبووم، شۆفێرک کەنەمدەناسى رێگەى پێدام بچمە نێو پیکابە مۆدێل کۆنەکەیەوە و بەڵێنى پێدام بەڕێگەیەکى خۆڵاویدا بمباتەوە بۆ ئەو شارەى کەمەبەستم بوو بۆى بگەڕێمەوە، لەرێگا هیچى لێنەپرسیم و هەر کەگەیشتین، پێش ئەوەى دەم هەڵبێنمەوە و بڵێم پارەم پێنییە، گوتى :( من هەموو رۆژێک لەم کاتەدا دێمە ئەم شارە، تۆش نەبوویتایە هەر دەهاتم، بەئاسوودەیى رێگەى خۆت بگرەبەر و بڕۆ). نەبینرانم لەلایەن خەڵکى شارەوە، لایەنێکى باشى هەبوو، هەر کەبرسیم بووایە بەئارەزووى خۆم چیم پێخۆش بووایە، هەر ئەوەندەى دەستم پێى بگەیشتایە هەڵمدەگرت و دەمخوارد، نەمدەزانى ئاخۆ لەناخەوە پێیانناخۆشە یاننا، بەڕاستى رۆڵى کەسێکى نەبینراویان دابووە من ، گەرچى سەرەتا زۆر نارەحەتى دەکردم، بەڵام پاش ماوەیەک پێیڕاهاتم و ئاسایى بوو بەلامەوە کەسێکى نەبینراو بم. تا لەرۆژێکدا گەیشتمە ئەو یەقینەى هۆکارى ئەوەى کە خۆیان وادەخەنە روو کەنامبینن، ترسانیانە لێم. ئەویش پاش ئەوەى لەنێو ئەو بیناداڕماوەى شەوانە تێیدا دەمامەوە، شێتێکى ناسراوى شارم بینى کەپێشتر دوور بە دوور چەند جارێک بینیبووم، دیار بوو نەیزانیبوو ئەوە شوێنى مانەوەمە، هەر کەبینیمى زۆر شڵەژاو بەپەشۆکاوییە هەستایە سەرپآ و لەوەدا بوو هەڵبێت، بەڵام بەرم پێگرت و گوتم:( بەس ئەوەندەم پێبڵآ دەمبینیت یان نا). ئەوە بوو وەڵامێکى زۆر نائاسایى دامەوە و هەر کاتێکیش کەوەبیرم دێتەوە پێکەنینم دێت، گوتى:( ئەکەر بتبینم لێمدەدەیت یان نەتبینم). ئیدى پاش ئەوەى کەئەو شێتە ئەوەى پێگوتم، زۆرجار بیرم لەوە دەکردەوە تۆ بڵێى لەکەسێکى ئەمشارەم دابێت بەڵام کەى و چۆن، پێش سەفەرەکەم یان دواى سەفەرەکەم، یان ئەوە تەنها قسەى شێتێک بوو، ئەى باشە ئەى ئەگەر لەترساندا نەبێت بۆ خەڵکى شارەکە نامبینن، یان نایەنەوێت بمبینن. گەرچى من پێش سەفەرەکەشم پێوەندیم بەهیچ کەسێکەوە نەبوو، لەشارێکى زۆر دووردا خوێندنم تەواوکردبوو، سەرۆکى تیمەکەشم بەڕێکەوت هەر لەوآ ناسیبوو. رۆژانە دەچوومەوە بەردەم دەرکە کۆنینەکە و بەهیواى کرانەوەى دەرکەکەى چاوەڕآ دەبووم، شەیدا بوونێکى سەیرم بۆ بینینى ئەو دیوى دەرکە کۆنینەکە هەبوو، لەوەزیاتر کەتەمەنێکى منداڵى و هەرزەکاریم تێدا بردبووە سەر، لەوە زیاتر کەدایک و باوکم لەپشت ئەو دەرکەیەوە چاوەڕێى گەڕانەوەمبوون. من هەمیشە ئەو دەرکەیەم وەک دەرکەى بەهەشت سەیر دەکرد، تەنها لەوێدا هەستم بەئاسوودەیى کردبوو، هەستم بەوەکردبوو کەسانێک هەن تواناى ئەوەیان هەیە بەڕاستى منیان خۆش بووێت، منیان بووێت و چەندین شتیتر کەتەنها لەپشت ئەو دەرکەیەدا هەبوو. دەرکەکە بێجگە لەزیادبوونى کەللەسەرى کەڵەکێوییەکە، هیچ گۆڕانێکى بەسەردانەهاتبوو. دواى ماوەیەک لەبینینەوەى رۆژانەى پێى قەڵسبووم و بڕیارمدا لەشوێن خۆیهەڵیکەنم بەڵام هەرچییەکم کرد لەشوێن خۆى بۆم نەبزووا و بەناچارى دەستبەردارى ئەو کارە بووم و جارێکى تر نەمڕوانییە کەللەسەرى کەڵەکێوییەکە، دواتر هەستم بەرانبەرى گۆڕا و بڕیارمدا بەزەییم پێیدابێتەوە، چونکە ئەو هیچ ئیرادەیەکى لەهەڵبژاردنى ئەو دەرکەیەى ئێمەدا نەبووە، ئەمە جگە لەوەى رەنگە هەرگیز بەتەماى ئەوە نەبووبێت بکوژرێت، چجاى کەللەسەرەکەى لەشوێنێکى وادا هەڵبواسرێت. بەڵام شکانى قۆچێکى هەرچەند دەکرا بێهیچ مەبەستێک کەسێک شکاندبێتى بەڵام گریمانەى ئەوەشم دەبینییەوە لوغزێک لەشکاندنەکەیدا هەبێت کەهیچ کاتێک بۆم رووننەبێتەوە. ئیدى من ئەو پیاوە نەبینراوە بووم رۆژانە کاتێکى دوور و درێژم بەراوەستان بەرانبەر دەرکە کۆنینەکە دەبردەسەر و نەمدەویست کۆڵبدەم، لەئەگەرى بینینەوەى ئەو دیوى دەرکەکە، بازنەیەکى ونبوو لەژیانمدا هەبوو، بۆم نەدەدۆزرایەوە، هەموو ئەوەى کەبیرم دەکەوتەوە پاساوێک نەبوون بۆ نەبینەوەى ئەودیوى دەرکەکە. لەکاتێکدا قەناعەتى تەواوم بەو گەمەى نەبینراوییەم کردبوو، بەڵام پێش بینینى ئەو خەونەى کەواى لێکردم بڕیارى جێهێشتنى شارەکە بدەم. شتێکى سەیر روویدا بگرە زۆر سەیریش چونکە تا ئەو کاتەش لەو پیرەژن و شێتە زیاتر کەسى تر نەیویستبوو خۆى وانیشان بدات کەدەمبینآ. لەئێوارەیەکى درەنگ وەختدا کچێکى خوێندکار کەهەمیشە ئەو دەمانەى لەبەردەم دەرکە کۆنینەکەدا رادەوەستام بەبەردەممدا رەتبوو، لەو ئێوارەیەدا جیاواز لەجارەکانى پێشوو کەنەیدەویست بمبینێت، بینمی و زۆر بەهێمنى لێمنزیک بۆوە و بەبێدەنگى رۆژنامەیەکى کۆنى لەبەردەممدا جێهێشت. کاتێک روانیمە رۆژنامەکە بەروارى دەرچوونى و ژمارە و ناونیشانەکەیم بۆ نەخوێندرایەوە، جگە لەکاریگەرى شآ و زەمەن، بەوەدەچوو کەسێک بەئەنقەست سڕیبێتیەوە. بابەتێک کەلەو رۆژنامەیەدا سەرنجى راکێشام، باسى لەدکتۆرێکى نەخۆش دەکرد لەرووى دەروونییەوە، کاتێک کچۆڵەیەک بەمەبەستى عەمەلیاتکردنى دەچێتە لاى، لەئان و ساتێکى نادیاریکراودا دەستدرێژى سێکسى دەکاتە سەر و پاش خوێندنەوەى ئەم هەواڵەو لەشەوێکى ئەنگوستە چاودا، خەونم بەسەرۆک تیمەکەمانەوە بینى، بەتەوسەوە و چەند جارێک ئەم دێڕەى دووبارە کردەوە:( تازە تۆ ئەو دیو ئەویش پاش دوو کاتژێر گیانى لەدەست دەدا و دەمرێت.دەرکە کۆنینەکە نابینیتەوە).
|