په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٠

ئەو قەیرانەی ساڵ بە ساڵ گەورەتر دەبێ...؟!


ئەمیر ئەحمەد عەبدولقادر


پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان ساڵانە تەنھا بەرە و ڕووی یەک قەیران نابێتەوە، ئەو قەیرانە گەورەیەی لێرەدا کە بە چەند فەقەڕەیەکی ئەم نووسینە تیشکی دەخەینە سەر بەوە بچوک نابێتەوە، کە نایکەینە تەوەرەیەکی سەربەخۆ، ساڵانە وێستگەیەکی مەترسیدارە و مەترسیەکەی لە بیری خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان ، لە ھی ئەزموونی ساڵانە گەورەترە.


ئێمە لە کوردستان خاوەنی چوار زانکۆی سەرەکین، کە بتوانێ بەو ڕێژە خوێندکار وەربگرێ، بەشێک لەو ڕێژەی ھەیە لەدەرچوانی ساڵانەی ئامادەییەکان کەم بکاتەوە. ئەوانی تر ھەم تازە بڕیاری کردنەوەیان بۆ دراوە، ناتوانن ئەو ڕێژە زۆرە قبوڵ بکەن، لەلایەکی تر زانکۆ ئەھلیەکان بەو ئەندازە باری سەرشانی ئەو گرفتە کەم ناکەنەوە، کەساڵانە لە ھەرێمی کوردستان و لە ساتە وەختی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی پۆلی ( ١٢ ) ی وێژەیی و زانستی بەدیار دەکەوێ.


زیاتر لە حەفتا ھەزار خوێندکار ئەم ساڵ بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی وەزاری کردووە، ساڵانە ئەو ڕێژەیە زیاد دەکات، کەچی توانای وەرگرتنی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستانی نزیکەی بیست و پێنج ھەزار خوێندکارە، ئەمەش لەبەر سنورداری زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان کە ناتونن لەم ڕێژەیە زیاتر وەربگرن.


ئەم گیر و گرفتە بۆ سێ ساڵ دەچێ بەزەقی بەدیار کەوتووە، لەگەڵ ئەوەدا ڕاوێژکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، کە لە ھەوڵی ئەوەدان بۆ ئەم ساڵ لە خەمی دیاریکردنی چارەنووسی دەرچوانی قۆناغی ئامادەیی دابن، بەڵام ئەم قەیرانە ساڵانە لەم ساتە وەختەدا سەر ھەڵدەدات لەوە گەورەترە، بە دروشم و لێدوانێک چارەسەرببێ ، ئەگەر نەخشەو پلانێکی زانستیانەی لەپاڵا نەبێ، ھەڵئاوسان لە زۆری خواست و کەمی کەرەستەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان ، لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێدەکات و بە دانەمەزراندنی دوای دەرچوون لە کۆلیژ و پەیمانگاکان کۆتایی دێت، ئەوەی بیری لێدەکرایەوە لەم ساڵانەی دوایی مانەوەی خوێندکار و بێ بەشبوونی بووە لە خوێندن لە دوای تەواوکردنی ئامادەیی، کە بە زەقی ئەوەیشی ھاتە سەر.


ئەم گیر و گرفتەی ھەرێمی کوردستان کەرتی پەروەردەی گرتۆتەوە، نە بوونی پلانی ستراتیژییە بەرانبەر پڕۆسەی خوێندن بەتایبەت وەرنەگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان سەرەڕای نە بوونی پلان پەیوەندی ھەیە بە نە بوونی ھەماھەنگی نێوان ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.


ئەگەر ھەتا دوێنێ مانگرتنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەردەم پەروەردە بۆ دامەزراندن بووبێت ئەوا وا بڕوات جارێکی تر مانگرتن لە بەردەم ناوەندەکانی وەرگرتن دەست پێدەکات بۆ بەگژا چوونەوەی نە ھاتنەوەی ناوەکانیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان. ئەگەر تا دوێنێ خەمی دایکان و باوکان دامەزراندنی ڕۆڵەکانیان بووبێت لە دوای تەواوکردنی خوێندن ئەوا خەمێکی تری ھاتە سەر ئەویش نە ھاتنەوەی ناوی ڕۆڵەکانیانە لە کۆلێژ و پەیمانگاکان.


ئەگەر بەدیھاتنی خواستی خوێندکار دوای تەواوکردنی خوێندن مافی ئاسایی خۆی بێت لە چ کۆلێژ و بەشێک دەوام بکات لە گەڵ ئارەزوویوو ھیوایەتی خۆیدا بگونجێ، ئەوە ئەمڕۆ ئەو مافە بەرە و کاڵ بوونەوە دەڕوات و خوێندکار دەستە و ئەژنۆ سوجدە دەبات ھەر تەنھا ناوی بێتەوە......
 


amirkoy@yahoo.com