٨\٩\٢٠١٧
ئەو
رۆژانەی لەبیرناچنەوە.

محەمەد بەرزی
دوای ڕاپەرین و بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئابلۆقەکانی سـەر هـەرێـم،
یەکێتی نیشتمانی کەوتە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگ ، کە بریتی بوو لە
دەرهێنانی نەوتی شیواشۆک و دروستکردنی پاڵێوگەیەک لە ناو کارگەی شەکردا. جا بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە پیرۆزە ، کۆمەڵیک ئەندازیار و کارمەندی
چاپوک و چالاکی شارەزا، ڕۆژانە زیاتر لە دوازدە کاتژمێر کاریاندەکرد و
بە توانایەکی بەرزەوە شەویان دەخستە سەر ڕۆژ. بەڵام لە ٣١ی ئابی ساڵی
١٩٩٦دا هەموو جموجۆڵەکان بە تەواوی وەستان و دەتووت خۆڵی مردوو کراوە
بە سەر یەک بە یەکی ئەو کارمەندانەدا، هۆکارەکەشی دەگەڕایەوە بۆ
بڕیارێکی سەدامی دیکتاتۆر، کە ناوەرۆکەکەی ئەمە بوو: (جگە لە دەوڵەت
هەر کەس و لایەنێک دەستکاری بواری نەوت بکات، ڕووبەڕووی سزای مردن
دەبێتەوە). ئەم بڕیارە ترس و دڵەڕاوکێ یەکی ئیجگار گەورەی خستە دڵی
هەموو کارمەندەکانەوە، بە تایبەتیش سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، کە
دانیشتووی شاری هەولیر بوو، بە سەردان هاتبوو بۆ سلێمانی و چونکە سەر
بە یەکێتی بوو ،ڕێگای گەڕانەوەی لیێ گیرابوو. جا هەموو لە
بیرکردنەوەدا بووین تا چارەیەک بدۆزینەوە و ڕۆحی خۆمان لە دەستی بەعس و
پارتی ڕزگار بکەین.
سەر لە بەیانی ڕۆژی ٨ ئەیلول سەرپەرشتیارەکەمان بە هەواڵێکی خۆشەوە
هەموومانی لەو ترس و دڵەڕاوکیێ یە ڕزگار کرد و وتی : ( برایەکم لە
ئوستورالیایە ، خێزانەکەی خەڵکی شاری بانەیە ، لە بارودۆخی خۆمانم
ئاگادارکردۆتەوە ، ئەمشەو بە تەلەفون داوای لێکردووم خۆم و ئەو کەسانەی
ترسیان لە خۆیان هەیە ، لە گوندی چۆمانی پشت چوارتا گردبینەوە و سبەینێ
خزمانی خێزانەکەشی لەوێ چاوەڕوانماندەکەن و دەمانبەنە ناو ئێرانەوە ،
پاشان ئەویش لە لای خۆیەوە کارمان بۆ دەکات تا بگەینە ئوسترالیا) . لەو
کاتەدا ئەم هەواڵە هەواڵێکی ئەوەندە خۆشبوو ، هەر لەوێدابڕیارماندا
کاتژمێری دوی شەو هەموو لە قەلاچوالان یەک بگرین و پیکەوە ڕوو لە چۆمان
بکەین.
هەمان ڕۆژ خۆم ئامادەکرد و بۆ شەوەکەی ماڵئاواییم لە خێزانەکەمکرد و لە
کاتژمێری یەکی شەودا لەگەڵ سێ ئەندازیار و چەند کارمەندێکدا بە سێ
ئوتومبێلەوە گەیشتینە قەلاچوالان . لە قەلاچۆلان دیمەنێکی ئەوەندە
سەیرم بینی ، کە تا سەر ئێسقان ئازاری دەدام و هەرگیز چاوەڕوانی ئەو
دیمەنە ناخۆشەم نەدەکرد . بە سەدان منداڵ و گەنج و پیر لە ژن و لە پیاو
کەوتبوونە تاڵانکردنی فەردە شەکر و برنج و رۆن و کەلوپەلی مەکتەبی
سیاسی یەکێتی و وەزارەتی پیشمەرگە . ئەوەندە حەپەسابووم خۆشم سەرم لەو
دیمەنە دەرنەدەکرد . ئاخر هێشتا نە یەک چەکداری پارتی و نە سەربازێکی
بەعس گەیشتبوونەسلێمانی ، کەچی یەک پێشمەرگەی یەکێتی لەو ناوەدا
نەمابوون و هەموو لە سنوری ئێرانداگیرسابوونەوە .. هەر لەوێدا شەڕەکەی
ساڵی ١٩٦٣ ی شاخی ئەزمڕم بیرکەوتەوە ، کە تەنها چەند پێشمەرگەیەک ، کە
وەک دارگۆیژ ڕەگ و ڕیشەیان بە ناخی پیرە ئەزمڕدا ڕۆچوو بوو ، نەیانهێشت
زەعیم سەدیق بە خۆی و تۆپ و تانک و فرۆکەی میک و سوپایەکی پر چەک و
جاشەوە ئەزمڕ بگرێت و پاش چەند ڕۆژ شەڕی قورسی خوێناوی بە لوتی شکاو و
پاشەڵی دڕاو و سەرشۆڕییەکی ئێجگار زۆرەوە کردیانەوە بە ناو شاردا.
تا کاتژمێری سێی شەو چاوەڕوانی سەرپەرشتیارەکەمانکرد ، بەڵام دیار
نەبوو ، بۆیە بە نەشارەزایی ڕێگای چۆمانمان گرتە بەر ، جا لە جیاتی
ئەوەی لە ڕێگای ماوەتەوە بڕۆین ، ڕێگایەکی خۆڵی بەردەڵانیمان گرتە بەر
، ئەوەی سەیر بوو پیکاپێکی پڕ لە خێزانیش بە دواماندا هاتن . نزیک
بەرەبەیان گەیشتینە ناو کۆمەڵێک گرد و تەپۆڵکەی بەرز ، لە دوورەوە چەند
چەکدارێک هاواریان لیێ کردین . ئێمە دڵمان خۆشبوو وامانزانی ئەوانە
پێشمەرگەی یەکێتیین ، بەڵام شۆفێری پیکاپەکە دابەزییە خوارەوە و وتی :
( دڵنیام ئەوچەکدارانە چەتەن) ، بۆیە هەر لەوێدا بە خێرایی سواری
پیکابەکەی بۆوە و ڕووی لە قەلاجوالانکردەوە . چەکدارەکان کە ئەوەیان
بینی زیاتر لە سەد فیشەکیان پیوە نا ، بەڵام باشبوو پیکابەکەیان نەپیکا
و بۆ خۆیان ڕزگاریانبوو . ئیتر ئێمەش هەر ئەوەمان پێکرا بە ترسێکی
زۆرەوە و لەسەر سک خۆمان بدەین بە ئەرزدا . پاشان چەکدارەکان بەرەو
ڕوومان هاتن و یەکەم قسەیان ئەمەبوو : (چ گەوادێکتان یەکێتییە ؟). لە
وەڵامدا وتمان : ( ئێمە فەرمانبەرین و لە ترسی هاتنەوەی حکومەتی بەعس
ڕامانکردووە). بەڵام ئەوان گوێیان نەگرت و سەرلەنوێ وتییان: (جا
ئەگەر یەکێتی نیین دەی باشە لە چیی دەترسن؟). هەرچ قسەیەکمان کرد
گوێیان لیێ نەگرتین و بەردەوام لە دایکی ئەو کەسانەیان دەبرد ، کە
یەکیتییە ... خێزانی هەندێک لە فەرمانبەرەکان کەوتنە گریان و
پاراندنەوە ، بەڵام کەڵکی نەبوو ، پاش تۆزێک لێپرسراوەکەیان و چەند
چەکدارێکی تر هاتن و دەوریانگرتین ، هەرچەند باسی حاڵی خۆمان بۆ کرد .بەڵام
ئەو لە وەڵامدا وتی: (فززەتان نەیە ، ئێوە لای ئیمە دەستبەسەرن و
ئەتانبەین بۆ چۆمان و تا لێکۆڵینەوەی تەواوتان لەگەڵدا نەکەین نابیت
لەوێ بجوڵێن). پاشان دو چەکدار ئێمەیانبرد بۆ چۆمان و لە سوچێکدا
ڕایانگرتین و هەڕەشەشیان لێکردین، کە لەو جێگایەدا نەجوڵێین . چۆمان
گوندێکی سەر سنورە ، تەنها چەمێک ، کە بەرزی ئاوەکەی تا قولەپیێەکی تەڕ
دەکرد و پانییەکەشی هەر مەتر و نیوێک دەبوو ، ئێران و عیراقی لە یەکتر
جیادەکردەوە و بە ئاسانیش پیادە و ئوتومبێلی پێیدا دەپەڕییەوە ، لە
دووریشەوە بە جوانی دەرگا و پەنجەرە شینەکانی گوندێکی ئێران دیار بوو .
ئەو ڕۆژە چۆمان زۆر زۆر قەڵەباڵغبوو ، پڕبوو لە قاچاخچی و کەسانی
کاسبکار ، بە دەیان ئێستر باردەکران و بە دەیانیان بارەکانییان
دادەگیران و کەس ئاگای لە کەس نەبوو . بەڵام ئێمە بە تەواوی شپرزە بوو
بووین و خۆشمان نەماندەزانی تووشی چ بەڵایەک و گۆڵمەزێک بووین .
بەڕێکەوت گەنجێک هات بە لامانەوە و وتی : ( ئەوە ئێوە چیی دەکەن لێرەدا
؟). لە وەڵامدا وتمان ئەوی ڕاستی بێت ئەو چەکدارانە ئێمەیان
دەستبەسەرکردووە و هۆکارەکەشی نازانیین ) . گەنجەکە لە وەڵامدا وتی : (
ئەو کەللە پوتانە کوردی لای خۆمانن و بوونەتە جاش و چریکی ئێران و لەم
ناوەدا خەریکی تاڵانی و ڕاوڕووت و شڕەخۆرین و دیارە مڕیان لە گیرفان و
ئوتومبیلەکانتان خۆشکردووە ، بەڵام ئەوان ئێستا لەو قاچاخچییانەوە
ئاڵاون و سەرقاڵی مڕوموش و سەرانە وەرگرتنن و ئاگایان لە ئێوە نەماوە ،
جا هەتا تووشی بەڵایەکیان نەکردوون یەکە یەکە خۆتانییان لیێ بدزنەوە و
بەرەو ماوەت بگەڕێنەوە و پاش دە خولەکێک دەگەنە گوندیمەروێ و لەوێش
دەتوانن خۆتان بشارنەوە ) . ئێمەش هەر وامانکرد و یەکە یەکە گەڕاینەوە
و نەوەستاین تا گەیشتینە مەروێ .ئەوەی جێگای دڵخۆشیبوو خزمێکی یەکێک لە
ئەندازیارەکان دانیشتووی ئەو گوندە بوو ، پێشوازییەکی گەرمیان لیێ
کردین . هێشتا نانی نیوەڕۆمان نەخواردبوو ، لاندکرۆزەرێک ، کە پڕ بوو
لە ژن و منداڵ لە سلێمانییەوە گەیشتە مەروێ و دەیانویست ڕوو لە ئیران
بکەن . هەر لە سەر جادە خۆڵەکە چەکدارەکان وەک گورگی برسیی لێیان ئاڵان
و کارێکیان پێ کردن هەر مەگەر ئەو خوایە خۆی بزانێ . گریان و هاوار و
قیژەی ژن و منداڵەکان بەردی دەکرد بە ئاو ، بەڵام ئەوان بە زۆر و بە
تۆپزی و قسەی ناشیرین هەموویانیان دابەزاندە خوارەوە و سواری
لاندکرۆزەرەکەیان بوون و وەک ڕەشەبا بە بەردەمی گوندە پەنجەرە
شینەکاندا ئاودیوی ئێران بوون و کەسێکیش نەبوو بوێری داکۆکی لەو خێزانە
بکات .( لە دوایدا زانیمان بە دوای ئێمەدا دەگەڕان ، بەڵام تەماعی ئەو
لاندکرۆزەرە تازەیە هەموو شتێکی لە بیربردبوونەوە ) ، کە ئەوەمان
بینیسەرلەنوێ ترس و دڵەڕاوکێ ئێمەی گرتەوە و دڵنیابووین ئەگەر ئێمەش
بدۆزنەوە تووشی کیشە دەبین و رووتمان دەکەنەوە و ئوتومبیلەکانیشمان
دەفرێنن و کەسیش ناتوانێ لەسەرمان هەڵبداتێ ، بۆیە هەر یەکسەر هەموو بە
سکی برسی سوار بووینەوە و بەرەو ماوەت و قەلاچوالان گەڕاینەوە . پاش
نیوەڕۆیەکی درەنگ گەیشتینەوە قەلاچۆلان ، خەڵکی لە سلێمانییەوە بە پیێ
دەهاتن ، لەوانەوە زانیمان ، کە هێشتا پارتی نە گەیشتۆتە سلێمانی . هەر
لەوێدا بڕیارماندا لە ڕێگای دوکانیانەوە ڕوو لە پێنجوین بکەین .
دنیایەکی چۆڵوهۆڵی پڕ مەترسی ، لەو کاتانەدا هەست بە گرنگی سایە و
سێبەری پێشمەرگە دەکەیت ، ئاخر وڵاتی پڕ هەڵاوبەڵای بێ سەروبەر ، بە
بێبوونی پیشمەرگەی ڕاستەقینە دۆزەخێکە بۆ خۆی . نزیک کاتژمێری چواری
عەسر گەیشتینە دەوروبەری سەید سادق ، لە پڕ دەنگی تەقە و چەند
دەستڕێژێکی یەک لە دوای یەک ، ئێمەی ڕاچڵەکاند و سەرلەنوێ وەستاینەوە ،
پاش تۆزێک ڕێبوارێک لە سەیدسادقەوە هات و کاتێک لە هۆکاری ئەو
تەقانەمان پرسیی کابرا وتی : ( ئەو تەقانە ، تەقەی خۆشی پارتییەکانی
هەڵەبجەن ، کە بێ هیچ بەرگرییەک هاتوونەتە ناو سەیدسادقەوە و ئێستاش
سەرقاڵی پشکنینی خۆیانن و پاشان دەڕۆن بەرەو سلێمانی). ئەو پیاوە
باشە ئامۆژگاری کردین ، کە نزیکنەبینەوە چونکە پارتییەکان بە هەموو
لایەکدا بڵاوبوونەتەوە . گیرانی سەیدسادق کارێکی وایکرد هەڵکوت هەڵکوت
بەرەو سلێمانی بگەڕێینەوە ... کاتژمێری پێنجی سەر لە ئێوارە بە قژێکی
بژ و لەشێکی خۆڵاوی و دەروونێکی پر لە خەموپەژارەیەکی ئێجگار زۆرەوە
خۆمکردەوە بە ماڵدا ، هاوسەرەکەم کە بەو حاڵەوە منی بینی وا پەشۆکابوو
، زۆر بە پەلە وتێ : ( ئەی ئەوە نەچوویت بۆ ئوسترالیا ؟) . لە وەڵامدا
وتم : كچێ ئوسترالیای چیی و دوعا بکە لەم وڵاتە بێ ناز و بێکەسەدا بە
ساغی و سەلامەتی هاتوومەتەوە ناوتان ... کاتژمێری شەشی ئێوارە گرمە
گرمی دوو تۆپ شاری هەژاند ، ئەمەش نیشانەبوو کە هێزەکانی پارتی بەبێ
هیچ بەرگریی و تەقەیەک هاتوونەتە ناو سلێمانییەوە.
بە درێژایی ئەو شەوە ناخۆشە و بۆ تەنها ساتێکیش خەو نەچووە چاوەکانم و
بە ئازارێکی زۆرەوە دەتلامەوە و بە بەردوامی بیرم لەم کوردە داماوە
دەکردەوە ، کە چۆن سەدان ساڵە نیشتمانەکەی پارچە پارچە کراوە و بە
درێژایی مێژووشبە لێشاو خوێنی لەبەر دەڕوات ، کەچی هێشتا نەگەیشتۆتە
کەنارێکی ئارام و ئەمەش حاڵی سەرکردە نەزان و بزوتنەوە نەزۆکەکانییەتی
، کە هەردەمەی ڕیشی خۆیان دەدەنە دەست داگیرکەرێک و ئەوانیش بۆ
بەرژەوەندی خۆیان وەک کوتەکێک بەکاریاندەهینن و کاتێکیش ئامانجی گڵاوی
خۆیان دەپێکن، ئەو کوتەکەش لە سەری کوردی کڵۆڵدا دەشکێنن.
خۆشەویستی پاڵاوگە ناوازەکە کارێکی وایکرد ڕۆژی دوایی سەردانی کارگەی
شەکر بکەم ، تا لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی ئەو پڕۆژە گرنگەبم ، کە
لێوانلێو بوو لە ڕەنج و تەقەللا و ماندووبوون و شەونخوونی کۆمەڵێک
کەسانی نیشتمانپەروەری بە شەرەف ،کە تەواوکردنیشی ببوو بە خەون و
خولیایەکی ئێجگار مەزن، بێگومان پارتیش گرنگی ئەو پاڵێوگەیەی زانیبوو ،
بۆیە بۆ پاراستنی سەد چەکدارێکی جامەنە سوریان بە دیارییەوە دانابوو
... ئەوەی شایانی باسیشە و لە هەموو شتێکیش سەیر تربوو ، ئەو کەسەشی
ئێمەی نارد بۆ چۆمان ، خۆی لە شاری هــەولێردا تــــۆزی دەکــرد.
٧\٩\٢٠١٧
mkbarzy@hotmail.com
|