٢٠\٥\٢٠١٠
ئهی گوڵاڵە
سوورەى نیشتیمان ...!!!
باوکی هێشوو
بۆ
ئەو پیاوەى لەناو دڵى حەقیقەتدا سەر و ڕیشى بە بێتاقەتى و مەراقى
غوربەت و نیشتیمانەوە سپی کرد .....!!
شیعر لە کورتترین پێناسەیدا زمانى ڕوحە. ئەوەى پیرۆزیش بەکەسایەتیى
شاعیر دهبەخشێت جوانیى ئەو ڕوحەیە ،ئەمە لەکاتێکدا ئهگهر زمانى شیعر
دەلالەت لە دیوە ڕاستەقینەکەى ڕوحى شاعیربکات نهک نمایشى کەسایەتییەکى
تربکات. ئەوەى پیرۆزیی دا بە مردن و ژیان و شیعرى فروغ فروغزاد، جگە لە
ئیستاتیکاى شیعرەکانى، ئەو لێکچوونە جوانەى شیعر و و خودى خۆى
بوو.ئەگەر بەناو شاعیرانى کوردیشدا بگەڕێین، ئهوه نموونەیەکى جوان
بەدى دهکەین، که لەهەموو سەردەمێکدا ڕەمزى بەرگریکردن بووە و تا سەر
ئێسقان ئامادە بووە ئازارەکان لەسەر ڕوحى خۆى هەڵگرێت، بەو مەرجهی
شیعرێک نەنوسێت سووکایەتى به پەیامى شیعر بکات گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان
هەرگیز بیرى لەوە نەکردووەتەوە لهپهنای دهسهڵاتێکی ستهمکاردا نانى
دەمى سواڵکەرێک بخوات ، هاوکاتیش شیعر بۆ بهشخوراویی سواڵکەرەکە
بنووسێت. بیرى لەوە نەکردووەتەوە پاروو له دهمی سۆزانییهک بڕفێنی،
که برسێتى وخەمى نان بۆ مناڵەکانى فڕێى داوەتە سەر جادە، له ههمان
کاتیشدا شیعر بۆ مهغدووریی بنووسێت ئەو ڕیشە سپییەى پەشێو دەرەنجامى
مەینەتى ساڵەهاى ساڵە کە ئەو گیانى خۆى بۆ کردووەتە تاقیگەى گیانکێشان
بەدیوە مادییەکەیدا و بەختەوەرى و سەربەرزى به دیوه ڕوحییەکەیدا زۆر
جار بیرم لەوە کردووەتەوە بچمە شوێنى سواڵکەرێک، تابزانم چۆن هاوار دهکات،
یا لە پەنجەرهى سۆزانییەکەوە دنیا ببینم، کە دهشێت حەقیقەت لەناو
برسێتى وناوگەڵى ئەودابێت!! ئاخر ئازارى برسێتى سەختە و کەسێک
نەیکێشابێت نازانێت چ مردنێکی ڕۆژانهیه! کەسێکیش بیهوێ بهرگری له
بهشخوراوان بکاته پهیامی ژیانی خۆی دەبێت ئامادهى مەینەتییەکانی ئهو
پهیامهش بێ. بە چاوخشاندنێک بە مێژووى ئەدەبى کوردیدا چەند نموونەیەک
دەبینرێت و ئەوەى لە حاڵى حازردا ماوە ئەو فریشتە سپییەیە، که ڕەنگى
قژ و ڕیشى له بهفری چیای سهرکهشی سهفین دهچیت .
بەندە جیاوازیی هەرە گەورەى شاعیرێک و سیاسییەک لەوەدا دەبینم،
یەکەمیان دەیەوێت وەک خۆت بیربکەیتەوە، دووەمیان وەک خۆى. نەگبەتیى
شیعر لێرهوه دهست پێدەکات، که شاعیرێک وسیاسییەک وەک یەک
بیردەکەنەوە و شاعیر ڕۆڵى زوڕناژهن و ههقایهتخوانی دەربار دهگێڕٍێت.
