١٦\٥\٢٠٢١
ئەوە بۆچی؟!

ئەرسەلان مەحمود
هیچ جۆرە جەنگ بەتایبەت لەم سەردەمە هەستیارەدا، ناتوانێ دنیایەكی
باشتر بهێنێتە دی و دەستەبەر بكات، ئەوانەی چاویشیان لەژیانێكە
شایستەتر، نەتەما لەسەر مەرگی ئەوانی تر هەڵدەچنن و نەماڵوێرانی ئەوانی
تریش شادو خۆشحاڵیان دەكات، ئەمە با ڕون بێت، نەفرەت لەجەنگ، مەرگ بۆ
ئەوانەی لەژێر هەر بڕو بیانوێكدا جەنگ بەرپا دەكەن.
نامەوێ بپرسم ئەوە بۆچی جیهانی ئیسلامی، هەر كاتێك گروپ و دەستەو تاقم
و دەوڵەتێكیان دەكەوێتە پێكدادان و جەنگەوە لەگەڵ ئەوانی غەیرە ئیسلامی،
مەسەلەكە ڕێك دەبەنەوە سەر باوەڕو بێباوەڕی، چونكە دەزانم ئیسلام وەك
ناسیۆنالیزم لەدیدی هەر ئیسلامگەرایەكدا كەوتووەتە پێش نەتەوەگەرایی!!
نە راسیستم و نە ناسیۆنالیست، بێگومان ئەمە بەمانا باوو هەڵخڕێنەرەكەی،
بەڵام كاتێك جەنگ و پێكدادان دەسەپێندرێتە سەر كورد، ئەوە جیهانە
ئیسلامییەكە دیارە کورد لەبەر كورد بوونەكەی، نەك هەر چاوی بەمسوڵمان
بوونەكەشی هەڵنایە، لەبنەوەو لەناخدا كورد وەك جولەكەو ئیسرائیلی
ناوچەكەش دەبینێت، بەڵام ئەوە بۆچی حزبە ئیسلامییە كوردییەكە ناتوانێ
لەوە تێبگا نازانم!!
ئەگەر ئەوانیش هەڵگری هەمان ڕوانگەن و ئیسلام پێش نەتەوە
ناسیۆنالیزمیانە، بۆچی هێزی بەكردەوە ڕاگەیاندنی ئەم هەڵوێستەیان نیەو
دەیشارنەوە، ئەگەر وانیەو وەك ئەوەی خۆیان دەڵێن ئاسایی خودا هەمووانی
وەك یەك خەلق نەكردوە، بۆچی ئەم بابەت و پرسە لەگەڵ جیهانی ئیسلامی
یەكلا ناكانەوەو جارێك لەسەر بێباكی و بێ هەڵوێستیان بەرامبەر بەو
هەموو ستەمە زۆرەی لەكورد دەكرێ تەنانەت لەلێدوان و بەیانێكدا فەرمی
لۆمەیەكیان ناكەن؟!
با پرسیاری ئەوەش نەكەین جەنگە سەپێندراوەكانی سەر كوردو دوژمنەكانی،
لەسەر باوەڕو بێباوەڕییە یان لەسەر ماف و ئازادی وەك پێكهاتەیەكی خاوەن
شوناس و خاك زەوتكراو، هەروەك چۆن با نەچینەوە سەر ئەو پرسیارەش ئاخۆ
جەنگ و پێكدادان و بەردە فڕكێی نێوان فەلەستین و ئیسرائل لەسەر چییە،
چونكە دنیاو جیهانی ئیسلامی بەتایبەتی ژێر بەژێر لەهەر لایەك باشتر
وڵامەكە دەزانێت، بەڵام ئەوەی نایەوێ تێبگاو ئەوەی ناخوازێ بیزانێ،
دیسانەوە حزبە ئیسلامیە كوردییەكەیە، هۆكارەكەش ڕوونە، مەسەلەكە"عیو"ەو
ئەوەی بەلای ئەمانەوە گرینگترینە لەڕاستیدا جیهانە یۆتۆپییەكەیە!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|