په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١٣

ئەی کێ سەرۆکی چەپ و راست بێ؟


ھەژێن


ئەم ڕۆژانە ھەرای و گارەگاری ئۆپۆزسیۆن لەسەر خۆکاندیدکردنەوەی (مەسعود بارزانی)، وەھا تاکە خۆشباوەڕ و ناھوشیارەکانی کۆمەڵگەی بە خۆیەوە خەریککردووە؛ پرسە سەرەکییەکان، کە ڕەتکردنەوەی سەرۆکایەتی و بایکۆتی دەنگدان و ھەڵبژاردنی خراپە لە خراپتر، لەبیرکراون. خاڵی نێوکۆیی ھەموو پارتەکان و ڕامیاران و دەستەبژێران لەو ھەرا و ژاوە ژاوە ڕامیارییەی میدیاکاندا، ناڕازیینەبوونی ھەمووان (پارت و گروپە دەسەڵاتخوازەکانە)ە لەسەر بوونی کەسێک لە سەرووی کۆمەڵگە و تاکەکانەوە بەناوی سەرۆک و نادژبوونی ھەمووانە بە سیستەمی خراپ لە خراپتر، کە بە واتایەکی دیکە دەکاتە؛ کۆدەنگی ھەمووان لەسەر پێویستبوونی شوانەیەک بۆ میگەلی خۆشباوەڕ و ملکەچ و ڕەوایەتیدان بە سیستەم و سەروەریی کەمایەتی بەسەر زۆرینەدا.


تا ئێرە ئاساییە، لەبەرئەوەی کە پارتەکان و ڕامیاران و دەستەبژێران بەخۆیان ھەمان خەون دەبینن و خوازیاری لابردنی شوانەیەک و جێگرتنەوەین بە کەسێکی خۆیان یا کەسێکی دیکەی دۆست و ھاوبەرەیان، ھەرواش ھەموو ھەوڵێکیان بەدەستھێنانی پلە و پایەی زیاترە بۆ پارت و سەرۆکەکانی خۆیان لە سەروەریی چینایەتیدا، ئەوەی ئاسایی نییە، جوینەوەی بنێشتی دەمی ئەوانەی سەرەوەیە بەناوی سۆشیالیزم و خەڵکی ستەمدیدەوە!


وەک زۆرێکمان دەزانین و ئاگادارین، کۆمونیزمی کرێکاری (کـ.کـ) وەک ھێڵێکی ڕامیاریی دەسەڵاتخواز لەنێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستاندا لە ڕاپەڕیندا پێدەنێتە مەیدانی چالاکی ئاشکراوە و بە دروشمگەلیی توندی دەسەڵاتخوازانەوە خۆی بە کۆمەڵگە دەناسێنێت، کە بە "ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری" دەستپێدەکات و دواتر دەیکەنە دەوڵەتی سۆشیالیستی و دواتر کۆماری شورایی و ئینجا حکومەتی سکیولار و ئەمڕۆش وەک دەبینین، پارت و قسەکەرانی ئەم ڕەوتە خوازیاری سەرۆکی باشن!


ھەرچەندە لە ماوەی ساڵانی ڕابوردوودا شان بە شانی ھەرای ناسیونالیستەکان و قسەکەرانی نیئۆلیبراڵ و لیستی پۆست جەلالییەکان (نەوشیروانییەکان)، چەندین جار وتار و ھەڵوێستگیریی ڕواڵەتییانە و بازارگەرمکەرانەیان لەسەر پاوانگەریی سەرۆکی کوردستان نیشانداوە، بەڵام ھیچ کات وەک ئێستا و وەک ئەو ڕاگەیاندنەی ڕۆژی ١١ی جونی ٢٠١٣ (بارزانی بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم و نابێ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ڕێگای پێبدرێ! http://www.hawpshti.com/ku/news/4398.html)، دەستی خۆیان نەخستووەیەڕوو، لەبەرئەوە، من لەم سەرنجدانە ڕەخنەییەدا تەنیا لەسەر دوا ھەڵویێست، کە ھەڵوێستی پارتەکەیە، دەوەستم و ھەوڵدەدەم لە ڕوانگەی سۆشیالیزمی ئازادیخوازەوە، خوێندنەوە بۆ ھەڵویستەکانی ئەو ڕەوتە بکەم.


تاکتیکی ئەم ڕۆژانەی ڕەوتی کۆمونیستی کرێکاریی [کرێکاریی نەک کرێکاری] لە کوردستاندا، بە پێچەوانەی ئەو ڕۆژانەی کە لەژێر کارایی ڕاپەڕین و شۆڕشگێڕیی جەماوەردا دروشمی بریقەداری بەرزدەکردەوە، وەک ھەموو ڕەوتە ڕامیار و دەسەڵاتخوازەکانی دیکەی کۆمەڵگەی چینایەتی، قەرەبالخی لە خۆ کۆکردنەوەیە بە ھەر نرخێک بووە، ئامانجیەتی. بە بۆچوونی من، ئەو تاکتیکە سروشتیترین و ئاساییترین و کەتوارییترین ڕاستی پشتپەردەی پاگەندەی ھەموو پارت و ڕەوتە دەسەڵاتخوازەکانە، ئەمە ئاساییە، بەڵام بەمەرجێک کە بەناوی خەڵکی ژێردەستە و سۆشیالیستخوازەوە نەبێت!


پارتی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان (پکککـ) وەک قسەکەری زاڵ و دیاری ڕەوتی (کـ.کـ.) لە ھەرێمی کوردستاندا، بەیاننامەی ھەڵوێستوەرگرتنەکەی بەم دەستەواژەیەی خوارەوە دەستپێدەکات:


" بارزانی بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم و نابێ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ڕێگای پێبدرێ! ".


ئەگەر لە لایەنی ڕێزمانیی و داڕشتنی ئەم دەستەواژەیەی سەرەوە خۆمان لابدەین، ھەرچەندە دەبوو ئاوا بنووسرێت ( بارزانی بۆی نییە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کاندیدبکاتەوە و له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه،‌ نابێت ڕێگەی پێبدرێت ! )، ئەوا ھێشتاکە لە ھەناوی خۆیدا فەرمانێکی ناکەتواریی و پارادۆکسێکی ئاشکرای ھەڵگرتووە. کاتێک کەسێک بڵێت " بارزانی بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم "، کەواتە لە لوتگەی بڕیاردانەوە قسەدەکات و بەلایەنیکەمەوە دەسەڵاتی یاسایی ڕەایەتیپێدان یا پێنەدانی ھەیە، وەھا بڕیار و دەربڕینێت، ھی لێژنەی باڵای دادوەریی و چاودێرانی یاساییە! پاشان ئەم نیوەدێڕەی سەرەتا لەتەک نیوەدێرەکەی کۆتایی، کە تەواوگەری ئەمە " نابێ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ڕێگای پێبدرێ! " ناکۆکە، چونکە نیوەدێڕی تەواوگەر، لە پێگەی ژێردەستیی و داوخوازییەوەیە، نەک ھاوترازی فەرمان و چەکوشھەڵبڕینی یاسایی لێژنەی باڵای دادی وڵاتێک!


ھەروەھا بێجگە لەو سەرنجانەی سەرەوە، بەیانگەری بۆچوون و بڕوابوونی پارتی ناوبراوە بە ڕەوایەتی پۆستی سەرۆکایەتی، کە لە ڕوانگەی ئازادیخوازیی و تەنانەت لیبڕاڵیی خۆراواوە، بێجگە لە شوانەیی تاکەکەسێک بۆ کۆمەڵگەی وەک مێگەلڕاگیراو، ھیچی دیکە نییە! پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر لە لیبراڵێکی ئەوروپی بپرسیت؛ کێت پێباشە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەت؟ ئەوا دەستبەجێ وادەزانێت کامێرای شاراوەیە و گاڵتەدەکەیت یا دەبەنگێکی و لە خێوەتی خێلەکانەوە ھاتوویت! ئاخۆ بێجگە لە ھەلپەرستی و ھەڵپەی دەسەڵات و ئەکتەربوونێکی نەزانانە لە ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی پڕۆ-لیستی سەروز و دەسەڵاتدارانی پڕۆ-لیستی زەرد، چیدیکە ھاندەری وەھا ھەڵویستگیرییەکی خێڵەکییانە بێت؟


ئەگەر ھەر کەسێک سەرەواوێک لە خۆھوشیاریی و ئەزموون و کەتواربینی لەمەڕ کۆمەڵگەی چینایەتی و کۆمەڵگەی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، ئەوا ئەوە دەرکدەکات، کە سەرۆک و سەرۆکایەتی دیاردەی سەردەمی خێڵایەتی و پێکھاتەی خێڵە، ئیدی ئەو سەرۆکە ئەکادێمیستێک بێت یا ڕیشسپی یەکێک لە خێڵەکانی ھۆزی جاف یا خێڵەکانی دەشتی ھەولێر و بارزان! چونکە سەرۆک لوتکەی دەسەڵاتە لە پێکھاتەی قوچکەییانەی خێڵدا، لە ھیچ سەردەمێکدا گۆڕینی ئەم سەرۆک بەو سەرۆک یا دیارییکردن و پابەندکردنی ئەو پۆستە و بەستنەوەی میکانیزمەکانی ھەڵبژاردنی بە بنەما قوچکەییەکانی سیستەمی پارلەمانییەوە ھیچی لە کڕۆک و خواستی خێڵەکییانەی بوونی سەرۆک نەگۆڕیوە! ئەگەر مەسعود بارزانی سەرۆکی پێکھاتەی خێڵەکیی سیستەمی ڕامیاریی ھەرێمی کوردستان و پارت و پارلەمانەکەی بێت یا نەوشیروان و دکتۆر کەمال سەید قادر و دکتۆر کەمال میراودەلی و سەرکۆی پارتی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان (پکککـ)، ئایا ھیچ لە کڕۆکی ناھاوچەرخانە و شوانەییانەی سەرۆکایەتی دەگۊڕێت؟ ئەگەر نا، بۆچی (پکککـ) لەبری بەرزکردنەوەی دروشمی "نا بۆ سەرۆکایەتی" دروشمی ھەلپەرستانەی "نابێت ڕێگە بە مەسعود بارزانی بدرێت، خۆی ھەڵبژێرێتەوە"ی بەرزکردووەتەوە؟ ئایا ھەڵویستە پەیوەندی بە ڕێکەوتن و ئاشبوونەوەی (پکککـ) و (ینکـ) ھەیە ؟

"کێشمەکێشی لایەنەکان‌و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سێباره‌ی مه‌سعود بارزانی، بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی، ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی کوردستانی له‌به‌رده‌م کۆڵانێکی داخراودا ڕاگرتووه‌. ".

من وەک خوێنەرێک و ئاشنای دروشمە بریقەدارە ڕواڵەت ئاگراوییەکانی ڕەوتی کۆمونیزمی کرێکاریی (کـ.کـ)، ئەم پرسیارە دەمھێنێتە قسە، ئەگەر ئەو ڕەوتە، وەک لە پاگەندە ڕامیارییەکانیدا بانگەشەدەکات؛ خوازیاری کۆمەڵگەی سۆشیالیستی و ناچینایەتییە، ئەدی چی لە مامەخەمەیی بۆ پڕۆسەی پاراستینی سەروەری چینایەتی، بەواتایەکی دی، چی لە کردنەوەی دیواری داخراوی بەردەم ڕەوتی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستان داوە، قوتارکردنی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد، ئەرکی لیستەکەی (نەوشیروان موستەفا)یە یا ئەرکی " پارتی پێشڕەو" ؟ ئەگەر نا، چ ئامانج و ھاندەرێکی گوماناوی لە پشت ئەو ھەرایە خۆی شاردووەتەوە؟

" هه‌وڵه‌کانی پارتی‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی‌و پێداگریان بۆ دانانه‌وه‌ی مه‌سعود با‌رزانی له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆکایه‌تی، جگه ‌له‌وه‌ی کە سروشتی سیاسه‌تی پاوانخوازی‌و ڕاگرتنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئیستای کوردستان له‌ده‌ستی بنه‌ماله‌ی بارزانیدا، ئاشکراده‌کات، ".

کاتێک خوێنەر ئەم دەستەواژانە دەخوێنێتەوە، پەیامێکی شەرمنۆکانەی ڕامیاریی ھۆشمان ختووکەدەدات، کە دەیەوێت پێمانبڵێت ڕامیاریی و سیستەمە ڕامیارییەکان و پارتەکانی دیکە، چەپاوڵگەری دەسەڵات و سامانی کۆمەڵگە و پاوانگەری ئازادی و سەربەخۆیی تاک نین! من وەک خوێنەرێکی بەدەربەست و سەرنجدەر، لەو دەربڕینەی سەرەوەدا، ناتوانم ڕەتکردنەوەی پێکھاتەی بنەماڵەیی دەسەڵات و بەێوەبەرایەتی کۆمەڵگە بەھەند وەربگرم، چونکە ڕەتنەکردنەوەی سەرۆکایەتی، ددانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە پێکھاتەی بنەماڵەیی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە. وەک پەندە کوردییەکە دەبێژێت " گۆشتخۆر نین و گۆشتاوخۆرن"، ئاخر ئەگەر کەسێک یا گروپێک دژی پێکھێنانی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای بنەماڵەیی بێت، بخوازێت و نەخوازێت، دەبێت دژی بوونی پۆستی سەرۆکایەتی بێت و ڕەتکردنەوەی سەرۆک لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، ئەلف و بێی خەباتی بێت.


ھەروەھا ناکرێت دژی بنەماڵەگەریی بۆ لایەک بیت و چاوپۆشی لە بنەماڵەچیەتی لایەکی دیکە بیت. ئەوی ئاگاداری مێژووی شاخ و شاری ھەردوو پارتی سەرەکی ناسیونالیزمی کوردبێت، ئەوە دەزانێت، کە ئەو پارتانە لەسەر سێکوچکەی پێکھاتەی خێڵەکی - بنەماڵەیی - خزمەتکاریی بۆ داگیرکەران پێکھاتوون و خۆیانڕاگرتووە. (ینکـ) لەبەر خاتری "برا بەعسییەکانی سوری"یەیان لە ١٩٧٦دا دەستیاندایەوە چەک و (پدکع)یش وەک داردەستی شا و دواتر خومەینی، دایانەوە شاخ و بوونە ھۆی بیانی وێرانکردنی زیاتر لە ٣٠٠٠ گوندی سەرسنووری و ئەنفالکردنی سەدان ھەزار جوتیار و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەیان دایەدەست ڕژێمی بەعس. ئەو دوو پارتە لە ماوەی تەمەنیاندا، تەنیا خێڵایەتییان زیندوونەکردووەتەوە، بەڵکو کولتووری خۆفرۆشی و بەرلەشکری داگیرکەریان لە کوردستانا کردە باو و بوونە ھۆی دروستکردنی دوژمنایەتی قوڵی کۆمەڵایەتی لەنێوان گوند و شار و ھەرێمەکاندا و لەو ڕێگەیەوە، گەورەترین خزمەتیان بە نەخشە ڕامیاریی و ئابوورییەکانی ڕژێمی بەعس و کۆماری ئیسلامی ئیران و تورکیە و سوریە کرد و تا ئێستاکەش، تاکی کورد باجی ئەو ڕامیارییانە دەدات. ھەڵبەتە ئەو ھەمووە لە خۆڕا و لە نەزانییەوە نەبوو، بەڵکو ڕێخۆشکەریی بوو بۆ چەپاوڵ و پاوانگەریی و دژەجەماوەرییەک، کە ئەمڕۆ ھەموو ھێزیکی ڕامیاریی بەپێی سەنگ و سووکی ھێز و بوونی کۆمەڵایەتی، بەشێکە لەو چەپاوڵ و پاوانگەرییە!

" پارتی و بارزانی لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا هەوڵیان داوە دەسەڵاتی یەکحزبی ‌و بنەماڵەیی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا داسەپێنن،" .

کەواتە، ئەگەر پارتی بڕوای بە پلورالیزمی ڕامیاریی ھەبووایە، ھەنووکە " پارتی پێشڕەوی کرێکاران" گلەیی لە پارتی نەدەبوو، ھەروا کە گلەیی لە یەکێتی نەماوە! گرفتی تاکی چەوساوەی ئازادیخواز لە کۆمەڵگەی چینایەتییدا، لە تاکپارتییبوونی سیستەمی فەرمانڕەوایییەوە دەستپێناکات و لە بوونی فرەپارتییدا کۆتایینایێت. بەڵکو گرفتەکە لە خودی (بوونی) پارت و کۆمەڵە و دەستەبژێرە ڕامیار و دەسەڵاتخوازەکانەدایە، کە بێجگە لە ھێزی مشەخۆری بێبەرھەم، ھیچی دیکە نین و ھیچیش بە کۆمەڵگە و ژیانی تاک پێشکەش ناکەن وبەرھەمناھێنن!


