په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١٦

ئەوەی دەگوزەرێ لە رۆژھەڵاتدا جەنگی سێیەمی جیھانە.

تاهیر حەسەن     


جەنگی یەکەمی جیھانی دەرئەنجامی ئەو قۆناغانەی سەدەی نۆزدەھەم بو،کە ململانێی نێوان زلھێزانی بۆرژوازی لەسەر چنگ ھاویشتنیان لە داگیرگەکاندا و لەنێو خۆیشیاندا،قۆناخی نەگەیاندە وەستان و ئارامی. بەڵکو کێشمەکێشەکان ھێندە ترسناک و تەماح کارانە بوو،بەناچاری دەبوا جەنگێکی نێو نەتەوەی بەرپا بکرێت لەنێو ڕکابەرەکاندا. ئەڵمانیا وەک ئیمپراتۆری نوێ لەسەردەمی پاشا ولھێلمی دوەم و بسمارکی ڕاوێژکاری گەورە،پێویستیان بەسەپاندنی ھەیمەنەی خۆیان ھەبوو لەڕێی دەست بردن بۆ داگیرگە نوێکان و کۆنەکانیش. ھاوپەیمانی نێوان ئەڵمانیا و نەمساو ھەنگاریا،وای کرد فەرەنساو ڕوسیا و بەریتانیا کە سێ زلھێزی کۆن بون،بەخۆیاندا بچنەوە و حسابێک بۆ زلھێزی نوێ بکەن. خۆ پڕ چەک کردن و دروست کردنی کەشتی گەلی دەریای پێویستی بەخەرجی زۆر دەکرد،ئەو باجەش درا بەسەر چین و توێژە زەحمەتکێشەکاندا و قەیران بەدوای قەیراندا لەساڵی ١٩٠٤ وە دەستی پێ کرد.(پەرتوکی مێژوی سەردەمی نوێ لە دوو بەرگدا بەڕونی ئەو قۆناغانە دەگێڕێتەوە) لەم نێوەشدا سەرھەڵدان و شۆڕشە کرێکاریەکان بۆ ساتێکیش بێ کاریگەر نەبوە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئیمپریالیست،ھەر لە ڕوسیاوە تا دەگات بەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا. دابەش کردنەوەی جیھان لەسەر دەستی زلھێزانی ئیمپریالیستی وای دەخواست کە بێ گەڕانەوەیەو تەنھا پێویستی بە داگیرساندنی دەنکە شقارتەکەیە. دواتر لەڕێی تیرۆر کردنی ئەرشەدۆقی نەمسای لە سربیا،جەنگ بەرپا کراو،وەک مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە،چەندین ملیۆن مرۆڤ لەجیھاندا باجەکەیان داو، زلھێزانیش جیھانیان بەپێی سەرکەوتن و ھێزی کاریگەرترین دابەش کرد لەنێو خۆیاندا.


کوردستانیش لە پەیمانی سایکس بیکۆی ١٩١٦دا دابەش کرا و وڵاتانی ڕۆژھەڵات و باکوری ئەفریقاو دەتوانین بڵێین دابەش کردنەوەی کۆی وڵاتانی ژێر دەستەی زلھێزان چوە بواری جێ بەجێ کردنەوە.


لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا،ھاوپەیمانێتیەکان،دۆستانە و ھاوڕێیانە نیە،بەڵکو بەرژەوەندیە مادی و سیاسیەکانە. لەوێشدا نەقەیران تەواو دەبێت وەنەژیانێکی دڵ خوازانە بونی دەبێت بۆ گشت چین و توێژەکان. ئەوەی بونی دەبێت،ھەردەم نانەوەی تەڵەکانە بۆ تەقینەوە بەوی بەرانبەردا.


جەنگی دوەمی جیھانیش ھەردەرئەنجامی ئەو ململانێیانەی نێوان ئیمپریالیزمی جیھانی بوو،بەتایبەتیش دژی دەوڵەتی شورەوی لەڕێگای ھیتلەرەوە.


ئێستایش بۆدابەش کردنەوەی وڵاتانی ژێردەستە کەئێمە ئێستا لە عێراقەوە تا سوریاو یەمەن و لیبیاو ئەفغانستان و تا دەگات بەوانەی ھێشتا سەرەیان نەھاتەوە،دەیانبینین،بەرپاکردنی جەنگی سێیەمی جیھانیە.


ڕێزدار ئاپۆ لەیەکێک لەپەرتوکەکانیدا شیکردنەوەیەکی بەپێز دەڵێت لەسەر دەرکردنی خۆی لەسوریاو ئیعدامی سەدام. ئەو دەڵێت؛کاتێک لویسی شازدە ئیعدام کرا،سەرەتای دروست کردنی دەوڵەت نەتەوە بوو،کاتێکیش سەدام ئیعدام کرا،کۆتای دەوڵەت نەتەوە دەستی پێ کرد. جەنگی سێیەمی جیھانیش لەو ساتانەوە دەستی پێ کردوە،لەژێر ھەیمەنەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ھاوپەیمانەکانیدا لە دژی وڵاتانی زلھێزی ڕوسیاو ھاوپەیمانەکانی،بەڵام جەنگەکە لەنێو خۆیاندا نیە،بەڵکو گوازراوەتەوە بۆ نێو وڵاتانی ژێر دەستە. ئەم جەنگە دڕندانەو کاول کاریە ھێشتا ئایندەکەی دیار نیە و قەیرانی قوڵیشی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە.


دروست کردنی بزوتنەوەی توند ڕەوی داعشی ئیسلامی سونی،بۆخۆی ئامرازێکی ھێندە بەھێزە،کەئیتر ھیچ پاساوێکی نەھێشتەوە تا ئەوەی جەنگ فراوان نەکرێت و گشت دڕندەکانی کاپیتاڵیزم نەکەونە خۆیان بۆ نێو جەنگ و چۆنێتی بەش بچڕینی خۆیان لە ئایندەی ئەو وڵاتانەدا.


وڵاتانی ڕۆژھەڵات بەکۆی گشتی،وڵاتێکی تێدا نیە زۆر دەوڵەمەند نەبێت بەچەندین سەرچاوەی سروشتی کە بۆ زلھێزانی خاوەن سەنعەت مایەی مانەوەیان درێژتر دەکات. دابەش کردنەوەی ناوچەکە کاری دو تا سێ ڕۆژ نیە،بەڵکو زەمەن دەخایەنێت و تا درێژ دەبێتەوە بۆ کاری سەدە،چونکە لەلایەک لەبەردەوامی جەنگدا،چەک و جبەخانەکانی وڵاتانی ژێر دەستە خاڵی دەکرێت و ناچار دەبن بەردوام ئەوەی ھەیانە بیدەن بەچەک،وەلەلایەکی تر کوشتارێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت و تەواوی سەرلێشێواویە کۆمەڵایەتیەکان وا تێک دەدات بەسەریەکدا،کەنەپەرژێتە سەرئەوەی دەست ببرێت بۆ ڕاپەڕین و بەرپاکردنی شۆڕش بەدژی سیاسەتی ئیمپریالیستیانەی زلھێزانی جیھان. لەلایەکی تر بێدەنگە کردنی چینی کرێکارانی جیھان لەبەرانبەر دەسەڵاتە دڕندەکانی زلھێزاندا،ھێندەی تر بێ ئومێدی لەگەڵ خۆیدا دێنێت لەم سەردەمە پڕ لەزانیاری و تێکەڵاویە خێراکاندا.


کاتێک قۆناخ پێویستی بە بەرپاکردنی شۆڕش دەکرد،شۆڕشی ١٩٠٥ -١٩٠٧ ی ڕوسیا گەورەترین کاریگەری لەسەر گشت کۆمەڵگاکان داناو بوە ھۆی سەرھەڵدان و یەکێتی نێوان کرێکارانی جیھان. پرسیار ئەوەیە؛ئاخۆ ھۆکارەکەی بۆ ئەو قۆناخە دەگەڕایەوە کەخودی چینی کرێکار لەوڵاتانی سەردەستدا لەھەل و مەرجێکی سەختی ژیاندا بوون و ئێستا ئەو چینە ئەو قۆناخەی تێ پەڕاندوە؟ بێدەنگە کردنی ئێستای ئەو چینە شۆڕشگێڕە بۆخۆی جێگای پرسیاری گەورەیە کە بەو ئەندازەیە بێ دەنگەو وەک ئەوەی ئەوەی ڕودەدات دورە لەئەم و ئاگرەکەی پێی ناگات،یان ئەوەتا ھیچ ھێزێک نیە بتوانێت ئەم جەنگە کاول کاریەی ئیمپریالیزمی جیھانی بوەستێنێت!


ھەرچۆنێک بێت،ئەوانەی دەکوژرێن لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا مێشولە نین و مرۆڤە بێ تاوانەکانن،وادیارە لای دڕندەکانی چینی قازانج خۆر،مرۆڤە زەحمەتکێشەکانی ڕۆژھەڵاتی تەنھا بەھای مێشولەیەکیان ھەیە و کوشتنی ملیۆنی و ئاوارە بونی بەکۆمەڵ نابنە ڕێگر لەبەردەم تەماحکاری و دەست درێژیەکانی ئیمپریالیزمی جیھانیدا. دەسەڵاتدارە نێو خۆیەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا کەلەبەرەی قەومی و دینین،ھیچ کات سەر بەخانە پێشڕەوی نەبوون و ناشبن،بەڵکو ئەو دەسەڵاتانە بەکۆی گشتیان سەر بەخانەی خائینان و ھەردەم دوژمنی کۆمەڵگاو چین و توێژە زەحمەتکێشەکان بوون و لەپێناو چەتەگەرێتیەکانی خۆیاندا،ئامادە بوون ھەردەم وەک وەکیلێکی باشی دەوڵەتانی ئیمپریالیزم ھەڵسوڕێن و خواست و ئامانج و بەرژەوەندیەکانی ئەو دەوڵەتانە ببەنە پێشەوە لە ناوچەکەدا. ئەوەیش یەکێکە لەو ھۆکارە سەرەکیانەی وا تائێستا ئەو کۆمەڵگایانەی ھێشتۆتەوە لەنێو قۆناخی دواکەوتووی و نەزانین و کۆنەپەرستیدا.


١٣\٣\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک