٩\٤\٢٠٢٣
ئەو کاتەت باش.

دڵکەش قادر
ئێواران کە سەیری دیمەنی پڕ لە هەست و جوانیی ئاوابوونی خۆر دەکەم و
بیردەکەمەوە، ئەوەی شەڕی ئەو هەموو ناهەقیەی پێناکرێ، من نەبووم. کاتێ
بە ناو کۆڵانە پێچاوپێچەکانی سلێمانییدا گوزەردەکەم، غەمگینیی
دامدەگرێ، کاتێ بیری تۆ دەکەم، لە بانیژەوە سەیری سپێدانی ئەزمەڕ
دەکەم، وێنەی ئەزمەڕ وا دێتە بەرچاوانم چیایەکە بەرگێکی سپی پۆشیوە،
سپی وەک ساردی لێدانی دڵ، هێواش وەک نەرمەبارانی شەوانی سەرچنار و
شەقامی کاوە.
لەوەیە کاتێ ئەم نامەیەم دەخوێنیتەوە، جامێ لەگەڵ ماملێ نۆش بکەی و
مەسـت بیت، بەڵام مەستبوون ئەندێشەیەکی منداڵانەیە. ئێمە لە ئەندێشەی
یەکتری جێنزرگەیەکی سامناکمان بۆ رێگریی لە پەشیمانیی جێهێشت.
تۆ لە یادەوەریی مندا سروودێک بۆ پێش دەسپێکی جەنگ. من لە یادەوەریی
تۆدا کچێکی هەرزەکاری جیهانی سەمای بالیەم.
ئێوارەیەک پێش رۆیشتن، گوتت: رۆیشتن ماڵی دووەممانە و گەڕانەوەش
دوژمنێکی سەرسەخت، بە سەرلەقاندنێک و بزەیەک پڕبووم لە بێدەنگیی، تۆ
لەم بێدەنگییەم نەگەیشتی.
ماڵپهڕی
دڵکەش قادر
|