٢٥\٤\٢٠١٤
ئەوهام هاتیە بەر
چاو!

خوناو سمایل
دەڕۆی.. دێی.. دەڕۆیەوە و پشت بە دیوارە
شووشەکەی کابینەی چاوەڕوانی کردنی پاسەکە دەدەی و لەوێ دەچەقی...
خۆزگە بە چاوی من خۆتت دەدی... کە کابرایەکی چەند ناپووتی!
"هەی نابووت دیسان رەنگی
شپرزەیی داتیگرتەوە! سیسهەڵگەڕاو، لە شووشەی
ئەو کابینەیە تەماشایەکی خۆت بکە بزانە چی جارانت بە خۆت هێشتووە...
بەڵام ئەتۆ کەی گوێیت پێداوە... لەوانەیە من زیاتر خەمخۆرت بم...
لەوانەشە لە هەناو بتلێیەوە و ئەو
رەنگەی وا لەو روخسارەت
نیشتووە یەك لە رەنگە نەبینراوەکانی خەفەت
بێ و باریت کردبێ...
بچەقە... وەك چۆن چەقیوی ئەوها لە وێ بنیسێ... هەر چەقینت باشترە... کێ
ماوە تەقەلای بۆ بدەی و بتجوولێنی؟ کوا ئەو
دەنگەی دەیگوتیێ "بابە"؟!
ئەدی ژنەکەت؟ کە لێوانی لێکدەکردەوە
و ددانە سپیەکانی بەدەردەکەوتن دەتگوت دنکە مروارین تازە لە
دەریاوە هێنراون! نابووتی سیسە... گەر پیاو
بووای دەتلایەوە... کە سوڕ دەتزانی هەموو
پیاوان بەخیلی بەو دەمە رەقەت دەبەن کە
شەوان ئەو دەم و لێوانە دەمژی!!.. چەندی گوتیێ "با بەس بی... ئەو بەزمە
بەس بی..." هەر گوێت نەگرت. دەبووایە
بمردبای کە ئەو ژنە لە داخت وەك شێت بە نسکە و لرشمەی خۆی و بە زیکە
زیکی ئەو بەچکەی، کە تازە دەمی بە "دایە.. بابە" دەگرت، سووچ
و کۆڵانەکانی دەبڕی و بە خوێنی هەموو دەمارەکانی هاواری دەکرد
... هەر بە جوێندان رۆیی و جێیهێشتی...
تەماشای خۆت کە ئێستا! دەڵێی جەستەیەکی مۆمیاکراوی وا لەو ئێوارە
درەنگەدا بە تەنیا لە تەنیشت ئەو کابینەیە
وەستاوی و ناجووڵێی ... لەوەتی من ئاگادارم
ئەوە هەشت نۆ پاس هاتن و رەتبوون، تۆ هەر
چەقیوی... روخسارت لەوەش ناکا کەوتبیە نێو
بیرکردنەوەی پەشیمانیی! ئەدی بۆ وا بێ جووڵەی؟
پێم وایە بیر لەوە دەکەیەوە دیسان بچیەوە دوکانەکە! ئەوێشیان داخست...
کێ دەڵی لە دەست بەفیڕۆدانی ئەو هەموو پارە
و پوولەی تۆ نەبووبێ کە ئەوانیش ئەمشەو زووتریان داخستبێ.
هێشتا باغەڵت لەبن نەهێنابوو کە خاوەن دوکانەکە (ژنەکە
و پیاوەکە) هەردووکیان هاتن و پێیان گوتی "بەسە وازبێنە و بڕۆ".
زانیان زۆرت لەسەر دانا و هەر دۆڕاندت و
تاقە جارێکیش بەختت نەیگرت...وازت نەهێنا،
هەر گەمەت کرد و چشت نەبردەوە...
ژنەکە بە میهرەبانێێك گوتی "باشتر بوو بڕۆیشتبای" یەك دوو پارەی خوردەی
لە قاسەکە دەرهێنا و بە دەم و چاوێكی
روخسارکز، کە ویستی سێبووریێکت
بداتەوە، هات و خستیە ناو لەپت و گوتی "بە پاس بڕۆوە". کە چەقیوی ئێستا،
پارەکە هێشتا هەر لە نێو لەپی دەستتە. تەماشێێکت کردێ و دەتگوت بڕیارت
دا بڕۆی؟ شوێنەکەت جێهێشت. من وامزانی لە هاتنی پاسەکەت نائومێد بووی!!...
رۆیشتی... چاوەکانم بە دواتەوە بوون کە لە
دەرگای ئەو تاقە دوکانەی، کە هێشتا دانەخرابوو و خۆت ئاسا چەند لات و
پووتێكی گیرۆدە دەرێ و ژۆرێیان دەکرد.
ئەتۆش خۆتت کوتایە ژوورێ و بڕە خوردەکەت خستتە کونی یەك لە ماکینەکانی
قومار و یەك دوو دوگمانت داگرت. چاوەڕێت کرد،
لە روخسارتڕا
دەرکەوت کە ئەویشت دۆڕاند!! هاتیە دەرێ... دوورتری کابینەی پاسەکان
وەستای و پشتت بە دیوارێك دا.
نیسانی
٢٠١٤ - نۆرویژ
ماڵپهڕی خوناو
سمایل
|