په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠١١

    ئەوینێکى سەردەم بە رازێکى دێرین.

کامیل ژیر

چ ئاوازو چ سۆزێکە ! کەوى کۆسارە شۆخى من
زەنگی ئاشووب و ئاژاوەو شەڕو کوشتارە شۆخى من
هەزارانێ ئەپێکێت و سەرۆکى سوارە شۆخى من
دەسى سوورە بە خوێناوم ، کەچی هەر یارە شۆخى من
*
هەنگى ویستم لەپێَناوى گوڵى ناوازى ئەو شۆخە
وەکو دێوانە وێڵە بۆ مژینى نازى ئەو شۆخە
لەدنیادا نیە وێنەى دەنگ و ئاوازى ئەو شۆخە
رەزِو بادەى بەهەشتێکە شەرابى رازى ئەو شۆخە
*
فریشتەى من چەنێ شیرین و ئارایە ، چەنێ شۆخە !
شەکر یا ماکى هەنگوینى لەزارایە ، چەنێ شۆخە !
چریکەى ئاوى ژیانى لەبارایە ، چەنێ شۆخە !
بەچرپەیشى هەمان پێشەنگ و کارایە، چەنێ شۆخە !
*
بەبێ سۆزى چڕینێَکى ، خەفەتبارێکى ئەو شۆخەم
خەمى ژانى برینێک و دەسى چارێکى ئەو شۆخەم
لە ریگەیدا خوڵامێک و برەوکارێکى ئەو شۆخەم
کە شاکارى وشەى سوارم ، ئەویندارێکى ئەو شۆخەم
*
لە تافى هەرزەکاریدا مەلى داوێکى شۆخێکم
لە هێزو تینى لاویدا کەوى راوێکى شۆخێکم
لە دواڕۆژانى پیریشا گوڕو تاوێکى شۆخَێکم
کە باخم شین و شانازە ، بەرى ئاوێکى شۆخێکم
*
کەوانى پەلکەزێڕینەى بەهارانە پەریی شۆخم
گلى چاوو رمى سنگى نەیارانە پەریی شۆخم
بەخەندەى لێوەکانى خونچەبارانە پەریی شۆخم
گوڵى زێڕو دوڕو یاقووتى جارانە پەریی شۆخم.

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر