١٩\٢\٢٠١٤
ئەویش...

فاتیح سەلام
وەک من لەسەر
پەنجەکانیا
خونچەى وشە دێنە سەما و
نوقم دەبن، لە تەمێکى مەیلە و ئاڵى رەنگاوڕەنگا
هەندێ جار لە دەستى راستیا
کۆترێ کێوى شاباڵکراو دەگمێنێ
کە تووڕەش بوو
بە دەستەکەى هاوسێى دڵى
چى دەسکەوێ
لە کەنارى ئەو جۆگەلەى ماڵى گوڵن
بەردێک ناوى دەنێ دڵ و...
یەک یەک هەمووى دەقرتێنێ!
ئەویش!.. لە پێش کازیوەدا
خۆر کۆشى پر دەکا لە تیشک
لە چیرۆکى ئەو ماچانەى
بە قەد گەڵاى جێ ژووانەوە
هەتاو دەرکەوت دەبن بە لێو
وەک من گوێزانێ هەڵدەگرێ
دەست بە برۆى کۆدەکانى جانتاکەی و
هەندێ پیت و ژمارەى قەتیسا دێنێ
لێم تێدەگات، کە تێناگەم
لێى تێدەگەم و تێدەگەین
وەختێ لە دوورترین خاڵى نزیکیدا
دەبین بە نیوەى یەکتر و
وەک تەرزى سەرەتاى وەرزى دارگەڵامێو
لە رۆحەوە لێک دەئاڵێین!
ئەویش لە شووشەى شکاوى پەنجەرەکانى شیعرەوە
لە تەربوونى خۆى دەروانێ و
سێبەرى خۆرەمى ئاوێ لەپى پر دەکات لە سێبەر
خۆى نا، لەتێ لە ئاوێنەى تارمایى گوزەرێ وتى:
ئەویش دیوێکى پشتە و خۆر لە تۆ دەچێ
کە حارى یاخیبوون دەدا
زۆران لەگەڵ ''با''دا
دەگرێ
شەڕ بە بارانێ دەفرۆشێ
بە باران دەڵێ جێمبێڵە
چەخماخە لە پرچى دەدا و
هەورێ ئاوس دەکاتە بەر.
١٧\٢\٢٠١٤
ماڵپەڕی فاتیح سەلام
|