ئەولای
دەریاکان.

سوهراب سپێهری
و: کامەران هەڵوەدا
لۆتکەیەک ساز
دەکەم
بە ئاویدا دەدەم
ئەو نیشتمانە نامۆیە بەجێدەهێڵم،
کە تیایدا کەس نییە قارەمانەکان
لە مێشەی ئەویندا خەبەر کاتەوە.
لۆتکەیەک تۆڕی تیا نەبێ
دڵێکیش ئاواتی مرواری،
نە دڵ دەدەم بە ئاوییەکان
نە بەو پەرییانەش کە سەر لە ئاو دەهێننە دەرێ و
لە تەنیایی روونی ماسیگراندا
سیحر لە ئەگریجە دادەڕژێنن.
هەر وا دەڕۆم و دەڕۆم
هەر ئاوا دەچڕم:
"دەبێ دوور کەویتەوە، دوور
کە پیاوی ئەم شارە چ دیرۆکی نەبوو.
ژنی ئەم شارە دڵی پڕ نەبوو وەک هێشوە ترێ.
هیچ ئاوێنەیێکی باڵەنوێن
خۆشیەکانی پاتە نەکردەوە.
تەنانەت قووڵکە ئاوێکیش گڕێکی نەنواندەوە.
دەبێ دوور کەویتەوە، دوور
شەو گۆرانی خۆی چڕِی
نۆبەی پەنجەرەکانە."
هەر ئاوا دەچڕم
هەر وا دەڕۆم و دەڕۆم.
شارێکە لەولای دەریاکان،
پەنجەرەکانی روو بە درەوشانەوەن،
سەربانەکانی جێی ئەو کۆترانەن کە چاو دەبڕنە کوڵکوڵی هزری بەشەر،
دەستی هەر مناڵێکی دە ساڵانەیی شار، لکی ماریفەتێکە.
خەڵکی شار چەشنێ سەیری چینی دیوار ئەکەن
وەکوو سەیری بڵێسەیەک، سەیری خەوێکی شیرین.
زەوی مۆسیقای هەستت دەبیستێ و
دەنگی باڵی باڵندەکانی دیرۆک دێ بەدەم باوە.
شارێکە لەولای دەریاکان
کە پانتایی خۆری بە قەت چاوی خەوسووکانە،
شاعیرانی میراتگری هزر و ئاو و رووناکین.
شارێکە لەولای دەریاکان
دەبێ لۆتکەیەک ساز کەیت.
19/7/88
|