په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٢\٢٠٢٥

    ئەو کاتە زانیم.


تاڤگە سابیر

ئەو کاتە زانیم دوو سەرابین بۆ یەك
لە دەشتەکانی خەڵوزدا بۆ یەکتر دەگەڕاین و
لە خانە تاریکەکانی تەپوتۆزدا
دەمانویست ماچەکان بگۆڕینەوە
ئەو کاتە زانیم گەشتمان دەبێتە وەرینی گەڵایەك
بە لێوی تینوو لەسەر دەریایەکان دەماننووسی
هەمیشەیی و پێکەوەبوون
خێرا شەپۆلە تووڕەکان دەیانسڕیەوە
ئای ئەو کاتەی من لە شارەکان یاخی دەبووم
تۆش لەودیوی پەنجەرەکانەوە شووشەکانت ماچدەکرد
کەسمان نەیدەتوانی خەوی شەوانەی بۆ ئەویدی بگێرێتەوە
چ ئامادەبوونێکی تاوانبارانە بوو
من و تۆ لە تاعونستانێکدا کۆبووبینەوە
ویستمان ئەویندارانە یەك بناسین
درۆیەکانی دەمی یەکدی بکڕینەوە و بیانفرۆشین
بە دەریاوانە پیرەکانی ئەودیوی ئاو
دوو ئەوینداری کۆن بووین لە وێرانەکانی گوڵدا
بۆ ئەوینێکی دی دەگەڕاین
دوو سێبەر بووین بەدووی سێبەرێکی دیکەدا وێڵبووین
نەزانانە گۆرانیمان بۆ ئاوێنەکان دەگوت
تۆ کوری خێڵێك بووی لە شەرم و پەپوولەکانی گژوگیا
من پاڵەوانی هۆزێکی ترسنۆك
ھەر یەکەمان لە رێگایەکی رەنگاوڕەنگەوە
بە ھێمنیی دەڕۆیشتین
ئۆقیانووسەکان
بە تەم و رەشەبایەکانیانەوە
لە نێوانی ھەردووکماندا
لە شەپۆلێکی هەمیشەییدا بوون
لەوێوە دەستمانپێکرد
لە برسا لە گوڵەگەنمە یاخییەکان
دەپاڕاینەوە
دوای پەشیمانیی باران
دەستمانپێکرد
لە بارین
دوای پەشیمانیی ئاھەنگەکان
کەوتینەڕێ
لە چۆڵ بوون
دوای کۆچکردنی دەریا
وەدەرکەوتین
دوای سیسبوونی گوڵەکان
ھاتین
گەشتین بەو ئایندەیە
کە سەراپا پڕە لە بەلەمی بێ سەوڵی مێژوویی
کەسمان کەس ناناسێتەوە
ھەر یەك
لە کۆڵانێکەوە دەڕۆین
ھەر یەك بارانێک دەخواتەوە و
تووڕەیە لە روخسارێك
لەوانەیە بگەین
بە دارستانە تازەکان
چەپڵە بۆ ھەڵفڕینی
باڵندەیەک لێبدەین.

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک