٢٤\٣\٢٠٢٥
ئەو گڕەی دەسەڵاتی
ئەردۆغان دەسووتێنێ.

ئەرسەلان مەحمود
دەستگیرکردن و بڕیاری زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کرۆک و
درێژکراوەی سیاسەتی توندوتیژی حکومەتی تورکیایە کە لە دوو دەیەی
ڕابردوودا، تایبەت بەرامبەر بە کورد و هەر دەنگێکی ڕکابەر، گیراوەتەبەر.
ئەگەر هەمووان لەبەرامبەریدا بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبوونایە، ئەمڕۆ ئەمە
ڕووی نەدەدا، لەبەر ئەوە ئەم ڕووداوە کاردانەوەیەک نییە تەنها بەرامبەر
تاکێک، بەڵکو بەشێکە لە پلانی درێژخایەنی ئەردۆغان بۆ سەپاندنی
دەسەڵاتی تەواوەتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەیەکی فرەڕەگەز و فرەکلتووری تورکیا.
بە قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆنتڕۆڵی میدیا، حکومەتی تورکیا
هەوڵدەدات ڕاستیی ڕووداوەکان بخاتە ژێر چەتری تاریکی خۆیەوە. بەڵام
ئەمە تەنها ڕێگەگرتنێک نییە لە گواستنەوەی هەواڵ، بەڵکو هێرشێکردنێکی
ڕاستەوخۆیشە بۆ سەر دیموکراسی و بنەما بنەرەتییەکانی و مافی مرۆڤ.
پڕۆپاگەندەی دەوڵەت بە بەکارهێنانی زاراوەکانی وەک "تیرۆر" و "گەندەڵی"،
تەنها هەوڵێکن بۆ ڕەسمی ڕەوایەتیدان بە سیادەتی سەرکوت و زەبرەو
زەنگینی یاسایی بەسەر هەر دەنگێکی جیاواز.
ئەم ڕووداوانە لە کۆنتێکستێکی فراوانتردا ڕوودەدەن کە تێیدا کوردەکانی
تورکیا بە درێژایی مێژوو بوونەتە ئامانجی سەرەکی ڕەگەزپەرستی و
جیاکارییە دەوڵەتییەکان. دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، کە کورد نییە، بەڵام
وەک هێمایەکە بۆ هەوڵی حکومەت بۆ بێدەنگکردنی هەموو ئەو دەنگانەی کە
لەگەڵ ڕێبازی ئەردۆغان ناگونجێن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە
ستراتیژییەکانی ئەردۆغان تەنها سنووردار نییە لە کورددا، بەڵکو هەر
کەسێک کە بەرگەی دەسەڵاتی بێسنوور نەگرێت، دەکرێت ببێتە قوربانی.
سیاسەتی سەرکوتکاری ئاگرێکە ئومێدی خەڵک بەرزدەکاتەوە. خۆپیشاندانە
گەورەکانی ئیستەنبول و شارەکانی تری تورکیا لەم کاتەدا، کە بە بەشداریی
هەزاران کەس ڕووبەڕووی دەسەڵاتی توندوتیژی دەبنەوە، نیشانەیەکی ڕوونە
لەوەی کە کۆمەڵگە ئامادە نییە واقیعێکی دیکتاتۆری قبوڵ بکات. ئەم
بزووتنەوە سروشتییانە نیشانی دەدەن کە "هێزی خەڵک" لە کاتێکدا دەسەڵات
هەوڵدەدات بە سزاور بێدەنگی بکات، بەڵام لەبری ئەوە، ڕەنگدانەوەیەکی
بەهێزی بەرگرییە.
تورکیا لە ئێستادا بووەتە مەیدانی جەنگی نێوان دەسەڵات و ئیرادەی گشتی.
حکومەت هەوڵدەدات ڕاستییەکی یەکلاکەرەوە بسازێنێ و بسەپێنیت کە تێیدا
هەموو دەنگە جیاوازەکان بە "ترس" یان "تیرۆر" ناودەبرێن. بەڵام ئەم
تاکتیکانە لە درێژخایەندا پێچەوانەی ئامانجەکەی کاردەکەن: سەرکوتکردن
خەڵک بێدەنگ ناکات، بەڵکو وایان لێدەکات بە دەنگی بەرزترتر قسە بکەن.
ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش فشار لەسەر حکومەتی تورکیا زیاد بکات، ئەوا
دەکرێت ئەم پڕۆسەیە خێراتر لێکەوتەکانی ببیندرێن.
دۆخی ئێستای تورکیا لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدا کراوەیە و ڕەگەزی
سیاسی و کۆنتڕۆڵی میدیا نەیتوانیوە کۆمەڵگە بێدەنگ بکات. سەرکوت دواجار
شمشێرێکە کە لە شانی خودی دەسەڵاتدا دەشکێتەوە. گۆڕانکارییەکی گەورە لە
ئاسمانی تورکیا دەگەڕێ—ئەگەرێک کە دەکرێت بناغەکانی دەسەڵاتی ئەردۆغان
بلەرزێنێت و ڕێگە بۆ دیموکراسییەکی گەلان بکاتەوە.
دەستگیرکردن و بڕیاری زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تەنها ڕووداوێکی
سیاسی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئەردۆغان چەندە لاواز
بووە و خەڵکی تورکیا بەردەوامن لە شەڕی ڕزگاربوون لە ژێر دەستی
دیکتاتۆرییەت، پێویستە کۆمەڵگەی جیهانی وەک گوێگر و بینەرێک نەمێنێتەوە،
فشار لەسەر حکومەتی تورکیا زیاد بکات بۆ ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و
دیموکراسی. ڕۆژی دادپەروەری هەرگیز نایەت، مەگەر بە هەوڵی گشتی و
ناڕەزایییەکی یەکلاکەرەوە نەبێت.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|