په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١\٢٠٢٣

ئەی چێنەری بەزرەنگۆش..

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: دارا خونچە


(ئەی چێنەری بەزرەنگۆش) گۆرانییەکی فۆلکلۆریی ئێراقییە، لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بەریی کەسایەتییە بەغداییە دیار و بەڕێزەکان کۆڕی خۆیان لە ماڵەکانیان سازدەدا، کەسانی روخسار جوایەز لە چینە بەرزەکانی خەڵک لەوانەی خاوەن زانست و چاکە و وێژە و هۆنراوە و رامیاریی بوون لەو کۆڕانە ئامادە دەبوون، کە سەرنجی لایەنەکانی قسەکردنیان رادەکێشا و گفتوگۆیەکان لەسەر کاروباری جۆراوجۆر دەخولانەوە و تا درەنگانی شەوێ درێژەیان دەکێشا، ئەو کۆڕانە دەرفەتگەلەکی جوانیان لە ژەنین و مەقام و بەستەی ئێراقیی لەخۆدەگرت کە گیانەکی پڕ لە چێژ و ئاسوودەیان بە دانشتنەکان دەبەخشی.

لە شەقامی (ئەلنەهر) بە تەنیشت رووباری دیجلەوە، لە ناوچەی (رەئس ئەلقەریە) خانییەکی کەونی بەغدایی هەبوو کە رووکارەکی رووی لە رووبارەکە بوو، دەروازەکەی دەچۆوە سەر کووچەیەک کە بەرەو شەقامی (رەشید) دەڕۆیشت لە لای تەنیشت ئۆرزدیی کەون. ئەو خانووە باخچەکی چڕ و گەشاوەی تێدابوو کە بە گوڵ و گوڵزاری جۆراوجۆر و بە هەموو پۆلەکانیانەوە رازێندرابۆوە. خاوەنی ماڵەکە یەکەک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی بەغدا کە هەموو رۆژێ گرۆگەلەک لە ئاشقان و پێشەنگانی وێژە و هونەر و هۆنراوە سەردانی کۆڕی ئەویان دەکرد، لە پاڵ ئەوەشدا خاوەنی ماڵەکە ناوەناوە ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقای سازدەکرد.

ئێوارەکیان کاتێک مێوانەکان لەو ماڵە کۆببوونەوە یەکەک لە برادەرەکان کە لەسەر گەشتەک بوو بەرەو ئیستانبوڵ، خاوەنی ماڵەکە پێشوازیی لێکرد، برادەرەکەش پێیگۆت دیارییەکی جوانی دەگەڵ خۆی هاوردگە، ئیدی کیسەکی گچکەی لە بەرکی خۆی دەرهانی و لە باخچەی ماڵەکە دەستی بە چاندنی نێوەرۆکەکەی کرد، خاوەنی ماڵەکە بە سەرسوڕمانەوە دەربارەی ئەو (تۆ)یانە پرسیاری لێکرد، براردەرەکەش بەرسڤیداوە:

- ئەوە تۆی (بەزرەنگۆش)ن، ئەوە رووەکەکی جوانە و بۆنەکی بۆنخۆشی هەیە.

خاوەنی ماڵەکەش پێیگۆت:

- ئەی هاوڕێم، ئەی چێنەری بەزرەنگۆش خەنەمان لۆ بچینە، چونکێ قژی خۆڵەمێشیی سەرمانی داگیرکردیە.

وا روویدا کە تیپی مۆسیقایەکە و مەقامخوونەکە لەوێ ئامادەبوون، جا وشەکانیان بە دڵ بوون و بە یەک دەنگ دەستیان بە گۆرانی چڕین کرد:
ئەی چێنەری بەزرەنگۆش خەنەمان لۆ بچینە...
ئیدی درێژەیان بە گۆرانی گۆتن دا و هەر جارەک پەیڤەکی نوویان لە بەستەکە پتر دەکرد تا گۆرانییەکە شێوەی کۆتایی خۆی وەرگرت، رۆژی پاشترێ خەڵک لە قاوەخانە و شەقامەکاندا دەستیان بە دووبارەکردنەوەی کرد، پاش ئەوە بووە یەکەک لە جوانترین گۆرانییە فۆلکلۆرە رەسەنەکانی بەغداییەکان.
 

رووەکی بەزرەنگۆش


روونکردنەوە: بەزرەنگۆش یان مەردەقۆش رووەکەکی گیایی هەمیشەیی و بۆنخۆشە و بە چەند ناوەک ناسرایە، لەوانە بەردەقۆش و مەرزەگۆش، لە بنەماڵەی نەعنایە، ئەو دەمەی هیشک دەکرێتەوە و هوورد دەکرێ وەک رووەکی خەنەی لێدێ، ئەو کەسەی بە جوانترین شێوە ئەو گۆرانییە فۆلکلۆرییەی گۆتیە گۆرانیبێژ (یوسف عومەر)ە، با پێکەوە گێ لەو گۆرانییە بگرین و چێژی لێوەربگرین:

 

 

 

_________________________________________

دەقی هۆنراوەی گۆرانییەکە:

ياالزارع البزرنگوش ... ازرع لنا حنه
وجمالنا غربن .. واويلي .. للشام وما جنه
ومحملات بذهب .. واويلي ... فوگ الذهب حنه
دگ الحديد على الحديد .. واويلي .. تسمع له رنه
يا محبوبي جرحتني داويني
جرحك يا گلب خزن ولا تسجينه.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی بیرمەندی ئازاد (مفکر حر):

https://mufakerhur.org/%D9%8A%D8%A7-%D8%B2%D8%A7%D8%B1%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B2%D8%B1%D9%86%D9%83%D9%88%D8%B4/#google_vignette

 

تێبینیی: ئەمن دوور و نێزیک هیچ پەیوەندییەکم بە عێراقچیەتییەوە نییە چونکێ عێراق بە تۆبزیی داسەپێندرایە و لەوەتەی هەیە نە نیشتمانی ئەو گەلانە بووە کە تێیدا ئاخێندرانە نە نیشتمانی چین و توێژە چەوساوە و بەشمەینەتەکانی گەلی عەرەب بووە، ئێستاکەشی تەنێ نیشتمانی مافیاگەلە دینیی و رەگەزپەرستەکانی نێو دەوڵەتی عێراق و سیخوڕە نێودەوڵەتییەکان و چەتەگەرەکانی نێو دەسەڵاتدارانی کوردستانە، جا وەرگێڕانی ئەو بابەتە لە لایەن منەوە تەنێ گەیاندنی چیڕۆکە خۆشەکەی دروستبوونی ئەو گۆرانییە ناوازە و پڕ لە هونەرەیە بە خوونەر و بینەری کورد (ئەی چێنەری بەزرەنگۆش..) کە نێزیکەی سەت ساڵ پێش نهۆ فەرهەنگی عەرەبیی بەرهەمیهانیوە و ئێستاکەش دەتوانین فرە چێژی لێببینین!

 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک