١٨\٤\٢٠١٢
ئەوەی لە دز
بمێنێتەوە، فاڵچی دەیبا؟!

ستار محەمەد قادر
هەمووی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، ناوەندی راگەیاندنی حیزبە سیاسیەکانی
کوردستان بەشێوەیەک لە موقتەدا سەدریان دەڕوانی، وەکو کاراکتەری کەسێکی
گومڕاو شەڕانگێزو دژ بە بەرژەوەندیەکانی کورد وێنەیان دەکێشا، ئێستایش
ستایش دەکرێت!
مرۆڤ سەر لەم مەتەڵە دەرناکات، ئەوسا ئێمە هەڵە بووین، یان ئەوان؟!
ئەگەر ئێمە هەڵە بووین، ئێ خۆ ئەوسا جەنابیان نەیارێکی سەرسەختی
کوردستانی بوونی کەرکووک بوو، هەر ئەویش وەڵامی ئاگرینی بەرانبەر بە
گووتەکانی سەرۆکی هەرێم دەدایەوە، ئەی کەواتە ئێستا جەنابیان دەبێت چی
رایەکیان هەبێت لەسەر مەسەلە جەوهەریەکانی کوردو راگەیاندنی دەوڵەتی
سەربەخۆی کوردستان؟!
یان ئێستا ئێمە بیر دەکەینەوەو موڕاجەعەی خۆمان دەکەین و هەست بەوە
دەکەین لە بەرایی پرۆسەوە هەڵە بووین و خوێندنەوەی واقیعبینانەمان بۆ
رەوشەکە نەبووە، بۆیە ئێستا دەمانەوێت لەرێی ئەو برایەتی و پێکەوە
ژیانەوە وا نێردراوی تەیاری سەدری لە کەرکووک ئاماژەی پێیکرد، خۆمان لە
ئاست کوردستانی بوونی کەرکووک بدزینەوەو رۆڵەکە تەسلیمی ئەوان بکەین؟!
ئێمە لە سەرووبەندی ئەوەدا بووین، کورد ئەزموونی لە هەڵەکانی
وەرگرتووەو جارێکی دیکە دوای ئەو وەهمە ناکەوێت تا لە دەلاقەی
دیمۆکراتیزە بوونی عێراقەوە دوای سەد ساڵی دیکە بە خەونەکانی شاد ببێت،
خوێندنەوەی ئەوەمان بۆ ئەم رەوشە نوێیە دەکرد، بۆ هەتا هەتایی خۆمان لە
ژێر باری ئەو پێکەوە ژیانە درۆزانانەی عێراق رزگار دەکەین و جارێکی
دیکە ریشمان رادەستی هیچ هێزێکی سیاسی ناکەین، وای بۆ دەچووین هەوڵەکان
لە سلکی دیپلۆماسیەوە جیدین و ئەمڕۆ نا سبەی ئەو مافەی وا ساڵەهای ساڵە
چاوەڕوانین ئەم و ئەو دانی پێدا بنێت، خۆمان دەستەبەری دەکەین، بەڵام
کاتێک دەبینین ئاڕاستەی گەمەکە هەر بۆ ناوەوەی عێراقەو هەر خەریکی
تاقیکردنەوەی زەیدو عوبێدین، کاتێک دەبینین هەموو هەوڵی خۆی بێهوودە
تەنها لە رووی قسە کردنەوە بۆ دیمۆکراتیزەکردنی عێراق خەرج دەکات،
ئەمانە گومانێکی وامان لە لا درووستدەکات، لە گومان زیاتر، باوەڕ بە
سیاسەتێک ناوی پلان و بەرنامە بێت بۆ کورد نەکەین!
کورد نۆ ساڵی کرد بە قوربانی وەعدو پەیمانی شیعەی هاوپەیمانی، هەشتای
ئەولاش بۆ سونەی ئەتباعی هاشمی، با نۆ ساڵی دیکەش لە پێناو هاوپەیمانی
نوێدا سەر ببڕێت، ئەگەر ئەمیش وەکو ئەوان دەرچوو، خۆ هەر لایەکی دیکە
دەدۆزێتەوە تا گەمەی " تۆمو جیری " لە گەڵدا بکات؟!
بە باوەڕی من، ئەوەی لە دز بمێنێتەوە فاڵچی گسکی لێدەدات، جا کورد
دەبێت خۆی لەم وەهمە رزگار بکات، ئێرە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو
شوێنەیە مرۆڤەکان نەعلەتیان لە ئەقڵانیەت و دادپەروەری کردووە، کورد
دەبێت باش ئەو راستیە بزانێت، ئەگەر هەندێک جار ئەم خۆی لێ دەگۆڕێت،
ئەوا ئەوان هەر بە نێرینی کوردێکی بێ ماف لە هەموو شتێک لە ئێمە
دەنواڕن و قبووڵمان دەکەن، جا ئەگەر بەو دیدە رازینیمان، دەبێت خەمێک
لە خۆمان بخۆین، نەک لە مالیکی، بیست و دوو وڵاتی عەرەبی هەن کامیان
دیمۆکراتە تا ئەم بەستە زوبانە دیمۆکرات و دیمۆکراتخواز ببێت، بۆیە
ئەوەی لە مشک بێت، دەبێت جەواڵ بدڕێت، تو یەزدان شەفاعەت بۆ هیچ
هەڵوێستێک مەخوازن، ئەوان گەمەی کاتمان لە گەڵدا دەکەن، با لە دوا
رۆژدا نەڵێین چووین بۆ ریش سمیڵیشمان نایە بانیەوە؟!
ئەگەر بوێری ئەوەتان تێدایە تۆزێک دەسبەرداری نەستەلە خواردن یان بیتزا
خواردنەوە ببن، ئێمە بە خۆڵی کوردستان رازین، ئەگەر دەتوانن بڕیار بدەن
و نەترسن، دڵنیا ببن یەک تاکە هاوڵاتی لە برساندا نامرێت دەبن بە سوپەر
بۆ بست بە بستی خاکی کوردستان، جا ئەگەر لە ئامێزی ئەم ستایش و مەسیج
ناردنەدا، تەنها رەچاوی بەرژەوەندی میللەت دەکەن، کورد پێویستی بەوە
نیە بە ستایشکردنەوە لە چوار چێوەی عێراقێکدا بمێنێتەوە ئەنفال و کیمیا
بارانی کردبێت، ئەگەریش ئەم هاوپەیمانێتیە نوێیە وا دەرنەچوو و سیاسەتی
" فرق، تسد " ی لە بەرۆکتاندا، ئەوسا تێدەگەن، ئەوەی لە دز بمێنێتەوە
بۆ کێیەو کێ دەیبات؟!
کورد دەبێت بەرایی لەو مەتەڵە بگات، وا مالیکی و ئەتباعی مەحکوم دەکات،
دژایەتی وەبەرهێنانی نەوت و کۆمەڵێک بەرژەوەندی کورد بکات، ئەوجار
دەتوانێت بڕیاری تەندرووست بدات، چونکە ئەوە خودی مالیکی نیە وا
دژایەتی کورد دەکات، بەڵکو مەوقیعەکەیەتی، لەو باوەڕەدام ئەگەر کوردێک
ببێت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەر وەکو ئەوان مامەڵە لە گەڵ کورددا
دەکات، چونکە چۆن پێگەی سەرۆک کۆمار مەحکومە بە کۆمەڵێک سیفاتەوە، ئەو
کورسیەیش ئەوەی لەسەری دابنیشێت، دەبێت بەوە مەحکوم بێت، لە چوار چێوەی
عێراقدا، کورد دەبێت تەنها خەونی شاعیرانەی هەبێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|