٢٨\٩\٢٠١٨
ئەوە
نادیموکراسیانەیە کە دیموکراسی زیاترت بوێ؟

سالار حهمهسهعید
ئەو ناونیشانەی سەرەوە سەردێری رۆژنامەیەکی بەریتانییە، تێگەیشتنی
جۆراوجۆر دەکرێ بۆ ئەم سەردێڕە بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگی ھەیە ئەوەیە کە
وشەی دیموکراسی لێرەدا وشەیەکی کلیلییە. بەڕای من ئەم سەردێڕە وەک
ھۆشداری دانێکە بە زۆرینەی خەڵک کە لە ژێرەوە خەریکە دەنگیان
بەرزدەبێتەوە و لێرەو لەوێ قسە دەکەن گلەیی وگازەندەیان ھەیە.
ھۆشداریەک کە ئەم باڵە لە نوێنەرایەتی بۆرژوازی یەوە دەیەوێت بیگەیەنێ
ئەوەیە کە نابێت چاوەڕوانی زۆرتان ھەبێت لە دیموکراسی لەوەی کە ھەیە و
لەوەی کە پەیوەندی بە زۆرینەی خەڵکەوە ھەیە. خەڵکینە دەبێ بزانن کە
دیموکراسی تەنھا لە یەک شت دا مانا دەدات بۆ ئێوە ئەویش دەنگ دانە.
تەنھا یەک ئەرک تان ھەیە و بەس پاش دەنگ دانەکەتان ھەمووتان بڕۆنەوە
ماڵی خۆتان و تا چوار ساڵی تر باس لە دیموکراسی مەکەنەوە، ھەمووی
بەخۆمان بسپێرن. ئەڵبەتە بۆرژوازی دەیەوێ دیموکراسی بە مورادیفی ئازادی
بەکارببات و بیدات بەگوێماندا کە دیموکراسی یانی ئازادی. ئەوە نیە دەنگ
دەدەن بەو کەسەی کە دەتانەوێ دەسەڵات بگرێتەدەست، ئەی ئەوە ئازادی نیە؟
ئێوە ئازادن لە ھەڵبژاردنی ئەو حزب و کەسەی دەتانەوێت حوکمتان بکات.
زۆر میھرەبانن سەرپشکمان دەکەن کە کێ ھەڵبژێرین، لە نێوان خراپ و
خراپتر و خراپتریندا. دەخالەتی خەڵک لەم پرۆسەی دیموکراسیەدا تەنھا
ئەمە یە و لێرەدا کۆتایی پێ دێت. ئیتر باقیەکەی و خێرو بێرەکەی
کەمایەتیەکی کۆمەڵگا دەیدروێتەوە کە نە لەدوور و نە لەنزیک پەیوەندی بە
بەرژەوەندی و خواست و داواکاری خەڵکی بێ دەرەتان وھەژارو کەم دەستەوە
نییە.
ئەڵبەتە سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی ئەم پرۆسە دیموکراسیە حزبەکانی
دەکاتە حوکمڕەوا، بەڵام پرسیارێکی گرنگ لێرەدا دێتە پێشەوە: ئەم باسە
لەچیەوە ھاتووە، بۆ نابێ پێمان لە بەڕەکەی خۆمان زیاتر ڕاکێشین؟ بۆنابێ
داوای زیاتر بکەین؟ ھەموو ئەم باسانە لەپەیوەند بە ریفراندۆمەوە بووە،
کە ئایا ریفراندۆمێکی تر بکرێتەوە یان نا؟ لەبەرئەوەی حزبی کۆنسێرڤەتیڤ
گەیشتۆتە بن بەست و تەواوی ڕێگەکان تروسکاییان تیدانەماوە ناچار ئەم
مەسەلەی ریفراندۆمە دووبارە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا برەوی پەیداکردوە
و بە گەرمی باس لەکردنەوەی دەکرێت. جا لەبەرئەوە ھەندێ لە دەمڕاستەکانی
بۆرژوازی دەڵێن خەڵکینە ئێوە کاری خۆتان کرد و ئازادیەک کە ئێمە پێمان
داون لەسایەی سیستەمە داد پەروەرەکەمانەوە کە دەنگدانە و بەشداریکردنە
لە ریفراندۆم تەواو بوو و کاری خۆتان ئەنجام دا و چیدی پێویست ناکات
داوای دیموکراسی زیاتر بکەن . کەواتە دیموکراسی زیاتر یانی
ریفراندۆمێکی تر کە دەڵێن ئێمە بەباشی نازانین و داوای مەکەن. ئەڵبەتە
ئەمە قسەی ھەموو باڵ و لایەنەکانی بۆرژوازی نییە.
ماڵپەڕی سالار حەمەسەعید
|