په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٧

    ئەوەی ئەوڕۆ دیتم!

دارا خونچە

ئەوڕۆ لێرەش
         هەتاوم بەو دوو چاوانەی خۆم دیت
لێ نە تین و تاو
    نە گرشە و ورشە..
          نە هیچ پڕووشەیەکی رۆششنبەخش
     هەر کتومت
           دەتگۆت هەتاوە و شەوە لێیدایە!
ئەوڕۆ بەو دوو چاوانەی خۆم
    لێرە (شەقراوێ)م دیت
                  وە گشت جوانییەکانیەوە
لێ نە شنەبایەکی بێترمە
      نە بۆنی خاکی رێچکۆرەکانی
      نە خوڕەخوڕەڕی جۆگاوەکانی..
                 هیچ هیچم هەستپێنەکرد!
ئەوڕۆ لێرەش بەو دوو چاوانەی خۆم
     مرۆڤم دیت پڕ وە پێستی مرۆڤ
         جێپەنجانیان ئاورینگی دەهاوێشت
         دەستیان تەژی بوو لە پشکۆ و
                            گوڵەستێران
لێ خوونسارد خوونسارد
    وەڕس و بێزار
     بۆنی گۆڕە کۆمکوژییەکانی
            وەک (هەڵەوجە)یان لێدەهات!
جا ئەوڕۆ چم نەدیت!؟
      لە هەمووشی وەسۆتر و جەرگبڕتر
        سێبەری قورس و تارمایی رەشی
        قولە و قۆپیی و قەڵاکانی
             ڤایکینگە جەردەکانم دیتن
             هێشتا هەر شاریان
                وە شەوەزەنگ داپۆشیبوو!


٥\٧\٢٠١٧ - سوێد / هێلسینگبۆری

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک