١٦\٧\٢٠١١
ئەو سووکایهتیەى
بە یەکەمى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا.

بەرهەم عەبدوڵا
زانـکۆ وەکو گەورەترین و بەهێزترین دەزگاى مەعریفى و زانستى و
پێگەیاندنى نەوە و بەرەوپێش چوونى کۆمەڵگا لە هەموو سەردەم و زەمان و
شوێنەک رۆلى کاریگەرى خۆى گێڕاوە لە بەرچەستەکردنى هەموو ئەو مەسەلانەى
پەیوەستن بە بوونیاتنانى ووڵاتێکى پڕ لە داهێنان و بەختەوەر. وڵاتێک کە
لێوان لێو بێ لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون و بنیاتنان، وەلێ زۆر
بەداخەوە بە شایەتى زۆرینەى هەرە زۆرى شارەزایانى بوارى پەروەردە و
فێرکردن و خوێندنى باڵا مەسەلەى سیستەمى خوێندن پێگەیاندنى نەوەکانمانى
ئیفلیج کردووە و دەستێوەردانى حیزبى و خێڵهکیی سەرئێشەى خوێندن و بە
ئەکادیمى بوونى دەرچووانمانە کە بەو هۆیەوە دەتوانین سەرلەبەرى بوارى
فێرکردن و پەروەردە لە هەرێمى کوردستان بە چەوت و ناراست لە قەلەم
بدەین.
دەستێوەردانى حیزبى و دەسەڵاتى خێلهکیی کە پشکى شێرى هۆکارەکانى گۆج
بوونى خوێندن و هەرەس پێهێنانى داهێنان و پێشکەوتنى ووڵاتەکەمانە بۆتە
برینێکى قوڵ و بە ئازار لەسەر جەستەى شەکەتى قوتابیان و مامۆستایانى
پشت ئەستوور بە زانست و مەعریفە.
لە هەرێمێک بەو هەموو توانسته مادى و مەعنەویە تا ئێستا نەتوانراوە
ووشەیەک دەستنیشان بکرێت بۆ ئەو فێرخوازانەى لە بوارى پەرەوەردە و
فێرکردن لە هەوڵدان بۆ گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونى ووڵات و ئایندەیەکى
گەش.بە جۆرێک لە نێو دەسەڵاتى پارتى پێیان دەگوترێت قوتابى و لە
دەسەڵاتى یەکێتیش خوێندکارە. کە ئەو جیاکردنەوەیە نیشانەى ئەوپەڕى
دیکتاتۆریەتى ئەو دەسەڵاتە و نەخوێندەوارى بەرپرسەکنییهتى.
لەلایەکى دیکە قوڵبوونەوەى دەستێوەردانى حیزبى بە جۆرێک کە ئێستا لە
هەموو ئاستەکانى خوێندن بە خوێندنى باڵاشەوە بە دەسەڵاتى حیزبى ئیدارە
دەکرێ و هەڵدەسورێت. ئەوەتا رێکخراوێکى حیزبى بۆ ماوەى مانگێک بە
هەوەسى خۆى زانکۆ دادەخات و سەرۆکى زانکۆکان هەموو چاڵاکیەکى حیزبى
دەخەنە نێو زانکۆکانیان.
دوواین سووکایهتیش کە بە یەکەمى زانکۆکان کرا پێدانى خەڵات بوو لە
لایەن مەسرور بارزانى کورى مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێم.
لەبەر چەدین هۆکار ئەو هەڵوێستە نەشازە بە سووکایەتى هەژمار دەکرێ.
لەوانە مەسرور بارزانى تا ئێستا هیچ پلە و پۆستێکى فەرمى و ئیدارى و
حکومى نییه لەو ووڵاتە لە لە شوێنى سەرۆکى هەرێم و حکومەت و وەزیرى
خوێندنى باڵا بەو کارە هەڵبستێت و ووتارى بریقەدار بدا.
لە لایەکى دیکەوە کاک مەسرور کە بەشێوەى ناراستەوخۆ و نا فەرمى بەرپرسى
دەزگاى پاراستن و موخابەرات و ئەندام مەکتەبى سیاسى پارتیە کارى ئەو
دەستگیرکردن و کوشت و بریە نەوەک زانست و مەعریفە.چونکە ئەوبەرێزە
بەهیچ لایەک بەلاى خوێندن و زانکۆوە ناچێ.
لە کوێى دونیا بەرپرسى موخابەرات و ئەمن لە خەمى خوێندن و زانست بووە
ئەگەر تەنیا مەبەستى خۆدەرخستن و خۆسەپاندن نەبێت. بەهۆى منافەسەى
دەسەڵات لەگەڵ نێچێرڤان بارزانى ئامۆزاى .
لە هەمووى ناخۆشتر بێدەنگى دلاوەرى وەزیرى خوێندى باڵایە بە هەموو ئەو
سووکایهتیەى پێى دەکرێت . دلاوەر عەلائەدین کە ماوەى زیاتر لە دوو
ساڵە خەریکى قسەى زل و بڕیاردەرکردنى بێ بنەمایە لەهەمبەر چەندین
نادادپەروەرى و دستێوەردانى زۆر گەورەى حیزبى بێ دەنگى و پاراستنى
کورسیەکەى هەڵبژاردووە.چونکە ئەو باشتر لە هەموومان ئەوە دەزانێت کە
پێدانى خەڵات راستەوخۆ لەلایەن مەسرور بارزانى کە تەنیا پلەى حیزبى
هەیە لەو ووڵاتە سووکایهتیە بەو قوتابیە لێهاتووانەى بوارى خوێندن و
زانست کە توانیوویانە پلەى یەکەم بەدەست بهێنن لەسەر ئاستى زانکۆ.
چونکە ئەو قوتابیانە 100 ئەوەندە و زیاتریش باڵاتر و لێهاتووتر و
پێویستترن لە مەسرور بارزانى بۆ کۆمەڵگا.
مەسروور بارزانى کە پاش ئازادى عیراق لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە و
کوردستانى بینیووە.ئیستا دەست لە هەموو کایەکانى کۆمەڵگا وەردەدات بۆ
خۆدەرخستن و ململانێى لەگەڵ رکابەرەکانى لە دەسەڵات. لە کاتێک ئەو
گەنجە پەرۆشەى دەسەڵات هیچ شارەزایى و ئەزمونێکى لە بەروێوەبردن و
تێکەڵبوونى نییه لەگەڵ خەڵک و میللەت هەروەکو باوک و ئەندامامى دیکەى
حیزبەکەى. هەمووشمان دەزانین کە پلەیەکى ئەوەندە بەرزى خوێندى نییه کە
پەیوەندى دروست بکات لەگەڵ خوێندى باڵادا.بۆیە هەموومان زۆر بەداخین بۆ
ئایندەى ئەو ووڵاتە کە لەسەر دەستى مەسرور بنیات دەنرێت و هەناسە
ساردیشین بۆ ئەو بێ ئەمەکى و بێ دەسەڵاتى و بێ هەڵوێستیەى وەزیرە
وێرانکەرەکەى وەزارەتى خوێندى باڵا.
barhamxoshnaw@yahoo.com
|