په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١١\٢٠١٠

    ئەو ووشانەی لەگەڵماندان

    لە سەفەری ھات و نەھاتتدا.

حەسەن مەعروف

 

تێبینیەکی پێویست؛ لە کوردستان، ڕۆژانە دەیان پرس و ووشەی ڕۆژ، بوونەتە ووێردی سەر زمان و ھەمیشە وەک ڕوخسارمان شین و شادی دەگێڕن لەگەڵمان. من ھەرچەندە ئێستا زۆر دوور لە کوردستان ژیان بەسەر دەبەم بەڵام ئەم ووشانە لەگەڵم ھاتوون، بۆیە یان دەبێت لەگەڵ ھەناسەکانمدا بیانھێنمە دەرەوە یان دەبێ لەگەڵ خۆمدا بیان بەمە ژێر گڵەوە.
ئەم شیعرە ووشانە،‌ گەر تا ئێستا بێدەنگ بووبن، خەتای من بووە.فەرموون ئێستا بیانخوێننەوە. وە ئەم ووشانە بەتایبەتی ئەوانەیان تابلۆ قیزەوونەکان بەڕەنگە تەڵخەکانیان، ژیانی خەڵکی ئەو دەڤەرەیان پێ نەخشاندووە. تەواو نابن چاوەڕوان بن، ئەوانیش بە پۆستی ئەم شیعرانەدا دەگاتە لاتان.

 
  شاخ.
لە لای ئێمە
شاخ گیان دارە
شۆشگێرە، خەباتی پارتیزانی دەکات
لەلای ئێمە شاخ
باوەشە بۆ جوتیاران
لەگەڵیاندا زەوی دەکێڵێت و
لەگەڵیاندا تۆو دەکات
لە لای ئێمە بۆ گەشت و سەیران
ھەرگیز بیر لە شاخ ناکەینەوە
چونکە کە دەڵێین شاخ
مەیلی شۆرشگێر بوونمان زیاد دەکات.


  
 کوردایەتی.
یاریکەرێکی ھەمیشە دۆڕاو
سست و تەمەڵ
چاوەڕوانی سێبەری خۆیەتی
دەریبھێنێ لە قوڕوچڵپاو
بە دەم ھەراشە
ھەمیشە داشە
بێ باک بێ پەروا گۆڵمەز ساز دەکا
تەپوتۆزێکە ھەڵئەسێ لە قوڕاو.

 

 

  کیمیاباران.

ھەڵەبجە ڕۆژانە
بەتانی شەوی دەدا بە خۆرھەڵھاتندا
نایانەوێ لە خەو ھەڵسن
چونکە ئەگەر بێدار ببنەوە
ھەموو شانزەی سێیەک
تاوانبارێک
لە قەفەزی شەرمەزاری خۆیدا
دووبارە دادگای دەکەنەوە.


  
 یەکێتی.
ئەم گەلە زام دارە
پێوویستێتی، لە یەکێتیەک کۆستەڵە سازکا
لە یەکێتیەکیش
دووبارە خۆی لە پەرەوازەیی ڕزگارکا.


   
 کوردستان.
جانتایەکە سەفەر دەکا
لە ھەموو وێستگا‌کان دادەبەزێت
بە پەناھندە نا ناسرێت
سەر دەکەوێتەوە و دەڕوا
سەرلێشێواو و شپرزە
خۆشی نازانێ بۆ بێ ووڵاتە
تا نەگاتە ئەو وێسگەیەی
نەیکەنەوە و خاڵی نەکەن
لە شۆشگێری درۆزن
لە خەباتکاری دوو ڕوو
ھەتا پێناسە تەزویرکەی فڕێ نەدات
نابێ بە ووڵات
لەم سەفەری ھات و نەھاتە.