کوردواتەنی ئەمە شێوەنی ھەریسەکەیە! باشە، لەسەر بنەمای ئەو سیستەمە ڕامیارییەی، کە خودی (پکککـ) دەیکاتە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی بنەماڵەیی (پدکـ)، ئەگەر لە سبەینێدا، بە قەزاوقەدەر ھەلێکی ئاوا بۆ (پکککـ) ھەڵبکەوێت، کە ھێزی سەرەکی یا ھێزێکی وەک (پدکـ) بێت، ئایا ڕازی دەبێت نەیارەکانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیدا دروشمی "بروخێ پکککـ" بەرزبکەنەوە یا ھەوڵی لاوازکردنی بدەن؟


من بۆ خۆم، گومانم ھەیە، کە پەڕجووی ئاوا ڕووبدات، چونکە مێژووی چەند سەد ساڵەی پارتایەتی ئەوەی نیشانداوە، کە پارتایەتی واتە ئامراز و تۆڕی ڕاوکردنی تاکە ناڕازییەکان بە دێوجامە و دروشمی بریقەدار و بەرنامەی ڕازاوەی ناوەڕۆک خاڵی. ئیدی ئەو پارت لە ھەر قوماشێک و ھەڵگری ھەر ماسکێک بێت؛ نەتەوەیی، ئایینی، چەپ، نیشتمانی یا دێمۆکراسی و سکیولار!

" ... پارتی‌و مەسعود بارزانی نەخشەمەندانە کاریان کردووە بۆ پەرەدان‌و داسەپاندنی کەشوهەوای کۆنەپەرستی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا، یاسای فرەژنیان پەسەندکردووە‌و هەوڵیان دا یاسای پاراستنی پیرۆزیە ئایینیەکان تێپەرێنن، ... . لەماوەی سەرۆکایەتی بارزانیدا خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ نان‌و ئازادی‌و کەرامەتی ئینسانی خەڵتانی خوێن کرا. داهاتی کوردستان‌و نەوت لەلایەن دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بارزانیەوە بەتاڵان دەبرێ‌. خێزانی بارزانی لە گەورەترین دەوڵەمەندەکانی جیهانن‌و‌‌ سەدان هەزار لاوی کوردستانیش بەدەست بێکاریەوە گیرۆدەبوون‌و هەزاران خێزانیش لەخوار هێڵئ هەژاریەوە ژیان دەگوزەرێنن.. لەژێرسایەی دەسەڵاتدارێتی بارزانیدا هەزاران ژن تیرۆرکراون، دەزگای جاسوسی وولاتان لە کوردستاندا تەراتێن دەکەن، سوپای ووڵاتانی ناوچەکە بۆمبارانی هاوڵاتیانی مەدەنی کوردستان دەکەن، نانبڕین، ڕفاندن، تیرۆر لەدژی ڕوناکبیر، رۆژنامەنووس، مامۆستای زانکۆ، هونەرمەند، گۆرانی بێژ، سیاسی، چەپ و کۆمۆنیست... بەڕیوە دەچیت.

چ ڕێکەوتنێکی ڕامیاریی لە پشت ئەم یەکدیوبینین و یەکلایەنی لێکدانەوەیەوە وەستاوە؟ ئەوەی کە پارتی و سەرۆکەکەی لەو کار و بڕیارانەدا پشکی شیریان بەردەکەوێت، گومان ھەڵناگرێت، بەڵام ئایا پەسەندکەرانی ئەو بڕیارانە ھەر بە تەنیا ئەندامانی (پدک) بوون، ئەی (ینکـ)یەکان چی و چی کارەبوون؟


ئەگەر پاشڕەوانی (نەوشیروان موستەفا)ی پۆست-جەلالی وەھا پەرەگرافێکیان دابڕشتایە، ھیچ جێگەی لۆمە نەدەبوون، چونکە نە پاگەندەی کۆمونیستبوون دەکەن و نە کەسیشیان بەناوی ئەرکی کۆمونیستەوە بەکوشتداوە ! من تێناگەم و نازانم، ئەندامان و لایەنگرانی (پکککـ) چۆن ئاوا بێدەنگ لە پشت ڕاگەیاندن و ھەڵوێستی "بانێک و دوو ھەوا"ی پارتەکەیان و ڕابەرەکانیان دەوەستن و ھیچ پرسیار و سەرنجێکیان لەلا دروستنابێت؟


ئاخۆ پاداشتی وەھا ڕێکەوتنێکی ڕامیاریی چەند بێت، کە ئاوای لە نووسەرانی ئەو دێڕانە کردووە، وەک کەرتە پارتەکانی (حشع و حسک و زەحمەتکێشان و ئیسلامییەکان)ی سەردەمی شەڕی نێوخۆ، تەنیا کۆنەپەرستی و تیرۆر و سەرکوت و سیخوڕیی و نانبڕین و تاڵانی لایەنێک ببینن، وەک ئەوەی لایەنەکەی دیکەی ڕێکەوتنی ستراتیجی نوێنەرانی بۆرجوازی کورد لەسەر مەریخ فەرمانڕەوابووبێت؟ یا قسەکەرانی (حکککـ) ڕەشەبای ڕاگەیاندنی پۆست-جەلالییەکان [نەوشیروانییەکان] ڕاپێچیکردوون؟


بەڕاستی بەدبەختییە، کاتێک مرۆڤ ببێتە کۆیلەی حەزە دەسەڵاتخوازییەکانی، چونکە تووشی ھەموو سازش و رێکەوتنێکی ڕامیاریی دەکات. لایەنگرانی ڕەوتی (کـ.کـ) کاتێک کە (ینکـ) شاربەدەری کردن، ھەروەک ئێستا لەبەرامبەر سەرکوتگەرییەکانی (پدکـ)دا چاوپۆشیاندەکرد، ھەر ئەوەش بوو، کە پەروەندەی تیرۆری ھاوڕێیان (نەزیر عومەر و شاپوور و قابیل)ی تا ڕێکەوتنەوەیان لەتەک (ینکـ)دا پێداخستن و ئەم ڕۆژانە، پاش ١٥ ساڵ ھاوڕێیانی تیرۆرکراویان بیرکەوتووەتەوە!

" ئەگەر ئەوە کارنامەی بارزانی بێت، ئایا شایستەی ئەوەیە کە جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم‌و باڵاترین پۆستی سیاسی‌و ئیداری کوردستانی بدرێتەدەست.. ".

بە بۆچوونی من ھیچ کەس شایستەی سەرۆکایەتی ھیچ کەسی دیکە نییە، چونکە کەسی ئازادیخواز، پێویستی بە سەرۆک (شوانە) نییە! ئایا لە ڕوانگەی "پارتی پێشڕەو"ەوە کەسی دیکە ھەیە، کە شایستەی ئەوەبێت کۆمەڵگەی بۆ بکاتە مێگەل و چارەنووسی بداتە دەست شوانەیی ئەو؟


ئەم دێڕانە، ئەو دیو دێوجامەکەی سۆشیالیزمی (حکککـ) دەخەنەڕوو، کە ھیچ گرفتێکی لە بوونی شوانە ڕامیاریی و باڵا و پایینی ڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتی قوچکەیی کۆمەڵگە نییە، تەنیا گرفتی دەموچاوی ئەم و ئەو و تەنیا خەمی پابەندبوونی شوانە ڕامیارییەکانە بۆ یاسا بۆرجوازییەکان!

" ئایا یەکێک لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان‌ بەهەمان شێوەی جەماوەری ڕاپەریوی ناوچەکە لەدژی دەسەڵاتی سەرکوتگەری بۆرژوایی، کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی‌و گواستنەوەی دەسەڵات نەبوو لەباوکەوە بۆنەوەکانی!؟ ".

گرفتی " ڕابەرانی پارتی پێشڕەو" ھەر ئەوە نییە، کە سەرەتا و کۆتایی دەستەواژەکانیان لەتەک یەکدیدا ناکۆک دەوەستەوە، بەڵکو دەستەپاچەییە لە خاڵبەندی و جیاکردنەوەی جۆری ڕستەکان و شوێن و بە دوای یەکداھاتنی نیشانەکانی کۆتایی ڕستەیە و داڕشتن و چۆنیەتی لێکدانەوەی نیوەڕستەکانیشە. بڕواناکەم زمان ھەبێت، کە لە کۆتایی ڕستەکانیدا نیشانەی سەرنجڕاکێشان و ھەواڵدان لە پێش نیشانەی پرسیارەوە دابنرێت، ھیوادارم ئەگەر خوێنەر زمانێک شکدەبەن، وەک زانیارییەکی ڕێزمانی لەتەک مندا بەشی بکەن، زۆر سوپاسگوزاردەبم!


بەڵێ، منیش دەڵێم، بەلایەنی کەمەوە یەکێک لە ئاواتەکانی خەڵکی ڕاپەڕێوی کوردستان ئەوەبوو، کە کۆتایی بە ھەموو یاسا و ڕامیارییەکانی سەردەمی فەرمانڕەوایی ڕژێمی بەعس بێت، بەڵام تا کاتێک کە تاکەکانی کۆمەڵگە مل بە شوانەیی ئەم و ئەو بدەن و کۆمونیستەکانی لەجیاتی ڕەتکردنەوەی سەرۆکایەتی، گلەیی لە چۆنیەتی سەرۆکایەتی بکەن و خوازیاری شوانەی باشن بۆ کۆمەڵگە، ئایا ئیدی ئاواتێکی ئاوا نابێتە خەونێکی زۆر دوور؟!

" ئایا ئەوە بەس نیە بۆئەوەی بارزانی بۆی نەبێت کە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندید بکاتەوە!؟ ".

من دەڵێم نەخێر، ئەگەر ئێوە لە بەسبوونی کەڵەگاییەوە قسەدەکەن و بەرەنگاربببنەوە، چونکە وەک پێشتر وتم، ئەگەر "پێشڕەوی" کۆمەڵگە ئێوەبن و ئێوەش بەو جۆرە، لەبری ڕەتکردنەوەی سەرۆکایەتی، کە کۆنەپەرستانەترین دیاردە و پاشماوەی کۆمەڵگەی خیڵەکییە، خەریکی وردەگرییبن ! باشە ئەگەر مەسعود بارزانی ئەو وردەگیرییانەی ئێوە نەگیرتایەتەوە، کەواتە بەپێی ئەو پێوەرەی پێوە مافی ئەوەی دەبوو، ھەموو تەمەنی سەرۆکتان بێت؟


ھەڵبەتە گرفت یا سەرچاوەی وەھا وردەگیری و خولانەوەیەک لە بازنەی گلەیی و گازەندەی کاتی و ڕواڵەتییدا، لە ھزری چەپ بەگشتی و ڕەوتی (کـ.کـ)دا، زۆر لەوە قوڵتر و ڕیشەییترە، بۆ نموونە چەپ، بێکاری و ھەژاری و بێسەرپەنایی و جەنگ دەکاتە بەڵگە و بیانووی سەرەکی ڕەتکردنەوەی سیستەمی نادادوەرانەی سەرمایەداری، نەک بوونی سەروەریی چینایەتی، کە ھەموو ئەو بیانووانەی سەرەوە، دیاردە و دەردراو و بەرھەمی ئەون! وەھا ئەنجامگیرییەک بەھۆی نەبوونی دەرک و ئەزموونی دەستەبژێری ئەو ڕەوتانەوە نییە، ھەرچەندە پابەندبوون و شوێنکەوتوویی بەشی پاشڕەو و خوارەوەی (ئەندامانی) پارتەکانی ئەو ڕەوتانە لە کەمدەرکی و گیرۆدەبوونیاندایە، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە وەھا بۆچوون و ئەڵتەرناتیڤێکیان ھەیە، ئەگەر یەکسانی ئابووریی ھەبێت، ئەگەر پارت و گروپەکەی ئەوان سەروەربێت، ئیدی کۆتایی بە سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەریی دێت! ئەمە ئەو زەلکاوەیە، کە بە درێژایی مێژوو و بەتایبەت چەند سەدەی ڕابوردوودا تاکی ناڕازی تێدەکەوێت و ئیدی دەرچوونی لە خۆشباوەڕیی بە سەروەریی سەرۆکی باش و میرایەتی باش و پارتی باش و ڕابەری باش و ...تد بۆی ئاسان نییە و بەردەوام لەم پارتەوە بۆ ئە پارت، لە دەنگدان بەم لیست بۆ دەنگدان بەو لیست، پاشڕەوی ئەم کەس بۆ پاشڕەوی ئەو کەس بازدەدات و دەستەمۆ و دۆشداماو و متمانەبەخۆنەبوو، لە چاوەڕوانیی فریادڕەسدا دەمێنێتەوە. ئەمە ئەو زەلکاوەیە، کە بەھۆی ڕامیاریی و سیستەمی ڕامیاریی و پارتایەتی، ساڵ بە ساڵ و مانگ بە مانگ و ڕۆژ بە ڕۆژ ، لە ھۆشی تاکی خۆشباوەڕدا خەستردەکرێتەوە.

