په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠٢٠

ئەوەی کە چالاکی راستەوخۆ لە رۆژێکدا دەیکا

جۆری خەباتەکانی دیکە لە ١٠ ساڵدا نایکەن.


زاھیر باھیر      


بزوتنەوەی Black Lives Matter کەلە دوای کوشتنی جۆرج فلۆید لە ئەمەریکا، دەستیپێکرد ئەوە بۆ ٣ ھەفتەیە بەردەوامە. ئەم بزوتنەوەیە گەر گۆڕانکاری گەورەش نەکات بەڵام توانی بزوتنەوەکانی خەڵکی لە گەلێک وڵاتا ببوژێنێتەوە، کە لە ڕاستیدا ئەمە ھەر بیانویەکنەبوو لە ھاوپشتی و کۆمەک بۆ بزوتنەوەکەی ئەمەریکا. بەڵکوھانی خەڵکی دا کە لە زۆر وڵاتا بڕژێنە سەرشەقامەکان دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت ، دژ بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی، نایەکسانیی، نەبوونی ئازادیی، دژ بە ھەڵاواردن، فاشییەت و ڕایسیسزم، بێ کاریی ، جەنگ ، سیاسەتی دەستگرتنەوە[ تەقەشوف]، گرانبوونی ھەموو شتێک، کەرەنەتینەکردنی ھەموو خەڵک ... دژ بەمانەو زۆری تر لەمانەیە .

لە بریتانیا کە تا دوێنێش خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامبون و لەوە دەکات ھەر بەردەوامبێت گەیشتە قۆناخێکی نوێترەوە کە قۆناخی بەکارھێنانی خەباتی یاخود چالاکی ڕاستەوخۆیە.

دەیەھا ساڵ زیاترە چەپ و حیزبە چەپەکان لە ڕێگای کەمپەینی واژۆو و چەڵتە چەڵتی نێو ھۆڵی پەڕلەمان و دیمانەکردن و نوسینی سەدەھا وتار دژ بە ڕایسیسزم و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و زۆر پرسی تر کرا، بەڵام نەیانتوانی تاکە ھەناگاوێک پرسەکە بەرنە پێشەوە، تاکە پەیکەرێکی کەسانی جەنگخواز و تاوانبار و کەسانی ڕایسست و بازرگانانی کۆیلە و کۆیلایەتی ، پەیکەری جێنڕاڵە بەرژەوەندخوازەکانی جەنگ ، سمبولەکانی کۆڵۆنیالیزم داگرنەخوارەوە... نەیانتوانی تاکە پەیکەرێکی دەغەڵی سمبولیی ئەوەی کە مرۆڤایەتیی قێزی لیدەکاتەو لابەرن.

ئێستا لە بریتانیا لە ماوەی تەنھا ٢ ڕۆژدا چالاکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سەدەھا ھەزاران کەسەوە کە بەشی ھەرە زۆریان لاوان و گەنجانن کە تەمەنیان لە خوار سی ساڵەوەیە ئەو کارانەی کە دەبوایە دەوڵەت لە دوای ساڵی ٥٠ کانی چەرخی ڕابوردووە بیکردایە ، ئێستا کەوتە سەرشانی ئەم گەنجانە.


دەوڵەت و پۆلیس و سیاسییەکان،کە ھەر لەو کاتەوە باس لە سیاسەتی بەیەکەوە ژیان و دژ بە ڕایسیسزم و دانی ھەلی کارکردن و خۆێندن و خانووبەرە چارەسەری تەندروستیی و ژیان .. بۆ ھەموو کەس، لەژێر ناوی "ڕەخساندنی ھەل بۆ ھەموو کەسێک بێ ھیچ جۆرە جیاوازیەک " دەکەن، کەچی ھێشتا زۆر یا کەم کۆمەڵ وەکو خۆیەتی. لەگەڵ ھەموو ئەوانەی کە باسم کردن و لەپاڵ ئەو ھەموو خولی ھەڵبژاردن وھاتنی چەپ و ڕاست ولیبراڵ بۆ سەر کورسی دەسەڵات کەچی ھێشتا ھەموو ئەو پرسانەی کە ناوم ھێنان یا ھەر وەکو خۆی بەرەوڕوومان وەستاون یاخود زۆر بە کەمی گۆڕانکارییان تێدا کراوە.

لە ئێستادا بزوتنەوە Black Lives Matter لە بریتانیا گەیشتۆتە ئاستی پاکتاوکردن و ڕاماڵینی پەیکەرەکانی کە بووبوونە ڕەمزی سەربەرزی بریتانیا و مێژوی کۆڵۆنیالیزم سوکایەتیکردن بە خەڵکانی ڕەشپێست و ڕەنگجیاوازی تر و خەڵکای ئیتنیکی.


ئەم پێشەوەچوونەش ڕۆژی یەکشەمە لە شاری برستڵ بە ھێنانەخوارەوەی پەیکەری Edward Colston دەستیپێکرد کە لە چەرخی ھەژدەدا بازرگانی بە ھێنانی ١٠٠ ھەزار پێستڕەش لە ئەریقا و کاریبیانەوە، کردووە، کە نزیکە ١٤ ھەزاریان منداڵ و ژن بوون کە چەند ھەزارێکیان کە لە ڕێگا تەحەمولی ناو پاپۆڕی گواستنەوەیان لە دەریادا نەکردووە گیانیان لەدەستداوە و لاشەکانیان بوون بە خۆرراکی ماسی و گیانلەبەری ئاویی. پاش ڕاکێشانی پەیکەرەکە بۆ قەراخی ئەو ڕوبارەی کە لە برستڵ دا ھەیە و خستیانە ناو ئاوەکە ھەر وەکو چۆن ئەو خەڵکانەی کە بە کۆیلەیی دەگوازرانەوە و تەحەمولیان نەدەکرد بە مردوویی و نیوە مردوی خرانە ناو دەریاوە.

دوێنێ ، رۆژی ٣شەمە، ٠٩/٠٦ خۆپیشاندانەکان لە زۆر شاری بریتانی دەستیپێکرد. لە ھەر شارێک مشتیان لە یەکێک لەو پەیکەرانە گرت کە زانراوە بازرگانێتییان بە کۆیلەوە کردوە یاخود ڕۆڵێکیان ھەبووە. یەکێک لەم پەیکەرانە کە لە شارەوانی تاوەرھاملێت بوو لە ڕۆژھەڵاتی لەندەن بەناوی Robert Milligan، خۆپیشاندەران ویستیان بیھێننە خوارەوە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٠ وە خەڵکی واژۆ بۆ لابردنی و ھاتوچۆی پەڕلەمانتار و دیمانەی میدیای بۆ دەکەن بەڵام ھیچ نەکرا . دوێنێ کە خەڵکی بەخۆی بڕیاری خۆیدا کە بیڕوخێنێت ئەو پەیکەرە قێزەوەندە کە ڕەمز بوو بۆ دەسەڵات و دەوڵەتی بریتانی بیھێننە خوارەوە. بەڵام بۆ ئەوەی دەوڵەت و سیاسییەکان و پۆلیس لەوە زیاتر ڕسوا نەبن و بەیاکدانیش لە نیوانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانا دروست نەبێت و کە دەبووە خۆپیشاندانی سەرومڕ شارەوانی خۆیان بڕیاریان دا کە بە " حورمەتەوە" پەیکەرەکەبھێننە خوارەوە.


لە شاری ئێدنبرەی سکۆتەلەندە و شاری ئۆکسفۆرد کە چەندەھا لەو پەیکەرانەی لێیە ئێستا دەسەڵات بە تەمایە بە " حورمەتەوە" لایان بدات. لە زانکۆی ئۆکسفۆردی شاری ئۆکسبفۆرد کە دوێنی زیاتر لە چەند ھەزار خۆپیشاندەرێک بۆ ھەمان مەبەست کۆبونەوە و دەیانویست کە چەند پەیکەرێکی لێیە بە تایبەت پەیکەری Cecil Rhodes. کە دەستی ھەبووە لە بازرگانی کۆیلایەتییدا ، بھێننە خوارەوە، بەڵام پۆلیس ڕێگای نەدا و ئەوانیش ئێستا بانگەشەی خۆپیشاندانێکی چڕو پڕیان بۆ ڕۆژی ھەینی ١٢/٠٦ کردووە کە گەر تا ئەو کاتە زانکۆی ئۆکسفۆرد و شارەوانی ئۆکسفۆرد پەیکەرەکە لانەدەن ئەوان بیھێننە خواروە.


ئەمانەی کە دەکرێ ھەمووی ھەنگاوی شۆڕشگێڕانەیە بە ھۆکاری پرسنەکردن و مۆڵەت وەرنەگرتن لە پۆلیس ، موجازەفە بە ژیانی خۆیان لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەکارھێنانی چالاکی ڕاستەوخۆ، ڕماندنی ی سومبلەکانی کە جێگای شانازی دەسەڵات و دەوڵەت و چینی سەروەر و باڵادەست و دەستەبژێرن . ئەمە جگە لەوەی لە ئەمڕۆوە داخوازی خەڵکی زیاتربووە لەوانە داوا دەکرێت کە پرۆگرامی خۆیندن و پەروەرردە لە زانکۆکانا بگوۆڕێن و ڕەنگدانەوەی قۆناخی ئێستای ژیانی خەڵکی بێت نەک سەردەمی کۆیلایەتیی و مێژوی ھێز و باڵایی ئیمپریالیزمی بریتانیی. ھەروەھا ئەو شوێنانەی یا ئەو ھۆڵانەی کە بە ناوی ئەم تاوانبارانەوە ناوبراون تەنانەت ناوی شەقامەکانیش، ئەمانە ھەمووی دەبێت بگۆڕێن.


ئەمانە ھەمووی لە ئێستادا ھەنگاوی شۆڕشگێڕانەن ھاوکاتیش دڵنیامان لە تەکانێک لە پێشەوەچوونی بزوتنەوەی خەڵکی، دەکەنەوە، کە زەحمەتە گەڕانەوەی بۆ ھەبێت.

 

١٠\٦\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک