٩\٩\٢٠١٠ ئه‌رێ ئه‌وه، دادگایه!؟ یا عه‌نتیکه‌خانه!؟ یا قه‌له‌نده‌رخانه!؟
دارا ئه‌حمه‌د
تشته‌کی به‌ڵگه‌نه‌ویسته - هاوکات ئاساییشه بۆ پێکهاته‌ی سیسته‌می ئێستای جیهان - که دادوه‌ریی و ده‌ستوور و یاسا له سه‌رجه‌می جیهان به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتداران داده‌ڕێژرێن و په‌یڕه‌و ده‌کرێن و تا هه‌نووکه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌ل و ماف و ئازادییه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵ نه‌گونجاون، وه‌لی کاره‌سات ئه‌وه‌یه که له وڵاتێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه - هه‌رێمی سێداره‌ی کوردستان - جگه له‌وه‌ی یاسا و ده‌ستوورێکی ناکۆک و فره کۆنه‌په‌رستانه و به‌رباد هه‌ن.. له جێبه‌جێکردنیشیاندا وه‌ک نووسینی سه‌ر به‌فر له‌گه‌ڵ شاڵاوی هاڵاوی که‌م ده‌سه‌ڵاتترین به‌رپرس ده‌توێنه‌وه و ده‌بن به هه‌ڵم، تا هاوڵاتییان یه‌ک جار مافه‌کانیان پێ وه‌ده‌ستده‌هێن.. ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداران به سه‌دان جار ماف و ئازادییه‌کانی تێکڕای گه‌ل به‌و یاسا و ده‌ستووره دروستکراوه پلاستیکییه‌ی خۆیان له دادگا لایه‌ندار و ناسه‌روه‌ر و ناسه‌ربه‌خۆیه‌کانی خۆیان پیشێل ده‌که‌ن.
• دادگای سلێمانی له رۆژی ١٨\٨\٢٠١٠ له دادگاییه‌کیدا (بورهان حه‌مه‌خان)ی له‌سه‌ر تاوانی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی (ره‌گه‌زنامه) بۆ ماوه‌ی چوار مانگ به‌ند کرد. به‌ڵام پاش ناره‌زایه‌تیی ده‌ربڕینی چه‌ندین رێکخراو و بنه‌ماڵه‌ی بوڕهان حه‌مه‌خان و پاش پتر له بیست رۆژ به‌ندکردنی، مه‌سعود بارزانی به هۆی ئه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته یاساییه نایاسییانه‌ی به‌خۆی داوه به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ داداگا و به بڕیارێکی لێبووردنی تایبه‌ت بوڕهان حه‌مه‌خانی ئازاد کرد!!!!
ئه‌وه ده‌بێ چ یاسایه‌کی عه‌نتیکه بێ که له‌سه‌ر نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی (ره‌گه‌زنامه) که‌سێک بۆ ماوه‌ی چوار مانگ به‌ند بکا! ئایه ئه‌و یاسایه نه‌یده‌توانی له ماوه‌ی یه‌ک کاتژمێر (ره‌گه‌زنامه)یه‌کی بۆ ده‌ربکا و کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکا به تایبه‌تیش بۆ دۆسیه‌ی که‌سێکی وه‌ک بوڕهان حه‌مه‌خانی پێشمه‌رگه‌ی دێرین که تاقانه‌ی به‌جێماوی بنه‌ماڵه‌یه‌که ده که‌سیان لێ ئه‌نفال کراوه.. هه‌ر زۆر ئاسان و بێ گرفت ده‌تواندرا زانیاریی پێویست بۆ دروستکردنی به‌ڵگه‌ی (ره‌گه‌زنامه) وه‌ده‌ستبهێندرێ.
ئه‌دی ده‌بێ مه‌سعود بارزانی بۆ خۆی له هه‌موو شتێک هه‌ڵبقورتێنێ و قه‌ره‌قۆشییانه هه‌موو بڕیارێک له‌ده‌ست ئه‌ودا بێ و به بێ ئه‌وه‌ی دادگایه‌کی پێداچوونه‌وه بۆ ئه‌و دۆسیه دابمه‌زرێ هه‌ر ته‌نیا خۆی ببێته دادوه‌ر و به ئاسانیی بڕیاری ئازادکردنی بدا. ئه‌رێ ده‌بێ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی و دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێم کاریان چی بێ، ئایه ده‌بێ تا که‌نگێ له‌به‌ر ترسی نانبڕین و کارکه‌نارکردنیان نه‌وێرن بڵێن مه‌سعود بارزانی ئه‌وه کاری تۆ نییه و بوه‌سته، نابێ له‌مه‌ودوا هه‌موو یاسایه‌کان بۆ خۆت قۆرخ بکه‌ی و به ئاره‌زووی خۆت بڕیار ده‌ربکه‌ی!؟
• وه‌ک لای هه‌مووان ئاشکرایه پاش ئه‌وه‌ی (قادر عه‌زیز)ی حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان وه‌ک پارتێکی به‌رهه‌ڵستکار دژ به ده‌سه‌ڵات (قوته‌قوت)ێکی ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ویش له به‌رابه‌ر ئه‌و تێکۆشانه‌ی که پێشتر هه‌یبووه وه‌ک پارتی و یه‌کێتی پشکێکی هه‌بێ له ده‌سه‌ڵات، پارتی به هۆی توانسته مادییه‌کانی - که سامانی گه‌له و داگیری کردووه - ئه‌ندامانی بیرۆی سیاسیی زه‌حمه‌تکێشانی به‌لای خۆیدا راکێشا و حیزبه‌که‌ی لێ که‌رت کرد. ئیدی به هۆی نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی یاسا له دوو بڕیاری رۆژى (١٩\۴\٢٠١٠)ی دادگای به‌رایی سلێمانی و رۆژی (٢٥\٨\٢٠١٠)ی دادگای باڵای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان مافی به‌کارهێنانی ناوی حیزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له (قادر عه‌زیز) قه‌ده‌غه‌کرا.
هه‌رچه‌نده (قادر عه‌زیز و زه‌حمه‌تکێشان)یش جوایه‌زییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی.. ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ که بۆ به‌ڕێکردنی سیاسه‌تی خۆیان و به هۆی لاوازییان به‌رانبه‌ر به پارتی و یه‌کێتی هه‌ندێک جار دروشمی خه‌ڵکی نه‌دار و دروشمی نه‌ته‌وایه‌تیانه‌تریان به‌رز ده‌کرده‌وه، به‌ڵام کێ هه‌یه ئه‌وه نه‌زانێ - وه‌ک ئه‌وه‌ی که بارزانی واتا پارتی یان تاڵه‌بانی واتا یه‌کێتی - قادر عه‌زیزیش واتا زه‌حمه‌تکیشان! ئه‌گه‌ر ململانێی سیاسیی نه‌با هه‌رگیز ئه‌و دادگا ناسه‌ربه‌خۆیه وای به‌سه‌ر قادر عه‌زیز نه‌ده‌هێنا.
ئه‌دی نازانین ئه‌و دادگا و دادورییه له‌کوێ بوو که ساڵ و نیوێک پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و دوا بڕیاره‌ی ده‌ر بکا باڵه جوادبووه‌که‌ی بیرۆی سیاسیی به شێوه‌یه‌کی نایاسایی ناوی زه‌حمه‌تکێشانیان به‌کار ده‌هێنا و هه‌ر به شێوه‌ی نایاسییش بودجه‌ی ساڵانه‌ی حیزبی زه‌حمه‌تکێشان له‌سه‌ر قادر عه‌زیز بڕا بوو و ده‌درا به باڵه‌که‌یتر! به‌ڵام ئه‌و دادگا و دادوه‌رییه عه‌نتیکه‌یه له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی پارتی نوقه‌ی له‌خۆی بڕیبوو!
• دادگای باری کەسێتی هه‌ولێر له دادگاییه‌کیدا (هەڵکەوت زاهیر)ی بە بڕی هەشتا هەزار یۆرۆ سزا دا، ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که گوایه هه‌ڵکه‌وت زاهیر سیناریۆی (بڕوا ته‌ها)ی ده‌رهێنه‌ری له گۆرانییه‌کی لۆکه زاهیر به‌کارهێناوه که پێشتر بڕوا ته‌ها بۆ گۆرانی ( شێتی)ی هونه‌رمه‌ند (باخان)ی ئاماده‌کردبوو. ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش ده‌بێ تا (٢٥\١٠\٢٠١٠) بدرێته بڕوا ته‌ها.
هیچ که‌سێکی دڵسۆزی هونه‌ر و کایه رۆشنبیرییه‌کان حه‌ز به‌وه ناکا و نایه‌وێ هونه‌ری میلله‌ته‌که‌ی مامه‌له‌ی پێوه بکرێ، وه‌لی له سایه‌ی لایه‌نه به‌رپرسه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌که‌ی کوردستان هونه‌ریش وه‌ک هه‌موو بواره‌کانیتر له‌نێو گه‌نده‌ڵییدا نوقم بووه، ته‌ماشا که‌ن چۆن کۆمه‌ڵێک بازرگان یاری به هونه‌ری کوردی ده‌که‌ن و بزانن ئاستی هونه‌رمه‌ند و مۆسیقاکاره‌کانمان له کوێییه و هه‌روه‌ها دادوه‌ر و دادوه‌ریی کوردستان له چ ئاستێک دان!
باشه ئه‌گه‌ر یاسا و رێسا و دادوه‌رییه‌ک رێگه‌ی خۆش نه‌کردبێ کاربه‌ده‌سته گه‌نده‌ڵه‌کانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی و دزه هونه‌رییه‌کان به ئاسانیی به سه‌دان هه‌زار یۆرۆ بدزن ئێستا چۆن ناچار ده‌بوون سزای به هه‌زاران یۆرۆ له‌سه‌ر دزینی سیناریۆی یه‌ک گۆرانی به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵکارێکدا بسه‌پێنن؟! باشه ده‌بێ ئه‌و دادگا عه‌نتیکه‌یه - ئه‌گه‌ر به پیلانی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌که‌وتبێته گه‌ڕ - له خۆی نه‌پرسیبێ هه‌ڵکه‌وت زاهیر کوو ئه‌و بڕه پاره زۆره‌ی پێ ده‌درێ.. یان ئه‌گه‌ر پێی ده‌درێ له کوێی بوو، ئایه به فرۆشی مۆسیقایه په‌ڕپووته‌که‌ی په‌یدای کردووه یان ده‌سه‌ڵات بۆ به‌کارهێنانی له مه‌رامه سیاسییه ته‌سکه‌کانی خۆی له خه‌زێنه‌ی گه‌ل ئه‌و پاره‌یه و زۆر پتریشی پێی داوه به‌ڵام ئێستا خه‌ڵکیتری له بابه‌ت (هه‌ڵکه‌وت زاهیر)ی زۆره و پێویستیی به‌و نه‌ماوه.
سه‌یرکه‌ن چۆن ئه‌و بڕه پاره بێ ئه‌ژماره له‌نێو گه‌نده‌ڵکاران مامه‌ڵه‌ی پێده‌کرێ که‌چی له‌و لاوه به هه‌زاران خێزان بێ خانوو و بێ کاره‌با و بێ ئاو و بێبه‌ش له هه‌موو مافه سه‌ره‌تاییه‌کان ژیانیان ده‌گوزه‌رێنن و به ده‌یان کێشه‌ی وه‌ک تیرۆری سۆران و سه‌رده‌شت و به هه‌زاران کێشه‌ی باری که‌سیی - که لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونیان حیزب و خێل و بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌که‌دار ده‌که‌ن - هه‌ڵپه‌سێردراون و دادگا و دادوه‌رییش ملکه‌چانه مته‌قیان له‌خۆیان بڕیوه!
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێ له هه‌ر هاوڵاتییه‌ک و له هه‌ر که‌سێکی ئازادیخواز بپرسم: (ئه‌رێ ئه‌وه، دادگایه!؟ یا عه‌نتیکه‌خانه!؟ یا قه‌له‌نده‌رخانه!؟). ئه‌من دڵنیام ئه‌گه‌ر قیچه‌ک به هووردیی و قیچه‌ک ئازادانه له یاساکانی کوردستان هوورد ببنه‌وه و به چاوێکی لۆژیکییانه له‌و داده‌وه‌رییانه رابمینێن که له دادگاکانی کوردستان ده‌گوزه‌رێن.. له وه‌رامدا پرسیاری یه‌که‌م (ته‌رک) واز لێده‌هێنن و بۆ ئه‌وه‌ی دووه‌م و سێیه‌میش هه‌ر کامیان ئاره‌زوو بکه‌ن هه‌ر راست ده‌رچێ!
٩\٩\٢٠١٠
|