په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٠

    ئەوە منم...

  روخسەت لە ناڵینەکانم دەخوازم و ھەردێمەوە بۆلات.


رۆژ ھەڵەبجەیی

مەرەکەبی ئەم قەڵەمەم لە ئاست ناڵینا دائەچڵەکێ...
ھەر خەون دەبینم و قفڵ ئەدرێ
ھەر چاو دەکەمەوە و ماندووبوونی تیا ئەچەقێ...
ھەر دەست بۆ ژیان رادەگرم و
پێناسەی مەرگم پێ دەڵێ...
ئەو پێی وتم:- تۆ نەوتوانی دڵێک بەدەست بھێنی...
ئیتر بۆ پرسیار دەکەیت؟!
من وتم:- دڵ ئەشێ پیاوێک بێ لەقەڕنی بەرد،
بچێتەوە سەر کاڵفامی...!
ئەشێ باخچەیەکی پیربێ، بچێتەوە سەر بێدەنگی...
ئەشێ دڵۆپێک شیعربێ، بچێتەوە سەر تەنھایی...
ئەشێ خاک و خۆڵی نیشتمان بێ،
کە بەگەورەیی دەچینەوە مناڵدانی...!!
لێ گەڕێ لەدڵ.. من ھەموو ئومێدیک
بەناو داڵانە نسرمەکانی تەنیایی بەناو ژوورە مەکربازەکانی تەنیایی
وەک کتێبێک موتاڵا دەکەم،
بەڵام کەدەبینم نەوڕەسێک خۆی ئینتیحار دەکا،
بەدەریا دەڵێم گەر عاشق بویتایە،
لەسەر شەپۆلەکانت نەدەنوسرا،
ھەموو مەخلوقێک قەرزارە بەخنکان...
کە کۆترێک دەبینم شاباڵی خۆی ھەڵدەکەنێ،
بەھەموو منارەی مزگەوتەکان دەڵێم:- ئێوە چۆن دڵێکتان ھەبوو،
ھەموو شتێکی دەبینی بێجگە لەخوا...!
کە کەنارییەک دەبینم گەروی خۆی دەقرتێنێ،
بەھەموو درەختەکان دەڵێم:- ئەگەر عاشق بونایە
قەفەس چۆن دەبوویە ناسنامەی چڵتان...؟!
    *   *   *
ئەم ھەموو ناڵینە لەژێر پێستما سەما دەکا،
بۆیە دەجەنگم، بۆیە ئیرەیم باڵدەگرێ...
دەڵێم وەرە بۆلام، با لەم یارییە جوانەدا
کەپێی دەڵێن عیشق نەودۆڕێنم
ئاخرکەی عیشق براوە بووە؟!
عیشق گەمەیەکە مناڵانە گەر نەڕوخێ،
مناڵی لەزەتێکە لەبار ئەچێ...
ئاگرێکە گەر کڵپەکانی نەبنە تۆز،
لەسەر لەپی ئاوا بۆ ئەبەد دەخەوێ...
پەپوولەیەکە گەر بیەوێ براوەبێ، چرا دەیکوژێ...
گوڵێکە گەربیەوێ تاسەر گەشاوەبێ،
لەسەر شانی(با) تەرمی خۆی دەبینێ...!!
من بەم ھەموو قوڵی ناڵینەوە بەردەبمەوەو
بەڕوخستەکانی شەڕەوە دێمەوە بۆلات...
مەڕۆ... بەلای جۆگەیەکی پیریدا مەڕۆ،
کە ئاوێکی تەمەڵی تیا خەوتووە...
ئاخر جۆگەی پیرو ئاوی تەمەڵ
گەمەیەکیان پێ نییە بۆ ئاشتی و شەڕ...
بەلای ترپەی دڵی درەختێکا مەڕۆ،
نیوەڕۆیەکی تیایە پڕە لەدوو دڵی...
ئاخر ترپەی دڵی درەخت و نیوەڕۆ
ئاوێنەی ھیچ شەڕێکیان پێ نییە،
بۆ ئارایشت بوونی ئاشتی...!
بەلای کانییەکی جرپندا مەڕۆ،
کەزیخ و چەوە ھارەکانی دەوباتەوە،
بۆلای سەتڵێک سەراب...
ئاخر کانی جرپن و سەتڵێک سەراب
ناوەندی ھێڵێکیان نییە نەشەڕ، نەئاشتی...!!
تەسلیم بە بەمن تەسلیم من ئەگەر شەڕیش بم
ماڵێکت بۆ ئاوەدان دەکەم،
پڕبێ لەھەنسکی ھەور،
چونکە گریانی ھەور یانی:- سەرپۆشی چەم و کانی و
پشتوێنی جۆگەلە...
پڕبێ لەجریوەی باڵ،
چونکە رژانی باڵ یانی ئاسمانی دارستان و
شنەی باو وتەی ھەتاو...
پڕبێ لەتوحفەی ئینجانە
چونکە رۆحی ئینجانە یانی فەرمودەی گوڵ،
لەکەنارەکانی بەھارستان و
لە ئاستانەی باران...
ئەی گەمە جوانەکە ئەوەمنم روخسەت،
لەھەموو شەڕەکانم دەخوازم و
ھەردێمەوە بۆلات...
    *   *   *
من گەرەکمە روخسەت لەناڵین وەرگرم و
ئەندێشەیەک وێناکەم...
نەچێتەوە سەر ژمارەی حوزن و
ناڵین جگەرەی عومرم نەکێشێ...
کەچی لەدوایین ئەندێشەدا ھەر دەچمەوە،
سەر کەڕەتی حوزن و دەرزەنێک ناڵین...
یەکەم ناڵین:- لەکاتێکدا(با) مەلە دەکا،
لەگەوجی گەردەلوولا،
لەگەرووی شمشاڵەوە ناڵین شەپۆل ئەدا...
پێم وت:- ئەم قەترەی ناڵینە لەقوڵایی چ ئاسمانێکەوە و
لەباوەشی چ خاچێکدا بەردەبێتەوە...
شمشاڵ وتی:- لەمەزراکانی سەمەرقەندەوە،
ئەوکات کچە قامیشێک بووم،
تەیمور لەنگ ھات و روتی کردمەوە و
جەستەی ئەنفال کردم و
ماڵە مۆرەکانی کچێنیمی بەتاڵان بردو
بەبستێک لەکفری شمشێرەکەی،
قیژەی رۆحمی قرتاند...
ئەوە سەربوردەی ناڵینمە، ناڵین...!!
دووەم ناڵین:- چ یاسای جەنگەڵێکە پەنجەرە دەناڵێنێ
ئەوە سەفەری عیشقێکی ناکامە،
ناخودا ئەشێ ئەو پەنجەرەیە شاژنە درەختێک بووبێ،
میراتی مردن ھەڵی پاچیبێ...
لەوەئەچآ ھێلانەی چۆلەکەیەکی ھەتیو،
لەھەناویا جێمابێ،
یان چەھچەھەی بولبولێکی حەزین،
لەدەماریا رۆچووبێ...
بۆیە دەچێتەوە سەر ناڵین...!!
سێیەم ناڵین: وای لەسوری لێوی شاتوو،
لە گەردنی زەردی ھەرمێ
لەشاڵە رەشەکەی سەرشانی ترێ و
لەپێڵاوە دڕاوەکانی ھەنارو
لەستیانە نارنجییەکەی قەیسی و
لەکوڵمە سورو سپیەکانی سێو...
گوێم لەچرپەیانە دەناڵێنن...
وەک ناڵینی لێوی شاتوو کە بەدەست
دارلاسیکی مناڵێکی چەتونەوە دەبورێتەوە...
وەک ناڵینی ھەناوی ھەرمێ کە بەدەست خانمێکی عیلم بازەوە،
دەچێتەوە سەر فەلسەفەی مرەبا...
وەک ناڵینی پیاسەی ترێ کە لەسەحرای کوپەڵەیەکدا،
رێ دەرناکاو دەچێتەوە سەر سەفەری وەرین...
وەک ناڵینی ھەناسەی ھەنار،
بەنوکتەی چەقۆیەکی شەھوەتبازەوە،
دەچێتەوە سەر کڕیوەی خوێن...
وەک ناڵینی ستیانە نارنجییەکەی قەیسی،
لەکۆلانی گوشینا، ئەوەندە فاتیحە لەیەخەی ئەدرێ
ھەتا دەگاتە عیشوە عەیارەکانی نانەقەیسی...!
وەک ناڵینی لەرزوتای سێو کە دائەچڵەکێ،
ئەوەندە گوناھی لێ بەرز دەبێتەوە،
چۆڵ دەبێت لەتەماشاو
زرم دەکەوێت بەسەر مەرگا..!!
چوارەم ناڵین:- لەتەنکترین جوانییاو لەشیفۆنترین بارانا
پارکێک جریوە دەچێتەوە سەر ئافاتی ناڵین
لەو شوێنەی گەڵای درەخت ھەناسەی تەنگەو
ئیشتیھای ئاو زبرترین تراویلکە
لەوکاتەی خەیاڵی باڵ قاقرەو
نەشئەی فڕین پیادە...!!
پێنجەم ناڵین:- چ تەسلیمی ناڵینێکە چراچاوی دەچێتەخەو
ئەوە ئیحای عیرفانێکە بەناڵینەوە تاریکی دەجوێ...
تا دڵۆپەی رووناکی لەخەڵوەتا پیر نەبێ،
تا مەرحەمەتی دەستەکانی،
لەنزایەکی ئاوییدا باوێشک نەدا...!
شەشەم ناڵین:- چ دەھشەتی ناڵینێکە
ئێوارەیەکی بچووک سەرم لێ ئەداو
لەوێڕا بەلووتی حەپەسانەوە، شوشەی زەردەپەڕ دەشکێ و
بەباڵەفڕی بیستنەوە مانگ، لەسەر بەرماڵی
تریفەوە نوێژ دەکاو
بەدەزوولەیەک بینینەوە، عەتری خوا بۆندەکەم و
بەئاوڕدانەوەیەکی شەلیشەوە، شیعر دەمنووسێ...!!
حەوتەم ناڵین:- شەڕ ئاوێنەیەکی کەڕوڵاڵە ئاوس بەدۆڕان
من ھەر تەماشای دەکەم،
رۆحم رۆژووی ناشکێنێ
من ھەر تەماشای دەکەم،
ئیعرابی گریانێک ناکا
کە مناڵیم ئومێدی بووکە شووشەیەک خواردی،
کە گەنجیم لەتەنیایدا راکشا...!!
ھەشتەم ناڵین:- پروشە فرمێسکی پەیکەرەکەی ئۆسکار وایڵدە
کەدای لەپەڕەسێلکەیەکی کۆچەری،
قریوەی تەڕبونێک لەچەتری باڵەکانییەوە نەڕووشا،
وەلێ دڵی دلۆڤانی خوساندو
دەقیقە لەتەکانی تەمەنی،
بۆھەر نەدارێک کردە کانی ھەڵقوڵاوی خۆشەویستی
لەڕێی ئەو ناڵینەوە تەریقەتی شەھید بوونی ھەڵبژاردو
زمڕوت و یاقوتی ئەو پەیکەرەی،
کردە لێوڕێژی ژیان...!!
نۆیەم ناڵین:- ھەیبەتی ھاوارێکە، پڕە لەدەمەداسی پرسیار
چ نمایشی ناڵینێکە،
گەر دیوار بەپێوە لەدایک نەدەبوو
بوونی زیندان چ مانایەکی دەبوو؟؟
گەر ھەمووکات حەوشەی ئاسمان مانگەشەوبێ
ئیتر تاریکی لەکوآ بنوێ؟
گەر باران و تیشک ھاوسێ نەبوونایە،
رێگەوبانی درەخت دەکەوتە کوێ؟
گەر ئاژاوەی ئاو تەرمی خۆی نەناشتایە
دوگمە سەوزەکانی چیمەن،
لەکوێ واز دەبوون و
لەبەر ھاژەی ئۆرگازما چۆن رادەکشان؟!
