په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئێوەش دەگۆڕین!

سەلام عەبدوڵا

مارکس دەڵێ: (فه‌یله‌سوفەکان تاکو ئەمڕۆ جیهانیان تەنها بە شێوەى جۆراوجۆر راڤەکردووە، بەڵام مەسەلە گرنگەکە ئەوەیە، بگۆڕدرێ.)


ئێوە 18ساڵە بە پارتی و یەکێتی بە باڵەکەی گۆڕانیشیەوە، وەزیرو ئەندام پەرلەمان و بەرپرسی یەکەم بوون و هەموو دەسەڵاتێکتان هەبووەو لەهیچتان کەم نەبووە بۆ ئەوەی هەنگاوگەلێک بە ئارەستەی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بنێن، بەڵام نەک هەر دەسەڵاتەکەتان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکرد، بەڵکو بەکردەوە لەسەر ئاستی بازاڕ کە ژیانمان رێکخدەخات، بنەماو پەیوەندییەکی ئابووری چینایەتی بێویژدان وکەرامەتشکێن دژ بە مرۆڤە چەوساوەکان دامەزراندو هەر بەخۆتان و دەستوپاکانتانەوە کەرتە جیاجیاکانی بەڕێوەدەبەن و گەشەیانپێدەدەن و لە تەکیدا دەستی کۆمپانییە بانناسیونالەکانتان گرتووەو سەرووەت و سامانە سرووشتییەکانمان بەنرخی قەزوان پێیان دەفرۆشن، کەچی پاش ئەو هەموو ناعەدالەتی و گرانی و گەندەڵی و دزی و جەردەیی و پشتگۆێخستن و سوکایەتیکردن بە داخوازییەکانی خەڵک و بە بۆچوون و هەڵویستی رەخنەگرە دڵسۆزەکان کە چاوەڕوانی پارەوپول و پلەوپایەی ئێوە نەبوون و نابن، ئێستا بە دیماگۆگییەی لەبەرچاو وبەبێ شەرم خۆتان کردووە بە شۆڕەسواری عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بۆ تەفرەدانی خەڵک جارێ بە بەڵێن و جارێکی تر بە بەرتیل یان بە(دەمانچە)، لێرە بە درۆکردن و لەوێ بە وتاردانی ئاگری، دووبارە خەریکی سواڵکردنی دەنگی هەژارەکانن: بەراستی دیمەنێکی زۆر پێکەنیناوی نمایش دەکەن و کەس ئیرەییتان پێ نابات.


ئیمڕۆ لە کەلار کاک عوسمانی حاجی محمود باسی بەدەنگهاتنی داخوازییەکانی خەڵکی کردو لەبیری چوو کە بەخۆی وەزیری ناوخۆ بوو و پۆلیسەکانی بە فیشەک رووبەڕووی داخوازی خۆپیشاندەرەکان بوونەوە کە بریتی بوو لە دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی. ئەمە وەک هەڵویستی ئەو برادەرانەیە کە پرسەباری خۆیان بۆ تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە دەردەبڕن، بەڵام بەخۆیان مافی ئازادی بیروڕای زیندوان، سەردەبڕن و دەسووتێنن!


