په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٣

ئەو نامەیەی هەرگیز نەگەیی.

زەکەریا حەوێز     


ئەو نامەیەی بە چەند وشەیەک نووسرا بە وشەیەک کۆتایی هات.. هەرگیز نەگەیی، نازانم دەبێ من کەسێکی نابینابم یان نامەکە چێژی بینایی تێدا نەبوو، بەڵام خۆشم هەرگیز بە نووسینەکانم سەرسام نەبوومە تا کەسێکی تری پێ سەرسام بکەم، هیچ کات لە رووناکیی مانگ نەترساوم.. لە بەرامبەر رووناکی ئەودا وشەم نووسیوە، ترسی من لەو وشانە نییە کە بۆم نووسی.. ترسی من لەو وشانەیە کە سبەی بۆتی دەنووسم، ئەو ساتەوەختەی بە دیار دێڕێکەوە رامابووم لە کاتی نووسینی نامەکەت لە ئەندێشەی ئەوەدا بووم کە دەبێ ئەو بەفرە وردەی هەمیشە لای ئێوە دەبارێ دەیتەزێنێ.. خەمم بوو دەزانی، تا ئێستاش نازانم بۆ ر‌قم لە سەرما و ساردیی دەبێتەوە.. رەنگە ئەوە بێ کە ئازاری تۆ دەدا.. رەنگیشە ئەوە بێ کە بارانەکەی ناتوانێ فرمێسکەکانم بشارێتەوە، ئێستا تۆ بوویتە کچی وڵاتی بەفر کە سنوورەکانی بێ تەلبەندن.. هەمووشی پڕبوون لە بەفر و بەستەڵەک.. من زۆر کات بیر لەوە دەکەمەوە کە سنووری نێوان من و تۆ جیاوازیی زۆرە زۆر، بەڵام هەمیشە ئەوەی دڵخۆشم دەکا دەریایەکانن.. هەمیشە گومانم هەیە لە دەریایەکان.. ئەوە بیست و یەک ساڵە تێنەگەیشتم دەریایەکان هەر دەڕۆن کەچی پێیان نییە.. دەنگیان هەیە.. بەڵام دەمیان نییە بۆ قسەکردن.


هەر بۆیەشە دەریایەکانم خۆشدەوێن چونکە تەنیا جیاوازیی نێوانمانن، تۆ کە ئێستا خەوتووی کەسێک نییە وەئاگات بهێنێ.. من بڵێم چی لە بێ هەواڵییت گومانم لە مردنی مرۆڤەکانیشە.. زۆر جار دەڵێم جیاوازیی نێوان مرۆڤێکی خەوتوو لەگەڵ مرۆڤێکی مردوو چیە! تۆ لە کەناری نامۆیی دای و منیش لە چاوەڕوانیی تۆدا وشەگەلێک لە ژێر پێنووسەکەم دەسوڕێنەوە، هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەم بستێک لە تاراوگەم دەیتێ حەز دەکەم رێگایەکانت لەگەڵ ببڕم.. تینووێتییت بشکێنم.. بستێک لە سنوورەکانت لەگەڵ بپێوم.. هەر ئەم ئەندێشەیە وام لێدەکا ببمە باڵدار و خەون بە فڕینەوە ببینم، بەڵام هەر دڵخۆشم.. دەزانی بە چی؟! رەنگە خۆشبەختیی من تەنیا ئا لەوەدا بێ کـاتێ دەبینم من دەتوانم سەرچاوەی بەرهەمێ وشە بـم بۆ تۆ و دڵخۆشم لەشێکی لەکارکەوتوو و لەکارکەوتووم نییە، کاتێ هەست دەکەم لە ژیان ئومێدێکی باش و گوماناوییم بە تۆوە هەیە.. ئەو کاتە لە گوزەرانی ژیانم رازیی دەبم.

 

ماڵپه‌ڕی زەکەریا حەوێز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک