په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\۴\٢٠١٠

   ئەى باران دامەکە تا نەبمە لیتەى ڕووبارێ.

بۆ مەرگى ناوادەى دوعاکانى نیشتمان.

ناڵە عەبدولڕحمان

ئەى ڕوبار ڕێرەوت بگرەرەوە ئیدى
لە کەنارى پڕ خوڕى هیچ سوهرابێک ئاوڕ مەدەرەوە
ئاسەوارى دەنگى پێى ئاوێکى تریش لەگەڵ خۆتا ڕامەماڵە
با پەڕەى هیچ گوڵێک بە ناوتا حیکایەتى فیراق پەخشان نەکا
بوەستە..... بوەستەو
مەهێلە چڕنووکى پاساریەک لە قەدەرى تەڕبوونت بخواتەوە
دەنووک لە چارەنووست بگرێ.....
ئەى ئاو بیر بکەرەوە !
تا ئێستاش لە قەواڵەى ئەو باخەوانەى
کە لە بەیانى تەمموزێکا لێى خواردیتەوە و
ئیتر بۆ تاتایە ناسنامەکەتى خستە گیرفانە دڕاوەکانیەوە
ئەگەرچى لێم یەقینە تۆ نەتدەویست
لقە بێنازەکانت بەرەو کەنارى زەوى دەسکرد بەردەیتەوە و
ئەو توتڕکانە ئاودەیت
کە لە ئاسمانى هیچ خەونێکتا نەدەبوون بە ساماڵ
ئەى ئاو مەهێلە هیچ شەوێک
چیتر تریفەى خۆیت پێ ببەخشێ
یان بە جریوەى ئەستێرەکانى بێزارت بکات
مەهێلە ئیدى ئێوارەى پایزێ
ژنێک بە سوخمەى سوورەوە مەلەى عەشقت تیابکات
خەمەکانى خۆیت تیا هەڵوەرێنێ
مەڵێ ناتوانم لقەکانم بگرمەوە بەرەو نشێو
بەرەو هەڵدێر!
مەڵێ تازە ناتوانم خۆم شەتەک نەدەمەوە و
بچمە بوخچەى پاکیمەوە
مەڵێ ها ئەوەتانێ منداڵەکان لە خوارەوەى چەمەکەدا
چاوەڕێمن لە لقەکانم گوڵ بڕوێنن !
یارى بووکى قوڕین دروست دەکەن
مەڵى دەستم بە یارى نێو لیتە ڕاهاتووە و وەعدم داوەتە
مێژووى کوڕى باران
مشتێ لیتە لە کەنارما بکەم بە خاک
تا لە قاپى قیامەتا بەشى گۆڕستانێ بکا بۆ ئەزیزان
لێم ڕامەکە ئەى خاک کە من بە ناوتا ڕۆئەچم
بە سروودى نیشتمان مەستم کە
تا خۆم و سەدەى ئاوبوونم بیرئەچێتەوە
مەستم کە ئەى باى سەبا
تا ئەوێرم بە شوێن وەریندا دەنکە هەڵاڵەکان ڕابماڵم
بێهۆشم کە ئەى مەوتن
با لاى لایەى دایکانى بێ مەمکم بیرچێتەوە
کە لە شەوى زاوایى قەقنەسا
دەستە پڕ هەرمێکانیان جەلاد بردى و
پێنج هەزار جار سورەتى یاسینم خوێند
سیحەتیان بوو بە توێکڵى لیمۆ
و نەگەڕانەوە پێخەفى لەززەت
مل دەنێم و ئەو مەوتنە جێدێلم...
کە ڕۆژێ بەهارى پڕکردم لە خەزان
شوێنم مەکەون ئەى کوڕانى پیرە پیاوانى نامووس
ئەوەتانێ مرواریەکانم لەپاش خۆما جێهێشتووە
بۆ واریسە شەرعیەکانم یەکى بەشێک یا دوو بەش و
ناشەرعیەکانیش چەپکێ شەرمەزاریی ڕووت!
ئەوانەى ڕۆژێ ویستیان من لە رووبار بوونم بسەننەوە
نەیانهێشت چێژ لە رەنگى سەدەفى مرواریەکان و
تریقەى ڕێبوارانى تینووى عەشق هەڵمژم
کە لەبەر خۆرى هاوینانێ بیابانى بێکەسى بردبوونى...
مەپرسن کە وەڕەسم لەو هەرزەکارانەى بە زنارى کەنارەکانم
هەناوم بەردبارانم دەکەن
لەو پاسەوانانەى تفەنگەکانیان لە دەرپێى سورى خوشکەکانیان
وەرگێڕاوەتە سەر بێگەردیی مەوسیمى کچێنیم
ئەى خاک بمبوورە کە ئیدى بڕیاروایە چیتر
گۆرانیت بۆ نەلێم
گوڵ و مێخەک و شانە و عەتر و پەنجەکانم
لە کەنارى لماوى فیراقا جێبهێڵم
هانێ ئەوە سەبەتەیەک ماڵاوایى بێدەنگ زیز مەبە لێم
چیتر ناتوانم لەم کەنارى بەردبارانە بە جەستەى دووکەرتبووەوە
خوێنم لە نوتقى بلۆک و شەمشەمەکوێرانى عەشق بخوازمەوە
هانێ ئەوە چۆڕێ وەفا بۆ باڵاى سەوزى زراڤت
بەس تۆو خودا ، ئەم بەهارەش روخسەتمدە
مەوعیدم داوەتە زریان ، کوڕى ووڵاتى لێزمەباران!
بەس تۆ دواجار لەم بەهارە غەمگینەدا ڕووخسەتمدە!
ئەى نیشتمان مشتێ روخسەتى سوورم دەوێ!
تا لەودیو سنورى حەقیقەتەوە
بەشوێن پارچە هە䌔ەتەوە
بەشوێن پارچە هەڵوەریوەکانما تاوێ بە پێ پەتیی دەگەڕێم!

 

Nalaabdulrahman8@gmail.com