په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٧\٢٠١٢

ئەوە خێرە بە حکومەتى دەکەن! یا کڵاوە لەسەرى حکومەتى دەنێن.


کارزان مستەفا سابیر*


سەردەم سەردەمی تواندنەوەی عەقلیەتی شاخ و پێشمەرگایەتی نییە، سەردەم سەردەمی پەردە ھەڵدانەوەیە لەمشە خۆرو کەندەڵ کاران. ئەو خیانەتەی ھەمێستا لەژێر ئاڵای ئازادیدا بەدی دەکرێ ھەرگیز لە شاخ نەکراوە، جاران کەسانێک بوون لەسەردەمی (تەعریب و تەرحیل و تەبعید) و تبعیس و برسێتیدا پێییان دەوترا (خۆفرۆش) بەڵام ھەمێستا بەم تێریە و لەم ئازادیەدا (نیشتیمان فرۆش) پەیدا بووە، دە تاکەی بێ دەنگی، سەیر کەن چۆن ئەم نیشتیمان فرۆشانە کیمیابارانی نەوەی شاخ و پێشمەرگە دەکەن، کەسیشمان ناڵێ ئاخ!!!

درامای یەکەم: ( کیمیابارانی شارەزوور).

 
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، بڕیاری دا کارگەیەکی (دۆشاوی تەماتە و ئاوی میوە) لە شارۆچکەی سیروانی ناوچەی شارەزوور دروست بکات، بەڵام تا ئێستا دروست نەکراوە، ناوچەی شارەزور یەکێکە لەو ناوچانەی کە ساڵانە ھەزاران دۆنم زەویی کوشتوکاڵی تێدا دەکرێ بە تایبەتی تەماتە و میوەھات، ئەمەش بیرۆکەیەکی گونجاوە بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی جوتیاران ئەمە جگە لەوەی پڕۆژەکە بڕیارە نزیکەی ھەزار کرێکار لەخۆ بگرێ واتە ئەرکی سەرشانی حکومەت لە ھەزار بێکار کەم بکاتەوە، وەک من ئاگادارم زەوی گونجاو بۆ ئەو کارگەیە دابین کراوە لە لایەن خێرخوازانیشەوە ئامێر و پێداویستیەکان ئامادەکراوە. بەڵام دەزانن بۆ جێبەجێ ناکرێ، سەد مەخابن لەبەر ئەوەی وەزارەتی پیشەسازی ڕەزامەندیی دەربڕیوە بەڵام ماوەی سێ ساڵی داوە بەو کۆمپانیایەی بۆی دەرچووە، بۆ ئەوەی کۆمپانیای ناوبراو بتوانێ بە ھەوای شان دوای سێ ساڵ دەست بەکار بکات، من باوەر ِناکەم کەس لە دنیادا گرێبەستی وای بینی بێت، دەبێت ئامانج لە گرێبەستی لەم جۆرە چی بێت، بۆ خاتری خوا. ئەم تاوانە چیە!! چەند جارێ لایەنە بەرپرسەکانی ناحیەی سیروان بە نووسراوی فەرمی کە وێنەیەکی لام پارێزراوە داوایان لە لایەنە پەیوەندییدارەکان کردوە بۆ بەگەرخستنی ئەو کارگەیە، بەڵام ھیچ لایەنێک خۆی ناکا بە خاوەنی، من دڵنیام لەوەی ئەو کەسەی ئەو کاگەیەی پێ دراوە ھەر خۆی بریکاری دۆشاوی تورکیە و دۆشاوی بیانی و ئاوی میوە ھاوردەی ئەم کوردستانە دەکات و بەرپرسی گەورەیە!! ئای ناپاکی ئاخر بێدەنگی لەم جۆرە خیانەتانەیە دەمان باتە سەر ئەو دووڕیانەی رقمان لە حکومەتەکەمان بێت کە ئاوات و ھیوای ھەمووانە. من پێم وایە بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردانە لە بری ھاوردەکردنی ئەم ھەموو کەلوپەلە بێ سوود و بەسەرچووانە، چەند راوێژکارێکی چاو نەترس ھاوردە بکەین باشترە، تا بوێرانە گەندەڵیەکان بە سەرۆکەکان بفرۆشنەوە. گەرنا کوا ڕاوێژکارێکی چاونەترس ئەم بابەتە بگەیەنێ درامای.

 

دووەم: (کیمیابارانی ئاکرێ).


بە بڕیاری (٩٨٦) لەلایەن ڕێکخراوی (فاو) کارگەیەکی زەیت لە (ئاکرێ) دروست کرا بەپَیی پیلانەکە گوڵەبەرۆژەو ئەو بەرھەمانەی رۆنی تیایە لەجوتیارانی ناوچەکە بکرێتەوە و بکرێتە زەیت وەک پرۆژەیەکی گرنگی پیشە سازی خۆراکی لەھەمان کاتدا جوتیارانیشمان سودمەند دەبن، تائێرە قبوڵە لای ھەموان وە جێگای ڕێزە ، بەڵام سەد مەخابن بەپیلانێکی ستراتیجی ڕوخێنەری ژێرخانی ئابوری ئەم کوردوستانە ، ئەم کارگەیە واچەند ساڵێکە دراوەتە خزمی یەکێ لەوانەی کەزەیتی تورکی (؟) ھاوردەی ئەم کوردستانە دەکەن وەئەو بەڕێزە درگای کارگەکەی داخستوە و کاری پێ ناکات بەڵام مانگی ٣٠٠٠ سێ ھەزار دۆلار دەداتە وەزارەتی بازرگانی، دەمامۆستای ماتماتیکەکەم ببورن ڕاوێژکارانی سەرکردەکان ئەم بیردۆزەم بۆ حەل کەن وا ئەم بەڕێزە مانگی سێ ھەزار دۆلار دەدات بەحکومەت بۆ ئەو کارگەیە وە درگای کارگەکەشی داخستوە، ئەوە خێرە بە حکومەتی دەکات! یاکڵاوە لەسەری حکومەتەکەم نراوە. من پڕۆژەی کەسێکم بینی بەناوی (کوردۆ محەمەد) کەپێش کەشی وەزارەتی کوشتوکاڵی کردوە و دەڵێ من ئامادەم ئەو کارگەیە نۆژەن بکەمەوەو ٤٥ تا ٥٠ ئەندازیارو کەسانی پسپۆر و کارمەندی خۆماڵی تیا بەگەر بخەم لەقۆناغی سەرەتاشدا ڕۆژی ھەزار لیتر زەیت بەرھەم بھێنم، جا دەکرێ لەبەرپرسی یەکەم کە بەڕێز وەزیری بازرگانیە بپرسین، (ئەرێ خێرە بۆ نای دەنە ئەم بەڕێزەی بەگەڕی دەخا؟ دەی دەنە ئەو بەڕێزەی پەکی دەخا)، ئاخر ناحەقی باپیرانمان مەگرن وتویانە (ھەرکەسە بە فکری خۆیەتی کۆسەش بە فکری ڕیشیەتی) دەفەرموون ئەو قۆزاخە بشکێنن گەر وەڵامێکتان پێیە، گەر نا وەزارەتی بازرگانی ڕێزێ بۆ ئەو نووسراوانە دابنێ کە وەزارەتی کوشتوکاڵ ئاڕاستەی کردون وەڵامیان بدەنەوە کە داوای بەگەڕ خستنەوەی ئەو کارگەیەتان لێ دەکات، وێنەیەکی لام پارێزراوە. گەر نا ھەزار ڕەحمەت لە قەبرتان باپیرانمان ڕاستیان فەرمووە (ڕدێنی بگرەو نیسکان بھاوە) ئاخر ئاوا دەتانەوێ لە (ھەرێمێکی بەکاربەری بێ بەرھەم)وە ببینە (ھەرێمێکی بەرهەمهێنەر) گەر بە ھەمووان کاری جدی بۆ بەرھەمی ناوخۆ نەکەین، چاوی جوتیار پر لە ھەنسک دەبێ و کەلاوە زۆر دەبیت ھاوردەش سەری ھەمووان سپی دەکات، دەبا ھەموومان پەردە لەسەر حەقیقەت ھەڵدەینەوە و باچیتر چەواشەکردن بەسەرمانا گوزەر نەکات، دەبا ھەنگاوەکانمان تەنھا مانشێت نەبێت و بە چاوی بەزەییەوە بڕوانینە ئابوری ئەم ھەرێمە با (بەرگی مەڕ نەپۆشین و دانمان دانی گورگ بێ) دەھەستن ھیمەتێ دەھەستن ھیمەتێ.. گەر حکومەت بەدواچوونی جدی نەکات بۆ ئەم خیانەتە ئەوا من ئەو مافە بە خۆم ئەدەم وە بە کارێکی پێشمەرگانەی پیرۆزی دەزانم بە ھاوکاری گەنجانی شارەزور  و ئاکرێ چەند کەمپینێ دروست بکەم بۆ بەرگری لە ھەوڵ دان بۆ رووخاندنی حکومەتەکەم و بە دەنگێکی بەرز لە بری ئەوەی بڵێین (دەوڵەتی جوانیی ئەمەیە شوانی) ئەو دەمە دەڵیێن (دەوڵەتی پیریی ئەمەیە میری).

___________________________

* خاوەنى بەرهەمەکانى زەیتونى ئاوا.


awaolives@yahoo.com 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک