په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٣\٢٠٢٠

ئەو راستییانەی ‌بە ھاتنی کۆرۆنا دووبارە سەلمێندرانەوە!


عەبدوڵا ساڵح    

سەرەتا بە ھیوای سەلامەتی بۆ ھەموان و بە ئومێدی دەربازبوونی مرۆڤایەتی بە گشتی لەو قۆناغە سەخت و ناھەموارە.


لێرەدا نامەوێ ھۆکاری پەیدابوونی ئەو ڤایرۆسە و بڵابوونەوەی بەخێراییەکی سەرسوڕھێنەر و ژمارەی قوربانیانی لە ھەموو جیھاندا باس بکەم ، زۆری لەسەر ووتراوەو شیکردنەوەی زۆری بۆ کراوە.


ئەوەی مەبەستمە لێرەدا خستنە ڕووی چەند ڕاستیەکەبۆ چەندین دەیە دەچێ ڕوون و ئاشکرا دیارن ومرۆڤایەتی بەگشتی بەدەستیانەوە گیری خواردوە و کەمینەیەکیش کە ئەو ڕاستیانەیان درک کردوە لە خەباتدان بۆ گۆڕینی، چونکە سیستمی زاڵی ئابوری کۆمەڵایەتی سیاسی بەسەر جیھاندا، واتە سیستمی سەرمایەداری، بەھەرھۆکارێک بۆی ڕەخسابێ وگونجابێ ھەوڵیداوە ئەو ڕاستیانە پەردەپۆش بکا ولە زەین وبەرچاوی کۆمەڵگا دووریان بخاتەوە. لەو مەیدانەدا دەزگا زەبەلاحە ئیعلامیەکان وھەندێک داب و نەریتی ھەڵقوڵاو لە دەقە ئاینیەکان و زاڵ بوونیفەرھەنگێکی دواکەوتو بەسەر بەشێک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و لەوانەش کۆمەڵگای ئێمە، دەور ونەخشی تایبەتیان گێڕاوە بۆ ئەو پەردە پۆشیە. بەشێک لەو ڕاستیانە ئەمانەی خوارەوەن:


١- دەوڵەتانی دنیا، لە زلھێزەکانەوە بیگرە بۆ مامناوەندەکان وتادەگاتە ووڵاتە ھەژارەکان، ھەریەکەیان بە گوێرەی خۆیان چەک وچۆڕیان ھەیەکە بە ملیاردھا ملیارد دۆلار مەزەندە دەکرێ وبۆ کڕینیان دەستیان ناوەتە بینەقاقای خەڵک، ئەگەر ھەمووئەو چەکانە بخەیتە سەر یەک، یاخود تەنیا چەکی ئۆتۆمی ھەندێک لە ووڵاتان، پێیان دەکرێ لە چەند چرکەیەکدا ھەرچی زیندەوەر ھەیە لەسەر ئەم زەویە نەیھێڵن!بەڵام ئەوەتا ئەمڕۆ لەبەرامبەر دوژمنێکی نادیاردا کە ھەڕەشە لەھەموو مرۆڤایەتی دەکا زەبوون و دەستەوەستان ڕاوەستاون و چەکەکانیان ، لەبەرامبەر ھەڕەشەی کۆرۆنادا جگە لە تەنەکەیەکی شکاوو ژەنگاوی ھیچی تر نیە. چونکە لە ڕاستیدا ئەو چەکانە تەنیا وتەنیا بۆ لەناوبردنی مرۆڤ دروستکراون !
٢- چاو خشاندنێکی کەم بەسەر بانکە زەبەلاحەکانی جیھان، بانکی نێو دەوڵەتی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ، ئەو بڕەپارەیەی تێیاندایە بە ملیاردھا ملیار دەخەمڵێندرێ و دەتوانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بەڵای برسیەتی کە باڵی کێشاوە بەسەر زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سەر زەوی کۆتایی پێبێنێ ، بەڵام ئەوەتا ئەمڕۆ ئەو ھەموو سەروەت وسامانە لەبەرامبەر کۆرۆنادا یەک فلسی قەڵب ناکا.
٣- ھەموومرۆڤایەتی پەنای ھێناوە بۆ سێکتەری عیلم و زانست و چاوەڕێی زانایانە چارەیەک بدۆزنەوە، ئەو سیکتەرەی تا دوێنێ نیمچە پشت گوێ خرابوو، ئەو بڕە پارەی بۆی تەرخان دەکرا، تەنانەت لەلایەن دەوڵەتانی خاوەن سەروەت وسامانیشەوە،‌ بەبەراورد بە بودجەی سەربازی،نەیدەکردە کەمتر لە سەد یەکی بودجەی گشتی ھەر وڵاتێک، نەخۆشخانەو دەرمان لەبەرلاوازی کەرتی گشتی، ھەموو لەلایەن سەرمایەدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوھودراوە بەکەرتی تایبەت،‌ بە جۆرێک مرۆڤی نەخۆش دەبێ بچێتە تونێلێکەوە لەو سەری یا بە مردویی بێتە دەر یا بە گیرفانی بەتاڵ و قەرز وقۆڵە.
٤- ئەو ھەموو مزگەوت و کلیسا دروستکردنە، بەتایبەت لەو ووڵاتانەی بەدەست زاڵبوونی سیستمی ئاینیەوە دەناڵێنن، بۆ ئەمڕۆی مرۆڤایەتی دەرکەوت کە ھیچ دەردێکیان پێ دەوا ناکرێ ئەگەر پێیان تەشەنە نەکرێ ! ئەو ڕاستیە باشتر ڕوون بۆوە کە نەخۆشخانە چ ڕۆلێکی ھەیە لەڕۆژی تەنگانەدا بە بەراورد بە مزگەو ت وکڵێسا وشوێنە پەرستگاکان.
٥- ووتە مەسخەرە ئامێزەکانی دۆناڵد ترامپدەرحەق بەچین، لەسەرەتای پەیدا بوونی کۆرۆنا، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنی کە ئەم سیستمە بۆیە ئەمڕۆ وا کەوتۆتە خۆی چونکە کۆرۆنا سەر بە ھەموو کونێکدا دەکا و کەس بێبەش ناکا، بۆئەو مرۆڤ ئامانجە جا لەھەر شوێنێک و ھەر پلەو پایەیەک دا بێ، دەنا ئەگەر وەک ھەندێک لە پەتاکانی دیکە لەناوچە فەقیر نشینەکانی دنیا چڕ ببایەوە، ئەوا دەزگا ڕاگەیاندنەکانیانتەنیا لە پەراوێزداو وەک ھەواڵێکی لاکەوتە باسیان دەکرد، یا وەک ترامپ دەیانکردە گاڵتەجاڕی.
٦- ئەو سیستمە نەگریسە ھەر بەوە نەوەستاوەتەوە خوێن و ئێسقانی بەشەر، بەتایبەتی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش بھاڕێ، بەڵکو ژینگەشی لێپیس کردوین و ئاوھەوای زەوی بەجۆرێکی خەتەرناک گۆڕیوە کە ڕەنگە پاش چەند سەدەیەکی کە ژیان ئەستەم بێ تێیدا ، بەڵام ئەمڕۆ بەھۆی کۆڕۆناوە کە ھەموو کارگەکان دوکەڵیان وەستاوە ، نە فرۆکە و نە ئوتومبێل نە شەمەندەفەر جوڵەیان ھەیە وەک بڵێ ژینگە تۆڵەی خۆی دەستێنێتەوە، ئەگەرچی بەداخەوە لەسەر ژیانی مرۆڤیشە، سەرلەنوێ و دووبارە خۆی پاک دەکاتەوە .
٧- سەرنجێکی کورت بۆمان دەردەخاکە ئەم ووڵاتانە بۆ ھاوکاری وکۆمەگی یەکتر لەبارەی چۆنیەتی کەڵەکە کردنی سەرمایەکانیان و مژینی شیلەی ژیانی کرێکاران و ھەژاران یەک دەست و یەک ڕان و بۆ ئەو مەبەستە ساڵانە چەندین گرد بوونەوھو کۆنگرە دەبەستن لە ژێر‌ناوی جیاوازدا، بەڵام بۆ ڕووبەڕوبونەوەی مەترسیەکی ئاوا گەورە،‌ ھەریەکە بەجیا خەریکی خۆیەتی و لە ئاوازێک دەخوێنێ ! بۆ نمونە ئەوروپا و ئەمریکا بۆ جەنگی کاول کاری ووڵاتێکی وەک ئەفغانستان، عێڕاق، سوریا ، یەمەن ولیبیا ..... یەک دەست و یەکگرتوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەتا ئیتالیا و ئیسپانیا لەو بارو دۆخە قورسەدان و ڕۆژانە بەسەدان کەس دەبنە قوربانی کۆرۆنا، دەبینین ھاوپەیمانەکانیان پشتیان تێکردونو ئاوڕیشیان لێنادەنەوە !! چین و کوبا بە ھانایانەوە دێن !
٨- سیستمی سەرمایەداری بۆ نزیک بە چوار دەیەیە سیاسەتی نیولیبرالی گرتۆتە بەر وزاڵیکردوە بە سەر جیھاندا کە لەوێدا کەرتی تایبەت ووردە ووردە ھەموو سیکتەرە ئابوری وخزمەتگوزاریەکان ھەڵدەلوشێ و کەرتی گشتی بەرەو نەما‌ن دەبا و ڕوڵی دەوڵەتیشی کورتکردۆتەوە تەنیا لە پارێزگاری و ئاگاداری ئەو ھەڵلوشینە و شانی پێ خاڵیکردۆتەوە لە ھەموو بەرپرسیارەتیەک بەرامبەر کۆمەڵگا، لێرەدا سەرمایەداران سەعاتی کارو کاری تاقەتپڕوکێن دەسەپێنن بێ ھیچ ڕێگریەک ودوا قەترەی شیلەی ژیانی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش دەمژن و دەیکەنە سوود وقازانجی خۆیان و زۆرینەی کۆمەڵگاش لە برسیەتی و ژیانی کولەمەرگیدا ڕادەگرن و دەوڵە تیش جگە لە چاودێرێکی کوتەک بەدەست ھیچ ڕۆڵێکی دیکەی نیەو دەبێتە داردەستی سەرمایەداران وئەو ھاوکێشەیە لەبەرژەوەندی ئەوان ڕادەگرێ ! لاوازی کەرتی گشتی لەبواری تەندروستی و داڕمانی لەبەرامبەر ڕووبەووبونەوەی کۆرۆنادا لە سەرتاسەری جیھان نمونەیەکی زیندوی ئەم حاڵەتەیە.


کەواتە ئێستا کاتی ئەوەیە بڵێین کۆرۆنا جگە لە زیانە گەورەکانی، ئەو ڕاستیانەشی دووبارە بۆ سەلماندینەوە، ڕاستیەک کە ئاسان نەبوو بەو شێوەیە لای زوربەمان قەناعەتی پێبکرێ ببێتە فاکتێکی سەلمێندراو، بەواتایەکی کە کات و ساتی بۆ کورتکردینەوە تا ڕوی نگریسی ئەم سیستمەما‌ن بۆ دەرخا و ھانمانبدا کە ئیتر نابێ قۆناغی دوای کۆرۆنا قۆناغی پێش کۆرۆنا بێ و پێویستە نەخشەی سیاسی دونیا دوای کۆرۆنا بەتەوای بگۆڕدرێ وبەشەریەت لە ھەوڵی لەگۆڕنانی ئەو سیستمە دا بێت کە ژیانی مرۆڤ بەلایەوە ھیچ بەھایەکی نیە و ھێنانەدی سیستمێکی شایستە بە مرۆڤ، کە تیایدا ژیان وخۆشگوزەرانی وئەمنیەتی تەندروستی، شادی و بەختەوەری بۆ ھەموان بەیەکسانی دابین بکا، کە ئەویش سیستمی سۆشیالستیە.

 


٢٥\٣\٢٠٢٠
a_salih11@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک