په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١\٢٠٢٥

    ئە یەر !

دارا خونچە

 

ئەیەر تەمەن ١

چون کەویە بەفری نساران بەرگەی گرتبا ٢

    یەک دەروازەی فرە پان و بەرفرەوانم

       وە رووی ٣

       ئەندێشە سڕ و تەزییەکان

       هەست و سۆزە لە زوقم رۆچووەکان ٤

                              ڤاڵادەکرد!

ئەیەر تەمەن

ئۆندە کورت و تورت و سرت و سرک نەبا ٥، ٦

    یەک پیاسەی درێژ درێژم

                     وەگەرد خۆم دەکرد ٧

    یەک گەشتی دوورودرێژیش

          وەگەرد ئەوان؛

          ئەوان یارۆیان

          کە دەرفەت نییە نازیان بكێشم!

ئەیەر تەمەن                       

     ئۆندە نابیست و ناڕەوەست

     لاچەپ.. لاتەریك.. لاپرەسەنگ نەبا ٨، ٩

     ئۆندە لامل و لاسارانە

                تامەزرۆی کاتکوژیی نەبا

      خۆم خڕ خەون و خولیایانم

      دەخستنە خانەی خوازیاریی و

      ناواخنی ناخی نازدارحەیرانێی خۆم!

ئەیەر ژیان ئۆندە بەرەواژ ١٠

         ئۆندە سەراوژێر.. سەراولێژ نەبا

         پڕ لە ژاوەژاو   

             پڕ لە ئاژاوە و ژانوژوو نەبا

     چی تێدابوو

     لاکۆڵانەکی گچکۆکەم وە رووی هزر و

          هاوبیران و هاوڕێیانم کڵۆمدابا

     سەرچۆپییەکەم

     وە سێپێیی و هەلەکەسەمایان بادابا!

ئەیەر ژیان ولۆ نەبا ١١

هیچی تێدا نەبوو

   دەرفەتەکی نەرم و هەموار

   وە مرۆیە

   گرگن و ژەنگن و ورگن و منگنەکانیش

                             ببەخشین!

ئەیەر لەنۆژەن ژیانەوە و

     ئەفرێنەر و ئەفسانەکانی ئاسمانان

          یەک تنۆک راستییان لێچۆڕابا ١٢

    مانمدەگرت.. رادەپەڕیم

                یەک شۆڕشم بەرپادەکرد

    تاکو هەرگیز

    مێی ملکەچ و سوپاسگوزار

    هیچ جانەوەری نێرسالار نەژیێننەوە!

ئەیەر خۆمان خۆمان دەبووین

    نان لە سانا ساناتر دەبوو

    گیان لە پۆڵا پتەوتر دەبوو

   ژیان لە شادمانیی وە خرۆشتر دەبوو!

_____________________________________________

١- ئەیەر: ئەگەر، گەر.

٢- کەویە بەفر: رنۆ، رنی، کێلەبەفری گەورەی قەدپاڵ و سەر لووتکەی شاخان.

٣- وە: بە.

٤- زوقم: ساردیی و سڕیی، داپۆشینی زەوی بە خووسار لە شێوەی بەفر و شەختە.

٥- ئۆندە: هێندە، ئەوەندە، ئەمەندە، هندە.

٦- تورت: ناسک و پڕ، تشتەک کە زوو بریندار ببی یان زوو بشکێ و بپەڕی.

٧- وەگەرد: لەگەڵ، دگەڵ، پێکەوە. بەیەکەوە.

٨- لاتەریک: خۆدوورگرتن، خۆدابڕاندن، گۆشەگیریی.

٩- لاپرەسەنگ: نەناس و نائاشنا، لەبار و لەجێیخۆ نەبوون.

١٠- بەرەواژ: دەر و نێوی هەر تشتەک کە پێچەوانە دەکرێتەوە.

١١- ولۆ: ئەوها، ئاوەها، ئیوها، ئاوا، وەتۆ، وەسا،

١٢- تنۆک :درۆپ، دڵۆپ، پشک.

سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٥

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک