١٦\٧\٢٠١٥ ئەوەی لەـ( کۆلۆسیوم١و پاپاستان٢)مدیتــ!
دارا خونچە لێرەش لە رووکاری تاق و دیوارەکان لە نێو دڵی تاوێرە بەردەکانی (کۆلۆسیوم) تەنێ دەریایەک لە تکەتکی ئارەقە و تکەتکی ئەسرین و تکەتکی خوون و خیزاوی ئەوانەم دیت کە ژیان و ژیار لەسەر هزر و دەست و پەنجەی داقلیشاوی ئەوان چێبووە! لێرەش لە هندوڕ و کەشکوشی کەونارە هەرە باڵابەرزەکانی لانکەی شارستانیەت کتومت وەک لای خۆمان - وەک (میزۆپۆتامیا٣) - تەنێ و تەنێ هەر ناشیرینییەکانی مێژوو و هەر ناجوانییەکانی سەردەمم دیتن! لێرە هێشتا لەسەر تەپۆلکەیەکی بەرزی رۆما پاپا جیهان لێدەخوڕی و لە تەپوتۆزی دیوارە داڕزییەکانی (کەلات٤)انی ئیمپراتۆران (مانتۆ٥) و مەمدان و سەرپۆشان دەئافرێنی و ژنانیان پێ لەچەک دەکا! ژنانیان پێ شەتەک دەدا! ژنانیان پێ شەکەت دەکا! _________________________ ١- کۆلۆسیۆم: ناوی باڵەخانەیەکی پەیژەیی و گەورۆنەیە لە نێو رۆمای پایتەختی ئیتالیا، لە سەدەی یەکەمی زاینیی لە سەردەمی دەسەڵاتی ستەمگەرانەی (فلافيو فسبازيان)ی ئیمپراتۆری رۆمانییەکان چێکرایە. ٢- پاپاستان: وڵاتی ڤاتیکان لە رۆژاوای رووباری (تێڤێرێ)ی نێو شاری رۆمایە، (پاپا فرەنسیس)ی سەرۆکی کریستیانە کاسۆلیکەکانی جیهانی لێ نیشتەجێیە. ٣- میزۆپۆتامیا: وڵاتی نێوان دوو رووبار، کوردستان. ٤- کەلات: قەرات، قەڵا، (قلعة). ٥- مانتۆ: فستان، کراسی باڵاپۆشی ژنانی دیندار.
١٠\٧\٢٠١٥ - رۆما / ئیتالیا
|