په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١\٢٠١٦

ئەی ئەگەر ئەمە سەگوەڕ نییە, ئەی چیە؟


ئیحسان فەتاح  
  


لەوەتەی من چاوم بە دونیا ھەڵھێناوە گوێم لە گلەیی و گازندەیە، دەڵێن کورد نەتەوەیەکی ستەمدیدەیە، کڵۆڵە، چەوساوەیە، ژێردەستەیە، خاکەکەی داگیرکراوە، سەربڕدراوە، ئەنفالکراوە، کیمیاباران کراوە و ڕوبەڕوی جینۆساید بووەتەوە. بێ وڵاتە، بێ ئاڵایە، بێکەس و بێ دەرەتانە.


ئەوانە ھەمووی ڕاستن بەڵام ھۆکارەکەی چییە؟. دوای شەڕی جیھانی یەکەم کاتێک مستەفا ئەتاتورک بە ئەسپەکەیەوە لە شاری ئەستەمبوڵدا دەسوڕایەوە ھەستی کرد خزمەتگوزارێکان بۆ پاککردنەوە و ئارایشی شار باش نییە، بڕیارێکی دەرکرد کە پێویستە کوردەکان لە شەرناخ و ھەکاری و ناوچە کوردنشینەکانەوە بگوێزرێنەوە بۆ ئەنکەرە و ئەستەنبۆڵ بۆ ئەوەی ماڵی تورکەکان و شەقامەکان پاک بکەنەوە و پێڵاوی ئەفەندییەکانیان بۆیاخ بکەن. دەست بەجێ بڕیارەکە جێبەجێ کرا و بە سەدان ھەزار کوردی کۆیلەیان لە باکوری کوردساتانەوە گواستەوە بۆ ناو خاکی تورکیا بۆ ئەستەنبۆڵ و ئەنکەرە، بە مەبەستی پاککردنەوەی پاشەڕۆی تورکەکان و بۆ بۆیاخ کردنی پێڵاوی ئەفەندییەکانیان.


ئاشکرایە کورد تاکە نەتەوەیە بە ٤٥ ملیۆنەوە، لە سەر ئەم گوێ زەوییە وڵاتی نییە!!. ئایە خوا ئازادیمان پێ ڕەوا نابینی یان خۆمان نامانەوێت؟. بۆ نامانەوێت و ھۆکارەکان چیین؟


ئەمە مەتەڵ نییە ھۆکارەکەی وەکوو خۆرەتاو دیارە، یەکنەگرتن و دژایەتی کردنی یەکترە. ئیتر ئایە ئێمە لە تایفەی کەوین یان ئەکەوین، ئەوە بۆ ئێوەی بە جێ دەھێڵم.


ئەوەی من بۆی دەچم... ھەتا ئێستا لە مەجلسێکدا دانەنیشتووم بڵێم ئۆخەی ھەمومان ڕاوبۆچنمان یەکبوو، ھەردەم شەڕە قسە بەردەوامە، ھەموو کەسێک خۆی بە کوێخا دەزانێت و ئەوەی لە مێشکیدا چەسپیوە ھەر ئەوەیە، لە ھەموو دانیشتنەکاندا تاکێکی بێ ئەزموون ڕای خۆی دەسەپێنێ بە سەر زۆرینەدا. تا کەی ئەم دیاردەیە؟. بۆچی ئەم دیاردەیە؟. ئایە دەبێت لەوە خراپترمان بەسەر بێت؟ یان چارەسەری ھەیە و چارەسەرەکەی لای پێشەوایەکی لێھاتووە؟.یان چارەسەرەکەی لای ھزری تاکی کوردە؟


بەکورتی یان دەبێت ڕازی بیین بە پاککردنەوە و بە بۆیاخکردنی پێڵاوی ئەفەندێکان و دوژمەنەکانمان یان دەبێت یەکبگریین، گەر ڕای بەرامبەر قبوڵ ناکەیت دەتوانیت پێڵاوی ئەفەندێکان بۆیاخ بکەیت!!!. بەڕاستی ھەڵبژاردەیەکی ترت نییە.


بە درێژایی تەمەنم نازانم چەند شەڕی دوبەرەکییم بینیوە، گەر بڵێم بۆم ھەژمار ناکرێت درۆ نییە. شەڕی شەست و شەش لە ١٩٦٦- ١٩٧٠ ھەرچەندە حیزبی شیوعیش بەشدارییەکی باشی تێدا کرد، بەڵام ھەر بە شەڕی(جەلالی و مەلایی) ناسراوە، ھەروەھا شەڕی نێوان ھەموو حیزبەکانی شۆڕشی نوێ، یان ببورن شۆڕشی گوڵان، بەرەی جود و جەوقەد و بەرەی کوردستانی و یەنەکە و قیادە مووەقەتە و پارتی و ھێزە ئیسلامییەکان و حسک و پاسۆک و شیوعی و ئاڵای شۆڕش و ھەموو ئەو پارتانەی کە بەشداریان لە شۆڕشی نوێ (گوڵان) دا کرد، بە شێوەیەک کەوتبوونە کەوڵی یەکتر، کەس نەیدەزانی کێ لە گەڵ کێ شەڕ دەکات. ئەی ئەگەر ئەمە سەگوەڕ نییە؟ ئەی چییە؟


ئینجا شەڕی یەکێتی و پارتی لە ١٩٩٤ دەستی پێکرد و بە دوو ئیدارەیی کۆتایی ھات و شەڕی ٣١ ی ئابی بەسەردا ھات و ئەو شەڕەش بەوە کۆتایی ھات ھەولێری پایتەخت لە زۆنی سەوزەوە بوو بە زۆنی زەرد. ١٧ ی شوبات دوو بارە کەوتینەوە سەر لێواری شەڕێکی ناوخۆیی دیکەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ لە لێواری شەڕێکی تر بوین، خوا بەگەورەیی خۆی ڕەحم بە ٢٠١٦ مان بکات.


ئەوە گەر باسی شەڕەکانی پەکەکە و حکومەتی ھەرێم ، شەڕی پەکەکە و (پ د ک) ، شەڕی (ی ن ک) و پەکەکە بکەم، شەوی لەیلەتول قەدریش باسەکەم تەواو نابێت. شەڕەکانی کۆمەڵەی ئێران و دیموکرات بەرانبەر یەکتر و شەڕەکانی ھەردوو حیزبی دیموکراتی ئێران و ھەردوو سێ کۆمەڵە و لەم دواییەشدا کورتە شەڕێکی دیموکرات و پەکەکە و..... ھتد، لەولاوە بوەستێ.


بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٨٧ لە ناو شۆڕشدا ھێند پێشمەرگەی لایەنەکان دابویان بەیەکدا گەر بمانویستبا بچینە دەور و بەری شار بۆ بینینی کەس و کار دەبوایی وەکوو ڕێبوارێک بەبێ چەک چوبایەین، چونکە نەتدەزانی مەفرەزەی چ حیزبێکی کوردی دێتە ڕێگەت و بە دیلت دەگرن یان دەتکوژن.


باوکم یادی بەخێر پیاوێکی سەرمایەداری نەخوێنەوار بوو، بەڵام زۆر زانا و ژیر بوو، وەلێ بە بڕوای من خاڵێکی لاوازی ھەبوو ئەویش دژی کوردایەتی بوو، ھەردەم بە من و براکانمی دەگوت چیتان دەوێت بۆتان دەستەبەر دەکەم بە مەرجێک نزیکی سیاسەت نەکەونەوە.


ئەو سەردەمە بە دزی باوکمەوە خەریکی سیاسەت بووم لە کەرکوک، کاتێک باوکم پێی زانی ڕۆژێک بانگی کردم و پێی وتم:

 

کوڕم من زۆر گەڕاوم و دونیام زۆر دیوە، وەرە لە کەلی شەیتان وەرە خوارەوە و واز لەم حیزبایەتییە بێنە، بە سەری تۆ ھیچی تیا بەسەر نییە، کورد نابێت بە ھیچ. وانەیەکی زۆر دور و درێژی پێمدا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی میرنشینە کوردییەکانی بۆم دەکرد کە چۆن لەنێو یەکدا داویانە بە یەکدا و ھەر خەریکی شەڕی ناوخۆ بونە، چۆن ئەم میرە بە دەستی براکەی و برازاکانی کوژراوە و چەندیین جار لە بەرژەوەندی ڕۆم و عەجەم میرنشینەکان شەڕی ناوخۆیان لە نێوان خۆیاندا ئەنجامداوە. دەیگوت وەرە دەتەوێت ژنت بۆ دەھێنم، یان دەتنێرمە دەرەوە بۆ خۆت بڕۆ لە بەریتانیا بخوێنە.


ئێستا بیر لە بۆچونەکانی باوکم دەکەمەوە، بۆچی دەبێت ئێمەی کورد وابین؟ ئایە دەبێت ھەر وا بمێنیینەوە؟ یان ڕۆژێک دێت گۆڕانێکی ڕاستەقینە بە سەر ھزری تاکی کورددا دێت؟.


تا ئێستا ناو و ناتورەی زۆرمان لە شەڕی دوبەرەکی ناوە، شەڕی براکوژی، شەڕی خۆکوژی و شەڕی ناوخۆ، بەڵام ھەر نەبڕایەوە، دەڵێیت بە باڵاماندا بڕاوە. نازانم بۆچی لە شەڕی خۆ بە خۆ ھەرگیز بێزار نابیین، نازانم لە کوشتن و بڕینی یەکدی چیمان دەستدەکەوێت؟.


ھەرچەند سەر دەھێنم و سەر دەبەم تێناگەم ھۆکارەکەی چییە؟ ئایە نەبونی سەرکردایەتییەکی دانا و لێھاتووە؟ یان نەبونی پەروەردەیەکی باشە؟ یا خوێنی کورد جۆرە ھیمۆگڵۆبینێکی نامۆی تێدایە جارێک نەماندۆزیوەتەوە؟.


نوسەری نەمر محەمەد موکری کە پێشمەرگەیەکی( ی ن ک) بوو لە ساڵی ١٩٨٢ لە نێو شۆڕشدا ڕۆمانی(سەگوەڕ) ی نوسی، دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەی، ھەڕەشە و گوڕەشەیەکی زۆری لێکرا و خەریکبوو شاکاری سەگوەڕ سەری نوسەرەکەی بخوات، تا کار گەیشتە ئەوەی کە مام جەلال نێوەندگیری بکات لە نێوان کادیرە توڕەکانی ناو یەکێتی و نوسەردا، تەنھا لە بەر ئەوەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی نوسەری قەڵەم تیژ، دژی شەڕی چەپەڵی براکوژی بوو.


مام جەلال لە وەڵامی کادیرە توڕەکانیدا پرسی:


ماموەستا محەمەد موکری چی تێگرتوون؟ گولە یان گوتە؟ ھەمویان گوتیان گوتە، مام جەلالیش پێی گوتن: دە ئێوەش بڕۆن بە ھەمان چەکی نوسەر وەڵامی بدەنەوە، ئەوەی پێتان خراپە ڕەخنەی لێبگرن و ئەوەی پێتان باشە ڕونی بکەنەوە.


بریا مام جەلال دوو سەد ساڵ تەمەنی دەبوو.

 

 

Ihsan_fatah@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌ران