١٤\١\٢٠١١
ئەو کاتەی خاوەن
کۆیلەکان، دەبنە کۆیلەی درۆکانی خۆیان.

ئەرسەلان مەحمود
جاڕی سەربەخۆیی و، هێنانە ئاراوەی حکومەتێکی شیاو بە ژیان و
ئازادییەکانی خەڵک، لە بنەمادا ئیشی خەڵکی ئازادیخوازە، ئەم فەزایە بە
خوتبە و فتوا، یان بە بڕیار و ڕاسپاردە و زەوقی ڕەمەکیانەی خاوەنشکۆ و
خەڵکی خاوەن کۆیلە نایەتە دی.
کۆیلەن ئەوانەی باوەڕ بەوە دەکەن لەکۆمەڵگەیەکی نەرێتی و سوننەتگەرادا،
نەک هەر وەها تەبلیغاتێکی درۆینە، بەڵکو بازاڕی ئەم نەوعییەتەیش
لەخەڵکی ئازادیخواز، بەهۆی ستەمی فرەلایەنی ئەم کۆیلەگەرە هەمەکییانەوە،
تایبەتیش لەناو چینە باڵادەستەکەی کۆمەڵگەدا، لەخێزانەوە بگرە تا
بەئۆرگان و دامەزراوە جیاکانی تر دەگات، بەربگرێ و بەڕمێنبێ، هەرگیز
روینەداوە بوونێکی نەگۆڕو وەستاو، بازاڕێکی وەها بەبنەما بخوڵقێنێ،
ئەمە ڕاستینەیەکی مێژوینی نکۆڵی هەڵنەگرەو، هەرگیزیش بەبێ سازاندنی
ژینگەیەک بۆ سەربەخۆ یبوونی زاتی، قسەکردن لەسەر سەربەخۆیبوونی بابەتی
درۆینەو تەنانەت گاڵتەجاڕیشە، بەڵێ یاریکردنە بەعەقڵی تاک تاکەی
پێکهاتە کۆمەڵایەتی و جڤاکییەکان، تا ئەم ڕەنگدانەوە عەقڵیە
باوگەرایەیش زاڵبێ و، نەتوانێ لەگەڵ هەژموونی دنیایی نوێ و،
مۆدێرنێتەدا جوتبێ، ژیانێکی نوێ و، ئازادییەکی شایستە بەماف و
ئازادییەکانی خەڵکی، دیسانەوە دەڵێم وەجاخکوێرەو، هەرگیز لەدایکنابێ.
ئایا تۆ دەتوانی خێڵێک بدۆزیتەوە، بەئاشکراو راستەخۆ، بانگێشەی ئەوە
بکات، ئەندامەکانی ناچار بەملکەچبوونی سەرخێڵەکەیان نەکراون؟، بێگومان
نەخێر، هەرگیز ڕوینەداوە بابای موفتی و، جەنابی خاوەنشکوو کۆیلەگەر،
لەلایەن ئەمانەوە لەسەر عەرش لادرابن، ئایا ئەوانەی بەناوی دنیاو
دینەوە، بێپەرواو هەرکاتێ بیانەوێ، هەڵدەکوتنە سەر مافە مەدەنیەکانی
خەڵک و لەبۆتەی خێڵ و مەزهەبگەرادا قانگیان دەدەن، هەرگیز رویداوە
پۆینتێک ژیان و ئازادییەکانی خەڵکی لەدوێنێی هێزو بازووەوە بپەڕێننەوە
ئەمڕۆی عەقڵ و مەنتیق؟، بۆیە هەرگیز باوەڕ بەوە ناکەم پاوانکردن
فەزیلەتبێ و، لەم سەردەمەیشا بەعەقڵا ناچێ ئایین بەزەبرو تۆقاندن
گەشە بکات، بایەخدان بەرۆح بابەتێکی خودییە، هەروەک چۆن خاوەنشکۆش
ناتوانێ بەبڕیارو راسپاردەی درۆینە، ڕێ لەناسەغڵەمبوونی ژیان و زاتی
مرۆڤەکان و عەووامبگرێ، ئەی ئەوە نییە خودا خۆیشی بەدژی ئیرادەو ویستی
خۆیان مرۆڤەکان رزگار ناکات، بۆیە ئەرکی مەلاو موفتی و بابای کۆیلەگەر،
ئەوەیە نییە دین و دنیاویستی مرۆڤەکان سنوردار بهێڵنەوە، خودا ئەو
مافانەی بەخۆی نەداوە تا ئەمان مرۆڤ بریندار بکەن و ژیانکردنی، وەک
ئەوەی خۆی دەیەوێ بیڵی و بینوسێ و ئەزمونیبکات، لێزەوتبکات، کەواتە
هەر فەرزیات و ئەندێشەیەکی ناکۆک بەویستی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی،
دەچێتە خانەی دژایەتیکردنی ئیلاهییەوەو، هەموو ئەو شتانەی پێویستیشن بۆ
سەر دەرهێنان و، هێشتنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەبێ برەویان بدرێتی و،
مافێکی سروشتین.
بەڵام ژینگەیەک تیایدا، برەو برەوی کۆیلەگەرکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیبێ،
بێگومان ئەوەی پێیبگوترێ بازاڕی ئازادو عەقلانی، قسەی زلەو، جگە لەخۆ
زومکردنی خاوەن کۆیلەکان بۆ خەڵک بەلارێدا بردن و خودپێشخستنیان لەسەر
حسابی ئەوانی دی، شتێکی تر بەمانا ناکات، کۆیلەگەر لەهیچ کات و
سەردەمێکدا زاتی ئەوەی نەکردووە لەبازنە بەرتەسکەکانی ئەنانیەتی شەخسی
و، خێزانی و، ڕەمەکییەت دەرکەوێتە دەرەوەی هێلکارییەکانی بوونی، ئەو
بوونی هەموو شتێک لەبوونی خۆیدا ببینێت، هەروەک چۆن لەنەبوونی خۆیشیدا
هەموو شتێک بێبەها ببینێت، ئەم چەشنە لەخۆشنودی بۆ مرۆڤەکان وەک ئەوەی
لەسەرەوە باسمانکردو تەبلیغاتی بۆ دەکەن، بەلای ئەمانەوە لەبنەمادا
تورێکی تەڕ ناهێنێت، سەربەخۆیی لای کۆیلەگەر، سەر بەو بوونە، نەک
سەربەخود بوون، لەم نەرێتەیشەوە هەرگیز پێکهاتەیەکی سەربەستانەی حکومی،
نەدروستدەبێ و، نەدەیشپارێزرێ و، نە مەترسیەکانی سەر سەریشی بۆ ساتێک
دەڕەونەوە، جاچجای درۆینەیەکی وەها پێکەنیناوی!..
خەڵکی ئازادیخوازو بگۆڕی چالاک، بەسود وەرگرتن لەو ئەزموونانەی
هاتوونەتە بوون، بەرەو خۆشنودی کۆمەڵایەتی و بازاڕی ئازاد هەنگاو دەنێ،
بەڵام کۆیلەگەر بێجگە لەمانەی خۆی، چاوی بەرایی نادا هیچ
تاقیکردنەوەیەکی تر ببینێت، یانی لەوێ درۆ بەهەموو جۆرەکانییەوە شای
هەموو شتێکەو، ئەمەیش ئەوپەری کاریگەری وێرانکارو نەرێنی بەسەر تاک و
کۆو، ئەوانەیشەوە رۆناوە، لێرەو لەوێ بەسەرکردەش ناو دەبرێن.
درۆینە بازارێکی وەها، بێگومان ئاماژەیەکی رەهایشە بەکۆتایی هاتنی
توانستەکان لەبیرکردنەوەدا، هەروەک چۆن ئەمە دواجار کۆی مرۆڤەکانی ناو
ئەو ژینگەیەش دەکاتە کۆیلەی درۆکانی خۆی، ئەم جۆرەیش لەخود کۆیلەکاری،
هێندە رۆتیناوی دەچەرخێ، زۆر زەحمەتە ئەم هەژموونی باوگەراییە تیایدا
بوار بداتە بەرهەمهێنانی تاکێکی ئازادیخوازو، دەرفەتی باتێ وەک
یەکەیەکی بنەڕەتی لەسەر پای خۆی بووەستێ، چونکێ ئیرادەیەکی وەها
درۆینەی هەمەکی، تەنێ ڕیسا کۆنینەکان لەڕوبەروبوونەوەدا بەپێوەر دەگرێ
و، هێشتان لەو باوڕەدان تاک هیچ کام لەسەروەری کردەوەکانی خۆی
پێناپارێزرێت!..
ئەم ڕوانینەیش لەوەها کۆمەڵگەیەکدا، لەسەرۆک و بەرۆکی خێزانەوە تا
بەدامەزراوە جیاکانی تر دەگات هەڵدەزنێ، چۆن دایک و باوک مناڵەکانیان
چەن گەورەو لەخەمڕەخساویش بن، لەچاوی ئەمانەوە هێشتا وەک شیرە خۆرە
ئەبینرێن، ئاوایش دامەزراوەکانی تر، لەتوانابینییەکانی تاک دەڕوانن!،
ئەمەیش زۆر ترسناکەو بەدڵنیاییەوە فەناپێکردنی تاک بتەوێ یان نەتەوێ،
دواجار فەناپێکردنی یەک لەسەرەکیترین بەشە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگەیە،
کۆمەڵگەی بێتاکیش یانی خاڵیبوگەی بێتاکیش یانی خاڵیبوونەوە لەمرۆڤبوون و، دەرکێشانی چاوگی هزو
بیرکردنەوە، یانی نەبوونی ئەو پرنسپانەی بوونییەی کۆمەڵگەی بەمانای
کۆمەڵگەی بەشەری لەسەر بەندە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|