ئاخر شیعر پەیامێکى پاک و پیرۆزە، زمانى ڕۆحى ئینسانە و هەر لەم
سۆنگەیەوە دهتوانین پەى بەدیوە پەنهان و ڕوحە گەورەکەى شاعیر بەرین،
ئەگەرچى، مخابن، زۆرجار دنیاى شاعیریش وەک دنیاى سیاسییەکان بێبەش نیە
لە قومارکردن و گێڕانى ڕۆڵى کەسێکى دى نهک شاعیرخۆى. من نامهوێت بچمه
ناو دونیایی شیعری گوڵاڵه سوورهی نیشتمان تەنیا ویستم شتێک بنووسم
بەر لهوهی ماڵئاواییمان لێ بکا. ئاخر ئێمە فێرین تەنها ڕێز
لەمردووەکان بنێین وبەزیندووییش فەرامۆشیان بکەین. ئەو گوڵاڵە سوورەى
من لهسهری دهنووسم لەناو خوێنى میللەتێکدا چاوی ههڵهێنا و بهدرێژایی
ژیان ئامادە نهبوو ستایش بۆ سیاسییەک بنوسێت ئهگهر باڵاى بەقەد
باڵاى شیعر نەبێت. ئاخر ئەو بەزمانى ئاماژە وتى: ئەوەى شیعر بۆ
بازرگانانی سیاسەت دهنوسێت تا هەتایە دهبێت پاساو بۆ مناڵە
ناشەرعیەکانى شیعر بهێنێتەوە. .ئەوهی من لهسهری دهنووسم قهت دەستى
بۆ پارە و کۆشک وڤێلا پان نەکردەوە و ڕۆژێک لەڕۆژان مەینەتى
هەژارارەکانى نەگۆڕییەوە بە خۆشگوزەرانى بۆخۆى و زۆر باشیش دهیتوانى
بیکات ،بەڵام دهیزانی ئهگهر ئهمه بکا ویژدان و گەورەیی و
ڕاستگۆیی لەدەست دهدا. بەپێچەوانەشەوە، هەرگیز ڕۆژێک لەڕۆژان
نەیتوانیوە شیعر بۆ نیشتیمانهکهی خۆی نەنوسێت. که دهیخوێنیتهوه،
وا ههست دهکهی ههموو ئەو گوللانەى بەر تاشەبەردەکانى نیشتمان دهکەوتن
دڵى ئەویشیان دهپێکا، ئەو دارستانانەى داگیرکهران سەرو قژیان
هەڵئەکڕوزاندن لەدڵى ئەودا دهیان قریشکاند. دهیخوێنیتهوه و ههست
دهکهی ئەو ژنانەى لەزیندانەکانى بەعسدا ئەتک دهکران کهسوکاری ئهون
و دارو بەرد و خۆڵەمێشی ههڵهبجه و پاسارى و مرۆڤ و مەخلوقەکانى تری
نیشتمان لەسەر ڕوحى ئەو گیانیان دەر دهچوو، لەشیعرەکانى ئەودا
هاواریان بهرز دهبۆوه. ئەوانەى دەیانبردن بۆ نوگرە سەلمان و عەرعەر
و بەگوللەیەک کاسەى سەریان کون دهکردن ،بەبرسێتى دهیان کوشتن ،فڕییان
دهدانه بەر دەم سەگە ڕەشەکان گوڵاڵە سورەى نیشتیمان بەدیار تەرمە
بێکەسەکانیانەوە دەگریا. ئاخر ئەو موسافیرە سپییە هێشتاش، غەمەکانى
نیشتیمان و ئازارەکانى غوربەتی وهک جهنتای سهفهر داوە بەکۆڵیا و
هەموو ئێوارەیەک بە قەڵەمە سوورەکەى خەتێک بەسەر ڕۆژژمێرى ژوورەکەیدا (کەوێنەى
نەخشەى کوردستانى گەورەى لەسەرە) دێنێ و بەئەسەفەوە دەلێت: ئەمڕۆش
ڕۆژێکى ترم لە دوورى نیشتیمان بەڕێکرد ئەوێک، که ڕۆژێک لە ڕۆژان دڵى
پەپوولەیەکى نیشتیمانەکەى نەشکاندووە، بەپێچەوانەوە، لەگەڵ جەللاد و
پیاوکوژاندا ههمیشه دڵڕەق و خۆبەگەورەزان بووە، بۆیە دارو بەردى
نیشتیمان دهڵێن ئەى غوربەتزەدە و ئەى نائومێدى کوشتە بێرەوە بۆ
مەملەکەتى کوژراوەکان ،بۆ مەیخانەى نائومێدەکان، بەخودا نیشتیمان بیرى
ئەو ڕوحە سپییەت دەکات، بیرى ئەو سەرو ڕیشەسپى و شیعرە توند و
ئاگراوییانەت دەکات، بیرى سریوەى ئەو پەڕەسێلکانە دەکات لەشیعرەکانى
تۆدا هێلانە قوڕینەکان بە گوێسوانەى لادێ فەرامۆشکراوەکانەوە دروست دهکەن
و دەنگیان دهگاتە دڵ و ڕوحى ئێمە. دەى بیرەوە، خۆمن لەتەلەفونەکەدا
پێم وتى: لەدەور ئەو ڕۆحە سپییەت گەڕێم، باغوربەت لەوە زیاتر نەتکوژێ،
دەزانم تووڕەى لەو سیاسییانەى ڕۆژانه به هەزار جۆر دڵ و جل و و
دەموچاو دهپۆشن و لەبەر پێى لەشفرۆشێکا هەمووى دادهکەنن. دەزانم
تۆوڕەى، بەڵام ئەو پەیکەره سپیەش ببینە، که لە پەیکەرەکەى *عومەرى
خاوەر" و "چنار" و "هێمن" دهچێت، لەسەردڵى خۆمان هەڵمانکۆڵیوە و
ناهێڵن لەسەر شەقامى بێنازى شارەکان لەبرى موعەمەر قەزافى و فڵان و
فیسارى تورک و فارس دایدهنێنن و ، دەى بێرەوە، ئەى جوانترین نائومێدى
دنیا! دەزانم لەوڵاتێکدا که دووکەڵى جگەرەکان، دووکەڵى جەنگەکان و
شۆڕشەکان، دووکەڵى لوولەى تفەنگەکەى سەربازى ونت، دووکەڵى هەڵەبجەت دهخاتەوە
بیر ، بەڵام بەخوا هەموو ئەو شەقامانەى بەڕوحە ڕەشەکان میکیاژ کراون
ئەو ڕوحە سپیەتیان بەقەد پەیکەرى "سەربازى ون" خۆش دهوێ ،بەقەد ئەو
شیعرە سپییانەت خۆش دهوێ، که لەدڵى شکاوى پەروانەیەکى توڕە دهچن
بەدیار مۆمێکى خامۆشەوە دهسووتێ. دەى بێرەوە، ئەى شەهیدى زیندوو ،ئەى
سەربازى ونى شیعرى کوردى ،ئەى گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان! ئەوەندە دڵمان
مەشکێنە، ئەى دڵشکاو، خۆتۆ دهزانیت ژانى دڵشکان چۆنە. پێمان ناخۆشە وا
دهزانى کەسێک نەماوە لەم مەملەکەتە تۆى لەیاد بێت. نا هەموو ئەوانەى
ویژدانیان پڕەو گیرفانیان خاڵى بەسیمبوڵى هەڵوێستت دهزانن. من
دیوەخانى زۆر لەو کەسە دڵ و دەروون سپییانەم بینیوە وێنەى (فریشتە
سپییەکەیان)یان لەبرى وێنەى باوکیان هەڵواسیوە. ئاخر تۆ لەو دوورەوە
ئاگات لێ نیە. توخوا بمبوورە وا دهڵێم. تۆزێک ناخۆشە بڵێم بێئاگایت
بەڵام ئەوەندە بەسە شاعیرێکى فارس بڵێت: (لەبەر ئەوەى کوردیم نەئەزانى
قاموسێکم هێنا و شیعرێکى عەبدوڵا پەشێوم کرد بەفارسى!!!).
دەزانم، مامۆستاى هەڵویست، ئەوەندە بەم
هەموو دوورى و فەرامۆشییەوە بێتاقەتیت وادهزانیت کەس تۆى بیرنەماوە ،بەڵام
بیرت چوو لەبەر چەپڵە ڕێزان نەیان هێشت شیعرەکانت تەواو کەیت ؟ بیرت
چوو بەماچ شۆردیتیان؟ دەزانم ئهم حکومەتە سپڵهیه و دەزگاکانی
ڕاگەیاندنی ئاوڕیان لەگەورەیی بەرهەمەکانت، لە هەڵوێستەکانت
نەدراوەتەوە، بەڵام کێ لەسەر ڕەخنە گرتن خەڵات کراوە تا تۆببیت بەدووەم
کەس؟! خۆ تۆ تازە بوویت بەسیمبوڵى هەڵوێست و شیعر. ئەوەندە بەسە، ئهی
گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان، مەینەتییەکان خۆشیان دهوێى. ئەوەندە بەسە، ئهی
گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان، که تۆ نه شەوێک قومارت بە خوێنى نیشتیمان
کردووه، نه نانى دەمى مناڵێکى هەڵەبجە و ئەنفالت خواردووە. ههر بۆیهش،
قوربانییەکان دروود و گوڵت بۆ دەنێرن، ئەى گوڵە تاقانەکەى شیعر ،گوڵاڵە
سوورەى نیشتیمان!
١٠\٥\٢٠١٠
husheirfaraj71@hotmail.de
|