په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٠\٢٠١٠

      عه‌یامی هیچ.

به‌ندی عه‌لی

له‌ سێبه‌ری جه‌سته‌کانا
بۆ جیاوازیه‌کان ده‌گه‌ڕێین
له‌ژیر عه‌بای شه‌وه‌زه‌نگا
بۆ ده‌رزیله‌کانی لێکچوون
زریانی پرس و گله‌یی
ئه‌که‌ین به‌گژ
په‌یکه‌ره خه‌مباره‌کانی ڕابردووا
پیاوه‌ سه‌رابیه‌کانی ئه‌مڕۆش
ده‌خه‌ینه‌ سه‌رشان و ده‌ڕۆین
ڕوو له‌خه‌راباتی عه‌ده‌م
له‌وێش وه‌ک نه‌ریتێکی کۆن
له‌ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنا
پێکێ له‌شه‌رابی وه‌هم هه‌ڵئه‌ده‌ین و
گیرفانه‌کان پڕ پڕ ده‌که‌ین
له‌نوقڵی .. هیچ
که‌دێینه‌وه‌ بۆ خاڵی سفری ده‌ستپێکیش
شه‌که‌ت ، ماندوو ، هه‌ناسه‌سوار
وه‌ک ئه‌وه‌ی پیره‌مه‌گروونێکمان
هه‌ر به‌کۆڵ گواستبێته‌وه‌
له‌سه‌ر گازی پشت ڕاده‌کشێین
بۆ سه‌رخه‌وێکی کورت و کوێر
به‌ر له‌خولێکی نوێی تری
گه‌ڕان به‌شوێن مانای هیچا
له‌نێو بازنه‌ به‌تاڵه‌که‌ی نیشتیمانی
پڕ پڕ .. له‌هیچ
پڕ پڕ له‌کاوێژی درۆو
نیگاره‌ خۆڵه‌مێشیه‌کان.

2010
ماڵپه‌ڕی به‌‌ندی عه‌لی