ئه‌و گۆرانیبێژه‌ی خه‌ڵک پێی پێده‌که‌نێ.
باوترین ده‌سته‌واژه له‌لایه‌ن ئه‌م یاریبێژانه به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی ( سێ دێ ) یه که تا ئێستاش زۆرێک له گۆرانیبێژه‌کان له‌کاتی چاوپێکه‌وتندا ده‌ڵێن ئێستا خه‌ریکی تۆمارکردنی (سێ دێ)یه‌کین به‌بێ ئه‌وه‌ی دڵنیابن له ده‌ربڕینی ڕاست و دروستی ووشه‌که چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌م وشه‌یه به زمانی کوردی لێک بده‌ینه‌وه ئه‌وا ده‌بینین (سێ) له‌زمانی کوردی‌دا به‌مانای ژماره دێت وه‌کو سێ گۆشه، وه‌هه‌روه‌ها وشه‌ی (دێ) به‌مانای لادێ، گوند، دێت ئه‌وا ئه‌وکاته ئه‌و که‌سه ده‌بێته به‌ڵێنده‌ر نه‌ک گۆرانیبێژ چونکه ئاماده‌کردنی سێ دێ یان سێ گوند واتا دروستکردنی سێ گوند، بۆ نموونه دروستکردنی گوندی ئه‌ڵمانی یان گوندی ئینگلیزی، وه‌ک هه‌مووشمان ده‌زانین ئه‌م جۆره کارانه کاری به‌ڵێنده‌ره نه‌ک گۆرانیبێژ وه ئه‌گه‌ر به‌زمانی بیانی لێکیان بده‌ینه‌وه ئه‌وا له هه‌موو فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی ئه‌م جۆره وشانه نیه ته‌نیا له زمانی ئینگلیزی هه‌ندێک ووشه هه‌یه که له‌م ده‌سته‌واژانه نزیکن ئه‌گه‌ر برای یاریبێژ مه‌به‌ستی ئه‌م ووشه‌یه بێت و نه‌زانێ به‌کاری بێنێ ئه‌ویش ده‌سته‌واژه‌ی ( CD) یه که ئه‌ویش به سی دی ده‌خوێندرێته‌وه کورتکراوه‌ی (compact disc )ه ئه‌ویش (compact) واتا ( پڕ) وه (disc) واتا قه‌وان، قه‌وان مه‌به‌ست له سی دیه‌که‌یه نه‌ک قه‌وانی کلاشینکۆف!! نه‌کا برای یاریبێژ به قه‌وانی کلاشینکۆف تێبگات چونکه ئه‌و کاته ده‌بێته شۆڕشگێڕ نه‌ک گۆرانیبێژ!!
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش که پێناسه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌کات جار جاره ده‌ڵێ کاری وێنه‌گرتنه‌که‌م له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات کردووه وه هه‌روه‌ها رسته‌یه‌ک هه‌یه که هه‌رگیز له‌بیری ناچیت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێت ( سێ دێ ی ئه‌مجاره‌م زۆر جیاوازه له ڕووی میلۆدی و تێکسته‌وه به شێوازێکی نوێ به‌رهه‌م هاتووه) تۆ بڵێی ئه‌م سێ دێیه شه‌قامه‌کانی هه‌موو قیڕتاوکرابن و قوتابخانه‌ی نموونه‌یی و نه‌خۆشخانه‌ی مۆدێرن و فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌رزه‌پردی لێ دروستکرابێ؟! ئه‌گه‌ر وابێ به‌راستی به‌شێوازێکی نوێ به‌رهه‌م هاتووه، ئاخر برای یاریبێژ کاتێ نازانی ده‌سته‌واژه‌یه‌ک به‌کاربێنی باشترنیه سه‌ره‌تا فێری زمانه‌وانی بیت پاشان گۆرانیمان بۆ بڵێی؟ له‌کاتێکدا زۆربه‌ی گۆرانیه‌کانی ئێستا هیچ په‌یوه‌ندیان به موزیکی کوردیه‌وه نیه کاتێک له گۆرانیه‌کان ناگه‌ین ئیتر با له پێناسه‌ی گۆرانیه‌کانت بگه‌ین..
|