١۴\٨\٢٠١٠
ئەى
مانگ.

هیوا
رەش
بێیاڵ ،
دواى پازدە ساڵ ،
وەکو عاشقێکى دڵشکاوى مانگرتوو ،
وێڵ بووم ،
ئەمێستا وەکو پەڵەهەورێکى ژانگرتوو ،
خۆشەویستى تۆ لەوپەڕى دنیاوە
پەلکێشى کردووم ،
سەرى پێ هەڵگرتووم ،
هاتووم ،
لاى تۆ هەوارم دانێم و
بتکەم بە نیشتمانم .
تۆش لە گرمەم مەترسە !
چوون ئەوە ناڵەى
گریانى تامەزرۆیى خۆتە
بە نمەى باران و
دڵۆپە خوێن ئاووسە ،
مەترسە ،
کێڵگەى قین دەشۆمەوە و
پێدەشتى عەشق پاراو دەکەم ،
ماچى خودایى بەسەردا
دەبارێنم و دەڕۆم .
چەخماخەم
سووتماک بوونێکى ئەبەدییە و
بۆ ڕۆشن کردنەوەى پانتایى بوونت ،
لە دیوانى عەشقى بێ ئەزموونت ،
خۆم دەکا بە کۆى زوخاڵ ،
مەمڕەوێنەوە ،
من باڵم نیە
تا بفڕِم و دووبارە بێمەوە .
وەکو تەور ،
منى هەور ، پارەپارە مەکە ،
هەور کە بڕەوێتەوە ،
دەبێت بە ڕێژنەى باران و ئەوسا
ئیتر ناگەڕێتەوە ،
ناگەرێتەوە
تا لە بن ڕەشماڵى قژى ڕەشتا ،
لە ئامێز و باوەشتا ،
لەبەر تیشکى نیگاى گەشتا ،
تێکەڵ لەگەڵ باى وەشتا ،
دووبارە ببێتەوە میوانت و
ئاوێتەت بێتەوە
دووبارە بتکاتەوە بە نیشتمان ،
دووبارە بۆت ببێتەوە بە ئاو ،
دووبارە ببێتەوە بە نمەى باران ،
ببێتەوە بە هەڵم و بگەڕێتەوە
بۆلات ، بۆ ئاسمان
تا لە ئاسمانى بایى بوونتا
جارێکى تر بتلاوێنێتەوە ،
مەمڕەوێنەوە ،
مادام خۆت بۆم کرد بە هەناسە و ژیان ،
بێ دوو دڵى ،
بە یەکجاریى ببەرەوە بە نیشتمانم
وەکو هەناسە
(( بگەڕێوە نێو سییەکانم )) .
هەور عاشقە
عاشقیش دڵى ناسکە ،
زوو دەتۆرێ و زووش ئاشت دەبێتەوە ،
زوو دەگۆڕێ ،
بەڵام ڕق ئاوێزانى نابێت و
هەرگیزیش مانگى بیر ناچێتەوە ،
ئەستەمە و
بێ خەندەى تۆ ناحەسێتەوە .
من وەکو هەور ،
هاتووم و
لە دەورى خۆشەویستیت دەگەڕێم ،
جارجارە گەماⴿەگەڕێم ،
جارجارە گەمارۆت دەدەم ،
نەبادا چاوى بەدکار ،
بۆت کەوتبێتە کار ،
جوانیت لەبەر چاوما بژاکێنێ ،
تۆم لێ بسێنێ ،
بیەوێت خۆشەویستیمان بتاسێنێ .
کچێ ،
من حەز ناکەم بەدکار ،
بە قسەى بەد داتپاچێ ،
دەوەرە کچێ ،
دەوەرە ئەى مانگ ،
پشکۆى ئەوینم بگەشێنەوە ،
خۆ من ئەمشەو تا بەربانگ
هیچم بۆ نەنووسرا زیاتر
لەم یەک دوو ووشەیە
ئەم یەک دوو ووشەیەش
پێشکەشى ئەو مانگەیە
کە یەک دوو ڕۆژە
بێشەوق و
بێڕەونەق و
بێخەندە و
بێماچ و
بێ تریفەیە.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|