لە سایتی چاودێر(23/7/2009)، نووسراوە: (یەکێتی حزبێکی زیندووەو لە گەندەڵەکان پاکبۆتەوە)،
ئێوە 18ساڵە قوتی خەڵک دەخۆن و خۆتان کەڕو کوێر کردووەو بە هەژاران دەوت(تەمەڵ، سەگ و زۆر شتی تریش....خەڵکتان لەبەر دەرگاکانتان رادەگرت و بە پرسگەکانتان دەوت: پێیان بڵێن، لێرە نییە!
18ساڵە زەوی بە کوڕە جاش و بەگ دەدەن تا ئەوانیش بە خەڵکی هەژار بیانفرۆشن و دەتانوت(دەستمان خۆش بێت) نموونەتان بۆ بهێنمەوە؟!
18ساڵە دزو جەردەکان دەپارێزن و دەربازیان دەکەن! نموونەتان بۆ بهێنمەوە؟!
18ساڵە دەسەڵاتەکەتان بۆ دەستدرێژی و تەقڵەدان بە کچان و ژنان بەکاردەهێنن! نموونەتان بۆ بهێنمەوە؟!
18ساڵە زەوی و باخی خەڵک داگیردەکەن و پرۆژەی وەهمی تێدەپەڕێنن و ئاوی پیس بە خەڵک دەفرۆشن و لەبری ئەوەی تاوانباران سزا بدەن، پێشوازیان لێ دەکەن! نموونەتان بۆ بهێنمەوە؟!
18ساڵە کەسانی گەمژەو نەزان درووستدەکەن و پاشان خەڵاتیان دەکەن! نموونەتان بۆ بهێنمەوە؟!
و زۆر شتی ترو بە بەڵگەوە دەڵێم ئێوە نە لەگەل خۆتان و نە لەگەل خەڵک راستدەکەن و دوڕون و هەڵپەرست و چاوچنۆکن و لە پێناوە سەرووەت و سامان و دەسەڵات، هەموو شتێک دەکەن، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی پلەوپایە بۆ خۆدوڵەمەندکردن نەبێت لەسەر حیسابی خەڵک و موچەی هیچ بەرپرسێک لە موچەی کارمەند، کرێکار، جووتیارێک زۆرتر نەبێت!
18ساڵە فرتوفێل دەکەن، کوڕی خەڵکتان بەکوشتدا، روویان لەبەردەم منداڵەکانیان زەرد دەکەن و دەبێ لەسەر قەرزکردن بژێن و سەرئەنجام وێنەیەکی رەشتان لە دەسەڵاتداری بە خەڵک پێشکەش کردو ئێستاش هەر بەو شێوەیە درێژەی پێدەدەن و بەهەموو باڵەکانتانەوە، هەرگیز دەستتان لە تیرۆری فکری نەهێناوەو ئێستا باڵێکتان کە دەستی لە هەموو چاکە و خراپە هەبووە وەک خۆی گوتی، باسی گۆڕان دەکەن.


ئێوە پیاوە گەمژەکانتان تەیارکردووەو بۆ هەڵخەڵتاندنی خەڵک هەر دووبارەی ئەم رستە سواوانە دەکەن: سۆڤێت روخا...مارکسیزم باوی نەماوە...شوعییەت مرد.....شیوعییەت لەگەل واقیعی ژیان ناکۆکە....شیوعییەت بۆ کوردستان ناگونجێ...ولەو کاتانە نسکۆی 1975و رەوە و شکستە یەک لەدوا یەکەکانی بزووتنەوەکانی رزگاریخوازی کوردستانیان لەبیرکردووە کە چۆن دووبارە گەشەیان کردووەو ئێستا نەک هەر لەناو نەچوون و نەمردن، بەڵکو بوون بە دەسەڵاتدار.


لەوانەیە بەرەی چەپ بەو بەرنامەو توانایە کە هەیەتی، نەتوانێ دەنگی زۆرینە دابین بکات و ئەمەش شتێکی سەیر نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێم: بەدیهێنانی گۆڕان بەمانای لەشکری سووری کرێکاران و هەژارانی کوردستان بەڕێوەیەو بە هوشیارییەوە دووبارەی وتەکەی هاوڕێ جیڤارا دەکینەوەو دەڵێین: (هاوڕێیان با دانی پێبنێین، ئێمە هەوڵی موستەحیل دەدەین). لەسەر ئاستی مێژوو تەنها ئێمە وەک میراتگەری سەرجەم بزووتنەوەکانی عەداڵەت خوازی بۆمان هەیە باسی ئازادی و دادوەری کۆمەڵایەتی بکەین و ئێوە بڕۆن بۆ لای بەتایبەت کردنی کەرتی زانکۆ، نەخۆشخانە، بیناسازی، نەوت و گاز و بازرگانی....هتدو لەتەکیاندا بنەمای برسێتی و هەژاری و کەمکردنی کرێی کار و سۆزانی و گەندەڵی و تاوان و کوشتن و رێککەوتنە مافیاییەکان بتەوبکەن ولێرەدا ئێمە ئەرکی مێژوویی گۆڕینی سیستێمەکەتان لە ئەستۆیە. ئەمەیە مانای ئینسانی و راستەقینەی گۆڕان: دابینکردنی ئەوپەڕی پێداویستییەکانی مرۆڤ لە ژیانی هەرەوەزی کارکردن و بەرهەمهێنان!


پشتیوان و پەنا بە هێزی بازوو و بیروباوەڕی کرێکاران و جووتیارانی کوردستان، ئێوەش دەگۆڕین!



dwaroj@yahoo.de
07701929872