ئه‌وه‌ی کتێب بسووتێنێ، مرۆڤیش ده‌کوژێ.
مـستـه‌فا چوارتایی
نامۆ نییه، به بیستنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ناڕه‌زایی و سکاڵا له‌م لایه‌ن و له‌و لایه‌ن ببیسترێن. ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه ئامانجی شاراوه له پشت ناڕه‌زاییه‌کانه‌وه بن، که سه‌رجه‌م پرۆسه‌که له‌که‌دار بکات، نه‌ک هه‌رئه‌وه‌نده یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه‌ییش بخاته مه‌ترسییه‌وه، مقۆمقۆی جارێکی دیکه، شه‌ڕی ناوخۆ روودانه‌وه، هه‌بێت.
رووداوێکی دیکه‌ی ناشارستانیانه، هه‌ستانی چه‌ند لاوێکی که‌لاره به سووتاندنی کتێبه‌کانی دکتۆر فه‌رهاد پیرباڵ. فه‌رهاد پیرباڵ یه‌ک تاوانی کردووه که به‌شداربووانی هه‌ڵبژاردن کردوویانه، ئه‌ویش ده‌نگدان بووه به ئازادی، پێش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش رای خۆی ده‌ربڕیوه، ده‌نگ به کێ ده‌دات ببێته سه‌رۆکی هه‌رێم و کێ به شاییسته ده‌زانێت. ئه‌و گه‌نجانه‌ی کتێبه‌کانی "پیرباڵ"یان سووتاندووه، خۆشیان هه‌مان (تاوان)ی پیرباڵیان کردووه، ده‌نگیان به لیستێک داوه که ره‌نگه به دڵی "پیرباڵ" نه‌بووبێت. ئه‌ی ده‌نگدان به ئازادی چی ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م لاوانه خۆیان بێهاندان ئه‌م کاره‌یان کردبێت، کارێکی گه‌وجانه و دوور له هه‌ر ئاستێکی رۆشنبیرییه. ئه‌گه‌ر لایه‌نێکیشیان له پشته‌وه بێت، ئه‌وا خراپتر. تووڕه‌یی کۆمه‌ڵێک لاو بگاته ئه‌وه‌ی کتێبی که‌سێکی ئه‌کادیمی بسووتێنن، ده‌زگاکانی راگه‌یاندنیش "هه‌ندێکیان" به حه‌ماسه‌ته‌وه وه‌ک چالاکی بۆیان بڵاوبکه‌نه‌وه، که‌سێکی دیکه‌ی هێنایه ناو کایه‌که‌وه، که نووسه‌ر و رۆشنبیره، ئه‌ویش "یاسین بانیخێڵانیی"ه، بانیخێڵانی به هه‌مان کاری ئه‌و لاوه خوێنگه‌رمانه هه‌ستاوه، که نه‌ده‌بوو بیکات. ئاخر کتێب سووتاندن کاری نووسه‌ر و رۆشنبیر نییه، ده‌یتوانی وه‌ک ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، کتێبه‌که به پۆست بۆ دکتۆر فه‌رهاد بنێرێته‌وه، نه‌ک بیسووتێنێت.
سووتاندنی کتێبه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵ، هیچ پاساوێکی نییه، مافی فه‌رهاد پیرباڵ و هه‌ر تاکێکی کوردستانه، ده‌نگ به کێ ده‌دات بیدات، بێ ئه‌وه‌ی ببێته جێی سه‌رزه‌نشت و تۆڵه‌لێکردنه‌وه، جا ئه‌گه‌ر وابێت دیموکراتی چ واتایه‌کی هه‌یه. هه‌ڵبژاردن ته‌نیا سیمایه‌کی دیموکراتییه و هه‌موو پرۆسه‌که نییه. خۆ له مۆریتانیاش هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت و باسی دیموکراتیش ده‌کرێت، لێ مرۆڤ وه‌ک چێڵ و بزن ده‌کڕن و ده‌فرۆشن، وڵاتێکه هێشتا کۆیلایه‌تی تێدا باوه.
گرفتی ئێمه‌ی کورد ئه‌وه‌یه، لایه‌نی کێمان گرت، چ پارت بێت یان که‌سایه‌تی، لێمان ده‌بێت به عه‌قیده، ده‌بێته ئایین و جگه له‌وه به‌رانبه‌ر قبوڵ ناکه‌ین، ئه‌وه کاره‌ساته.
کتێب سووتاندن پێشینه‌ی مێژوویی خۆی هه‌یه و ئاکامه‌کانی دوای ئه‌وه‌ش زانراون. هیتله‌ر پێش ئه‌وه‌ی جووله‌که‌کان بسووتێنێ، کتێبی سووتاند. کۆماری ئیسلامی ئێران له ساڵی1981دا، له "شۆڕشی فه‌رهه‌نگی" ئه‌و کتێبانه‌ی سووتاندن که جیاواز له هزر و مه‌زهه‌بی ئه‌وان بوون، پاشان هێزی بۆ تۆقاندنی رکه‌به‌ره‌کانی به‌کارهێنا. ئه‌وانه‌ی دوێنێ لڤینیان سووتاند، پێشتر سۆرانیان کوشت، جیاوازی نه‌بوو، ئه‌گه‌ر سووتاندنی لیڤینیان پێشخستایه. سووتێنه‌ری کتێب و بکوژی مرۆڤ هه‌مان گیانی رقاوییان هه‌یه.
دڵنیام، ئه‌وه‌ی کتێب بسوووتێنێت، مرۆڤیش ده‌کوژێت.
|