   
خەباتی چەکداری.
لە باخچەیەکی بچوکدا
گوڵێک دەڕوێنێ
پاشان بە سەر گوڵجاڕا ڕێ دەکا
سەدان گوڵ دەپلیشێنێتەوە
قەرەوڵی نیشانەکەی
لە سەر سنگی تاوانبارێک ڕادەگرێ
لەوانەیە ببێت بە گولەی وێڵ و
لەولاوە کەسێکی تر بپێکێ
دوایی دەڵێ
من وویستم خۆم و تۆ و ھەمووان ڕزگارکەم
لە سەدەی بیستوویەک دا
گەر بیر لە خەباتی چەکداری دەکەیتەوە
دەبێ بۆ لەناو بردنی بێت
گەر دەستەکان ھەموو یەکبگرن و لێکئاڵێن
دکتاتۆرترین چەکدار
بە خۆی و چەکەکانیەوە
سەرنگون دەکات.


  
 فەرھود و ڕاوڕووت.
کە وولات، وەکو کەڵاکی لێ ھات
کەوتە بەردەم گورگەوە
ھەرکەس ھەوڵدەدا پارچەیەکی لێکاتەوە
کە سەرکردە و بەرپرسانی گەورە و بچوک
ووڵات دادۆشن بۆ خۆیان
خەڵکیش کاتێک ڕادەپەڕن
بە ماڵی خۆیانی نازانن
دەیسوتێنن
فەرھودی دەکەن
بە ڕەش و سپی و باش و خراپیەوە.


  
 رۆژنامەی زەرد.
لە سەر لاپەڕەی ئەو ڕۆژنامەیەی کە ڕووی زەردە
نانیش مەخۆن
ئەو جگە لەو زەھرەی دەیکاتە مێشکەوە
زەھریش دەکات بەو نانەوە
کە لەسەری دەیخۆن.


 
  بەعسیزم.
ئەبێ سەنگوسووکی ئەو بڕیارە
وەک گسک بێت
پیسی بکاتە تەنەکەی خۆڵەوە
ماڵمان ھەمووی پاک بێتەوە.......
ئەبێ سەنگوسووکی ئەو بڕیارە
وەک ئەو ئاگرە وابێت
ئەیسووتێنێ تلیاک و حەشیشە و
دەرمان و خواردنی ئێکسپایەر
کەس پێیان ئالودە نەبێتەوە...........
ئەبێ سەنگوسووکی ئەو بڕیارە
دەستێکی پۆڵایینی جەماوەر بێت
سەدام و پۆخڵەواتی
لەسەر ماڵ و ژیانمان دوورخاتەوە........


  
 شەڕی ناوخۆ.
ئەم خەنجەرە
ھێندە بە قوڵی، چەقێنراوە لەلای چەپی سنگ
ھێندەی نەماوە بگاتە دڵ و
لە لێدانی بخات
خەنجەری دەبانە، ژەھراویە
لە کێلانی دواکەوتوویدا خەوتووە
ھەر کاتێک لە کێلان بێتەدەر
شەڕێکی تا مۆخ شەرمەزارتر
بەرێدەخات.
  *   *   *
ڕەنگەکان بۆیە لەیەک جیاوازن
تا سروشت و ژیان
بە ڕەنگاوڕەنگی نەخشە بکێشن
نەک وەک دەسڵاتی کوردی
جیاوازیەکان، نیشانە بن یەکتری لەسەر بکوژن.
  *   *   *
رایەڵەیەکە
حزب و دەسەڵات لە کوردستانا
لە تەونی جاڵجاڵۆکە دەچێ
ھەر یەکێ تەڵە و داوی خۆی
بۆ ئەویتر تیا دادەنێ
سڵ ناکەنەوە
ھەتا بتوانن لەیەک دەکوژن
بەس لە شەڕا باسی برایەتی دەکەن
ئەویش بۆئەوەی خوێنی یەکتری
لەسەر بڕێژن.
  *   *   *
شەڕی ناوخۆ لە کوردستانا
جەنگی برا کوژی ناوە
خەڵکی کوردستانیان کردوە بە برای یەکتر
بۆ یەکتر کوشتن
خۆشیان تەماشامان دەکەن
لە پشتی مایکرۆفۆنیشەوە
فرمێسکی تیمساحی ھەڵڕشتن.
  *   *   *
شەڕی ناوخۆ
ھەرچەندە وەک ئاگری ناو دارستانە
تەڕ و ووشک پێکەوە دەسوتێنێ
بەڵام شەڕی دارەکان نییە
جەنگاوەرانی ھەردوولا
دارەکانن دەسوتێن و لەناودەچن
ئاوارەبوون
ماڵکاولبوون
سەرگەردانی
تیژکردنی نوکی ڕمی دوژمنایەتی
لەمانە زیاتر چیتر نییە
  *   *   *
لەیەک پارچەی کوردستانا
دەیان شەڕی ناوخۆ
برا براکەی خۆی کوشت
ھەتا کوردایەتی مقەستی ئەم پارچانەی بەدەستەوە بێ
سەدان شەڕی تر بەڕێوەیە
ھەتا لوولەی چەکەکانیان
پاسەوانی دەسەڵات بێ
ھەتا خەڵکی بەبانگەوازی ژێر کڵاویان خۆشخەیاڵ بێ
بە پێوە دەبێ
شەڕی ناوخۆ و
براکوژی و
کوردایەتی.


  
 ئازادی.
لەکوردستانا
ئەوەی ئازادی ئەخنکێنێ
شیعاری سەر بەیداغەکەی ئازادییە
لەوە ئەچێ
ھات و ھاواری ئەم ئازادی خنکێنەرانە
بمانخنکێنن بەو ئازادییە.

  ١-٦\٢٠١٠


  
 رقی پیرۆز .
ھێندەی ڕقی یەک بەیەکی
پێنج ھەزار شەھیدی ھەڵەبجە
ھێندەی ڕقی یەک بەیەکی
ئاڵاو لە ھەناسەی گەرمی،
ھەزاران بێسەروشوێنکراو
یەک بەیەکی ئەنفالکراوەکان
ھێندەی ئەستورایی ڕقی،
یەک بەیەکی ھەموو ئێوە
ئەم نوکی قەڵەمەی من، نەفرەت دەکا
لە بەعسیزم
لە دکتاتۆرە گرگنەکەی
لە شۆڤێنیزم
لە سەرەنوێلکەی باوەڕەکەی
لەسەرجەم ھەموو ئەوانەی، لاسایی سەدام دەکەنەوە و
لە سەر قاچی لەرزۆکیان
کە وەک سەدام دەیانەوێت بوەستن بە پێوە.

ئۆگەستی ٢٠١٠


    
 کارەبا.
بە چاوی خۆمان بینیمان
ئەدیسۆنیان، لە بەر چرایەک داناوە
ھەڵگرانی مەشخەڵانی کوژاوە
نایانەوێ گڵۆپەکان
شەوگاری نوتەک ڕۆشنکاتەوە.

سێپتەمبەری ٢٠١٠


 
 بۆ ھەلپەرستان.
کە وەرزێک نەبێت
بۆ گوڵ پوشکوتن
کە باخچەیەک نەبێت بۆ پیاسە
کەواتە وەرزی بەدحاڵی بوونە
وەرزی شومستان
خۆی خزاندۆتە ناو وەرزەکان و
لە ناو شەختەو بەستەڵەکدا
ھەرگیز ھیوا چرۆ دەرناکات
کاتێ ھانا لە قوڕگا ئەتاسێ
گریان سوتماکە
چاوی گریاوی ووشکەوە بوو
ھەتا بەرپێی بینایی ڕێناکات
تەم و مژێک
وەک پۆپەشمینێک گۆمەکەی داپۆشیوە
وەک سەراب دێتە بەرچاو
تولە ڕێیەکان
پەنجەی سڕ بوون
ختوکەی غایەلەکان نادات
لەگەڵمابێیت،
یاخود نەیەیت
قاچەکانت دەتبەن بۆ ناو باخچەیەکی سوتاو
لا کەرەوە چیت بەجێ ھێشت
بۆ ناو کەلاوە ملی ڕێت گرتووە
کەچی خۆت وێرانەی کەلاوەکانی
ئەی ناترسیت سبەینێ
گەڕانەوەش دادت نەدات.

ئۆکتۆبەری ٢٠١٠
hasan_a@y7mail.com