" لەلایەکی دیکەوە بارزانی دوو دەورەی سەرۆکایەتی تەواو کردوەو بەپێی یاساکانی خۆشیان بۆی نیە بۆ جاری سێهەم خۆی کاندید بکاتەوە. ....... مه‌سعود بارزانی به ‌هیچ جۆرێک بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوەو نابێ ڕێگای خۆکاندید کردنه‌وه‌ی پێبدرێ. ته‌نانه‌ت به‌پێوانه‌ی خودی یاسا و ڕێسا و ده‌ستورێکه‌وه‌ که‌پارتی یه‌ک لایه‌نه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا به‌ڕیوه‌ی ده‌بات ئه‌و مافه‌ی له ‌بارزانی سه‌ندۆته‌وه‌و نابێ ڕیگای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو ‌بازنه‌ی سه‌رۆکایه‌تی، به‌هیچ پاساوێک پی بدرێ. ".

ئیدی بۆ منی خوێنەر، دەربڕینی ملکەچانە و پابەندانەی ئەم سۆشیالیستخوازانەی "ئاخرزەمان"، ھیچ بوار بۆ گومان لە چینەکردنی ئەم گروپە لە بۆشاییە یاساییەکانی سەروەریی چینایەتییدا ناھێڵێتەوە. ئەی ئەگەر یاسا چینایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان ئاوا بووایە، کە سەرۆکایەتی ھەریێم ماوەی خولەکەی دیاریکراونەبووایە، نووسەرانی ئەم بەیاننامە، چ پەیامێکیان بۆ کۆمەڵگە دەبوو؟


باشە ئەگەر خودی یاساییەک، کە پارتی یەک لایەنە لە ھەرێمی کوردستندا دەیسەپێنێت، ئەو مافەی لە مەسعود بارزانی سەندبێتەوە، کە لە دوو خول زیاتر خۆی کاندید بکاتەوە، ئەدی چۆن دەتوانین بڕوا بە پارادۆکسی نێوان دێڕەکانی ئەم بەیاننامەیە بکەین، کە لەلایەکی دیکەوە دەلێت " هه‌وڵه‌کانی پارتی‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی‌و پێداگریان بۆ دانانه‌وه‌ی مه‌سعود با‌رزانی له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆکایه‌تی، جگه ‌له‌وه‌ی کە سروشتی سیاسه‌تی پاوانخوازی‌و ڕاگرتنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئیستای کوردستان له‌ده‌ستی بنه‌ماله‌ی بارزانیدا، ئاشکراده‌کات، هاوکات تاکتیکێکه‌ بۆ پاراستن‌و درێژه‌دان به سیاسەت‌و ‌ستراتیژێک که‌ پارتیهو سه‌رۆکه‌که‌ی له‌ماوه‌ی 8 ساڵی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌یدا به‌سه‌ر کوردستاندا سەپاندوویانەو به‌ڕێوه‌یان بردووه‌. "؟!


ئەوەی لە ساڵی ١٩٦١وە لە ھەرێمی کوردستاندا ژیابێت، ئەوە دەزانێت، کە ھیچ کات (پدک) و ئەندام و لایەنگرەکانی خاوەنی بۆچوون و بیرکردنەوەی جیاواز و ناکۆک بە بۆچوون و بیرکردنەوەی ڕابەران و سەرکردایەتییان نەبوون، چونکە ئەندامانیان لە بنی بنەوە تا دەگاتە کۆمیتەی ناوەندی ئەو پارتە، کۆیلەیەکی دڵسۆزی سەرکرادیەتی و بنەماڵە و ڕابەری ئەو پارتەن. ئیدی لە وەھا کەتوارێکدا ئاوەزی کەسێک، کە لۆجیک بنەمای بیرکردنەوەی بێت، بواری ڕیزکردنی وەھا پووچگوتن و پووچڕیزکردنێکی پێنادات، کە بڕوا بە خۆی بھێنێت، کە دانەرانی یاسا و دەستوورەکانی نێو (پدکـ) و میرایەتییەکەی، کەسانی دەرەوەی بنەماڵە بن و کاتێک کە ئەوە باری کەتواریی شتەکان بێت، ئیدی چۆن سەرکردایەتی پارتی کە ئەندامانی بنەماڵەن، دژی بەرژەوەندی و خواست و سەروەریی خۆیان یاسا و دەستوور دەنووسنەوە و بەسەر خەڵکی ژێردەستی خۆیاندا دەیسەپێنن؟!


ئایا ئەمە پارادۆکسی نالۆجیکی بیرکردنەوە و بوونە بەشێک لە بەرەی ھەڵای ڕەوایەتیدان بە پۆستی سەرۆکایەتی، بە بەرزکردنەوەی داخوازیی پاپەندبوون بە یاسای سەرۆکایەتی و ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی دیکە نیییە؟ ئەگەر نا، چی بووەتە ئافەرێنەری ئەو پارادۆکسەی کە مەگەر خودی نووسەرانی بەیاننامەکە سەری لێ دەربکەن!

" خه‌ڵکی کڕیکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان، لاوان‌و ژنان‌و ئازادیخوازان، که‌ به‌درێژایی ٨ ساڵی رابردوو، به‌شیوازی جۆراوجۆر ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕیوه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوەرییان به‌دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی‌و پارتی‌و سیاسه‌ته‌کانی به‌ئاستی جیاواز له‌خۆ نیشانداوه‌، ".

پێش ئەوەی لەسەر ناوەڕۆکی پەیامی ئەو دەربڕینە پرسیار ئاراستەی نووسەرانی بکەم، حەزدەکەم بەگشتی لە دروشمدەرەکانی چەپ بەگشتی بپرسم؛ ئایا کەسانی [نەک خەڵکی] کرێکار و زەحمەتکێش، لاو و ژن و ئازادیخواز نین یا بە جۆرێکی دیکە، لاوان و ژنان و ئازادیخوازان، کەسانی کرێکار و زەحمەتکێش نین و تیایاندا نییە؟ ئەدی ئەو جیاکردنەوە و ڕیزکردنە بۆ چییە و چی دەگەیێنێت؟


ئەی ئەو "کرێکار و زەحمەتکێش و لاو و ژن و ئازادیخوازان"ەی، کە لە ھەشت ساڵی ڕابوردوودا دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی تاڵەبانی و (ینکـ) و دژی ئۆپۆزسیۆن و ڕامیاریی و پارتەکانی ئەنگۆ بوون، چی؟ ناڕەزایەتییەکانیانن بۆ ئێوە چی دەگەیێنن؟ ئەگەر ڕەوان، ئەی لە کوێی پاگەندەی ئێوەی سەردەمی گاڵتەجاریی ھەڵبژاردن و سووکایەتی پۆستی سەرۆکایەتیدا، دەوەستن؟

" بەڵکو دەبێ هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ گێرانەوەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لەژێرناوی هەموارکردنەوەی دەستوردا پووچەڵ بکەنەوەو هاوکات له‌پێناو ده‌ستکۆتاکردنی سه‌رتاپای ده‌سه‌ڵاتی بنەماڵەو کارکرده‌ سیاسیه‌کانی پارتی، له‌سه‌ر ژیانی ئێستاو داهاتویان بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌. ".

باشە لەو بارەوە، جیاوازیی ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی و "پارتی پێشڕەو" لە چیدایە، لە کاتێکدا کە ھەر دوو لاتان لەسەر ڕەوایەتی بوون و مانەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆکن، لە کاتێکدا کە پێداگری لەسەر پاراستنی یاسای سەروەریی بۆرجوازی دەکەن، لە کاتێکدا ھەر دوو لاتان خۆشباوەڕیی بە پەرجووی سەروەری باش و گۆڕینی ئەم سەرۆک بەو سەرۆک، پەخشدەکەنەوە ؟

" خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان به‌ خه‌باتی هوشیارانه‌و یه‌کگرتووی خۆیان‌و به‌کۆبوونه‌وه‌ له‌ده‌وری شیعاری "مه‌سعود با‌رزانی، بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە‌" و "نا بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە" ده‌توانن هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ بە ئاقاری پێکهێنانی ئالوگۆڕێکی ڕیشه‌یی له‌سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانیدا هەڵبێننەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته‌دا ڕاده‌وه‌ستێ. ".

پێش ھەموو شت، گەورەیی و ڕیشەییبوونی ئەو ھەنگاوە لە چیدایە، کە ئامانجی گۆڕینی ئەم شوانەی ڕامیار بەو شوانەی ڕامیار بێت و خۆشباوەڕیی بە ھەڵکەوتن و لەدایکبوونی سەرۆکی باش لە لای تاکی ناھوشیار و خۆشباوەڕ دروستبکات؟! ئەی مەگەر بڕیارنەبوو ڕەوتی (کـ.کـ.ـ) و (پکککـ) سیستەم و دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد لەنێوبەرێت و پارتەکانی پوچەڵبکاتەوە؟ ئیدی چ پێویست بە بانگەوازکردن بۆ ڕیفۆرم " پێکهێنانی ئالوگۆڕێکی ڕیشه‌یی له‌سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبه‌کانیدا " دەکات؟! لە کاتێکدا کە بڕیار بێت سیستەم و دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد واتە سەروەریی چینایەتی وێڕای ئەو " ئالوگۆڕێکی ڕیشه‌یی"یەی کە (پکککـ) مژدەی دەدات، ھەر سەروەر بمێننەوە، ئیدی ڕیشەییبوونی ئەو ئاڵوگۆڕە لەچیدایە و "پارتی پێشڕەو" چ چاوەڕوانییەکی لەو ئاڵوگۆڕانە ھەیە؟ ئایا بێجگە لە ڕیفۆرمی ئەو سیستەم و دەسەڵات و پارتانە بە مەبەستی درێژکردنەوەی خۆشباوەڕیی تاکی ناڕازی، بە ئامانجی پاراستنی سیستەمی سەروەریی چینایەتی، کە حەز و ئاواتی ڕابەڕابی "پارتی پێشڕەو"یشە وەک (پدک) و ڕابەرەکانی، چی دیکە دەگەیێنێت، کە "پارتی پێشڕەو" ئاوا مژدەی بەسەر " خه‌ڵکی کڕیکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان، لاوان‌و ژنان‌و ئازادیخوازان،"دا دەبەخشێتەوە؟


خوێنەری ھێژا، من وەک خوێنەرێکی بەسەرنج و ڕەخنەگر، ئاوا لە ئامانجی ڕابەرانی " پارتی پێشڕەو" تێدەگەم، کە بەتەمان لە ئاوی لخن و لێڵدا ڕاوە ئەندام بکەن. ئەوان دەخوازن بە چاوپۆشی لە سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەریی ھاوپەیمانێکی سترارتیجی (پدکـ) لە نوێنەرایەتی بۆرجوازی کورددا، سۆز و دژایەتی ناھۆشیارانەی تاکی فریوخواردی لایەک بەرامبەر لایەکی دیکە، بقۆزێتەوە و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر بکەن. بە بۆچوونی من و ناسینی من، دەکرێت ئەمە ھەم بە ئەزموونگیریی لە ڕامیارییە چەپەڵەکانی لیستی نەوشیروانییەکان و ھەم بە ڕێکەوتنی ستراتیژی لەتەک باڵەکەی دیکەی دەسەڵات، لێکبدرێتەوە!


ئەوەی وەڵام و پاساوی قسەکەران و ڕابەرانی "پارتی پێشڕەو" بۆ ئەم پرسیار و سەرنجانە، چییە، ھیج لەوە ناگۆڕێت، کە ھەڵوێستگیرییەکی شەرمنۆکانەی دەسەڵاتخوازییە و توانای بڕینی سنوورەکانی ئاوەزی سەروەریی و پاساوەکانی ڕەوایەتی سیستەمی چینایەتی نییە و ھەمان خۆشباوەڕیی لەلای تاکی ناڕازی کەم ھوشیار دروستدەکات، کە نۆ ساڵە خاوەنی کۆمپانیای وشە و قسەکەرانی لیستی پۆست جەلالییەکان (نەوشیروانی)یەکان کاری لەسەر دەکەن و سەرمایەگوزاری لەسەردەکەن. خۆ ئەگەر ڕابەرانی " پارتی پێشڕەو" لەو بڕوایەدان، بەم پووچگەراییە، جەماوەریی دەبنەوە، بە بۆچوونی من پێویستە خۆزگە بە سەردەمی ناجەماوەریی و تەریککەوتەییان بخوازن، ھەر چۆنێک بوو، درشمەکانیان زەرق و بریقێکی لای ئەندامانی ملکەچ و گوێڕایەڵیان دروستدەکرد، بەڵام بە ھەڵدانەوەی ئەم زەلکاوەی کە ئێستا تێیکەوتوون، بۆگەنییان لە ھەلپەرستیی ڕامیارییدا، تەنانەت ئەو ئەندامە دەستەمۆیانەشیان کە تا ئێستا ماونەتەوە، وڕوکاسدەکات!


بەبۆچوونی من، چ ئێستا و چ بیست و دوو ساڵ لەمەربەر، تەنیا دروشم و بۆچوونێک، کە دەیتوانی و دەتوانێت ڕادیکاڵ (ڕیشەیی) بێت، دژایەتی پۆستی سەرۆکایەتیی (شوانەیی ڕامیاریی) و بەئاگاھێنانەوەی تاکی ناڕازی کەم ھوشیاری کوردە، لەوەی کە ئەو دیو واتای بوونی سەرۆک و پۆستی سەرۆکایەتی، دەکاتە مێگەلبوونی تاکەکانی کۆمەڵگە و تەنیا وەھا مێگەلییەک، دەتوانێت شوانەیی ڕامیارێک، بکاتە پێداویستی کۆمەڵگە!


کەواتە وەڵامدانەوە بە وەھا پرس و پرسیارێک، دەمانخاتە دووڕییانی ڕەتکردنەوەی ڕێکخستن و پێکھاتەی قوچکەیی، کە خێڵ وەک قۆناخ و نموونەی ھەرە سەرەتاییەتی و سەرۆک بەرزترین لۆتکەی دەسەڵات و سەروەرییەتی یا ملدان و پاراستنی پاشماوەی خێڵایەتی و ڕیفۆرمی میکانیزمەکانی مانەوە و چۆنەیەتی خۆپاراستنی، کە لەم پەروەندەی بەردەستماندا، چەند ساڵ جار کردنی خولی ھەڵبژاردنەوەی ئەو سەرۆکایەتییەیە!


ناکرێت، تۆ دژی خێڵایەتی بیت و کەچی پەیوەندی و ڕێکخستن و ڕێساکانی خێلایەتی ڕەتنەکەیتەوە. سەرۆکایەتی یەکێکە لە تایبەتمەندییە ھەرە دیار و تایبەتەکانی خێڵایەتی، ئیدی چ سەرۆکی دەستەبژێڕ و سەرۆکی پارت بێت یا سەرۆکی پارلەمان و سەرۆکی میرایەتی و دەوڵەت بێت. ڕیفۆرمکردن یا پەیڕەوکردنی ڕێساکانی خێڵایەتی، بەو جۆرەی کە "پارتی پێشڕەو" لە مەسعود بارزانی دەخوازێت، ناکاتە ئاڵوگۊڕی ڕیشەیی! چونکە ئاڵوگۆڕی ڕێشەیی واتە گۆڕانی پێکھاتە و دیاردەیەک، واتە تێداچوونی، واتە دابڕان لە سەرەتاکەی، لەم پەروەرندەدا واتە نەمانی پۆستی سەرۆکایەتی!


لەبەرئەوە، ھەڵبژاردنی ڕێگەی ڕیفۆرم و پێداگرتن لەسەر یاساکانی سەرۆکایەتی، کۆنەپەرسترین بۆچوون و بیرکردنەوەیە و بێجگە لە سووڕانەوە لە بازنەی ڕاگرتن و پاراستنی پەیوەندی و ڕێکخستنی خێڵەکییانەی کۆمەڵگە، ھیچی دیکە بەرھەمناھێنێت، پێویستە "پارتی پێشڕەو" خۆی یەکلایی بکاتەوە و وەڵام ڕاستگۆیانە بە داخوازی و خەونی سۆشیالیستانەی ئەندامە خۆشباوەڕەکانی بداتەوە. ھەروەھا کاتی ئەوە ھاتووە، ئەندامانی "پارتی پێشڕەو"، کە بە خەیاڵی خۆیان، لەو پارتەدا خەبات بۆ ھێنانەدی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی دەکەن، لە دووی وەڵامی ئەم پرسیارانە بن؛ شۆڕشی سۆشیالیستی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە یا بەشداری ھەڵبژاردنی پارلەمانی و پیلانی ڕامیاریی؟ شۆڕشی کۆمەڵایەتی، ڕەتکردنەوەی سەروەریی چینایەتییە بە لەنێوبردنی خاوەندارێتی تایبەت و کاریکرێگرتە، یا دەوڵەتییکردنەوەی ڕێکخستنی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە و دیکتەکردنی لەلایەن "پارتی پێشڕەو"ەوە؟

 

١٣\٦\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌ران