٧\١٢\٢٠١١
ئهو رووداوانەی
ئەم دواییەی دەڤەری بادینان
نەزانیی
خەڵک و دەسەڵات و سیاسەتمەدارەکانی دەرخست.
شاکۆ محهمهد
خەلک لە نێوان ئەو بزووتنەوە مۆدیرن خوازەی تەریب بە پەیرەوی ئیسلامی
سەری لێشێواوە. ئایا گەر کەناڵیکی تەلەفزیۆن راپۆرتێک لەسەر جموجۆلی
گەشتوگوزار بوەشێنن و بەرنامەی زانایەکی ئایینی لە دوابێ و دوای
ئەوانیش زنجیرە درامایەک لەسەر دڵداری بوەشێنن ئەبێ چ پەیامێکی ھەبێ؟
ئەمە بێ بەرنامەیی نیە بەڵکو ھەوڵی سەقەتی ئەو کەناڵەی میدیایە کە
دەیەوەێ ھەمە جۆر بێ، مۆدێرن بێ و لەھەمان کاتدا بانگەوازی پەیڕەیوی
ئیسلامی بکا یان بە کورتی: لایەنگر لە ھەمووان کۆبکاتەوە، ئێستا
دەردەکەوێ کە ئەو بەرنامانەی ھەرجارەو مێوانێک بانگەشە دەکەن لەسەر
بابەتی دیموکراتییەت، سێکولاریزم، ئازادی و...ھتد بۆ خەلکی ئاسایی لە
سەییرکردنی یارییەکی دووقۆلی دومینە بێسوود تر بووە! تاکەی ئەم
کەناڵانە فێری ئەوە نابن کە بڵاوکردنەوەی خەمی خەلکی بێلایەن پێش
چاڵاکی سەرۆک پارت و کادیرەکانی و چاکوچۆنیان لەگەل مێوانە
جۆربەجۆرەکانیان ھەمیشە سوودی زیاتری بۆ پارتە خۆی ھەیە! پارتە بەناو
سێکولارەکان ئەبێ ئەوە بزانن کە گەرچی تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و
گۆڤاریان چەند بار لە ھی پارتە ئیسلامییەکان زیاترە بەڵام لە
بەرامبەردا ئەوان ھەر ھیچ نەبێ مزگەوتەکەیان ھەر ماوە و ھیشتا بیستەری
خۆیان رێژەیەکی جێگیری ھەیە و بە پێچەوانەی کەناڵی پارتە سیکولارەکان
باسی نانخواردنی کادیرە حزبییەکان و وەبەرھێن و دۆلەمەندەکان ناکا
بەلکو باسی بنەما سەرەکییەکانی ئایین، لە گرنگترینیان پشتگیریی
ئایینەکە لە بێکار و ھەژار و پەککەوتە دەکا!
رەنگە خەڵک ھاوژیانیی پێ قبوول نییە!وەک دیارە لە ھەموو شارەکانی ھەرێم
بە شێوەیەکی نێگەتیڤ سەیری ئاوارە عەربەکان و کرێکارە بەنگلادشی و
فلپینی و گەشتیارە ئێرانییەکان دەکرێ و مەسیحییەکان وەک مرۆڤی ئەشکەوت
لە کوردەکان دەڕوانن و بۆ نمونە حەز بە بوونیان ناکەن لە شارەدێی
عنکاوە (لە سەری ساڵ راستی ئەمەتان بۆ دەردەکەوێت!) و کێ ناڵێ رەنگە
ئیزیدیەکانیش ھەر بیریکی وایان ھەبێت! لە دیوێکی ترەوە لای خەڵک شوێنی
شێلان، ئوتێل، مۆتێل، باڕ و دوکانی مەیفرۆشەکان، سەنتەریکی گردبوونەوەی
کرێکاران نین، شوێنێک نین کە بێکاران دامەزرێنن و کاریان بۆ بدۆزنەوە
یان بیمەی بێکارییان پێ ببەخشن یان یارمەتی پەکەوتەکان بدەن بەڵکو
ئەمانە (گەر خوازەیەک بەکاربێنم) شوێنی بەرازە ورگ ئەستورەکانن. لە
ئەنجامدا و بەکورتی خەڵک بێکاریی دەخەنە ئەستۆی ئەوان نەک سیاسەتەکانی
حکومەت!
لە لایەکی ترەوە قسەکەرەکانی حکومەت ھەڵیەکی مێژوویی دەکەن و دان بەوە
ئەنێن کە کوردەکان مەترسیان بۆ مەسیحی و ئیزیدیەکان دروستکردوە لە
جیاتی ئەوە کە بڵیین کە چەند ئیسلامییەکی توندڕەو گۆبەنەکەیان ناوەتەوە.
ئەم ھەڵەیە جگە لەوەی ھەموو ئەو شانازی کردنانە بە ئازادی ئایینی و
ئیتنیکی دەخاتە ناو زیرابەوە، ئەرکی پاراستنیان و ھۆکاری کۆچکردنیان بۆ
دەرەوە و پرسی قەرەبونکردنیان دەخاتە ئەستۆی حکومەت بە حوکمی ئەوە
زۆرینەی حکومەت کوردن، تێبینی ئەوەبکەن کە تاکو ئێستا حکومەتی تورکیا
لە بەر ھەمان مەبەست داوای لێبوردن لە ئەرمەنەکان ناکا!
سیاسەتمەدارەکانیش کە یەکێک لەوانە (د.) لەپێش ناوەکەیەتی، زیادبوونی
ماڵەکانی لەشفرۆشی ناخەنە ئەستۆی کریاڕەکان و ناکۆڵنەوە لەوەی
کڕیاڕەکان کێن و بۆچی کریاڕن؟ کێن ئەوانەی ماسولکەیەک لە جەستەیاندا
رەق بووە تاکو پێویستیان بە شێلان بێ! دەیانکەن بە ھۆکاری نەخۆشیی
تەندروستی و کۆمەڵایەتی، ناڵین نەزانیی و نا ڕۆشنبیریی ھۆکاری سەرەکییە!
ھەندێک داوای سنووردارکردنی شوێنەکانی مەیفرۆشتن دەکەن تاکو رووی
تێکردنی بێسنووری گەنج و مێردمنداڵ نەھێڵن، داوای بەدواداچوون لەوە
ناکەن بۆچی گەنج و میردمنداڵ ڕوو لەم شوێنانە دەکەن! داوا دەکەن کە
سانسۆر لەسەر ئازادیی بەکارھێنانی مەی بۆ تاکەکان دابنرێ، و بە
پێچەوانەوە بە ھۆکاری دروستبوونی ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتی دژ بەو
دیاردەیە دایدەنێن، ئەی خۆتان نەتانگوت کە گەنج بە بێسنوور رووی
تێدەکەن، ئێ کەواتە کۆمەڵگە کێیە!
کەواتە خەڵک نەزانە ھیچ شتیک لەسەر راستیی خۆی نابینێ، حکومەتیش کە
سیاسەتمەداری نوێخوازی نەزان بەدواوەیە ڕێژەیەک بۆ ئەو نەزانییەی خەڵک
دانانێ، باشی مەکە با خراپ نەبێ!
٥\١٢\٢٠١١
ماڵپهڕی شاکۆ محەمەد
|