دەیەم ناڵین:- دەستم پڕە لەقاقایەکی تاڵ و
گەرووم ماسکە بەدووکەڵی ئەنفال
ئەنفال مێخەکی لادێیەک بوو
تەجرید لەڕەونەقی رەنگ و
ھەناسەسوار بەکوشتنی ئینجانەیەک...
جۆلانەی مناڵێک بوو
تەجرید لەئاسەواری گڕوگاڵ و
لەئاخەلێوەی لای لایە...
ئەنفال سەعاتی مەچەکی کچێک بوو...
تەجرید لەھاتوچۆی چرکە،
کاڵبوونەوە لەھەژانی دەقیقە...!
درزی پەچەی ژنێک بوو
پڕ لەشەرەفی قامچی و
تەجرید لەھەموو قوڵپێکی جوانی
کە گۆران بووە دیلی...!!
ئەنفال چاویلکەی لاوێک بوو
تژی لەحەپەی حەجاج و
تەجرید لەناسنامەی خوا...
گۆچانی پیرەمێردێک بوو
سیخناخ لەفەتوای ریش و شمشێر،
تەجرید بەسەر گوزشتە!
یانزەیەم ناڵین:- چ کارەساتە بیرمان
بیری پەپولە پایزەیەک بێ بۆعاتیفە
چ ئینقیلابی ناڵینێکە،
رەنگمان لە پەپوولە پایزە بکا...
پەپوولە پایزە وێڵگەردە لە عیشقا و
دەچێتەوە سەر عیشقی نەزۆکی(با)
دوانزەیەم ناڵین:- حەقیقەت کەی روانینی ھەنگاوەکانی
بۆ ژووانی مۆمێک دەچێت؟
کە ھەردەم ھێشووە گومانێک،
بەدیواری ئاسمانەوە دەلەوەڕێت...
ئەی ئاسمان لەجلیوەی ناڵینەوە
ئەستێرە بکەرە سەرین و
مانگ بەدۆشەک...
با تاریکی لەباوەشتا فێری ئەوەبێ
مەتارەیەک تیشک بخوا...!!
    *   *   *
نازانم چۆن نەمردم لەتاو ژمارەکانی ناڵین و
لەدوێنێی نیشتمان کەتووشبوو بەعەسکەرتاری و
لە ئەمڕۆی نیشتمان کە نەخۆشە بەتیراویی تیرۆر...
ئەوەمنم لەھەموو ناڵینەکان دەبوورم و
ھەردێمەوە بۆلات...
ئەی گەمە جوانەکە، ئەی عیشق...
دەگەڕێمەوە بۆلات و بەلاستیکی عاتیفە،
ھەموو ناڵینەکانم دەسڕم و
ماڵێکت بۆ چێدەکەم، تێکەڵ بێ لەشەڕو ئاشتی...
با یاری مناڵان و کڵپەی ئاگرو
جەبەروتی ئاو گوێیان لێ نەبێ،
چونکە ئەگەر دڵیشیان ھەبێ،
ھیچ لەعاتیفەو عیشق تێ ناگەن...
باچراو گوڵ و پەپوولەو شەمە نەفەرەکانی(با)
بەچرپەکانی عیشق نەزانن،
چونکە عیشق رەھا نییە لەلایان...
با جۆگەی پێخاوس و نیوەڕۆی راڕا
پرسیار نەکەن لەعیشق
چونکە عیشق دڵی خوایە، تەفسیر ناکرێ...
با(کانی) چرپن و سەتڵێک سەراب
ئاوڕنەدەنەوە لەعیشق
چونکە عیشق شەڕێکی بەردەوامەو
ئاشتی پێشەکی بۆ دەنووسێ!!
ئەی گەمە جوانەکە، ئەی عیشق...
ئەوە منم رۆحێکم ھەیە لەموناجات
روخسەت لەناڵینەکانم دەخوازم و
ھەردێمەوە بۆلات...!!

ماڵپه‌ڕی رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی